رووداو-بەغدا
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سائیروون، لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێیوایە کێشەی نێوان هەردوولا ژمارەیە، بەجۆرێک کە بەغدا تاوەکو ئێستا نازانێت هەناردە و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان چەند بووە.
ریاز مەسعودی ئەندامی فراکسیۆنی سائیروون لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بەشێک لە کێشەکان بۆ جیاوازی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای هەولێر و بەغدا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ئەمە وادەکات جیاوازی لە ژمارە ببێتە هۆی جیاوازی لە بودجەدا.
ریاز مەسعودی بەپێویستی دەزانێت کێشەکان سفربکرێنەوە و بەپێی دەستوور و بە هاوبەشییەکی راستەقینە چارەسەر بکرێن.
رووداو: ئەم پەرلەمانە پەرلەمانی هەموو عێراقە، ئایا هەرێمی کوردستان شایستەی ئەوە نین دەستپێشخەرییەکیان بۆ بکەن، چونکە ئێوە دەڵێن لە دەستووری عێراقدا هاتووە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق؟
ریاز مەسعودی: هەمووان دەزانن لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، نوێنەرایەتییەکی فراوان هەیە ، برایانی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییەکی راستەقینەیان لە ئەنجوومەنەکە هەیە کە زیاتر لە 60 پەرلەمانتارن، ئەوەی گرنگە، گرێبەستە لەلایەن گرێبەستکاران ئەنجامدراوە، بڕگەی جیم لە ماددەی 10ی یاسای بودجەی فیدراڵی روونە، ئەرک و ماف هەیە ، پابەندبوونی دارایی هەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کە پێویستە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. حکومەتی عێراقی لە بەرامبەر برایانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2019، پابەندی هەموو پابەندبوونە داراییەکان بووە.
لە ساڵی 2020 حکومەتی عێراقی بەردەوام بووە تاوەکو مانگی نیسان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە بەپێی ماددەی 121ی دەستوور کە حکومەتی عێراقی پابەندکردووە کە ئەو پارەیە خەرج بکات، بەڵام دەبێت برایانی هەرێمی کوردستانیش پابەندبن بەهەمان ئەندازەی پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵی. پابەندبوونی دوولایەنە هەیە، گومانی تێیدانییە، پەرلەمان بە تەنیا نوێنەرایەتی پێکهاتە، حیزب و تائیفەیەک ناکات، بەڵکو لە تەواوی پێکهاتە و حیزبەکانی عێراق پێکهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان بوو، ئاگاداری تەواوی رێوشوێنە دارایی و ئیدارییەکان بووە لە حکومەتی بەغدا.
رووداو: ئێستا لە بەرچاوتانە و دەبیستن بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق مووچە وەردەگرن و بەشێک لە فەرمانبەران کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن لەم رەوشە خراپەی ئێستا مووچەیان نییە. ئایا بەمشێوەیە یەکپارچەیی وڵات دەپارێزن؟ ئەم فەرمانبەرانە هیچ مافێکیان بەسەرتانەوە نییە؟
ریاز مەسعودی: برای بەڕێز، گومانی تێدانییە عێراق یەک وڵاتە، ئەمەش بەپێی ماددەی 1ی دەستوور. بەڵام هەرێمی کوردستان داتا و زانیاریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لایە ، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەو ژمارەی لای حکومەتی فیدراڵی هەیە لەگەڵ ئەو ژمارەی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئێستا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر، لەکاتێکدا حکومەتی فیدراڵی پێیوایە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 615 هەزار تێپەڕناکات ، ئەم بابەتە پەیوەستە بە رێککەوتنی دوولایەنە.
رووداو: واتە کێشە لە ژمارەکاندایە؟
ریاز مەسعودی: دروستە، دروستە، جیاوازی لە ژمارە دەبێتە هۆی جیاوازی لەبودجەدا، بۆیە پێویستە کێشەکان سفربکرێنەوە و چارەسەر بکرێن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور بە هاوبەشییەکی راستەقینە، دەبێت لیستی فەرمانبەران لای وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی هەبێت، بەبێ ئاشکراکردنی ئەو راستیانە، ئەوا کێشەکان هەر بەمشێوە هەڵپەسێردراوییە و بەبێ چارەسەری دەمێننەوە.
رووداو: رەوایە لە پەرلەمانێک کە ناوی پەرلەمانی عێراقە بەربەست دروستبکەن لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەم رەوشە خراپەی کە تێیدان کە خۆتان دەڵێن بەشێکە لە عێراق؟
ریاز مەسعودی: بەڕێزم، مووچەی هەرێمی کوردستان و سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق ، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی دارایی دەدرێت، نەک لە رێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر کەموکوڕییەک لە مووچەی هەرێمی کوردستان ئەوا بەهۆی نەگەیشتنە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوەیە، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، وەزیری دارایی بەڕێز فوئاد حوسێن لە هەرێمی کوردستان بووە.
رووداو: ئەی هەڵوێستتان لەبارەی مووچەبڕینەوە چییە؟
ریاز مەسعودی: ئێمە نە لەگەڵ، نەدژین ، بڕیارێکی حکومەتە، بەپێی ماددەی 87ی دەستوور، حکومەت بەرپرسە، ئێمە دەنگمان بە یاسای بودجەی 2019 داوە ، ماددەی 10 لە بڕگەی جیم، حکومەتی فیدراڵی پابەندی ئەو ماددەیە بووە، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە برایانی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو ماددەیە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار و نیسانی خەرج کردووە، لە هەر کاتێکدا ئەو دۆسیە بەتەواوی چارەسەر کرا، ئەوا مووچەی بە رێکوپێکی دەگەڕێتەوە، بابەتەکە ناکۆکییە لەسەر جێبەجێکردنی یاسا لەمە زیاتر و کەمتر نییە .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ