رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی (باکووری دیموکرات) کە لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کاردەکەن، ئاشکرایان کرد کە 2000 چەکداری داعش لە بیابانی سووریادان و ئاماژەیان بەوەشدا کە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا باس لە "جووڵەیەکی فراوان"ی ئەو چەکدارانە لە بیابانەکە دەکەن.
لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی دووشەممەی رابردوو (30ـی حوزەیران) محەممەد عیسا، لە تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ مەحموود حەبیب، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی (باکووری دیموکرات) ئەنجامی دا، حەبیب رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا "دەمێننەوە" و رەنگە لە دوو بنکەی گەورە لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات جێگیر ببن.
حەبیب جەختیشی کردەوە، کە لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەدا، هیچ مووشەک و درۆنێکی ئێرانی راستەوخۆ نەکەوتوونەتە خوارەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
"ئۆپەراسیۆنەکەی دژی داعش لە بیابان دەستی پێنەکردووە"
رووداو: لە سەرەتادا، دەمەوێت باسی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانە چاوەڕوانکراوە بکەین، کە لە بیابانی سووریا ئەنجام دەدرێت. بۆچی لەم کاتەدا؟ کێ بەشدار دەبێت و کەی دەستپێدەکات؟
مەحموود حەبیب: بەڵێ، وەک بیرم بێت چوار رۆژ لەمەوبەر، ژەنەراڵە ئەمریکییەکە، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێک لە بیابانی سووریا ئەنجام دەدرێت. ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات، کە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی بەریتانیا، ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکەی هاوپەیمانیی دژی داعش لە سووریا، ئاماژەیان بەوە کرد کە جووڵەیەکی گەورەی شانەکانی رێکخراوەکە لە بیابانی سووریا هەیە.
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ رووخانی رژێم و کشانەوەی هێزەکانی رووسیا و ئەنجامنەدانی گەشتی چاودێریی ئاسمانی بۆ داپۆشینی ئەو ناوچە فراوانە، کە زیاتر لە سێیەکی رووبەری سووریا پێکدێنێت. بۆیە پێویست بوو هەڵمەتێک لەم ناوچەیە ئەنجام بدرێت، چونکە ئەو بۆشاییە سەربازی و ئەمنییە رێگەی بە چەکدارانی داعش دا جارێکی دیکە کۆببنەوە و هەوڵی پێکهێنانی گرووپ و شانە بدەن بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە ئاوەدانەکانی دەوروبەر، وەک گوندەوارەکانی حەلەب، حومس، گوندەوارەکانی دیمەشق و رەنگە بگەنە دیمەشقیش.
ژینگەیەکی لەبار بۆ چالاکییەکانی رێکخراوەکە هەیە، کە دەزگا هەواڵگرییەکان چاودێرییان کردووە، ئەمەش وای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە رابگەیێنن. پێموایە بەشداربووانی ئۆپەراسیۆنەکە لە پلەی یەکەمدا هێزەکانی سووریای دیموکراتن، کە هاوپەیمانی هەمیشەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین لە شەڕی دژی تیرۆر. هەروەها ئەگەری هەیە هێزەکانی سووریای ئازاد یان هەندێک هێزی دیکەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بن.
رووداو: هەندێک هێزی دیکە، ئایا سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەبن یان نا؟
مەحموود حەبیب: ژەنەراڵەکە لەم بارەیەوە هیچی نەوت. با لە رووی مەیدانییەوە قسە بکەین، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش پێویستی بە راهێنان، مەشقی جەنگی و هەندێکجار مانۆڕی راهێنان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە هاوپەیمانانە بتوانن پێکەوە لەسەر زەوی کار بکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ راهێنانێکی هاوبەش لەنێوان ئەندامانی وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی هاوپەیماناندا نەکراوە، بۆیە ئەنجامدانی کاری مەیدانیی هاوبەش قورسە. بابەتەکە دوورخستنەوەی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئۆپەراسیۆنەکە ئاسانتر جێبەجێ بکرێت. قورسە هێزەکان بەبێ ئامادەکاریی پێشوەختە و راهێنانی پێویست و هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکان و مەیدانی، بەشداری لە کارێکی هاوبەشدا بکەن.
رووداو: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەی ڤیدیۆیی کاروانە سەربازییەکانی هەسەدە بڵاوبوونەتەوە، کە دەگوترێت بەرەو رۆژئاوای فورات دەچن. ئایا ئەمە راستە یان ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا دەستی پێنەکردووە؟
مەحموود حەبیب: ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا دەستی پێنەکردووە. هەندێک لە ڤیدیۆکان کۆنن، هەندێکی دیکەشیان جووڵەی سەربازیی کاروانەکانی هەسەدەیە تەنیا لەناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. راهێنانی چڕوپڕ لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە تایبەتەکانی هەسەدەدا هەیە؛ راهێنان لەسەر دابەزینی ئاسمانی، راهێنان لەسەر بەدواداچوونی شانەکانی داعش، هەروەها ئۆپەراسیۆنی مەیدانی دژی شانەکان لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە راهێنانەکان بەردەوامن، بۆیە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە ئۆپەراسیۆنێک لە ئارادا بێت یان نزیک بێت، بەڵام هێشتا هیچ هێزێکی هەسەدە نەپەڕیوەتەوە بۆ رۆژئاوای فورات.
رووداو: ئۆپەراسیۆنەکە نزیکە، بەڕای ئێوە لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەبێت یان چەند مانگێکی دەوێت؟
مەحموود حەبیب: لە راستیدا پێموانییە چەند مانگ بخایێنێت، چونکە دۆخی ئەمنی ناسکە و وەک باسم کرد، راپۆرتە هەواڵگرییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە چەکدارانی رێکخراوەکە توانیویانە خۆیان لە بیابانی سووریا کۆبکەنەوە و دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، دەستیان بە هەندێک چەک و تەقەمەنی گەیشتووە.
هەروەها کۆنترۆڵی ئەمنی لە هەندێک ناوچە لاوازە، بۆیە دزەکردن ئاسانە. بینیمان لە دیمەشق چی روویدا، وەک تەقینەوەکەی کەنیسەکە و هەندێک رووداوی دیکە کە ئاماژەن بۆ ئەوەی کاری تیرۆریستی روودەدەن یان رەنگە بەرفراوانتر رووبدەن.
هێزەکانی رۆژئاوا زۆر هەستیارن بەرامبەر بە بابەتی گەڕانەوەی رێکخراوی داعش. ناتوانن رێگە بدەن داعش جارێکی دیکە بگەڕێتەوە. ئەگەر داعش بتوانێت کۆنترۆڵی شارێک یان شارۆچکەیەکی گەورە بکات، لەناوبردنی زۆر قورس دەبێت. ئێوە سیاسەتی رێکخراوەکە دەزانن، کە بریتییە لە چوونە ناو شارەکان و بە بارمتەگرتنی دانیشتووان و زۆر گرنگی بە قەبارەی ئەو خوێنە نادەن، کە دەڕژێت، بۆیە زۆر مەترسیدارە شار و شارۆچکەکانی سووریا لەژێر هەڕەشەی رێکخراوەکەدا بەجێبهێڵین.
بۆیە هێزەکانی هاوپەیمانان لەم بارەیەوە هۆشدارییان دا و ژەنەراڵ کلیڤن رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێک لە ئارادایە. سەبارەت بەوەی کەی دەستپێدەکات، لە ماوەی چەند رۆژێک یان چەند مانگێک، لە راستیدا هیچ زانیارییەکم نییە، بەڵام رەنگە زۆر درێژە نەکێشێت.
رووداو: زانیاری هەیە کە باس لە بەشداریی 6 هەزار چەکدار دەکات لەم ئۆپەراسیۆنەدا. بەڕای ئێوە ئایا ئەم ژمارەیە بەسە بۆ داپۆشینی بیابانی سووریا کە رووبەرەکەی بە هەزاران کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت؟
مەحموود حەبیب: ئەم ژمارەیە بە یەکجار بڵاونابێتەوە. پێموایە پلانی ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە بریتییە لە دابەشکردنی ناوچەکە بۆ چەند کەرتێک و پاککردنەوەی ئەم کەرتانە یەک لە دوای یەک، واتە گەمارۆدانی دوژمن لە ناوچەی دیاریکراودا بۆ لەناوبردنی.
هەروەها پێموایە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەو توانایەی هەیانە لە چاودێری و بەدواداچوونی دوورمەودا - مەبەستم لە رێگەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی پەیوەندییەکانە - هەروەها بانکی ئامانجیان هەیە کە دەیانەوێت پێی بگەن. پلانی گونجاو بۆ ئەمە دادەنێن: دابەشکردنی ناوچەکە بۆ چەند کەرتێک و پاککردنەوەی کەرتەکان یەک لە دوای یەک. ئەمە تاکە رێگەیە بۆ کێوماڵکردنی هەموو ئەم ناوچە جوگرافییە فراوانە.
"دوو هەزار چەکداری داعش لە بیابانی سووریا هەن"
رووداو: بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێوە، ژمارەی چەکدارانی شانەکانی داعش لە بیابان، لە بیابانی تەدمور و حومس چەندە؟ خەمڵاندنەکانی پێنتاگۆن ئاماژە بە 2000 بۆ 5000 چەکدار و رەنگە زیاتریش دەکەن لە سووریا و عێراق، بەڵام ئێوە لەسەر زەوی چی دەڵێن؟
مەحموود حەبیب: لە راستیدا بیابانی سووریا ناوچەیەکی بێ دانیشتووانە و زۆر ناوچەی سەختی تێدایە، کە بۆ حەوانەوەی چەکدارانی رێکخراوەکە گونجاون. چەکدارانی رێکخراوەکە دەتوانن لە ناوچە نیشتەجێیەکان نزیک ببنەوە و سەرانە بسێنن یان موڵک و ماڵ تاڵان بکەن، بەمەش دەتوانن خۆیان لە رووی داراییەوە دابین بکەن.
ناتوانین ژمارەکە بخەمڵێنین، بەڵام پێموایە ژمارەکە نزیکە لەوەی پێنتاگۆن باسی کردووە، بەڵام لە سووریا و لە بیابانەکەدا کەمتر نییە لە دوو هەزار چەکدار. چەکدارانی رێکخراوەکە ناوچە سەختەکانی نێو دڵی بیابان و چیای بیشری و چیای عەبدولعەزیز و ئەو ناوچانەی ئەشکەوتیان تێدایە و شاردنەوەیان لە فڕۆکە ئاسانە، وەک پەناگە بەکاردەهێنن. دەتوانن لەوێ خۆیان حەشار بدەن و بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە.
بۆیە ئەم ژینگە لەبارە بووە هۆی مانەوەی داعش. پێشتر هەوڵێکی ئاسمانیی پچڕ پچڕی رووسیا هەبوو، کە گەشتی چاودێریی بەسەر بیابانەکەدا ئەنجام دەدا، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنانە زیاتر لە دوو ساڵە راگیراون. هەندێک گەشتی چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەن، بەڵام بەو شێوەیە چڕ نین کە جووڵەی رێکخراوەکە لەسەر زەوی ئیفلیج بکەن.
پێموایە هێزەکانی هاوپەیمانان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، هەستیان بە مەترسیی بەجێهێشتنی ئەم ناوچەیە کردووە بەبێ چاودێریی ئاسمانی لانیکەم، بەڵکو ئێستا دەیانبینین ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەکەن. پێموایە ژمارەی هێزە بەشداربووەکان بەسە، چونکە ئەم هێزانە ئەزموونی پێویست، کەرەستەی گونجاو، پشتیوانیی ئاسمانی، تۆڕی پەیوەندیی بەهێز و هێزیان هەیە کە دەتوانن لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن.
رووداو: ژمارەی شەش هەزار - ئایا ئەمە ژمارەی پێشبینیکراوی چەکدارە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکەیە یان زیاترە؟
مەحموود حەبیب: ئەوانە دەتوانن ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن، ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتریان بۆ بنێردرێت، ناوچەی پشتیوانی لە رۆژهەڵاتی فورات، لە هەرێمی کوردستان و لای هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە، کە دەتوانن هێزی پشتیوانی بۆ ئەم ناوچەیە بنێرن.
"وەزارەتی بەرگریی سووریا ناتوانێت بیابانەکە کێوماڵ بکات"
رووداو: بە گەیشتنی هێزە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت و گوندەوارەکانی و هەروەها حومس، ئایا ئەمە نابێتە هۆی نیگەرانی لە دروستبوونی گرژی یان پێکدادان لەنێوان ئەو هێزانە و هێزەکانی حکومەت لە دیمەشق و گوندەوارەکانی، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیدا بوون و ئێستا سەر بە وەزارەتی بەرگرین؟
مەحموود حەبیب: پێموانییە، هیچ پێکدادانێکی راستەوخۆ روونادات، ئێمە لێرە باسی ناوچەی کراوە و فراوان دەکەین، کە پێویستی بە هەوڵێکی سەربازیی راستەقینە و شارەزاییەکی گەورەی شەڕکردن هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوەکە یان بەگشتی تیرۆر.
ئەو هێزە سەربازییانەی لە شارەکانی دیمەشق و حومسدان، لە پێکداداندا نین لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و لە پێکدادانیشدا نابن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان یان هەسەدە. ئەمە ئەرکێکی تەواوکەری ئەرکی وەزارەتی بەرگرییە، وەزارەتی بەرگریش لەم قۆناغەدا رەنگە نەتوانێت ئەو بیابانە کێوماڵ بکات و توانای ئاسمانیی گونجاوی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.
کەواتە هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکرات تەواوکەری ئەوەن، کە وەزارەتی بەرگری دەیەوێت، کە خۆیشی تووشی مەترسیی رێکخراوەکە بووەتەوەو مەترسیی رێکخراوەکە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر بوونی. بۆیە پێموایە لەم بابەتەدا زیاتر رێککەوتن و لێکتێگەیشتن دەبێت نەک ناکۆکی و پێکدادان، چونکە نە بارودۆخی ئەمنی رێگە بەوە دەدات و نە رووبەڕووبوونەوەیەکیش لەنێوان ئەو هێزانە و هێزەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانی یان هێزەکانی وەزارەتی بەرگری روودەدات.
رووداو: ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە بیابانەکەی کێوماڵ کرد، ئایا هێزە بەشداربووەکان لەو ناوچانە دەمێننەوە، نزیک لە سنووری عێراق و ئوردن؟ ئایا لەوێ جێگیر دەبن؟
مەحموود حەبیب: ئێستا ناوچەی تەنف، ناوچەی 55 کیلۆمەتر، ناوچەیەکی زۆر گەورەیە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێدایە. پێموایە پێویستیان بەوەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات تێیدا بڵاوببنەوە، چونکە هێزەکانی سووریای ئازادیش لەوێن و هاوبەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین لە شەڕی دژی تیرۆر، بۆیە ناوچەیەکی گەورە دادەپۆشن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەی دومەیر دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا رەنگە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکە یان رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەگەڵ رۆژهەڵاتی فورات بهێڵنەوە.
بابەتەکە لە پلەی یەکەمدا، وەک عەقیدەی شەڕکردنی ئێمە لە هەسەدە، پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوە و شەڕی دژی رێکخراوی داعشەوە هەیە، چونکە مەترسی لەسەر سووریا و گەلەکەی دروست دەکات. ئێمە هیچ تەماحێکمان لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە، ئاشتی و سەلامەتیمان بۆ گەلی سووریا دەوێت و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆر گەورەمان داوە. هەموو گەلی سووریا ئێستا دەزانێت کە چەندە گرنگە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن.
"ئەمریکا دەمێنێتەوە"
رووداو: دێینە سەر باسی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو قسە و راپۆرتانەی باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوو بنکە لە رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، ئێستا ژمارەی بنکە و سەربازانی ئەمریکی لە سووریا چەندە؟
مەحموود حەبیب: لە راستیدا هیچ ئامارێکی وردم لەسەر ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا نییە. سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا، ئەوە بریتییە لە دووبارە جێگیربوونەوە. وەک هەندێک راپۆرتی ئەمریکی باسیان کردووە، ئەمە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردنی بنکە زۆرەکانە. دەیانەوێت ئەم تێچووە کەمبکەنەوە و هێزەکانی ئەمریکا لە یەک شوێن کۆبکەنەوە، لە بنکەی زۆر گەورەدا دایانبنێن کە پارێزراوتر و قایمترن، لەبری ئەوەی بەسەر زیاتر لە 17 بنکەدا بڵاویان بکەنەوە، کە پێشتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبوون.
کەواتە بابەتەکە پەیوەندی بە تێچووی کارپێکردن، دۆخی ئەمنی، کۆنترۆڵی ئەمنی، بەردەوامی و دینامیکییەتی جووڵەی ئەم هێزانەوە هەیە. بەم شێوەیە هێزی زەمینی، ئاسمانی و پشتیوانی لە یەک شوێن دەبن و دەتوانن پشتگیری لە یەکدی بکەن، لەبری ئەوەی بەسەر چەندین ناوچەدا دابەش ببن.
دووبارە دەڵێمەوە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بووەتە بڕیارێکی ستراتیژیی ئیدارەی ئەمریکا و لانیکەم لەم قۆناغەدا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت. گرژییە گەورەکانی ناوچەکە و گرنگیی ئەم بنکانە بۆ مانەوە لە سووریا دەبینین. جگە لەوەش، مانەوەیان پێویستە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی دژی رێکخراوەکە کە دەیەوێت هەر دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوە. ئەمەش هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی لە سووریا و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات، بۆیە ئەرک لەسەر هێزەکانی ئەمریکایە، کە بمێننەوە و ئەم بنکانە بە شێوەیەک بەهێز بکەن کە لەگەڵ رۆڵی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بگونجێت.
رووداو: بەڕای ئێوە، ئایا (هێزەکانی ئەمریکا) تەنیا بە یەک بنکە رازی دەبن وەک دەگوترێت، یان زیاتر لە بنکەیەک دەبێت کە تێیدا جێگیر ببن؟
مەحموود حەبیب: پێموایە دوو بنکە دەبێت. هەندێک راپۆرت باس لە دوو بنکەی گەورە لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. بەڵام وەک گوتم، گرنگتر لە هەمووی ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا دەمێننەوە و ئەم بنکانە توانای دەستوەردانیان دەبێت لەو ئەرکانەی پێویستن، چ لە رووی ئاسمانی، زەمینی یان ئۆپەراسیۆن لەڕووی پەیوەندی و هەواڵگرییەوە.
رووداو: رەنگە گەشەکردنی داعش لە بیابان ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا یان دووبارە جێگیربوونەوەیان یان کەمکردنەوەی ژمارەیان بۆ نزیکەی نیوە؟
مەحموود حەبیب: ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا باسی کشانەوەیەکی راستەقینەی لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەکردووە. تەنیا باس لەوە کراوە کە ئەم کشانەوەیە رەنگە رووبدات، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیا دەبێتەوە کە سووریا پێویستی بەم هێزانە نییە، بەمەش کێشەی رێکخراوی داعش کۆتایی هاتبێت و دۆخی سووریا خرابێتە سەر رێچکەی سەلامەتی وەک دەگوترێت، ئینجا ئیدی پێویست بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا ناکات، بەڵام تاوەکو پێویستی بە مانەوەی ئەم هێزانە هەبێت، دەمێننەوە. وەک گوتم، ئەمە بەرژەوەندیی هەردوو لا مسۆگەر دەکات، چ سووریا و چ ئێوە.
"قبووڵی ناکەین دوو دەوڵەت لە سووریا هەبن"
رووداو: رای ئێوە چییە لەسەر لێدوانەکەی تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، کە گوتبووی مامەڵەی واشنتن لەگەڵ حکومەتی سووریا دەبێت و پێویستە هەسەدە لە وەزارەتی بەرگریدا تێکەڵ بکرێت؟
مەحموود حەبیب: لە راستیدا قسەیەکی لۆژیکییە، قسەی پیاوێکی بەرپرسە. ئێمە لە پڕۆسەی ئەم تێکەڵکردنەداین. لیژنەی هاوبەش هەن کە لێکۆڵینەوە لە هەموو وردەکارییە پێویستەکان دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم تێکەڵکردنە، چ لە رووی سەربازی، سیاسی، ئابووری، ئەمنی و هەموو ئەو کەرتانەی کە دەبێت لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ بکرێن. لیژنەی پسپۆڕ هەن کە ئەم کارە دەکەن و هیوادارین ئەم تێکەڵکردنە بەم زووانە رووبدات.
بۆیە، دەبێت قسەکردن لەگەڵ یەک دەوڵەتدا بێت نەک دوو دەوڵەت. ئێمە هەوڵ نادەین دوو بڕیار لە سووریادا هەبێت، وەک چۆن ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی گوتی: "رێگە نادەین دوو سوپا لە سووریادا هەبێت." بۆیە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و هیوادارین بەم زووانە بگاتە ئەنجام.
رووداو: پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لە وەزارەتی بەرگریدا گەیشتووەتە کوێ؟ رێژەکەی چەندە؟ ئایا 10% یان 20%ـە؟ بەتایبەتی لە سۆنگەی گوتاری تووندی میدیای لایەنگری حکومەتی ئێستا، یان لە پشت پەردەوە شتی دیکە لەسەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێن وەک دەگوترێت؟
مەحموود حەبیب: بەڵێ، خۆت گوتت، لە پشت پەردەوە شتێک روودەدات و ئەوە گرنگترە. ئێمە رێز لە ئازادیی میدیا دەگرین و هیوادارم میدیا کراوە بێت و رەخنە بگرێت. بەڵام میدیای بەسیاسیکراو، ئەو میدیایەی راستییەکان دەشێوێنێت یان دەیەوێت ناکۆکی لە شەقامی سووریادا دروست بکات، بێگومان میدیایەکی چەواشەکارە و هیچ سوودێکی نییە، نە بۆ گەلی سووریا لە رۆژهەڵاتی سووریا و نە لە شوێنەکانی دیکەش.
کەواتە ئەوەی ئێستا روودەدات، رێککەوتن یان پڕۆسەی چارەسەرکردنی هەموو دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لایە، بۆ ئەوەی دواتر ئاشکرا بکرێن. وەک چۆن هەمیشە سوپرایزیان کردووین، گفتوگۆ هەبوون کە وردەکارییەکانیمان نەدەزانی، پاشان لەناکاو دەبینین بڕیاری زۆر گرنگ لەم چوارچێوەیەدا دەرچووە. ئەمەش ئەوەیە کە من پێشبینی دەکەم؛ ئەوەی بە دوور لە میدیا باس دەکرێت، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیی سووریادا دەبێت و مژدەیەکی خۆش دەبێت بۆ هەموو خەڵکی ئێمە لە سووریا.
رووداو: لەم دواییانەدا راپۆرتی میدیایی بڵاوبوونەوە کە باس لەوە دەکەن هێزێکی تایبەتی هەسەدە بەشداری لە پاراستنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات. ئایا هیچ زانیارییەکتان لەم بارەیەوە هەیە؟ ئایا ئەمە راستە یان نا؟
مەحموود حەبیب: بە فەرمی یان بە ئاشکرا هیچ شتێک لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لەم بارەیەوە رانەگیێندراوە. پێشموانییە دۆخی سەرۆک ئەحمەد شەرع گەیشتبێتە ئەو رادەیەی پێویستی بە پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بێت. خۆی هێزی تایبەتی هەیە کە دەتوانێت کۆشک بپارێزێت. بەڵام گەشتی سەربازی گەیشتوونەتە دیمەشق لەگەڵ ئەو شاندانەی بۆ دانوستاندن چوون و هەموومان ئەوەمان بینی. رەنگە ئەم بابەتە بە هەڵە لێکدرابێتەوە. بۆیە پێموانییە دۆخی دیمەشق گەیشتبێتە ئەم ئاستە.
رووداو: رای ئێوە چییە لەسەر لێدوانەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا سەبارەت بەوەی کە تۆمەتبارانی تەقینەوەکەی کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق لە کەمپی هۆلەوە هاتوون و هەسەدەش ئەمەی رەتکردەوە؟ ئایا ئەمە بە گرژیی نێوان هەردوو لا دانانرێت؟
مەحموود حەبیب: بەڵێ، لێدوانەکە پەلەی تێدا کرابوو و لە چوارچێوەیەکی جیاواز لەوەی کە دەبوو پیشان بدرێت وەرگیرابوو. ئەو قسانەی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رەتکرانەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
بۆیە بابەتی تەقاندنەوەی کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق رەهەندێکی زۆر گەورەی وەرگرت و زۆر گرنگ بوو چاوەڕێی راستییەکان بکرێت. باشتر بوو وەزارەتی ناوخۆی سووریا خۆی لەو جۆرە ئاماژەدانە بەدوور بگرتایە بەرامبەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات.
هیچ کەسێکی عاقڵ باوەڕ ناکات کە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە 10 هەزار شەهیدیان داوە و زیاتر لە 10 ساڵە شەڕی رێکخراوەکە دەکەن، پەیوەندییان بە چەکدارانی رێکخراوەکەوە هەبێت یان پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی بکەن. ئەمە بە تەواوی دژی لۆژیکە.
ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکەین کە چاودێریی هەموو رووداوەکانی ناوچەکە دەکەن. عەقیدەی شەڕکردنی ئێمە دژی چەکدارانی رێکخراوەکە و بیری تیرۆریستیی تووندڕەوی تاریکپەرستانەیە. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکەین کە چاودێریی هەموو جووڵەکان دەکەن. بۆیە ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ باسی کرد، دوور بوو لە راستی و نالۆژیکی بوو، باشتر بوو پێش ئەوەی بەم شێوەیە قسە بکەن، کەمێک چاوەڕێیان بکردایە.
"هەسەدە ئێستا بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل"
رووداو: چارەنووسی کەمپی هۆل چی دەبێت، بەتایبەتی دوای سەردانی شاندی حکومەت؟ ئایا لە داهاتوودا لەژێر بەڕێوەبردنی دیمەشقدا دەبێت، یان وەک خۆی دەمێنێتەوە، یان بەڕێوەبردنەکەی هاوبەش دەبێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریادا؟
مەحموود حەبیب: کەمپی هۆل خێزانی چەکدارانی رێکخراوەکەی تێدایە. داواکارییەک لە حکومەتی دیمەشقەوە هەبوو، کە دەیانەوێت سەردانی ئەم کەمپە بکەن و ئێمەش وەڵامی داواکارییەکەمان دایەوە و ئەوانیش گەیشتن. پێشنیازیان کرد کە بە گەرەنتیی حکومەتی سووریا، هەندێک لە خێزانەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و وەڵامی ئەم داواکارییەش درایەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە کەمپی هۆلەوە هەیە، کێشەیەکی زۆر گەورە نییە. ئێمە داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە هاووڵاتییان لە کەمپی هۆلدا هەیە، هاووڵاتییەکانیان ببەنەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە حکومەتی سووریا. بەڵام وەک گوتمان، دەبێت ئەم گەڕانەوەیە گەڕانەوەیەکی گونجاو بێت، واتە گەرەنتی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم کەسانە نەگەڕێنەوە سەر کارە تیرۆریستییەکانیان.
بابەتێکی دیکە، دەبێت ناوەندی شیاندنەوە و هەوڵدان بۆ مێشک شتنەوەی ئەو منداڵ و خێزانانەی رێکخراوەکە هەبێت کە بیری رێکخراوەکەیان چۆتە ناخیانەوە. دەبێت ناوەندی شیاندنەوە هەبێت بۆ دەرهێنانیان لەو چوارچێوە رەش و تاریکە. بۆیە گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ ماڵەکانیان لەسەر ئاستی ناوخۆی سووریا، پێویستی بە هەوڵێکی راستەقینە و گەرەنتیی ئەمنیی روون هەیە، تاوەکو جارێکی دیکە نەکەوینە نێو کێشەی دیکەوە لەگەڵ چەکدارانی نوێی داعش یان خێزانەکانی رێکخراوەکە.
لەبارەی باقی خێزانەکانی رەگەزنامەکانی دیکە، ئێمە داوا دەکەین هەموو وڵاتان هاووڵاتییەکانیان ببەنەوە. ئەم بابەتە پەیوەستە بەوەی کە ئێستا لەژێر سەرپەرشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دەمێنێتەوە، تاوەکو وەک کەمێک لەمەوبەر گوتم، پڕۆسەی لێکتێگەیشتنەکان لەسەر هەموو ئەو دۆسیانەی ئێستا لە دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، پێدەگات.
رووداو: لایەنی عێراقی ماوە ماوە رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لە خاکی سووریا رادەگەیێنێت. ئایا ئەمە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکرێت یان لایەنی دیکە؟
مەحموود حەبیب: لە راستیدا ئەگەر رفێندراوەکان لە ئیدلب یان حەلەب یان ئەو ناوچانە بن، کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، ئەوا هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی دیکەدا دەکرێت، رەنگە تورکیا، حکومەتی دیمەشق یان رژێمی پێشوو بێت.
بەڵام سەبارەت بە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بێگومان هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دەبێت. ئەو حاڵەتانەی کە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردن و دۆزیماننەوە، لە کەمپی هۆل بوون. دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی زۆر، زانیمان کە ژنانی ئێزدیی رفێندراو لەنێو خێزانەکانی رێکخراوەکەدا بوون و توانیمان لە کەمپەکە بیانهێنینە دەرەوە.
کەواتە هەر گەڕانێک لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت، بێگومان هێزەکانی سووریای دیموکرات تێیدا بەشدارن، بەڵام لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێمە، لایەنی دیکە بەشداری لەم کارەدا دەکەن.
"هیچ مووشەکێکی ئێرانی نەکەوتووەتە خوارەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا"
رووداو: دێینە سەر باسی شەڕی ئێران و ئیسرائیل. ئایا لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەدا هیچ مووشەک یان درۆنێکی ئێرانی کەوتنە خوارەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا؟
مەحموود حەبیب: پێموانییە هیچ مووشەک یان درۆنێک کەوتبنە خوارەوە بۆ سەر بنکەکان. پێموایە تەنیا جارێک، یان درۆنێک یان مووشەکێک کە کرابووە ئامانج، پاشماوەکەی لە ناوچەیەکی نزیک کەوتە خوارەوە، نەک لەسەر بنکەکانی ئەمریکا، بەڵکو لە ناوچەیەکی نزیک لە بنکەکانی ئەمریکا. تەنیا ئەوە روویدا.
کەواتە هیچ ئامانجگرتنێکی راستەوخۆی بنکەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەبووە. ئەگەر ئامانجگرتنێکی راستەوخۆش هەبووبێت، ئەوا مووشەکەکان پێش گەیشتنیان بەرپەرچ دراونەتەوە، بۆیە هیچ زیانێک بەو بنکانە نەگەیشتووە. بەڵێ، پێیان نەگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ