زانکۆی هارڤارد: خواردنەوەی قاوە دوای لەخەوهەستان مەترسیدارە

31-07-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا خواردنەوەی قاوە دوای لەخەوهەستان بە مەترسیی ناو دەبات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوت، کاتێک لە خەو هەڵدەستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرزە، بەمەش خواردنەوەی قاوە لە کاتێکدا کە ئاستی کۆرتیزۆڵ بەرزە، رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ئەم هۆرمۆنە و لە درێژخایەندا دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستمی بەرگری هەبێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-7-2025 د. محەممەد ئەحمەد، پسپۆڕی خۆراک لە سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەو کەسانەی کە ناڕێکیی لێدانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن، گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێیان هەیە باشترە قاوە نەخۆنەوە، چونکە گوشاری دەروونییان بەرزتر دەکاتەوە.
 
ئەو پسپۆڕە لەبارەی جۆری قاوەوە دەڵێت، ''باشترە قاوەی دەنکۆڵەیی بکڕدرێت و خۆکردانە بهاڕێت، واتا لە ماڵەوە ئامادە بکرێت و بخورێتەوە''.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی هارڤارد ئاماژە بەوەدەکات، باشترین کات بۆ خواردنەوەی قاوە بۆ ئەو کەسانەی 6:30ـی بەیانی لەخەوهەڵدەستن نێوان کاژێر 9:30ی بەیانی بۆ 11:30ی پێشنیوەڕۆ.
 
د. جولیا زومپانۆ، پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاند دەڵێت: "بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە کووپە قاوەکەت وەربگریت و رێگە لە تێکچوونی ریتمی سرووشتیی جەستەت بگریت، باشترە چەند کاژێرێک دوای لەخەوهەستان چاوەڕێ بکەیت و پاشان قاوەکەت بخۆیتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە