رووداو دیجیتاڵ
ئەندازیارێکی خۆراک، کە پێشتر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بووە دەڵێت، پێویستە هاونیشتمانییان هۆشیاربن لەبارەی کڕینی بەرهەمە بەناو سرووشتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت بەرهەمەکانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش و بەهێزکردنی توانای سێکسی، "چونکە هیچیان سرووشتی نین و بەناوی سرووشتییەوە بە خەڵک دەفرۆشرێن."
لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک و سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە مژارەکەی تایبەت بوو بە قەدەخەکردنی ریکلام بۆ ئەو چا و قاوە و بەرهەمانەی بەناوی دابەزاندنی کێش و زیادکردنی توانای سێکسی دەفرۆشرێن و مەترسییان لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانییان دروست کردووە، گوتی، "دابەزاندنی کێش بە دەرمان مەترسییە لەسەر تەندروستی و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان."
ئەو ئەندازیارەی خۆراک چەند نموونەیەک لەبارەی ئەو بەرهەمانە دەهێنێتەوە کە بەناوی سرووشتییەوە دەفرۆشرێن و دەڵێت، هەمووی مادەی کیمیاییە و لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەر چەندین دەرمانی نەشیاودا گرتووە، کە بەناوی گیا و دەرمانی سرووشتی بە هاونیشتمانییان فرۆشراوە.
"دروستکردنی دەرمان لە نووسینگەی خانووبەرەدا"
لەشکر حەمید باسی لەوەش کرد، "لە نووسینگەیەکی خانووبەرەدا لە سلێمانی دەرمانی دابەزاندنی کێش دروستکراوە دوور لە هەموو رێکارێکی تەندروستی."
هەروەها نموونەیەکی دیکەی هێنایەوە و گوتی، "حەبی ڤیاگرای هاڕدراو تێکەڵی ئاوی کەرەوز کراوە و بەناوی گیای سرووشتی بۆ بەهێزکردنی توانای سێکسی بە خەڵک فرۆشراوە."
لەشکر حەمید گوتیشی، "هیچ یەکێک لەو دەرمانانەی بەناوی دەرمانی سرووشتییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەفرۆشرێن سرووشتی نین و مەترسیدارن."
رۆژی سێشەممە 28-11-2023 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیاریان دا ئەو چا و قاوانەی كە بە مەبەستی دابەزاندنی كێش یان زیادكردنی كێش بەكاردەهێندرێن. پێویستە لە رێگەی کوالێتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) رێگەپێدانیان پێ بدرێت، ستیكەریان لێبدرێت و تەنیا لە دەرمانخانەكان بفرۆشرێن."
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند، "ریكلامكردن بۆیان لە راگەیاندنەكانی بینراو، بیستراو، نووسراو و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر بەدر سورچی، پسپۆڕی رووەکی سرووشتی لەبارەی ئەو چا و قاوە و بەرهەمانەی بەناوی بەرهەمی سرووشتی بۆ دابەزاندنی کێش دەفرۆشرێن گوتی، "هۆکاری دابەزاندنی کێش مادەی کیمیاییە نەک چا و قاوە. هیچ جۆرە چا و قاوەیەک نابنە هۆکاری دابەزاندنی کێش."
ئەو پسپۆڕەی خۆراک باسی دابەزاندنی کێش دەکات و دەڵێت، "بە رێگەی سرووشتی و تەندروست مانگانە دەتوانرێت لە 1 بۆ 3 کیلۆگرام کێش داببەزێندرێت، ئەویش بە خشتەی خۆراک و وەرزش و چەند جۆرە گیا و تۆوی رووەکی سرووشتی، هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتی نییە بەبێ وەرزش و رێکخستنی خۆراک مانگانە 10 کیلۆگرام کێش داببەزێنێت، کەواتە ئەوەی هەیە و بەناوی بەرهەمی سرووشتییەوە دەفرۆشرێن سرووشتی نین و مەترسیدارن."
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ریکلام بۆ جۆرێک چا و قاوە دەکرێت کە بە دوو هەفتە هەشت کیلۆ دادەبەزێنێت، نموونەیەکمان لە چایەکە بۆ کوالێتیی کۆنتڕۆڵ نارد و دەرکەوت، مادەیەکی تێدایە کە دەبێت ئەو چایە بە سەرپەرشتی کەسی پسپۆڕ و لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت، نەوەکو مارکێت و دووکانی نێو کۆڵانەکان."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، "پێویستە هەر دەرمانێک بە هەر مەبەستێک بەکارهێنرا سەرەتا پشکنینی بۆ بکرێت و ئەگەر هیچ مادەیەکی تێدا نەبوو زیان بە کەسی بەکارهێنەر بگەیەنێت، ئینجا لە دەرەوە بفرۆشرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت لە دەرمانخانەکان و دوای وەرگرتنی مۆڵەت بەکاربهێندرێت. ئەویش نابێت بەردەوام بەکاربهێنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ