رووداو - پریشتینا
ژنێكی قژزه‌رد و نه‌رمونیانه له قسه‌كردن. له‌سه‌ره‌تاوه نه‌یشارده‌وه كه كوردی زۆر خۆشده‌وێ. ئه‌ویش یه‌كێكه له‌و سه‌ركردانه‌ی دیكه‌ی جیهان كه سه‌رسامن به‌و شه‌ڕه‌ی كورد له‌دژی داعش كردوویانه. لیریا كایتازی یه‌كێكه له سه‌ركرده ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی كۆسڤۆ. هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری ئیبراهیم رۆگۆڤای باوكی سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆیه. له ناوچه‌یه‌كی شاخاویی ده‌ره‌وه‌ی پریشتینای پایته‌خت له خواردنگه‌یه‌كی زۆر گه‌وره كه به‌سه‌ر دۆڵێكی دڵڕفێندا ده‌ڕوانێت، قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد. كایتازی له رۆژانی داهاتوودا به‌شدار ده‌بێ له دوازده‌هه‌مین ساڵیادی جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆ، به‌ڵام له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ (رووداو) باسی خراپیی دۆخی ئابووریی كۆسۆڤۆییه‌كان و كێشه‌ی ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان و باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش ده‌كات.
رووداو: دوازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ربه‌خۆییتان راگه‌یاند. له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئێستا چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی كۆسۆڤۆ له ئێوه، سیاسییه‌كان، گۆڕاوه. ئێوه چۆن له‌و گۆڕانه تێگه‌یشتوون؟
لیریا كایتازی: له سه‌رده‌می جاڕدانی سه‌ربه‌خۆییه‌وه ئه‌وه گۆڕاوه، ئێستا خه‌ڵك پێشڤه‌چوونی ئابووری و ژیانێكی باشتریان ده‌وێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش گۆڕاوه كه خه‌ڵك تێگه‌یشتوون له‌وه‌ی ته‌نیا نابێ چاوه‌ڕوانییان له ده‌وڵه‌ت هه‌بێ و ده‌بێ ئه‌وانیش شتێكی بۆ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و پرۆسه‌یه‌ی بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ ئه‌ندامێتیمان له‌و یه‌كێتییه پێویسته. ئامانجێكی دیكه‌مان كاركردنه له‌سه‌ر به‌هێزكردنی رێزگرتنی یه‌كدی له‌نێوان پێكهاته‌كانی كۆسۆڤۆ. ئێمه‌ی ئه‌لبانی كه زۆرینه‌ی دانیشتووانی كۆسۆڤۆین، زۆر جیاكاریمان له رابردوودا له‌گه‌ڵ كرا. بۆیه ده‌مانه‌وێ وابكه‌ین نه‌وه‌ی دوای خۆمان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه ئه‌و جیاكارییه نه‌كه‌ن كه له رابردوودا به‌رامبه‌ر خۆمان كرا.
رووداو: ئێمه چووینه باكووری كۆسۆڤۆ كه به ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر ده‌ناسرێ و ئه‌لبانی و سربییه‌كان تێیدا ده‌ژین. ده‌زانین گۆڕانكاریی ریشه‌یی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌وره له كۆسۆڤۆ روویداوه، به‌ڵام له‌و ناوچه‌یه كه سربییه‌كانی لێده‌ژین هه‌ستمانكرد دۆخه‌كه وانییه و پشتگوێخراوه. بۆچی ئه‌مه وایه؟
لیریا كایتازی: وه‌ك گوتم ئێمه خۆمان جیاكاریمان به‌رامبه‌ر كراوه، بۆیه نامانه‌وێ كه‌س جیاكاری له‌گه‌ڵ بكرێ. بۆیه‌ش مافی هه‌موو پێكهاته‌كانمان له ده‌ستووردا چه‌سپاندووه. راستییه‌كه‌ی ئێمه جیاكاریی ئه‌رێنی ده‌كه‌ین و كۆتامان بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان داناوه و كورسییه‌كانیان پارێزراون. واته بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ جڤاكی كۆسۆڤۆ بگونجێنن مافی زیاترمان پێداون. جگه له‌وه له ده‌ستووردا ئه‌وه چه‌سپێنراوه كه گۆڕانكارییه ریشه‌ییه‌كان له وڵات‌دا به‌بێ ره‌زامه‌ندیی دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگی ئه‌و پێكهاتانه ناتوانرێ تێپه‌ڕێنرێ.
رووداو: راسته له ده‌ستووردا ئه‌و مافانه‌تان چه‌سپاندووه، به‌ڵام په‌رۆشیی هه‌موو پێكهاته‌كان بۆ دۆخی ئابووری و كواڵیتیی ژیانیانه، به‌ڕاستی تۆ له‌و رووه‌وه گه‌شبینی به ئاینده‌ی كۆسۆڤۆ؟
لیریا كایتازی: من خۆم بایۆلۆجستم. توێژینه‌وه‌شم كردووه له‌سه‌ر ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی واده‌كه‌ن جۆره‌ها بوونه‌وه‌ر شوێنی ژیانیان بگۆڕن بۆئه‌وه‌ی دۆخی خۆیان باشتر بكه‌ن. لای ئێمه هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی ئابووری زۆر نین. یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه كه ئێمه له قۆناغی پاش جه‌نگداین. به‌وهۆیه‌شه‌وه ته‌نیا له‌ڕووی فیزیكییه‌وه نا، به‌ڵكو له‌ڕووی ده‌روونیشه‌وه خه‌ڵكی ئێمه زیانمه‌ند بوون و هێشتا توانای ئه‌وه‌یان نییه به‌خێرایی خۆیان پێشبخه‌ن. هه‌روه‌ها له سه‌رده‌می جه‌نگدا ژێرخانی كۆسۆڤۆ وێران كرا و هیچمان نه‌ما. ئێمه ئێستا له قۆناغی بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و ژێرخانه‌داین. سیستمی ئێمه له تاكحیزبییه‌وه گۆڕدراوه بۆ فره‌حیزبی و دیموكراسی كه وه‌ك ده‌زانن ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی خۆی هه‌یه. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی به ئه‌هلیكردنی سێكته‌ره جیاوازه‌كان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی هه‌بووه. ئه‌وه بزانن كه جاران له سایه‌ی سیستمی سۆسیالستیدا لێره هه‌موو شتێك موڵكی ده‌وڵه‌ت بوو. هه‌روه‌ها له كۆسۆڤۆ ئابووریی ماڵبات زۆر به‌هێز بوو. ئه‌مه‌ش بریتی نه‌بوو له‌وه‌ی كه ته‌نیا ماڵباتێك دۆخی ژیانیان باش بێت، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌ریان بوون و ته‌نانه‌ت له‌و شاره یان گونده‌ش كه ده‌ژیان، له ده‌وڵه‌مه‌ندیی ماڵباته گه‌وره‌كان سوودمه‌ند ده‌بوون. ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه و ئه‌و جۆره ماڵباتانه كۆچبه‌ر بوون بۆ ئه‌وروپا و شوێنه‌كانی دیكه. هه‌روه‌ها چیدیكه ماڵباته‌كان پێكه‌وه ناژین و ئاستی پێویستی و چاوه‌ڕوانییه‌كانیان له ژیان به‌رزتر بوونه‌ته‌وه. ئێمه‌ش جاران وه‌كو كوردستان بووین و ژنه‌كانمان رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له ئیداره‌دانی ماڵبات و به‌هێزكردنی ئابووریی ماڵبات. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی له قۆناغی ته‌واوكردنی دروستكردنی ده‌وڵه‌تداین، زۆر كه‌س هه‌ن ده‌بێ فێر بكرێن رێز له یاساكان و له ده‌وڵه‌ت بگرن. ئه‌وه‌ی ئێمه ئێستا ده‌یكه‌ین چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌رانه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرتر روو له كۆسۆڤۆ بكه‌ن و ئه‌و دۆخه بگۆڕین. بۆیه من گه‌شبینم. چونكه ئێمه گه‌نجی خوێنده‌وارمان دروستكردوون و توانای مرۆیی زۆرباشمان هه‌یه. سامانی سرووشتیمان هه‌یه. ته‌حه‌ددایه‌ك كه هه‌بێ له‌به‌رده‌مماندا جۆری په‌یوه‌ندیمانه له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان. بۆنموونه وڵات هه‌یه هێشتا كۆسۆڤۆی پێ به‌شێكه له وڵاتی خۆی و دان به سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆدا نانێ.
رووداو: ده‌زانم باسی سربیا ده‌كه‌ی. پرسیاری منیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه. له‌ماوه‌ی رابردوودا له مۆنتێنیگرۆ بووم و بینیم چۆن ئه‌وان به لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ سربیا به ئاشتییانه جیابوونه‌ته‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا بوونه‌ته ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ناتۆ، كه‌چی ئێوه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌بێ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ سربیا سه‌ربه‌خۆییتان راگه‌یاندووه، ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نین و ته‌نانه‌ت بۆتان نییه كۆمپانیای خزمه‌تگوزاریی مۆبایلیشتان هه‌بێ و له مۆناكۆ به‌كرێ وه‌رتانگرتووه. بۆچی له‌گه‌ڵ سربیا پێكنایه‌نه‌وه؟
لیریا كایتازی: ئێمه له‌لای خۆمانه‌وه هه‌موو شتێكمان كردووه و ئه‌وه لایه‌نی به‌رامبه‌ره كه ئه‌وه‌ی ناوێ. هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كه وا نه‌مێنێ. لێره كڵێسای سربییه‌كان هه‌یه و پارتی سربی هه‌ن و هه‌موو شتێكیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت وای لێهاتووه سربیا به‌خراپ سوود له‌وه وه‌رده‌گرێ و كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌یه له نێوه‌وه‌ی كۆسۆڤۆ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئێره رابگرێ. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش كێشه‌مان بۆ دروستده‌كه‌ن. بۆ نموونه ناهێڵن ببینه ئه‌ندامی ئینته‌رپۆل و به‌وهۆیه‌شه‌وه ناتوانین له مه‌سه‌له‌ی قاچاخچێتی به مرۆڤه‌وه له‌سه‌ر سنووره‌كان وه‌ك پێویست هاریكاریی یه‌كدی بكه‌ین.
رووداو: تۆ ژنێكی خه‌باتكار بوویت و وه‌ك تێگه‌یشتم له‌سه‌ر كوردیش زۆر شت ده‌زانیت. شۆڕشه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر كۆسۆڤۆییه‌كان و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر تۆ چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌بووه؟
لیریا كایتازی: من له ساڵانی هه‌شتادا له‌باره‌ی كوردستان و شۆڕشه‌كه‌یه‌وه شتم بیست. ساڵی 1981 ئێمه یه‌كه‌مین خۆپیشاندان و به‌رهه‌ڵستیمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆ ده‌ستپێكرد. چونكه تاوه‌كو ئه‌وكات ته‌نیا حوكمی زاتیمان هه‌بوو. ئه‌وكات باوكم باسی كوردستانی بۆ كردم. ئه‌و خۆیشی پیاوێكی شۆڕشگێڕ بوو، زوو زوو باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كردین كه گه‌لێك هه‌یه هه‌وڵ بۆ ئازادی ده‌دات و ناویان كورده. ئه‌و ده‌یگوت ئه‌وانه ژماره‌یان یه‌كجار زۆره و ده‌وڵه‌تی خۆیان نییه و وه‌كو ئێمه ئه‌وانیش هه‌وڵ بۆ ئازادی ده‌ده‌ن. دواتر كه ده‌ستم به خوێندنه‌وه كرد، بینیم كورد و كۆسۆڤۆییه‌كان وه‌كو یه‌ك له‌ژێر ده‌ستی عوسمانییه‌كاندا بوون. كاتێكیش به‌شداریم له خه‌باتی رزگاریی كۆسۆڤۆدا كرد، رێز و خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی به‌دوای ئازادیی خۆیانه‌وه‌ن زیاتر بوو. بۆیه ئێستا كه ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ئاواتی خۆمان، هیوای ئه‌وه ده‌خوازم كوردستانیش سه‌ربه‌خۆ بێت و ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆتان. تاوه‌كو بتوانن به‌شداریی كاریگه‌رتان له پێشخستنی جیهاندا هه‌بێت.
رووداو: به‌ڵام خۆ سربیا ناتوانێ رێگه‌تان لێبگرێ له‌وه‌ی كونسوڵخانه‌یه‌ك له كوردستانی ئازاد بكه‌نه‌وه و ئه‌وانیش لێره نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت. بۆچی ئه‌مه رووینه‌داوه؟
لیریا كایتازی: مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به كات و پێویستییه‌وه هه‌یه. چونكه هێشتاش له زۆر وڵات كه دانیان به سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆدا ناوه باڵیۆزخانه‌مان نییه. له په‌رله‌مانی كۆسۆڤۆ كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین چۆن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌لانه هه‌بێ كه هه‌وڵ بۆ ئازادیی خۆیان ده‌ده‌ن. ره‌نگه باش بێ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نی كوردستانه‌وه ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بكرێت و له ده‌رگای په‌رله‌مانی كۆسۆڤۆ بدرێت، چونكه ده‌كرێ كونسوڵخانه و نوێنه‌رایه‌تی له هه‌ردوولا هه‌بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ