رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە، بەڵام بە دەستووری ئێستاش دەکرێت هەنگاوی گرنگ بنرێن. دەشڵێت، "چەکدانانی پەکەکە لە جێگەی خۆی بوو."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە چەندین پرسی گرنگ، لەنێویاندا، پرۆسەی چارەسەری، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی قەییوم بۆ سەرۆکشارەوانییەکان قسەی کرد.
ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی، پەروین بوڵدان، ئەحمەد تورک و سری سوورەیا ئۆندەر باسی لە "پێویستی دەستوورێکی نوێ" کردووە، بەڵام پێش ئەوەی دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە، "زۆر هەنگاو هەیە بەم دەستوورە بنرێت."
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەڵێت، "بێگومان من بە دڵخۆشییەوە هەڵیدەسەنگێنم. خۆهەڵوەشاندنەوە بڕیارێکی زۆر لەجێیە، دانانی چەک راستە، چونکە لە ئێستا بەدواوە سیاسەتڤانان و گەلی کورد لە بواری داواکارییەکانیاندا بەهێزتر دەبن. لێرەدا زۆر گرنگە کە لە پەرلەمان لە زووترین کاتدا زەوینە هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوە دیموکراسییە پێویستەکان بنرێن."
ئۆزگور ئۆزەل باسی لە حکومەتی نوێی سووریاش کرد و پشتیوانی پارتەکەی بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو" دووپاتکردەوە.
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، "سووریا پارچەپارچە، لێکدابڕاو و بەتایبەتی بە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی بمێنێتەوە، زۆر مەترسیدارە. لەبەرئەوە، بێگومان دەبێت لە سووریادا پرۆسەیەکی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی و دەوڵەتێکی سەقامگیر هەبێت، کە تێیدا هەموو کەسێک بەگوێرەی ژمارەی خۆی، هێزی خۆی لە کۆمەڵگەدا و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستیدایە نوێنەرایەتی بکرێت. ئێمە دەمانەوێت دراوسێی دەوڵەتێکی بەهێزی سووریایی بین".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە
رووداو: دەمەوێت سەرەتا بە بەرنامەی ئەمڕۆتان دەست پێبکەم. ئێوە ئێستا لە زیندانی سێلیڤرییەوە دێن و لەوێ بەشداریتان لە مارەبڕینێکدا کرد. ماوەیەکە ئێوە کاتێکی زۆر لە سیلیڤری بەسەردەبەن. ئێوە ئەو پارتەن کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا زۆرترین دەنگتان هێنا. ئەو کار و سەردانانە بۆ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) چ گرنگییەکی هەیە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ورە و مۆتیڤاسیۆنی بەڕێزتان هەیە؟
سەرۆکی جەهەپە: سوپاست دەکەم. لە دوای 19ی ئازارەوە، هەموو هەفتەیەک دوو رۆژ لە ئیستەنبووڵ بەسەر دەبەین. یەکێک لەو دوو رۆژە لە ناوچەیەک گردبوونەوەی گەورە ساز دەکەین و رۆژەکەی دیکەیش سەردانی هاوڕێ زیندانیکراوەکانمان دەکەین و دەیانبینین. بوگرا گۆکچە ناچاربوو زەماوەندەکەی کە پێشتر پلانی بۆ دانابوو، لە زیندان دا بکات. منیش شایەتی مارەبڕینەکە بووم. بێگومان ئێمە بەڵێنی خۆمان بەجێهێنا و چووین بووینە شایەت، بەڵام بێگومان شتێکی زۆر ئازاربەخشە، کە تۆ دڵخۆشترین رۆژت لە پشت شیشە ئاسنینەکانەوە بەسەربەریت. بێگومان بۆ ئێمەش لە رووی بەردەوامییەوە قورسە. لەم دوو رۆژەدا دەمتوانی لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوڕێیەکانم بۆ بەڕێوەبردنی تورکیا کاربکەم و خۆمان بۆ دەسەڵات ئامادە بکەین. یان دەمتوانی پشوو بدەم. لەجیاتی ئەوە، هەمیشە بە رێگاوەین، گردبوونەوە ساز دەکەین و ئەمە بۆ ئێمە بووەتە بارگرانییەک. نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو بۆ زۆر لە هاوڕێیەکانی دیکەیشمان ئەو بارە لەسەر شانمان ماوەتەوە. خەڵکی ئیستەنبووڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و شەش شارەوانی دیکەی ئێمەیان هەڵبژارد و ئەرکداریان کردن تاوەکو خزمەتیان بکەن، بەڵام ئەوان ئێستا لە زینداندانن. ئەوانیش بەم هۆیەوە ناتوانن کار بکەن. بێگومان دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت، کە ئەمە تەنیا کێشەی جەهەپە نییە. تەنیا لەم ماوەیەدا نزیکەی 10 شارەوانی دەم پارتی و لە رابردووش دا 49 شارەوانی دیکەیان قەییوومیان لەسەر دانران. شارەدارەکانیشیان دەستگیرکران و هەندێکیان شەش ساڵ لە زیندان دا مانەوە. ئەمە بەڕاستی لێدانێکە لە ئیرادە و بڕیاری گەل.
رووداو: باشە. دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار کە بەڕێزتان بوونە سەرۆکی جەهەپە، بە ناوی 'گۆڕانکاری'ـیەوە هەڵوێستێکتان دەستپێکرد. بەپێی راپرسییەکان، کۆمەڵگەش پشتیوانی ئێوەی کرد. ئەو شەپۆلی گۆڕانکارییەی تورکیا لەنێو خودی جەهەپەدا چ ئەنجامێکی لێکەوتەوە؟ جەهەپە لە بواری چارەسەرکردنی کێشەکانی سەدەی رابردوودا خاوەنی چ نەخشەڕێگایەکە؟
سەرۆکی جەهەپە: ئێمە هەڵبژاردنێکمان دۆڕاند، کە زۆر چاوەڕێبووین بیبەینەوە، بەڵام شکستمان خوارد. دوای شکستەکە، ورەی خەڵکیش تووشی رووخانێکی گەورەبوو. ئێمە بەمە دەڵێین "دابڕانی سۆزداری". خەڵک دابڕان، لە سیاسەت دابڕان، لە هیوای داهاتوو دابڕان. ئێمە بە تیمێکی گەنجەوە، بە دروشمی گۆڕانکارییەوە کەوتینە رێ و سەرەتا لەنێو پارتەکەماندا گۆڕانکاریمان لە بەڕێوەبەریدا کرد، لە شێوازی بەڕێوەبردندا هەندێک گۆڕانکاریمان کرد. پاشانیش ئەو ئامانجەمان دانا بەرخۆمان کە تورکیا بگۆڕین و لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان دا و دواتریش لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا سەرکەوین.
بەڕاستی تاوەکو ئێستا هەموو ئامانجەکانمان جێی خۆیان گرتووە. واتە جەهەپە لەلایەن ئەنجوومەنی پارتەوە، کە تێکڕای تەمەنی 42 ساڵە و لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە تێکڕای تەمەنی 44 ساڵە. لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا سەرکەوتنێکی زۆر گەورەمان تۆمار کرد و دوای 47 ساڵ بووینە پارتی یەکەم. لەنێو جەهەپەدا لە شێوازی بەڕێوەبردندا گۆڕانکاری زۆر جیدی هەیە. ئێمە پەیکەری بەڕێوەبردنی پارتەکەمان گۆڕی و پارتەکەشمان لە پارتێکی کاردانەوەییەوە گۆڕی بۆ پارتێک کە رۆژەڤ دیاری دەکات، رۆژەڤ دروست دەکات و کاردانەوەی بەرامبەر رۆژەڤ نییە، بەڵکو رۆژەڤی خۆی لە دەستی خۆیدایە. دیارە ئەمە بێزارییەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە لە دژی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانمان، لە دژی پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی کۆمارمان، هەروەهاش لە دژی سەرۆکمان ئەکرەم، کە لە داهاتوودا ئەگەر گەلەکەمان پەسندی بکات ببێتە سەرۆککۆمار، لێدانێک کرا و ئەوانیان خستە زیندانەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لەنێو پارتەکەماندا کاردانەوەیەکی زۆر ئەرێنی لەلایەن رای گشتییەوە وەردەگرێت. پێشتر لە پارتی گەلی کۆماری دا زۆرجار دەیانگوت، "ئەوان دەیانەوێت بمانکێشنە سەر شەقامەکان، ئێمە ناچینە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان، ئێمە ناکەوینە نێو یارییەکەیانەوە"، من ئەمە بۆ تاوانبارکردنی کەس ناڵێم، بەڵکو بەگشتی شێوازەکە وابوو. ئێمە لە یەکەم کۆنگرە کە تێیدا هەڵبژێردراین گوتمان، ئێمە لە شەقامەکان ناترسین، مەیدانەکان پڕ دەکەین، پشتیوانی وەردەگرین و پشتیوانیش دەبەخشین. گوتمان ئێمە لەگەڵ هەموو جۆرە دامەزراوە، سەندیکا، کۆمەڵە و پارتەکانی دیکەدا لە مەیدانەکاندا یەکتر لە ئامێز دەگرین. گوتمان ئێمە لەسەر شەقامەکان سیاسەت دەکەین. ئەم گۆڕانکارییەش پشتیوانییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. بۆ نموونە، سەرەتا لە ئیستەنبووڵ گردبوونەوەیەکمان بۆ مامۆستایانی دانەمەزراو رێکخست. بەشدارییەکە کەم بوو، چونکە تازە دەستمان پێکردبوو. لەسەر ئەمە شرۆڤەی وادەکرا کە ورەمان بڕووخێنن. دواتر گردبوونەوەمان بۆ خانەنشینان، بۆ کرێکاران و گردبوونەوەی بابەتییمان (تایبەتمەند)مان ئەنجام دا. لە شاری ریزە کە شاری ئەردۆغانە، گردبوونەوەمان بۆ چا رێکخست.
رووداو: لە قەیسەریش؟
سەرۆکی جەهەپە: بەڵێ. دواتر کە ئەم لێدانە (دەستگیرکردنانە) روویدا، بەتایبەتی هەموو هەفتەیەک لە شارە جیاوازەکان، بۆ نموونە هەندێک جار لە ئیزمیر کە پێیدەڵێن قەڵای جەهەپە، هەندێک جار لە وان کە قەڵای دەم پارتییە، هەندێک جار لە کۆنیا، لە یۆزگات کە قەڵاکانی ئاکپارتین، گردبوونەوەمان کرد. تەنانەت من دەڵێم دەبێت واز لە سیاسەتی 'قەڵاکان'یش بێنین. با قەڵاکانی جەهەپەش بۆ گەلەکەمان، بۆ میللەتەکەمان فیدابن. چیتر قەڵا نین. کۆنیاش قەڵای میللەتی ئێمەیە، وانیش قەڵای میللەتی ئێمەیە، ئیزمیريش هەروا. گرنگ ئەوەیە هەموو دیموکراتەکانی ئەم وڵاتە یەکبگرن.
رووداو: پێش هەڵبژاردنەکان پاڵێوراوەکەتان دەستگیرکراوە. ئەکرەم بەگ لە زیندانە. ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردن بکات، بابەتی مەنسوور یاڤاش چی لێدێت؟ چونکە هەموو کەس دەزانێت کە مەنسوور یاڤاش لە پرسی بەربژێربوون بۆ سەرۆککۆماریی چاوەڕێی کاتە. لەنێو کۆمەڵگەش دا باس دەکرێت، لە بەرامبەر ئەم ئەگەرەدا ستراتیژی جەهەپە چی دەبێت؟
سەرۆکی جەهەپە: من نامەوێت سەرۆک مەنسوور وەک یەدەگی ئەکرەم بەگ تەماشا بکرێت. ئەمە راست نییە. یەکەم: بەربژێری پرسێکە قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی پێویستە. کەسی بەربژێر دەبێت هەستی خۆی بۆ ئەمە ئامادە بکات، بزانێت ئایا کۆمەڵگەش قبووڵی دەکات یان نا. بیرۆکەی من ئەوەیە، ئەگەر ئەکرەم بەگ نەیتوانی ببێتە بەربژێر، دەبێت داواکاری رای گشتی لە رێگەی راپرسییەوە بپێورێت و بەپێی ئەوە بڕیار بدرێت. نابێ کەسێک بکەینە بەربژێر کە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. لەجیاتی ئەوە دەبێت سەیری ئەنجامی راپرسییەکان بکەین، لە گەل بپرسین و لەسەر دابەشبوونی کۆمەڵگە لێکۆڵینەوە بکەین، تاوەکو بزانین داواکارییەکانی پارتەکانی دیکە چین و بەپێی ئەوە گونجاوترین کەس بکەینە بەربژێر.
دەبێت ئەو کەسەش باش بزانێت بۆچی دەبێتە بەربژێر. بەربژێری ئێمە ناتوانێت وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک نەبێت بجوڵێتەوە. بەربژێری ئێمە دێت و لە تورکیا گۆڕانکاری بنەڕەتی زۆر گەورە دەکات. سیستمی دادوەری چاک دەکاتەوە، دادوەریی سەربەخۆ مسۆگەر دەکات. ئازادی رۆژنامەڤانی سەربەخۆ مسۆگەر دەکات، دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێکدێنێت. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەم سیستمەی کە پێیدەڵێن سیستمی سەرۆکایەتیی حکومەت، واتە رژێمی تاکەکەسی، لادەبات و لەجیاتی ئەوە سیستمی پابەندبوون بە پەرلەمان بەهێز دەکات.
رووداو: کەواتە پلانی ئێوە بەردەوامە بۆ ئەوەی تورکیا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر سیستمی سەرۆکوەزیرانیەتی؟
سەرۆکی جەهەپە: بەڵێ، بەڵێ. ئێمە ئەو سیاسەتە دەپارێزین و تاوەکو پەرلەمانیزم بەهێز بکرێت و گەل سەرۆککۆماری خۆی هەڵبژێرێت. وەزیرەکانیش لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری بکرێن و دوای ئەوەی پەرلەمان پەسەندی کردن دەست بەکاربکەن. دەبێت بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیاربن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. دەبێت هەموو هەفتەیەک لە پەرلەمان گفتوگۆی زارەکی و لێپرسینەوە هەبێت.
رووداو: لەسەر پرسی پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد، ئێوە و پارتەکەشتان لە سەرەتادا ئاشکراتان کرد، کە بێ مەرج پشتیوانی دەکەن، بەڵام لەم دواییانەدا دەبینین کە بەشێک لە جەهەپە و بەتایبەتیش لە میدیای نزیک لە جەهەپە دژایەتی پرۆسەی نوێ بەرزدەبێتەوە. ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستی جەهەپە بۆ پرۆسەکە دەبێت؟ لەلایەکی دیکەوە، جەهەپە تائێستا بۆ چارەسەری و پرۆسەکە پرۆگرامێکی پێشکەش نەکردووە. وەک ئەوەی ئێوە تەنیا بابەتەکە دەخەنە چوارچێوەیەکی تەسکەوە کە ئەویش زەوینەی گفتوگۆیە!
سەرۆکی جەهەپە: بەڕاستی ئێوە لەسەر حەقن بۆ ئەم پرسیارە، بەڵام من لە قسەی کۆتاییەوە دەست پێدەکەم. بۆ نموونە، کاتێک هاوسەرۆکە گشتییەکانی دەم پارتی هاتنە لامان، من زانیاریم لەسەر ئەو کارانەی کە کۆمیسیۆنی دادپەروەری و دیموکراسی ئێمە دەیکات، پێدان. ئەو کۆمیسیۆنە لە حەوت یاساناس، دوو زانای سیاسی و شارەزایەکی راگەیاندن پێکدێت و، بەگشتی 10 کەسن. ئێمە ئەم کۆمیسیۆنەمان دیاریکرد تاوەکو لە ژێر هەشت سەردێڕی سەرەکی دا دەستنیشانکردن بکەن. ئەوان 26 خاڵیان دەرخست، کە پێویستیان بە گۆڕانکارییەکی دادوەری و یاساییە. بەڕێزان هاوسەرۆکان گوتیان ئەم کارە زۆر گرنگ و بەنرخە. ئێمە ئامادەکارییەکی زۆر باشمان هەیە، بەڵام ئێمە بەدوای زەوینەیەکی گونجاودا دەگەڕێین تاوەکو بۆ ئەم شتانە گونجاوبێت.
ئێستا کەمێک دەگەڕێمەوە سەرەتا. ئەم زەوینەیە چییە؟ کاتێک ئێوە دەڵێن زەوینە، باسی پەرلەمان دەکەن. ئێستا هەموو هێز و دەسەڵات لە دەستی ئاکپارتیدایە. دادوەری سەربەخۆ نییە. هیچ کاریگەرییەکیشمان لەسەر دادوەری نییە. لێرەدا جگە لە زەوینەی یاسادانان، هیچ زەوینەیەکی دیکە نییە. گونجاوترین و فرەڕەنگترین زەوین پەرلەمانە، بەڵام دەوڵەت ئێستا بووەتە پارتی-دەوڵەت.
بیرتان نەچێت، ئاکپارتی لە سەردەمی پرۆسەی چارەسەریی رابردوودا نێوەڕۆکەکەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بەش نەکرد. هەموو لایەنەکانی دوورخستەوە. ئەوانەی دژبوون کەوتنە ناشرینکردن و ئەوانەی ئاشتییان دەویست دوورخرانەوە. ئێستا نابێ ئێمە ناحەقی بکەین. لە سەردەمی پێشوودا جەهەپە دژی پرۆسەی چارەسەری نەبوو، بەڵام ئەو پرۆسەیە بە هەستی ئەرێنی لە یادەوەری ئێمەدا جێگەی نەبووەتەوە. لە سەرەتادا سەرۆکی ئەوکاتمان گوتی، "من پشتیوانی دەدەمە ئەم پرۆسەیە"، بەڵام ئەردۆغان ئەو شەوە گوتی "نە خۆت و نە پشتیوانییەکەت"، ئەگەر سێ مانگ دواتر ئەم قسەیەی بکردایە، ئێمە دەمانگوت تۆ پشتیوانیت کردبوو، بەڵام دواتر پشتیوانیت نەکرد. بەڵام دوای وتارەکەی سەرۆکمان بە حەوت کاژێر گوتی، "پشتیوانییەکەت هەڵگرە و بیدە لەسەری خۆت" و، لەوێ لەجیاتی ئەوەی هاوئاهەنگییەکی کۆمەڵایەتی هەبێت، تەنیا پارتێک هەبوو و پارتی-دەوڵەت هەبوو. دەبێت نوێنەرانی هەموو پارتەکان لە دەوری مێزێک کۆبکەینەوە و هەموومان لەم کارەدا بەشداربین. من با بە ئاشکرایی بیڵێم ئەو مێزەی ئەوان باسی دەکەن ئەم مێزە نییە. ئەوانەی پشتیوانی دەکەن و ئەوانەی پشتیوانی ناکەن نابێت لەسەر هەمان مێز دابنیشن و ئێمە لەگەڵ یەکتر شەڕ بکەین. بە مێزی بەوشێوەیە نابێت، چارەسەری وانابێت. دەبێت مێزی چارەسەری دابنرێت.
رووداو: بەڕێز باخچەلی پێشنیازی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی100 کەسی دەکات، کە هەموو پارتەکان تێیدا بەشداربن. بەم شێوەیە بابەتەکە دەگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان ، ئێوە پشتگیریی دەکەن؟
سەرۆکی جەهەپە: با وابڵێم. ئەگەر بڵێن با هەموو پارتەکان، جا چ لایەنگری چارەسەر بن یان نا، لەسەر ئەم مێزە کۆبکەینەوە، ئەوا کێشە دروست دەبێت. پارتێک کە دژی چارەسەری بێت، چۆن لەسەر ئەم مێزە دادەنیشێت؟ ئەوانەی پشتگیرن دەتوانن دابنیشن و ئەوانەی پشتگیرنین، با لە دەرەوە رەخنەکانیان بخەنەڕوو.
واتە نابێت مێزی شەڕبێت، بەڵکو دەبێت مێزی چارەسەری دابنرێت و هاوئاهەنگییەک لەسەر دەستنیشانکردنی کێشەکە و چارەسەرکردنی هەبێت و لەوێدا پێشکەوتن رووبدات. هەندێک جار وا تێدەگەین؛ وەک ئەوەی کۆمیسیۆنێک پێکبێنین تاوەکو هەمووان تێیدابن و شەڕی یەکتر بکەن. لەمەوە هیچ ئەنجامێک دەرناچێت. پێویست بەمە ناکات. دەبێت مێزی چارەسەری پێکبهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستە هەموو کەسێک بانگهێشتی ئەم مێزە دەکرێت، بەڵام نەک ئەوانەی دەیانەوێت رێگری بکەن، بەڵکو ئەوانەی هاوکاری دەکەن و ئامانجیان چارەسەرییەکی هەمیشەییە، پێکەوە کۆببنەوە. ئەوانی دیکە با رەخنە بگرن و لە دەرەوە سیاسەتی خۆیان بکەن.
رووداو: کاتێک دەڵێن مێز، مەبەستتان کۆمیسیۆنە؟
سەرۆکی جەهەپە: بەڵێ، ئەوە دەڵێم. ئەو مێزەی ئێمە باسی دەکەین کۆمیسیۆنە. ئەمە هەر لە خۆیەوە بیرۆکەی ئێمە بوو. بیرۆکەی پێکهێنانی کۆمیسیۆن بیرۆکەی ئێمەیە. ساڵانێکە ئێمە ئەمە دەڵێین. لەو کۆمیسیۆنەی ئێمە باسی دەکەین، بانگهێشتی هەموو پارتە سیاسییەکان دەکرێت کە ئامانجیان چارەسەری بێت. ئەوکاتە هەموو ئەو پارتانە نوێنەرایەتی دەکرێن و ژمارەی نوێنەرانیش ئەوەندە زۆر نابێت کە بەڕێز باخچەلی باسی دەکات. چونکە لە کۆمیسیۆنێکی100 کەسیدا ناتوانرێت بە ئاسانی کارنامەیەک بەڕێوەببەن. ئەوە دەبێتە پەرلەمان. نەک پەرلەمانێک، بەڵکو پێویستیمان بە کۆمیسیۆنێکە کە بە خێرایی کار بکات. لەبەرئەوە ژمارەکە زۆرە، بەڵام بیرۆکەیەکی بەجێیە. واتە ئێمە لەڕووی شێوازەوە لەگەڵ پێشنیازەکەی بەڕێز باخچەلی داین، بەڵام لەڕووی ژمارەوە جیاواز بیردەکەینەوە. بەڕای من 100 کەس زۆرە. ئەو ژمارەیە وادەکات ئەرکی کۆمیسیۆنەکە لەدەست دەربچێت.
رووداو: جەهەپە هەموو گوتاری خۆی لەسەر ئەوە دادەمەزرێنێت کە هێزی دامەزرێنەری تورکیایە. باشە، لە کاتێکدا کە سەتەی دووەمی کۆمار دەستیپێکردووە، ئایا هیچ سترێسێک لەسەر جەهەپە هەیە کە ئەم رۆڵە بکەوێتە دەست ئاکپارتی؟ لەلایەکی دیکەوە، ترسێکی زۆری 'تورکە سپییەکان' هەیە کە یەکسانی لە نێوان ئەوان و کورد دا دروست ببێت. ئایا ئەو ترسە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی جەهەپە دەکات لە رێڕەوی پرۆسەی نوێ دا، گومانتان هەیە ئەو رۆڵی 'دامەزرێنەرییە' بگوازرێتەوە بۆ ئاکپارتی؟
سەرۆکی جەهەپە: سەیرکەن، ئێمە لە سەرەتادا هەڵوێستێکی زۆر روونمان نیشاندا. بەڕێز باخچەلی شتێکی گوت، منیش هەستام گوتم، "بەڕێز باخچەلی، من گرەوێکی گەورەتر دەکەم. من بەڵێنی دەوڵەت بە کورد دەدەم"، هەندێک کەس هەستان ئەو قسەیەی منیان شێواند وەک ئەوەی من گوتبێتم کورد پێویستی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام من زۆر بە روونی دەڵێم، "من بەڵێنتان پێدەدەم کە ئێوەش ببنە خاوەنی کۆماری تورکیا، چۆن من هەست دەکەم ئەمە دەوڵەتی خۆمە، دەبێت هەموو کەسێک وا هەست بکات"، تورک، کورد، لاز، چەرکەس، عەلەوی، سوننە، هەمووان یەکسان بن و تورکیا دەوڵەتی هەمووان بێت. ئەگەر ئەمڕۆ کورد هەست بە 'نایەکسانی' دەکات، ئەوا کێشەی کورد هەر ئەمەیە.
پرسی لەدەستدانی رۆڵی دامەزرێنەری بەو شێوەیە نابینین. هیچ سترێسێکی لەم جۆرە لەسەر جەهەپە نییە. بەپێچەوانەوە، ئاکپارتی بەرەو پارتێکی خۆبەخاوەنزان دەڕوات. ئەگەر ئەمڕۆ بەدوای تورکێکی سپی دا بگەڕێن، لەنێو ئاکپارتی دا دەیدۆزنەوە. ناتوانن لەنێو کادرەکانی جەهەپەدا، لە دەوروبەرەکەیدا، لە گوتارەکەیدا کەسێکی سپی ببینن. ئەمڕۆ تورکە سپییەکان ئاکپارتین. ئەمڕۆ ئاکپارتییەکان خۆیان وەک خاوەنی دەوڵەت دەبینن. ئەم دەستە و تاقمە بەتەواوی ئێستا لەنێو ئاکپارتی دان. رەنگە هەندێک کەس لەسەر تەلەڤزیۆنەکان هەندێک شت بەناوی ئێمەوە بڵێن. ئەوانە نە قسەی ئێمەن و نە هەڵوێستی ئێمە. ساڵانێکە زۆر قسە لەسەر پشتی ئێمە بوونەتە بار. ئێمە لەگەڵ ئەو قسانەدا نین، کە دژایەتی چارەسەری دەکەن. جەهەپە لەمێژە، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، ئەم نزیکبوونەوەیەی هەڵوەشاندووەتەوە و لەنێو گوتارێکی یەکسانیخواز و دادپەروەرانەدایە.
رووداو: ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی نوێ هەیە. سەرۆککۆمار گرووپێکی بۆ ئەمە راسپاردووە. ئایا جەهەپە پشتگیریی دەستوورێکی نوێ دەکات؟ ئەگەر لە دەستووردا پێناسەی هاووڵاتیبوون بە شێوەیەکی گشتگیر کە هەمووان لەخۆبگرێت دیاریکرا، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟ لەلایەکی دیکەوە، لەبەرئەوەی پرۆگرامی پارتەکەتان باسی دیموکراسییەکی پێشکەوتوو دەکات، لە پرسی پەروەردە بە زمانی دایک دا هەڵوێستتان چی دەبێت، ئایا پشتگیری دەکەن؟
سەرۆکی جەهەپە: سەیرکەن، پەروین خانم (بوڵدان) و ئەحمەد تورک شادن و شاهیدن، کاتێک هاتنە لامان، من پرسیاری دەستوورێکی نوێم لە سڕی سوورەیا ئۆندەر کرد و گوتم بێگومان تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی مەدەنی، ئازادیخواز و گشتگیر (لەخۆگر) هەیە. سەرەڕای ئەوەی ئەو گوتی هیچ ئامادەکارییەک بۆ دەستوورێکی نوێ نییە، بەڵام من چۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا بۆ دەستوورێکی نوێ دادەنیشم، کە خۆیان رۆژانە دەستوور پێشێل دەکەن. سەیرکەن، ئێمە ناتوانین جگەر بدەینە دەست پشیلە. کاتێک من بە تەیب ئەردۆغان بڵێم "وەرە با پێکەوە دەستوورێکی نوێ دروست بکەین" یان ئەو بە من بڵێت و من هەڵوێستێکی ئەرێنی نیشانبدەم، ئێمە پشتگیریی گەورەی 17 ملیۆن کەس کە دەنگیان پێداوم لەدەست دەدەین.
لە کێشەی کورد دا، پێش ئەوەی بگەینە دەستوور، بە دەستووری ئێستا زۆر هەنگاوی دیموکراتی دەکرێ بهاوێژرێن. یاسا هەن کە دەکرێت دەربچن، تەنانەت خاڵی داواکردنی جێبەجێکردنی راستەقینەی یاسا کارپێکراوەکانیش هەیە. لەگەڵ شاندی دەم پارتی دانیشتین و قسەمان کرد کاتێک هاتن بۆ سەردانمان. ئەوەی دەکرێت، لە چوارچێوەی یاسادا دەکرێت، هیچ مامەڵەیەک لەسەر دەستوور نییە. بۆ ئەوەی ئێمە لەگەڵ تەیب ئەردۆغان دەستوورێکی نوێ دابڕێژین، دەبووایە تەیب ئەردۆغان بەپێی دەستووری ئێستا بجوڵێتەوە. تەیب ئەردۆغان سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، هەشت ساڵە عوسمان کاڤالا لە زینداندا رادەگرێت. تەنیا لەبەرئەوەی گوتی "ئێمە تۆ ناکەینە سەرۆک"، سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، ساڵانێکە لە زیندان دا راگیراوە. پەرلەمانتار جان ئاتاڵای ناتوانێت دەربچێت و بێتە پەرلەمان. ئێستا دەڵێت "وەرن با دەستوور دروست بکەین"، من لەبەر ئەمە گوتم، "من لەگەڵ ئەودا مەنەمەن(هێلکە و تەماتە)یش دروست ناکەم."
بەڵام سەرەڕای ئەمەش، بێگومان پێویستیمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە و دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ئەو کەسانەش دا دەستوورێک دادەڕێژین، کە دەنگیان بە ئاکپارتیش داوە. یان پێش ئەوە، تەیب ئەردۆغان دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی جێبەجێکردنی دەستوور و هەموو بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرامبەر بە دەستوور جێبەجێ دەکات. هەر خۆی ئەگەر پابەندبێت بە دەستووری ئێستاوە، زۆر هەنگاو دەکرێت بنرێن. ئەوکاتە دەبینین کە زیندانییانی سیاسی ئازادکراون، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێکراون، بڕیارەکانی دادگای دەستووریی (تورکیا) جێبەجێکراون. دەبێت بڕیارەکانی دادگای دەستووری بەبێ ئەملا و ئەولا جێبەجێبکرێن. ئەوە متمانەیەکی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات. ئەوکاتە منیش دەگەڕێمەوە و لەو 17 ملیۆن کەسە دەپرسم کە دەنگیان پێداوم و دەڵێم ئایا ئێوە رازین یان نا. کاتێک ئەوانیش رەزامەندی خۆیان دەربڕی، لەگەڵ هەموو کەسێکدا باسی دەستوور دەکرێت، بەڵام لە کەشوهەوای ئەمڕۆ و بارودۆخی ئەمڕۆدا، باسکردنی دەستوور بەو مانایە دێت کە تۆ جگەر دەدەیتە دەست پشیلە.
رووداو: لە ئەگەری ئەوەدا بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت و جەهەپە بچێتە دەسەڵات، ئێوە پرۆسەی چارەسەری لە کوێوە دەستپێدەکەنەوە؟ بەتایبەتی دەمەوێت جارێکی دیکە بپرسم، ئایا لەبارەی پرسی خوێندن بە زمانی دایک، هەڵوێستی جەهەپە دەگۆڕێت؟
سەرۆکی جەهەپە: من وەک سەرۆکی جەهەپە، چ لە بابەتی قسەکردن بە زمانی دایک، چ لەسەر ئەو مشتومڕانەی لە پەرلەمان دەکرێن و چ لەسەر بابەتی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ کاتێک دژ نەبووم. ئەوە بابەتێکی دیکەیە. لە پەرلەمان دەکرێت هەموو شتێک قسەی لەسەر بکرێت و لەسەر هەر بابەتێک مشتومڕ بکرێت، بەڵام پرسی خوێندن بابەتێکی هەستیارە، چونکە هەندێک لایەن دەتوانن بەخێرایی ئەو بابەتە بگەیێننە قۆناخێک کە ناکۆکی لێبکەوێتەوە. راست نییە ئەو شتانە ببنە هۆی پێکدادان و شەڕ. راست ئەوەیە یەکدی لە باوەش بگرین. راست ئەوەیە زمانی هیچ کەسێک قەدەخە نەکرێت، بچووک نەکرێتەوە. هەر کولتوورێک بە زمانی خۆیەوە زیندووە. هەموو کەسێک دەتوانێت کولتووری خۆی بە زمانی خۆی پەرە پێبدات و تەنانەت بیکاتە زانست. بێ مانایە هیچ زمانێک قەدەخە بکرێت و (بەکارهێنانی) وەک تاوان سەیری بکرێت.
بەڵام لەلایەکی دیکەوە شتێکی واش هەیە؛ لەلایەک تیرۆر، کێشەی تیرۆر و هەڵوێستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر پرسی زمان، دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. کاتێک شەڕ هەبێت و شەهید هەبن و خوێن بڕژێت، ناتوانیت باسی مافی خوێندن بکەیت، لە کاتێکدا ئەو رێکخراوەش باسی دەکات.
سەیرکەن، ئەمڕۆ شەش ملیۆن هاووڵاتیی عەرەبمان هەن و کێشەی زمانیشیان هەیە. زمانی هەموو کەسێک بەنرخە، بەڵام بەهۆی دژایەتیی پەنابەران، بابەتی زمانی ئەوانیش لەنێوبرا و وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵ کرا.
لەسەر ئەمە، دەبێت سەرەتا تیرۆر کۆتایی پێبێت، خوێن نەڕژێت، شەهید نەدرێن، تاوەکو لە خاڵەکانی داواکاریی کورد دا بتوانین بگەینە شوێنێکی باش. کاتێک بارودۆخ ئاوابێت، ئەوکاتە لە تورکیا کێشەی کورد و خوێندن بە زمانی دایکیش نامێنێت.
رووداو: واتە دەڵێن ئەوکاتە هیچ کێشەیەک نامێنێت؟
سەرۆکی جەهەپە: بەڵێ، کێشەیەکی وانامێنێت.
رووداو: دوای ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، دەردەکەوێت تورکیا لە بابەتی چارەسەریدا هەندێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی خستووەتە بەردەم خۆی. کاتێک سەیری ئەو ئاستە دەکەین کە دەوڵەت باخچەلی ئەو بابەتەی دەستپێکردووە، نیشانەکانی گۆڕانکاریی گەورە دەردەکەون. ئایا ئێوە چاوەڕێ دەکەن تاوەکو هەڵوێستی خۆتان بەگوێرەی ئاکپارتی دیاری بکەن، یان ئێوەش فۆرمۆڵێک پێشنیاز دەکەن؟ پرسیاری دیکە، بەڕای ئێوە چ پێشهاتێکی ناوچەیی و ناوخۆیی وایکرد تورکیا لە پرسی کورددا بگاتە ئەم قۆناخە؟
سەرۆکی جەهەپە: بێگومان کاریگەریی هەرێمی هەیە، بەڵام با بە راشکاوی رای خۆم بڵێم؛ ئەردۆغان و باخچەلی لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا، تەنیا لەبەرئەوەی کورد دەنگیان بە بەربژێری سەرۆککۆماریی جەهەپە دەدا، هێرشێکی تووندیان کرد. هێرشی قورسیان کردە سەر دەم پارتی. بە تووندی هێرشیان کردە سەر سیاسەتمەدارانی کورد، هونەرمەندانی کورد، رۆشنبیران و گەنجانی کورد. ئەوانیان خستە زیندانەکانەوە. پرسیارەکە لە جێی خۆیەتی، چۆن بوو لەناکاو گەیشتنە ئەم قۆناخە. لە بابەتی دەستووردا کە ئەردۆغان هێناویەتییە رۆژەڤەوە، گومان هەیە هەندێک داواکاریی یایبەتی هەبێت. دووەم، بێگومان پێشهاتەکانی ناوچەکە بوونە هۆی ئەوەی دۆخەکە بگاتە ئێرە. بابەتی سووریا هەیە. هۆکار ئەوەیە کە پەکەکە بەبێ مەرج چەکی دانا. شتێکی دیکە نییە.
رووداو: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە (پەکەکە) چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەرۆکی جەهەپە: بێگومان من بە دڵخۆشییەوە هەڵیدەسەنگێنم. خۆهەڵوەشاندنەوە بڕیارێکی زۆر لەجێیە، دانانی چەک راستە، چونکە لە ئێستا بەدواوە سیاسەتڤانان و گەلی کورد لە بواری داواکارییەکانیاندا بەهێزتر دەبن. لێرەدا زۆر گرنگە کە لە پەرلەمان لە زووترین کاتدا زەوینە هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوە دیموکراسییە پێویستەکان بنرێن.
رووداو: ئەگەر "مافی هیوا" و لێبووردنی گشتی بێتە رۆژەڤەوە، ئێوە چی دەکەن؟
سەرۆکی جەهەپە: ئەم بابەتانە لە رۆژەڤی من دا نین. کێ ئەم دەستەواژەیەی "مافی هیوا"ی هێناوەتە رۆژەڤەوە، دەبێت پرسیار لەو بکرێت. بابەتی لێبووردنی گشتیش دەبێت بە هەستیارییەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. بێگومان دەبێت زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن و هەڵوێستی من لێرەدا روونە. دەوڵەت دەتوانێت لەو تاوانانەی کە بەرامبەر خۆی کراون، لێبووردنێک دەربکات، بەڵام دەبێت ئەو تاوانانەی بەرامبەر کۆمەڵگە کراون و ئەو کەسانەی جگەری خەڵکیان سووتاندووە، لەبەرچاو بگیرێن. بۆ نموونە، بکوژانی ژنان، ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵان، چۆن دەڵێن لێبووردنی گشتی بیانگرێتەوە؟ ئێوە چی بە بنەماڵەی قوربانییەکان دەڵێن؟ لێبووردنی گشتی واتە زیندانەکان بە تەواوی چۆڵ ببن. باشە، ئێمە چی بە بنەماڵەی ئەحمەد مینگوزی بڵێین کە بێتاوان بە چەقۆ کوژرا؟ چی بە دایکی بڵێین؟ چی بە بنەماڵەی رابیعە ناز بڵێین؟ نابێت بەو بنەماڵانە بڵێین، دە باشە لێبووردنی گشتی دەرچوو و ئێمە هەموویانمان ئازاد کردن. نابێت هەموو تاوانباران بەم شێوەیە ئازاد بکرێن. لەبەر ئەم هۆکارانە، لێبووردنێکی گشتی کە بە باشی کاری لەسەر نەکرابێت، برینێکی نوێ لە ویژدانی کۆمەڵگەدا دەکاتەوە. من دەڵێم، لێبووردن بۆ زیندانیانی سیاسی و نەخۆشەکان باشە. دەبێت بنەمایەکی هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتی هەبێت و دڵی کۆمەڵگە نەشکێندرێت.
رووداو: لە ساڵانی نەوەتەکاندا کاتێک لەیلا زانا و هاوڕێیەکانی دەستگیرکران، پارتی سۆسیالیستی گەل (SHP) بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانیی لێدەکردن، بەڵام دوای ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەستگیرکرا، بینیمان سەبارەت بە پشتیوانیی جەهەپە، بۆچوونی جیاواز هاتنە ئاراوە. کاتێک نموونەی ساڵانی نەوەتەکان و ئێستا بەراورد دەکەین، وادیارە ئاستی پشتیوانیی جەهەپە کەمترە لە پشتیوانی SHP؟
سەرۆکی جەهەپە: نەخێر، من وا بیرناکەمەوە. وەک سەرۆکی جەهەپە، خۆم چوومە سەردانی دەمیرتاش. هەڵوێستی ئێمە لێرەدا روونە. لە بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەدا لەم بابەتانەدا هیچ شتێکی شاراوە یان جێی قسە لەسەرکردن نییە.
رووداو: لایەنگرانتان رازی نین.
سەرۆکی جەهەپە: سەیرکە، پارتێکی سیاسی تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەگەر بابەت بێتە سەر خاوەندارێتی لە دەمیرتاش، نازانم ئێوە هاتبوونە ساراچخانە، لەو مەیدانەدا، لەوێ ئێمە هێندەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بۆ دەمیرتاش و زیندانیانی سیاسیی دیکەش چەپڵەمان لێدا. هەندێک جار شتێکی وا روودەدات؛ کاتێک دەڵێن "ئازادی بۆ بەڕێز دەمیرتاش"، لایەنگرانی پارتی زەفەر تووڕە دەبن. من بە راشکاوی لەسەر ئەوە لەگەڵ ئەو گەنجانە قسەم کرد، لەگەڵ هەردوولا. پێم گوتن، ئەگەر ئێوە بۆ گرتنی ئەوی دیکە نیگەران نەبن و ئەویش بە گرتنی ئێوە نیگەران نەبێت، ئەوکاتە هەردووکتان دەگیرێن و ئەو کەسەی دەتانگرێت لە شوێنی خۆی دادەنیشێت و کەیفی خۆی دەکات. پێمگوتن دەبێت ئێوە پێکەوە دژی هەموو گرتنە سیاسییەکان بوەستنەوە. ئەگەر ئێوە ئاوا رکابەری یەکدی بکەن، کێ سەردەکەوێت؟ لەنێو ئێمەدا هیچ گرووپێک نییە کە بە شێوەیەکی کاریگەر دژی ئازادبوونی دەمیرتاش بێت. لەوانەیە لەنێو پارتەکانی دیکەدا هەبن و لەوانەیە هەندێک کەس ئەو هەڵوێستە وەک هەڵوێستی ئێمە نیشان بدەن، بەڵام پارتەکەی ئێمە لەم بابەتەدا لە روانگەیەکی زۆر دروستەوە لە پرسەکە نزیک دەبێتەوە.
رووداو: لەکاتێکدا باسی "ئاساییبوونەوە"تان دەکرد، لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغانیش کۆبوونەوە، بەڵام ئەو ماوەیەی "ئاساییبوونەوە" ئەم رۆژانە تاوەکو دێت زیاتر جێی خۆی بۆ زمانی تووند جێدەهێڵێت.
سەرۆکی جەهەپە: هۆکارەکەی ئەردۆغانە.
رووداو: ئەو تابلۆیە بەتایبەتی پەیوەندییەکانی ئێوە لەگەڵ پارتە نەتەوەپەرستەکانی وەک پارتی زەفەر و ئیی پارتی بەرەو کوێ دەبات؟
سەرۆکی جەهەپە: بەخوا ئێمە هەوڵدەدەین هەموو دیموکراتەکانی تورکیا پێکەوە کاربکەن. من بەرگریکاری ئەوەم کە نەتەوەپەروەر، پارێزکار، کورد، هەموو دیموکراتەکان لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکاندا دەست لەنێو دەست دیموکراسی بپارێزن. ئەوەی من دژی دەوەستمەوە ئۆتۆکراسییە.
رووداو: لە کاتی بەڕێوەبەرایەتیی پێشووتاندا لەنێو جەهەپەدا بەناوی "مێزی کورد" کارێک هەبوو و ئۆغوز کان سالیجی سەرۆکی بوو. ئەو مێزە چی بوو، ئایا جارێکی دیکە چالاکی دەکەنەوە یان نا؟
سەرۆکی جەهەپە: ئەو مێزە وەک (مێزی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات) ناودەبرا. مێزێک بوو کە ئامانجی ئەوەبوو لەو شارانەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات کە جەهەپە تێیاندا لاوازە، چەند کەسایەتییەکی سیاسی بۆ جەهەپە بدۆزێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لەو شوێنانە دابمەزرێنێت. لە سەردەمی خۆیدا ئەرکێکی جێبەجێکردووە.
رووداو: لە هەڵبژاردنی رابردوودا کورد پشتیوانییەکی گەورەیان لە کلیچدارئۆغڵو کرد. تەنانەت پشتیوانیی شارە کوردییەکان بە شارەکانی کەنار دەریا بەراورد دەکرا. لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوودا کورد پشتیوانیی ئێوەیان کرد. ئێوە ئەو پشتیوانییەتان چۆن هەڵسەنگاند؟ لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی گرتنی ئیمامئۆغڵوەوە، نێوانی ئێوە و دەسەڵات تووند بوو. ئەگەر ئەوە نەبووایە، ئایا ئێوە لەگەڵ دەم پارتی، شانبەشانی یەکتر ئەو پرۆسەیەی ئێستاتان دەبردە سەر؟
سەرۆکی جەهەپە: ئێمە هیچ کات لەگەڵ ئەوەدا نین پرۆسەی ئێستا پەکبخەین و تێکیبدەین. ئێمە بەرگری لە پێشڤەچوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین. ئەمە شتێکی جیاوازە، بەڵام سیاسەت لە چوارچێوەیەکی ژیرانەدا دەکرێت. سیاسەت بەو کەسانە دەکرێت کە ویژدان، عەقڵ و ئارامگریی گونجاویان هەبێت. کەسێک کە ویژدان، عەقڵ و ئارامگریی گونجاوی هەبێت، کاتێک باس لە مافی هیوا دەکرێت، دەڵێت چۆن دەبێت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان مافی هیوا هەبێت، بەڵام بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو زیندان و گرتن؟ ناڕەزایی بەرامبەر دەردەبڕێت. واتە، بەگوێرەی ئەو شوێنەی کە کێشەکە لێی وەستاوە، جەهەپە ناڵێت "تۆ سەرۆکی شارەوانیی گەورەی منت خستە زیندانەوە، من دژی پرۆسەی چارەسەریم"، بەڵام کۆمەڵگە ئاوا سەیری دەکات؛ بۆ ئۆجەلان مافی هیوا، بۆ ئیمامئۆغڵو زیندانی سیلیڤری. بۆ نموونە، بۆ کادیرە سیاسییە هەرە پێشکەوتووەکانی پەکەکە دەرفەتی چوونە سووریا یان وڵاتێکی دیکە دەڕەخسێندرێت و دەستبەسەرکردن و گرتن نابێ بەرامبەریان، بەڵام لەبەر ئەوەی رەسوڵ ئەمرە شیهان لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا کوردێکی ئەرکدار کردووە و کوردێک بووەتە جێگری سەرۆکی شارەوانی، قەییووم دانراوە و سەرۆکی شارەوانی گیراوە. ئەگەر زەوینەی ژیریی لەدەست بچێت، هەرچەندە بەڕێوەبەران بیانەوێت، جەماوەر، کۆمەڵگە ناڕەزایی بەرامبەر دەردەبڕێت و مافیشی هەیە.
ئەم کارەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین وەک گواستنەوەی ئەندامی لەشە. کاتێک ئەندامێک دەگوازییەوە، دەبێت رێوشوێن بگریتەبەر. دەبێت ئەوەی ئەندامەکە دەبەخشێت، ئەوەی وەریدەگرێت و لە کاتی نەشتەرگەریدا هەموو مەرجەکان گونجاوبن. کاتێک گوشاری خوێنی نەخۆش 24 بێت، نەشتەرگەری ناکرێت. ئێستا لە تورکیا گوشاری خوێنی نیوەی کۆمەڵگە 26ـە. لەم کاتەدا ناتوانیت کارێکی سەرکەوتوو بکەیت. جەستە ئەندامەکە رەتدەکاتەوە. سەیری بکە، من ناڵێم دژی دەوەستمەوە و من لە هەموو بارودۆخێکدا دەمەوێت ئەم پرۆسەی چارەسەرییە پێشبکەوێت، چونکە خوێن دەوەستێت، برا.
رووداو: بۆ ئەم بابەتە و بۆ بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە دەسەڵات، ئایا پلان و نیازێکتان دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان دابنیشن و بگەڕێنەوە بۆ هەڵوێستی ئاساییکردنەوە؟
سەرۆکی جەهەپە: خۆ من خۆم ئاسایی کردبووەوە. مانەوە لە زەوینەی دیموکراتی دا گرنگە. لە دیدارەکانمدا بە هەموو پارتەکانم گوت سەیر بکەن ئێمە یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیامان بەدەستهێناوە، بەڵام فەرموون با پێکەوە بەڕێوەی ببەین. بە ئاکپارتی و بەوانی دیکەشم گوت، بەڵام نەیانویست. ئێمە مافی ئەندامێتیی خۆمان دا بە دەم پارتی، دامان بە ئیی پارتی، دامان بە یەنیدەن رەفا، تەنانەت پێشنیازیشمان بۆ بویوک بیرلیک کرد. 14 بەڕێوەبەر پێویستبوون، گوتمان فەرموون با لەنێوان خۆماندا دابەشی بکەین. خۆ من دەستم درێژ کرد و گوتم، "بەبێ شەڕ، بەبێ پێکدادان، بێگومان رکابەریی سیاسی هەبێت، بەڵام بەبێ شەڕ ئەم کارە بکەن"، کاتێک لەگەڵ ئەردۆغان دانیشتبووین و قسەمان دەکرد، دەستەکانی بەڕێز ئەردۆغان ماوەیەک ئاوابوون، پاشان بینیم خۆی چەماندەوە، دەستەکانی هێنایە خوارەوە و بینیم دەستەکانی بەرزکردەوەو تەورێکی لێ هەڵکێشام. واتە، ئەوەی ئێستا دەیکات هەڵکێشانی تەورە. دەبێت سەرەتا ئەو تەورە بنێژێت.
رووداو: ئەمە وێناکردن (میتافۆر) و خوازەیە؟
سەرۆکی جەهەپە: بێگومان وێناکردن و خوازەیە. نەک بەڕاستی تەوری هەڵکێشابێت.
رووداو: بۆیە پرسیارم کرد، چونکە رەنگە هەندێک کەس وەک راستی لێکیبدنەوە.
سەرۆکی جەهەپە: دەبینیت، ئێوە کە وەک رۆژنامەڤان ئاوا لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتی تورکیا دەکەن، ئێوەش کەوتنە گومانەوە کە ئایا بەڕاستی تەوری هەڵکێشاوە. وانییە؟
رووداو: گونجاو نییە من لەسەر ئەمە شرۆڤە و لێکدانەوە بکەم.
سەرۆکی جەهەپە: دەبینیت من وەڵامی هەموو پرسیارە بوێرەکانتانم بە بوێری دایەوە. دەبێت ئێوەش ئێستا لە وەڵامی پرسیارەکەی من رانەکەن. واتە من دەڵێم ئەردۆغان تەوری هەڵکێشا، ئێوە واتانزانی بەڕاستی تەوری هەڵکێشاوە. با بینەران لەسەر ئەمە بڕیار بدەن.
رووداو: لە راستی دا من ویستم پێش بە شتێک بگرم. دەزانم ئەم قسەیە دەبێتە ترێند. نەمدەویست وا لێکبدرێتەوە کە هەر بەڕاستی تەوری لێ هەڵکێشاون.
سەرۆکی جەهەپە: هەر بژیت.
رووداو: سوپاس. دەمەوێت کەمێک باسی بابەتی سووریاش لەگەڵ ئێوە بکەم. لە سووریا گۆڕانکارییەک روویداوە. سیاسەتی جەهەپە گونجاو دەبێت لەگەڵ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە لە سووریای نوێدا جێبگرن و ئەگەر ناویشی فیدراڵی نەبێت، سیستمێکی نزیک لەوەبێت، یان بەلای ئێوەوە باشە تەنیا حکومەتی ناوەندیی بەهێزبێت؟
سەرۆکی جەهەپە: یەکەم، من پشتگیری لە داڕشتنی فۆرمولێکی یەکگرتووی بەهێز دەکەم لە سووریا، کە لەم فۆرمولەدا کورد، تورکمان، عەرەب، درووز پێکەوە لە زەوینەیەکی دەستووریی دیموکراتی دا نوێنەرایەتی بکرێن. لە داڕشتنی دەستووردا و لە بەڕێوەبردنیشدا پێکەوەبن. لە سوپای سووریادا خۆی هێزێکی زۆر گرنگ هەیە. هەندێک هەوڵ هەبوون بۆ بەشداریکردنی هەسەدە لە سوپایەکی یەکگرتوودا و تێکەڵکردنی. هەموومان هیوادار بووین. شتی گرنگ روودەدەن. ئەگەر سووریا پارچەپارچە، لێکدابڕاو و بەتایبەتی بە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی بمێنێتەوە، زۆر مەترسیدارە. لەبەرئەوە، بێگومان دەبێت لە سووریادا پرۆسەیەکی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتی و دەوڵەتێکی سەقامگیر هەبێت، کە تێیدا هەموو کەسێک بەگوێرەی ژمارەی خۆی، هێزی خۆی لە کۆمەڵگەدا و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستیدایە نوێنەرایەتی بکرێت. ئێمە دەمانەوێت دراوسێی دەوڵەتێکی بەهێزی سووری بین.
رووداو: لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا ئاسایی ببنەوە، بازرگانی بکرێت، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشبکەون؟
سەرۆکی جەهەپە: شتێکتان پێ بڵێم؟ ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت، تیرۆر کۆتایی بێت، پێکدادان کۆتایی بێت و لە هەموو شوێنێک ئاشتی جێگیربێت، هەموو لایەک قازانج دەکەن. سووریاش قازانج دەکات، تورکیاش قازانج دەکات، کوردیش قازانج دەکات، عەرەبیش قازانج دەکات. یەکەم، راگرتنی مردن گەورەترین قازانجە، چونکە گەورەترین ماف مافی ژیانە، بەڵام ئەو پارەیەی دەچێت بۆ چەک، پێکدادان، تیرۆر، بەرگری، دوای ئەوەی دەچێت بۆ کورد و تورک، هەموو دەرفەتێک دروست دەبێت. ئێستا نازانم ئێوە چوونەتە ئانتالیا، کاش؟ بەرامبەری دوورگەی مەیس هەیە. لە دوورگەی مەیسەوە بەرەو کاش...
رووداو: ئەگەر بانگ بکەیت، دەبیسترێت.
سەرۆکی جەهەپە: دەبیسترێت. نزیکەی 800 مەتر نزیکە. لە دوورگەی مەیس فڕۆکەخانەیەکی زۆر باش هەیە، بەڵام خەڵکی کاش ناچارن دوو کاژێر و نیو لە ترافیکدا زەحمەتی بکێشن، بچنە فڕۆکەخانەی ئانتالیا و لەو فڕۆکەخانە قەرەباڵخەوە بفڕن و رێگەکانیش زۆر سەختن. ئەگەر لەنێوان تورکیا و یۆنان دا ئەم ئاڵۆزییە بێمانایە نەبێت و بۆ فڕۆکەخانەی مەیس رێککەوتنێکی بەکارهێنانی هاوبەش بکرێت، فڕۆکەکانی ئێمەش لەوێوە بفڕن یان ئەو فڕۆکانەی لە جیهانەوە دێن بچنە ئەوێ، خەڵکی مەیس بچنە کاش، خەڵکی کاش بچنە مەیس، بۆ گەشتیاری و بۆ بازرگانی بچن، سنوورەکان بە شێوەیەکی کردەیی نەمێنن، یۆنانیش قازانج دەکات، تورکیش قازانج دەکات. بۆ ئەمەش، لە جوگرافیا سەختەکانی تورکیادا، بۆ نموونە، دەتوانن ئەمە بۆ مەیس و کاش باس بکەن، بۆ هەردوو دیوی سنووری سووریا و هەردوو دیوی سنووری عێراقیش دەتوانن باسی بکەن.
رووداو: پێدەچێت لەنێوان نسێبین و قامشلۆش دا هەمان شت هەبێت.
سەرۆکی جەهەپە: کێ دەتوانێت دژی ئەوە بوەستێتەوە کە کرێکارێک لە قامشلۆوە هەستێت سواری پاس بێت و بێت لە نسێبین لە کارگەیەک نانی خۆی پەیدا بکات؟
رووداو: لە رۆژانی رابردوودا لە قامشلۆ بە بەشداریی هەموو پارتە کوردییەکان کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو و لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی رێککەوتن. لەلایەکی دیکەوە، ئێوە و پەیەدە هەردووکتان ئەندامی ئینتەرناسیۆناڵی سۆسیالیستن کە ئێوە میوانداریی کۆبوونەوەکەتان کرد لە ئیستەنبووڵ. پارتی، یەکێتی و دەم پارتی بەشداربوون. بەڵام پەیەدە بەهۆی کێشە هەبووەکانەوە نەیتوانی بەشداربێت. ئایا نەدەکرا ئێوە بۆ بەشداریی ئەوان دەستپێشخەرییەکتان بکردایە؟
سەرۆکی جەهەپە: ئێستا یەکجار شتێکی وا بڵێم؛ ئێمە پارتێکین کە لە کۆماری تورکیا سیاسەت دەکەین. لێرە ئێمە پارتی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی تورکیاین. لە دەرەوەی وڵات ئێمە پارتی تورکیاین. هەڵوێستی گشتیی کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکانیدا و لە خاڵی پەسەندکردنە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەگەر لەلایەن جەهەپەوە هەڵوێستێکی تورکیا هەبێت، کە ئێمە زۆر رەخنەی لێ دەگرین، ئێمە ئەمە لە ناوخۆدا دەڵێین. ئێمە لە دەرەوە بەرگری لە هیچ هەڵوێستێک ناکەین، کە لە ناوخۆدا نییە. لەبەرئەوە پرسیارەکان لەبارەی پەیەدە بۆ ئێمە پرسیاری سەختن، چونکە لە زەوینەی ئینتەرناسیۆناڵی سۆسیالیست دا، لەلایەن پارتی براوە، ئەگەر بڵێن، با راست دانیشین و راست قسە بکەین، دۆخی جەهەپە لێرە روونە، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا بکەوێتە رێگەی چارەسەرەوە، چەک دابنرێت، لە سووریا بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستوورێکی دیموکراتی دابڕێژرێت، ئەم کارە بگاتە شوێنێک، ئەوکاتە زۆر کێشە زوو و بە ئاسانی چارەسەر دەبن، بەڵام ئێستا چاوەڕوانی هەنگاوێک بۆ پەیەدە لە پارتی گەلی کۆمارییەوە (جەهەپە) مەکەن.
رووداو: مەبەستم ئەوە نەبوو، پەیەدە و دەم پارتیش لە هەمان هەڵوێست و ئایدۆلۆژییەوەن. بەرنامەی ئەوانیش و ئێوەش رووی لە پێوەرەکانی ئەورووپا و دیموکراسییەکی پێشکەوتووە. ئەگەر ئەو خاڵە ناکۆکانە و ئەو لایەنە لەنێودا نەمێنن، ئایا هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ پێشکەوتنێکی باشتر؟
سەرۆکی جەهەپە: شتێکی وا بڵێم؛ ئەگەر تیرۆر، پێکدادان و شەڕ نەمێنێت، چەک بێدەنگ بکرێت، شەڕ کۆتایی بێت، هیچ هۆکارێک بۆ شەڕی نێوان گەلان نامێنێت. هەڵبەت هەموو جۆرە هاوکارییەک، هەموو جۆرە پێکەوەژیانێک بۆ هەردوو دیوی سنووریش دەبێتە قازانج، بۆ هەموو پارتەکانیش قازانجە. لە کۆتاییدا پارتی گەلی کۆماری پارتێکە کە لە تورکیا سیاسەت دەکات، بە هەستیاریی عەلمانی، بە پابەندبوون بە بەهاکانی ئەم کۆمارەوە، بەرگری لە یەکسانیی هاووڵاتیان دەکات. دەبێت هەموو کەسێک خاوەنی مافە یاسایی و دەستوورییەکان بێت و هەروەها خاوەنی دەرفەتی یەکسانی بێت. دەبێت کەس رووبەڕووی جیاکاری نەبێتەوە و پاشنەخرێت، ئێمە بەرگری لە کۆمەڵگەیەکی وادەکەین. لەنێوان وڵاتانیشدا گرنگترین نزیکایەتیی جەهەپە نزیکایەتیی ئەتاتورکە. ئەتاتورک دەڵێت دەست مەخەرە ناو کاروباری دراوسێیەکانتەوە، لەگەڵ رێکخراوەکانی سەر خاکی دراوسێیەکانتدا مەبە هاوبەش و پەیوەندیی باش لەگەڵ دراوسێیەکانت دروست بکە. واتە، ئاشتی لە وڵات، ئاشتی لە جیهان.
کاتێک شەڕ کۆتایی دێت، پێکدادان کۆتایی دێت، چەک کۆتایی دێت، ئاشتی دێتە ئاراوە. کەس لەمە زیان ناکات.
رووداو: لە بواری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دا سیاسەتی جەهەپە چی لەخۆ دەگرێت و لەم چوارچێوەیەدا دەبێت چاوەڕوانی چی بین بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
سەرۆکی جەهەپە: بێگومان ئێمە پشتگیریی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێستاین. هەروەها لەگەڵ سلێمانییش – کە خۆی لە سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ دا پارتێکی ئەوێی لێبوو. ئێمە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەپارێزین. ئێمە دەمانەوێت هەردوولا پێکەوە لە پەیوەندیی باشدابن. ئێمە هیچ کات لەگەڵ دووژمنایەتیی برا لەگەڵ برا و ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا نین. وەک جەهەپە لە داهاتوودا لە سلێمانی و لە هەولێر بە شاندی خۆمانەوە دەچین. جگە لە پێشخستنی پەیوەندییە باشەکان، پاراستنی پەیوەندییەکانی ئێستا، چاودێریکردنیان و بردنیان بۆ ئاستێکی باشتر، هیچ ئامانجێکی دیکەمان نییە.
رووداو: وەک سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئەگەر هەیە سەردانی هەولێر بکەن؟
سەرۆکی جەهەپە: سەردانی سلێمانی و هەولێریش دەبێت، هەڵبەت بۆ نابێت. هیچ هەڵوێستێکمان نییە کە بڵێین نا ئێمە ناچینە ئەوێ. جگە لە کێشەی کات و پلاندانان، هیچ کێشەیەک نییە. بۆ کۆمارە تورکییەکانیش هەمان شت بیردەکەمەوە. بۆ جوگرافیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەمان شت، بۆ بەڵقانیش هەمان شت بیردەکەمەوە. نابێ پەیوەندییەکانی دەرەوە تەنیا لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا بن. لەم بابەتەشدا ئەم ساڵ، سەردانمان دەبێت بۆ بەڵقان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە کۆمارە تورکییەکان. ئەگەر ئەم ساڵ نەبێت ساڵی داهاتوو. واتە ئەگەر هەڵبژاردن بە ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە، باوەڕبکەن پێش هەڵبژاردن زۆر دەمانەوێت سەردانی وابکەین. چونکە لەوێ دووژمنەکانمان ناژین، براکانمان، هاوڕێیەکانمان دەژین.
رووداو: وەک پرسیاری کۆتایی، شتێک هەیە ئەگەر نەیڵێم مافی دوو کەس لەسەر من دەمێنێتەوە. ئەم بەیانییە چوومە لای سەرتاشێک و پێمگوت کە لەگەڵ ئێوەدا هەڤپەیڤینێک دەکەم و داواکاریی ئەوم لێ پرسی. ئەوی دیکەش دیسان ئەم بەیانییە لەگەڵ دایکمدا قسەم کرد و هەمان شتم بەویش گوت. کۆمەڵێک ژن لە دەوروبەری بوون و بەیەک دەنگ گوتیان پێیبڵێ با بەرگری لە مافەکانی ئێمەش بکات. ئێوە چییان پێدەڵێن؟
سەرۆکی جەهەپە: ئەگەر مەسەلە قیژاندن بێت، نەک بۆ شەخسی من، بەڵکو بۆ هەموو سیاسەتمەدارانی تورکیا دەڵێت، راستە. دەبێت سیاسەتمەدار زۆر نەقیژێنێت. ئەگەر بۆ منی دەڵێیت، من دەڵێم، "سەیری ئەوە بکە کە وادەکات بقیژێنیت، نەک ئەوەی دەقیژێنێت". بۆ برا سەرتاشەکە دەڵێم، "گیانم ئازاری هەیە، دایە"، بۆ برا سەرتاشەکە دەڵێم، "گیانم ئازاری هەیە، براکانم، هاوڕێیەکانم براون، بە ناحەق خراونەتە زیندانەوە"، لەبەرئەوە سەیری ئەوە مەکە کە دەقیژێنێت، بەڵکو سەیری ئەوە بکە کە وادەکات بقیژێنیت، بەڵام ئەگەر براکەم ئەمە لەسەر ناسنامەی کوردی دەڵێت، مافی کەس نییە بەسەر کەسدا بقیژێنێت. تەنانەت داواکارییەکانی ئەوم بە قیژاندنی بەرز بە کەسانی دیکە بڵێم، ئەمە ئەرکی منە. ئەگەر دایکم لەسەر ژنان دەڵێت، داواکاریی دایکم لەسەر سەرم، لەسەر چاوم. راستترینیانە. چونکە لە تورکیا ئەگەر کێشەی کورد هەبێت، کێشەکانی ژنانی کورد زیاترن. ئەگەر کێشەی گەنجان هەبێت، کێشەکانی گەنجانی کورد زیاترن. واتە زۆر کێشەی پەیوەست بە یەک، لەنێو یەکدا، کێشەی واهەن کە یەکتر زیاد دەکەن، بەڵام لە تورکیا ژنبوون، هەروەها دایکبوون بەنرخە ، بەڵام کێشەی قورسیان هەیە. دەستی هەموویان ماچ دەکەم.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ ئەوەی کاتتان تەرخان کرد و ئەو دەرفەتەتان پێداین کە توانیمان ئەم هەڤپەیڤینە پێکەوە بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ