ئایەتوڵڵا سەدر: کورد برا و هاوبەشی نیشتمانمانن و هاوشێوەی هەموو عێراقییەک مافیان هەیە

05-02-2023
مەعد فەیاز
A+ A-
داڕشتنەوە؛ هێمن عەساف
 
رووداو – هەولێر

ئایەتوڵڵا حوسێن ئیسماعیل سەدر، یەکێکە لە مەرجەعە ئایینییە باڵاکان و بە "مەرجەعییەتی میانڕەو" و "مەرجەعییەتی نێوەڕاست" دەناسرێت، بەهۆی کرانەوەی بەڕووی هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان و جیاکاری نەکردن لەنێوان عێراقی و ئەوانی دیکە. پێیوایە سەرباری هەموو جیاوازییە ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و بیروبۆچوونەکان؛ هەمووان عێراقین. هەروەها بەبۆچوونی ئەو، کورد و عەرەب، موسڵمان و ناموسڵمان هەموویان یەکسانن. هەمیشە پێداگریی لە پێکەوەیی و کۆبوونەوەی بێ جیاوازیی هەمووان دەکات لەپێناو پتەوکردنی بنەماکانی تەبایی و برایەتیی و لێکتێگەیشتنی زیاتر و دەشڵێت: "عێراقییەکان بەهەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیانەوە یەک گیانن و ئەمەش کارێکی زۆر گرنگە". 
 
ئەو مەرجەعە ئاینییە رۆژی 4ی شوباتی 2023، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "لەوەتەی عێراقی نوێ دامەزراوە، کورد برا و هاوبەشی ئەم نیشتمانەن، دەستی باڵایان لە بونیادنانی هەبووە و پاراستوویانە و لەسەرجەم قۆناخەکاندا قوربانی زۆریان لەپێناوی داوە. هەروەها هاوشێوەی هەموو عێراقییەک ماف و شایستەیان هەیە و بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە بێبەشکردنیان لە شایستە دارایی و قووتی رۆژانەی رۆڵەکانی کورد ناکەین". پێداگری لەوەشکرد کە دەبێ حکومەت سەرجەم کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکات و یەکڕیزی گەل بپارێزێت و کار بکات بۆ نەهێشتنی رق و کینەی تایفەگەری و بەسیاسیکردنی ئایین. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئایەتوڵڵا سەدر
 
رووداو: دۆخی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
 
ئایەتوڵڵا سەدر: ئاواتەخوازبووین عێراق لە چوارچێوەی یاسا و بەهاکاندا بەکردەیی دەوڵەتێکی دیموکراسیی بێت و گەلەکەشی هەستیان بە گرنگی و بەهاکەی بکردایە و بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرتایە. دەرەنجام مایەی بایەخە هەر هاووڵاتییەکی عێراق رۆڵی لە بڕیارەکانی نیشتمان هەبووایە. زۆر بەداخەوە دەیڵێم، ساڵانێکی زۆرە پێشتر و ئێستاش پێویستمان بە چاکسازیی و گۆڕانکاریی هەیە. هەر بەداخەوە ئێستاش لە زۆربەی کایەکانی ژیاندا لایەنی نەرێنیمان هەیە و پێویستیان بە چاکسازیی مەزنە. خۆپیشاندەران زۆر هاواریان کرد و داوای چاکسازییان کرد، بەڵام بەداخەوە هیچیان نەکرا. پێویستە عێراق بۆ هەموو عێراقییەک بێت، بە کورد و عەرەب و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەشەوە، بەسەرجەم ئایین و ئاینزاکانەوە، چونکە جیاوازیی لەنێوان من و تۆ نییە. دەبێ عێراق کۆکەرەوەی هەمووان بێت، پلە و پۆست و دەسەڵاتیش بەپێی توانا و کارامەیی و لێهاتوویی نیشتمانیی بدرێت، نەک بەپێی دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ حیزبێک و لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو. 
 
رووداو: ئەو هۆکارانە چین رێگربوون لەوەی عێراق بۆ هەموو عێراقییەکان بێت؟ 
 
ئایەتوڵڵا سەدر: بەپلە یەک تایفەگەری و بە سیاسیکردنی ئایین و پشکپشکێنە دێت. تایفەگەری عێراقییەکانی دابەشکرد، لەتلەت کرد، پەرشوبڵاوی کردن. بەسیاسیکردنی ئایین رێگەخۆشکەربوو بۆ ئەوەی بازرگانیی بەناوی ئایینەوە بکرێت و بەمەش بەها پیرۆزەکانی ئایینە ئاسمانییەکان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشەوە لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی، بێبەها کرد. بەڕای من، هەرکەسێک ئایینەکەی بەسیاسی بکات، سووکایەتی پێکردووە، بەهەمان شێوە هەر کەسێک ئاینزاکان بەسیاسیی بکات، سووکایەتیی و بێڕێزی پێکردووە. هەرگیز نابێ ئایین بکرێتە دەستەواژەیەکی سیاسی، چونکە ئایین لەسەرووی سیاسەت دێت. 
 
ئایین پەیامی خۆشەویستییە بۆ هەمووان و ناکرێت لایەنێک و گرووپێکی سیاسی، ئایین بۆ دژایەتیکردن و نەیاریکردن لە دژی پێکهاتە و گرووپێکی دیکە بەکاربهێنێت. هەربۆیە ئەوانەی کار لە بەسیاسیکردنی ئایین دەکەن، کاردانەوەکانی رەنگدانەوەی خراپ بەسەر خودی ئایینەکەوە دەبێت، نەک لەسەر ئەوانەی ئایینیان بەسیاسیی کردووە. هیوادارم سیاسەتڤانان دەستبەرداری ئەم رەفتارە بن و چیدی ئایین و ئاینزا وەک ئامرازێکی سیاسیی بەکارنەهێنن. هەرچی پشکپشکێنەیە، دەردێکی زۆر مەترسیدارە و هەموو شتێک وێران دەکات. عێراقییەکان داوایان کرد کۆتایی بە پشکپشکێنەی تایفەگەری و سیاسیی بهێنن کە بووەتە سەرچاوەی کارەسات و ماڵوێرانییەک بۆ عێراقییەکان و نیشتمانی گەیاندووەتە دۆخێکی مەترسیدار. ئەمڕۆش پشکپشکێنە لە هەموو کایەیەکدا بەدی دەکرێت، بۆیە لەم نێوەندەدا کەسانی لێهاتوو و شارەزا و کارامە ئەوانەی بێلایەنن شوێنیان نابێتەوە. بەڕای من، یەکێک لە کۆڵەکەکانی چاکسازیی بریتییە لە نەهێشتنی پشکپشکێنە کە سەرچاوەی هەموو کارێکی نەرێنییە و پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما نیشتمانییەکان و کەسانی لێهاتوو و بێگەرد و شیاو لە شوێنی شایستە دابمەزرێن. سەرباری ئەوەی گەشبینین بە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، کەچی تاوەکو ئێستا لەم حکومەتەدا دەست بۆ ئەم بوارە نەبراوە و بەداخەوە پشکپشکێنە بەدی دەکرێت و رۆژ دوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە. کاتێک بابەتی پشکپشکێنە وەک دیاردە بەردەوام دەبێت، ئەوسا بیرۆکەی تایفەگەری قێزەون لە ئیسلامدا زاڵتر دەبێت. پشکپشکێنەش پێداگرییە لە فەرهەنگیی تایفەگەری قێزەون. ئەو سیاسەتڤانانەی ئێستا دەسەڵاتدارن، لە رێگەی پشکپشکێنییەوە پلە و پۆستیان لە دەسەڵات وەرگرتووە و بەهیچ شێوەیەک پلە و پۆستەکانیان بەپیشەیی و قۆناخبەندیی یان بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە بەدەستنەهێناوە. ئەوان، پابەندی و دڵسۆزییان تەنیا بۆ لایەنە سیاسییەکانیان، ئایین، ئاینزا، پێکهاتەی نەتەوەییانەوە هەیە، بۆیە ناتوانن چاکسازیی بکەن و چاکسازیش بە بوونی پشکپشکێنە و تایفەگەرییەوە ناکرێت. 
 
رووداو: وێڕای پەرۆشی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیی، سەرۆک مەسعود بارزانی هەموو پاڵپشتییەکی پێشکێش کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی دووبارەبووەوە دەناڵێنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەتایبەتی سەبارەت بەو شایستە داراییانەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە، راتان چییە؟ 
 
ئایەتوڵڵا سەدر: لەوەتەی عێراقی نوێ دامەزراوە، کورد برا و هاوبەشی ئەم نیشتمانەن، دەستی باڵایان لە بونیاتنانی هەبووە و پاراستوویانە و لەسەرجەم قۆناخەکاندا قوربانی زۆریان لەپێناوی داوە. هەروەها هاوشێوەی هەموو رۆڵەکانی عێراق، ئەوانیش ماف و شایستەیان هەیە و بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە بێبەشکردنیان لە شایستە دارایی و قووتی رۆژانەی رۆڵەکانی کورد ناکەین. پێویستە حکومەت ئەم کێشە و گرفتانە چارەسەر بکات لەپێناو یەکڕیزی گەلی عێراق و بەهێز مانەوەی نیشتماندا. دەبێ حکومەت بزانێت چی لە کورد دەوێت و کوردیش چی لە حکومەت دەوێت؟ دەبێ دیالۆگێکی نیشتمانیی زۆر راشکاوانە هەبێت بۆ هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە هەولێر و بەغدا. پێموایە وەک گەل و کۆمەڵگەکانی عێراقی و پێکهاتەکان هیچ کێشە و گرفتێکی سەرەکیی و گەوهەری لەئارادانییە بۆ ئەوەی ئاشت بکرێنەوە. هەروەها هیچ گرفتێک لەنێوان کورد و عەرەب، سوننە و شیعە، کریستیان و موسڵمان نییە، بەڵام گروپێک هەن دەیانەوێت ناکۆکی و دووبەرەکیی دروست بکەن. هاوکات، پێموایە گەلی عێراق بەسەرجەم پێکهاتە و ئاینزاکانیان وەک رۆڵەی یەک گەل و نیشتمان لەنێو خۆیاندا ئاشت و کۆکن، لایەنە سیاسییەکان جیاواز و ناکۆکن و کاریگەرییان لەسەر شەقام، تۆوی دابەشبوون و پەرشوبڵاوی دەچێنن. بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکان دەست بۆ پرۆژەیەکی ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی ببەن و بۆ رۆڵەکانی گەلی عێراق شۆڕبکەنەوە و سەرباری بوونی تێبینی لەسەر چەند ماددە و بڕگەیەکی، بەڵام پێویستە هەمووان لەژێر بنمیچی دەستوور کە تاکە یاسای کۆکەرەوە و پەسندکراوی گەلی عێراقییە، کێشەکانیان چارەسەر بکەن و رێزی لێبگرن. 
 
رووداو: زۆرجار لە میوانداریی ئێوەدا پیاوانی ئایینی و هاوڵاتییانی کریستیان، سابیئە، یان ئێزیدی دەبینین. ئایا ئەمە بەشێکە لە پڕۆژەی دیالۆگی نێوان ئایینەکان؟
 
ئایەتوڵڵا سەدر: زۆربەی دیدارەکانمان کە لەم کتێبخانەیەدا دەکرێن، بەمەبەستی دیالۆگە بەو شێوەیەی ناسیوومانە و راهاتووین، کە بریتییە لە دیالۆگی ناسینی یەکدی نەک گۆڕینی. هەروەها دیدار و گفتوگۆکانمان لەپێناو تاوتوێکردنی کاروباری نیشتمان و عێراقییەکانە، ئەمانە ئایینی یەکگرتوون و هەموویان خوا دەپەرستن. هەموو ئایینەکان یەک سەرچاوەیان هەیە، ئەویش خودایە، یەک ئامانجیان هەیە ئەویش مرۆڤە. رۆژی 9ی تەممووزی 2013، لێرە رێوڕەسمێکی رێزلێنانم بۆ پاتریاک مارلویس روفائێل-ی یەکەم ساکۆ رێکخست بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی رووحانی باڵا و تێیدا بانگهێشتی بیرمەندە سەربەخۆ و بێلایەنەکانم کرد. لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکم پێشکێشکرد و پێداگریم لە بەهای خۆشویستنی خوای گەورە و خۆشەویستنی بەرامبەر کرد لەپێناو وڵاتێکی سەقامگیر و ئاشتی و خۆشگوزەران. هەروەها ئاماژەم بۆ گرنگی رێزگرتن لە سیمبوولی ئیمانداری رووحانی و مرۆڤایەتیی و نیشتمانپەروەریی و لێبووردەیی عێراقی کرد کە مەبەستم پاتریاک ساکۆ بوو. پێموایە باوەڕداری واتای دوورکەوتنەوە لە نیشتمانپەروەریی ناگەیێنێت. هاوکات سیمبوولی ئایینی دەبێ سیمبوولی نیشتمانپەروەریش بێت. ئیدی بەمشێوەیە پەسنی پاتریاک ساکۆ کرد و جەختم لە بەها ئایینییە ئاسمانییەکان کردەوە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە داوای ئاشتیی کردووە و تۆوی برایەتیی و خۆشەویستیی چاندووە. دواتر پاتریاک ساکۆ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیسلام کار دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شکۆمەند و ئازادانە بۆ مرۆڤایەتیی بەبێ جیاکاری و جیاوازی، چونکە خوای گەورە بەبێ جیاکاری هەمووانی خەڵق کردووە. هەر لەم رێوڕەسمەدا خەڵاتی رێزلێنانمان بەیەکدی بەخشی.
 
لە دێر زەمان و مێژوودا، ئایینەکان لە عێراق بەمشێوەیە بوون کە پەیامی خۆشەویستیی و برایەتی و خۆشەویستی نیشتمان بووە. هەموو ساڵێک لە سەری ساڵی زاینیدا پەیامی پیرۆزبایی لە رێگەی پاتریاک ساکۆ ئاراستەی سەرجەم کریستیانەکان دەکەم و جەخت لەوە دەکەمەوە کە عێراق نیشتمانیی هەموو رۆڵەکانییەتی بەسەرجەم ئایین و پێکهاتە نەتەوەییەکانەوە و ناونیشانی هەمووان ئاشتی و خۆشەویستییە. دەستگرتن بەم نیشتمانە و هەستکردن بەخۆشەویستی نیشتمان، دڵسۆزی و ئینتیما بۆ خێزان و ماڵ و کۆمەڵگە بە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەوە کارێکی نیشتمانپەروەرییە. پێویستە سەرجەم رۆڵەکانی عێراق هەمیشە دڵسۆزییان بۆ خاک و نیشتمان نوێ بکەنەوە. 
 
رووداو: هەڵوێستی مرۆییتان لەگەڵ کوردانی ئێزدیی هەبوو کە لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە و ژنانیان بە کەنیزە کران، پەیامتان چییە؟ 
 
ئایەتوڵڵا سەدر: ئەمە کەمترین شتە کە دەکرێت پێشکێشی برا کوردە ئێزدییەکان بکرێت. ئەوەی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تووشی بوون، هیچ پاساوێکی ئایینی و یاسایی و شەرعی و مرۆیی بۆی نییە. دەستبردن بۆ نامووس و پارەیان و رووبەڕووبوونەوەیان حەرامە. پاراستن و بەرگریکردن و هاوکاریکردنیان ئەرکێکی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقیی هەمووانە. ئەوەی تیرۆریستانی داعش دوای داگیرکردنی شاری موسڵ لە دژی کوردانی ئێزدییەوە کردنی کە ئێزدییەکان لە مرۆڤایەتی و نیشتماندا برای ئێمەن، دڵی هەمووانی سووتاند. ستەم و تاوانێکە دژ بەمرۆڤایەتیی و هیچ ئایین و بیروباوەڕێک پەسندی ناکات و رێگە بەئەنجامدانی نادات. 
 
رووداو: بەڵام رێکخراوی داعش ئەم کارەی دوای تەکفیرکردنی ئێزدییەکان ئەنجامدا؟
 
ئایەتوڵڵا سەدر: لەبارەی باوەڕداڕیانەوە، چەندین توێژینەوە سەلماندوویانە کە ئەوانیش یەکتاپەرستن و تەنیا خوا دەپەرستن. بەڵام رێزگرتنیان لە بوونەوەرە غەیبەکانی دیکە بە واتای پەرستنی ئەوان نایەت و ئەمەش تایبەتمەندیی ئایینی و کولتووری و فەرهەنگیی خۆیانە و سەرباری بوونی جیاوازی فکری و هزریی نێوانمان، بەڵام پێویستە رێزیان لێبگرین. قورئانی پیرۆزیش بە ئایەتی "لكم دينكم ولي دين" رێنمایی کردووین و پێمان دەڵێت، نابێ بیروباوەڕی ئایینی خۆتان بەسەر بیروباوەڕی ئایینی دیکە بسەپێنین. هەروەها دەستەواژەی "ئەهلی کتێبەکان" بەو مانایە نییە کە ئەوانی دیکە مافە گشتییەکانی مرۆڤ کە لەسەر بنەمای یەکسانیی لە هاووڵاتیبووندا دامەزراون نایانگرێتەوە. ئەوانیش مافی هاووڵاتیبوونیان هەیە هاوشێوەی موسڵمانان و کریستیان و مەندائی و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی ئازیز. خوێنیان حەرامە، هێرشکردنە سەریان حەرامە، بەبێ ئەوەی بچووکترین جیاوازی لە نێوان ئەوان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا هەبێت. هەروەها دەبێ پارە و شەرەفیان پارێزراو بێت و و رێز لێگیراوبن و بەهیچ جۆرێک نابێ بەرکەوتن بەرامبەریان هەبێت و رێگەپێدراو نییە. هەروەها ئەرکی هەمووانە و مامەڵەی باش لەگەڵیان واجبە؛ بەهۆی ئەوەی ئەوانیش هاوبەشمانن لە نیشتیمان و مرۆڤایەتیدا کە ئەو رێسا گشتییە هەموومان یەکدەخات و ئیسلام لەسەری بنیاتنراوە، وەک چۆن خودا فەرمانی بە هەموو رۆڵەکانی ئادەمی کردووە و رەتیکردووە دەستدرێژی نەکرێتە هیچ کەسێک کە دەستدرێژکار نین. بەپێی زانیارییەکانمان، ئێزیدییەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی زۆرباشیان لەگەڵدا دەکرێت و هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام و سەقامگیر و پێکەوەژیان بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراقی. سوپاس بۆ خوا. 
 
رووداو: هەنگاوەکانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی چۆن دەبینن؟
 
ئایەتوڵڵا سەدر: گەشبینین بە محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیران، بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرە و هیوای خێر بۆ حکومەتەکەی دەخوازین و دەڵێین، ئەرکی سەرشانیی سەرۆکوەزیرانە ببێتە سەرچاوە و چەتری لێکنزیکبوونەوەی هەمووان و نابێ جیاوازی لە نێوان عەرەب و کورد، سوننە و شیعە، ئایین و ئاینزاکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان بکرێت. هەروەها نابێ ببێتە سەرچاوەی زویرکردن و دوورخستنەوەی لایەنێکی سیاسیی لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە و پێویستە بە لۆژیک کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکات و مافی هەمووان بدات. بێگومان لێکنزیککردنەوە و کۆکردنەوەی لایەنەکان هەندێکجار پێویستی بەسازشکردنی نێوانیان دەبێت. ئەم جۆرە سازشانە لە شکۆی کەس و لایەنەکان کەمناکاتەوە، بەپێچەوانەوە بۆ بەرژەوەندیی عێراقییەکان دەبێت. لێرەوە دەڵێم: شکستەکان، قۆناخەکانی پێشووی گرتەوە، چونکە پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت لەلایەن کەسایەتیی خاوەن لێهاتوویی و دەستپاکی و دڵسۆزەکانەوە وەرنەگیرابوون، هەر بۆیەش نەیانتوانی خزمەتی پێویست پێشکێش بە هاووڵاتیانی خۆیان و نیشتمان بکەن و ئەمەش دەرئەنجامی بەربژێرکردنی نەشیاوەکانی لایەنە سیاسییەکانە بۆ وەرگرتنی پۆستی گرنگ، کە تەنیا دڵسۆزیی و پابەندییان بۆ لایەنە سیاسی و حزبی و ناوچەگەریی هەیە نەک لێهاتوویی و یەکپارچەیی و نیشتمانپەروەری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات