ئەم هەوڵەی ئێمەش، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە گفتوگۆی ئەمجارەماندا، ئارام کاکەی فەلاح، نووسەر و چیرۆکنووس وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: ڕێک ئێستا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
ئارام کاکەی فەلاح: ئەم ماوەیە زۆر حەزم لە کتێبی فیکری و ڕۆمانەکانی ئیمبرتۆ ئیکۆیە. ئێستا رۆمانێکیم بە دەستەوەیە بۆ خوێندنەوە بە ناوی تیراژی سفر.
رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟
ئارام کاکەی فەلاح: ناتوانم بە تایبەتی باسی کتێبێک بکەم، بەڵام خوێندنەوەی هەموو کتێبەکان پێکەوە دەتوانن زۆر شت لە مرۆڤدا بگۆڕن، وەک لای من کردیان.
رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟
ئارام کاکەی فەلاح: زۆر کتێب هەن، لەوانە تاوان و سزای دۆستۆیڤسکی، دۆنکیشۆتی سێرڤانتس، 1984ی جورج ئۆروێل، هەروەها ئاوریشم-ی ئەلکساندرۆ باریکۆ، کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی- کارڵ پۆپەر کە ساڵی 1945 نووسیوێتی لە دوو بەشی کتێبێکی گەورەدا کە ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە، زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم.
رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟
ئارام کاکەی فەلاح: من گەر داوای هەر ڕۆمانێکی دوستۆیڤسکی بکەم، بڕوا ناکەم کاکی نووسەر هەر وەڵامیشم بداتەوە، بەڵام چیرۆکێکی کورتی هەیە (خەونی مرۆڤی پێکەنیناوی) کە من کاتی خۆی لە ڕووسییەوە کردمە کوردی و لە گۆڤاری سەردەمی ژمارە 69ی ساڵی 2012 بڵاوبووەوە، پێش ئەوەش لە گوڤاری یەکگرتندا، ئەو چیرۆکە لەگەڵ چەند چیرۆکێکی تری دۆستۆیڤسکیدا لە کتێبێکدا بەناوی (ژن و مێردێکی غەریب لەسەر جێگای خەو)، ئەو کۆمەڵە چیرۆکە پێم خۆش بوو من بمنووسیبایە.
رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایڵی نووسینت کردووە؟
ئارام کاکەی فەلاح: دەتوانم ناوی سێ کتێب بهێنم، یەکەمیان ماستەر و مارگەرێتای بوڵگاکۆف، دووەمیان ڕۆمانە سێ بەشییەکەی ستیگ لارشۆنی سویدی، هەروەها کافکا لە کەنار دەریای مۆراکامی.
رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟
ئارام کاکەی فەلاح: هەندێ کتێب هەن، لەوانە کاتی خۆی ساڵی 1990 کە چووم بۆ شاری سانتپترسبۆرگ و سەرم لە ماڵی دۆستۆیڤسکی دا کە کراوە بە موزێ و بە چاوی تەڕەوە بە ماڵەکەیدا دەهاتم و دەچووم و بۆنی کتێب و کاراکتەری ناو ڕۆمانەکانی لە ژوورەکانەوە بەسەرما دەهاتن، کاتێ گەڕامەوە بۆ خارکۆف لە ئۆکراینا (زۆربەی زۆری خەڵکی کورد، گەر نەڵێم هەمووی بە هەڵە بەم وڵاتە دەڵێ ئۆکرانیا)، توانیم بیرەوەرییەکانی ئانای ژنی نووسەر پەیدا بکەم و بیخوێنمەوە، من هەموو کتێبەکەم بە چاوی تەڕەوە خوێندەوە، ئێستاش بیرمە کە تا هەفتەیەک نەمتوانی بخەوم، نازانم بۆ؟ کتێبێکی تریش، دواهەمین هەناری دونیای بەختیار عەلی کاتێک موزەفەری سوبحدەم بە دوای سەریاسەکاندا دەگەڕێ و ئەو سەریاسە دەبینێتەوە کە لەشی وەک خەڵووز سووتاوە، بەختیار هێندە جوان وەسفی سووتان و برینەکانی دەکات مرۆڤ خۆی بۆ ناگیرێت.
رووداو: کتێبێک کە بەدیاری دەیبەخشیت؟
ئارام کاکەی فەلاح: کوڕە من زۆربەی زۆری کتێبەکانی خۆمم بە دیاری بەخشیوە (بە پێکەنینەوە)، بەڵام بلیتێک بۆ جەهەنەم، یان سیزیف؛ ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە، دەتوانم کەسێ خۆشمبوێ بە دیاری پێی ببەخشم.
ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم:
رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟
ئارام کاکەی فەلاح: چاکە لای من دەموچاوی زۆرە، هەر بەخشینی پارە و خواردن و سەدەقە و قوربانی و ئەم شتانە نییە، جاری وا هەیە باشترین چاکە لای من ئەوەیە گوێ لە کەسێ بگری کە دڵی پڕە و حەز دەکات قسەت بۆ بکات، جاری تریش ڕەنگە جوانترین چاکە لەسەر ئەم گۆی زەوییە لێبووردەیی بێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا شای چاکەکان ئەوەیە هەرچی چاکە و باشیت لەگەڵ هەر کەسێکدا کرد نەیدەیتەوە بە چاویدا و پێی نەفرۆشیتەوە، چونکە مرۆڤی وام تەواو لەبەرچاو دەکەوێت.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: پیاوان تایبەتمەندیی باشەیان زۆر کەمە و لای من پیاو بوونەوەرێکی زۆر مشەخۆر و خۆویست (ئەنانی) و نەگبەتە، هەرچی نەگبەتیی ئەم گۆی زەوییەیە هی پیاوانە و تەواو دونیای خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە، بەڵام بەختەوەرە ئەو کەسەی باوکێکی باش، یان بە ڕێکەوت مێردێکی باش، یان برایەکی باشی هەیە، ئەوەیان شتێکە ئینسان ناتوانێ لە کەسی بسەنێت. وەک یانسیب وایە.
رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: ڕاستت بوێ ئەم دونیایە ژن ڕایگرتووە، بە جوانی و میهرەبانی و ناسکیی خۆیەوە هەموومانی بەم دونیایەوە بەستووەتەوە، گەر ژن نەبووایە دونیا دەبووە چایخانەیەکی گەورەی پڕ لە دووکەڵ و قیژەقیژ.
رووداو: بە نرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: ئەوەیە قەت لە یەکتر زویر نابین، هاوڕێی وام هەیە سی، چل ساڵ زیاترە یەک دەناسین بێ ئەوەی ڕۆژێک لێک عاجز بووبین، سەیرە!
رووداو: حەزت لە چییە؟
ئارام کاکەی فەلاح: لە تەنیایی.
رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟
ئارام کاکەی فەلاح: بەختەوەریی ئایدیاڵ لای من بوونی نییە، گەر هەر بە زۆریش بتەوێ ئەو شتەی نییە، من پێناسەی بکەم، ئەوا دەتوانم بڵێم بەختەوەریی ئایدیاڵ گەر هەبێ، ئەوا ڕەنگە ئەو زەمەنە بێت کە حەز نەکەی بڕوات. کاتێک حەز نەکەی بیکوژیت. زەمەنێک بێ چاوەڕوانی.
رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟
ئارام کاکەی فەلاح: مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە بە کۆمەڵ تووشی زۆر چارەڕەشی بووە، بەڵام وەک تاک ڕەنگە لەناو ئەفسانەکاندا باشتر بیدۆزینەوە، ئەوەش بە بڕوای من ئەو چارەنووسەیە کە ئۆدیب تووشی بوو بێ ئەوەی خۆی بیەوێ. یان ئۆدیسیۆس کە پیاوێکە قەت ناگاتە ماڵەوە، چیرۆکی باوکی ناو تەلەفۆنی من زۆر لەو دەچێ.
رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژیت؟
ئارام کاکەی فەلاح: مرۆڤ هەمیشە حەز دەکات ئەو شوێنە بگۆڕێت کە لێی دەژی، مرۆڤ بوونەوەرێکە بیشیبەیت بۆ بەهەشت هەر حەز دەکات هەندێ جار لێی بێتە دەرەوە، شەمەندەفەرێک، قاچاخچییەک هەر دەدۆزێتەوە لێی بێتە دەرەوە (بە پێکەنینەوە). من لە ستۆکهۆڵم دەژیم کە یەکێکە لە جوانترین پایتەختەکانی دونیا و زۆریشم خۆشدەوێ، بەڵام دڵم زۆر بە پاریس دەکرێتەوە و شارێکی زۆر قەشەنگە، جار جار حەز دەکەم وازم لێبێنن تا لە شەقامەکانی سانتپیترسبۆرگدا ون بم، حەزم لە میلانۆیە، پراگ زۆر جوانە، هەندێ جاری تریش کە بیری هاوڕێکانم دەکەم، بیری منداڵیم دەکەم، حەزم لە هیچ شوێنێ نییە، سلێمانی نەبێ.
رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟
ئارام کاکەی فەلاح: من هەموو ڕەنگەکانم پێ جوانە، بەڵام لە ناویاندا گەر هەر دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوا شەکەری هەڵدەبژێرم. بۆ گوڵیش دەبێ بڵێم گوڵە قەدیفە، گەر ئەو نەبوو خەشخاش یان نێرگز.
رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: دۆستۆیڤسکی، کارلۆس زافۆن، ئێمبرتۆ ئیکۆ، ستیگ لارشۆن.
رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟
ئارام کاکەی فەلاح: وارنەر ئاسپێنسترۆم.
رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
ئارام کاکەی فەلاح: گرێنوللی، هەروەها راسکۆلینکۆف.
رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟
ئارام کاکەی فەلاح: لیسبەت سەلاندەر، گەر پێم ڕازی دەبێ دەیهێنم (بە پێکەنینەوە).
رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: چایکۆڤسکی و هەر حەوت سەمفۆنیاکەی. من لەگەڵی بوومایە نەمدەهێشت لە 53 ساڵیدا بە کۆلێرا و خواردنەوەی ئاوی پیس بمرێ. هەروەها سێرگی پرۆکۆڤیچ کە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەم ئۆپێرای نووسی.
رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: مارک شاگاڵ و فیگۆرەکانی کە هەر خەریکی فڕینن، هەروەها ئەمیدیۆ مۆدیگلیانی و فیگورە ملدرێژەکانی.
رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟
ئارام کاکەی فەلاح: حەزم لە ناوی (کاریتە)یە، بۆیە بۆ کچەکەی خۆمم هەڵبژارد، هەروەها پۆلینا و ئیمیلیانە.
رووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟
ئارام کاکەی فەلاح: لە درۆ.
رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟
ئارام کاکەی فەلاح: حەزم دەکرد هەر سەرم بکردبایەتە سەر سەرین بنووستمایە، دوو کۆمەڵە چیرۆکم دەگۆڕییەوە بەو تایبتمەندییە (بە پێکەنینەوە).
رووداو: حەزت لێیە چۆن بمری؟
ئارام کاکەی فەلاح: دەمەوێ پێش مردن پرسیارم لێ بکرێ، ئێستا دەتەوێ یان نا؟ ئەگەر زۆر نووسین و شتم بە دەستەوە بێ، نا بۆ کوێم دەبەی ماڵت ئاوا بێ، ئێستا کەی وەختی مردنە؟ هەزار ئیشم هەیە. (بە پێکەنینەوە).
ڕووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟
ئارام کاکەی فەلاح: کە نانووسم ڕۆحم وێرانە، کە دەشنووسم هەموو دونیا هی خۆمە. ئێستا خەریکی نووسینم.
رووداو: دروشمی تۆ چییە؟
ئارام کاکەی فەلاح: پاکی- کۆڵنەدان -جوانیی ڕۆح- ئازادی.
رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێ لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟
ئارام کاکەی فەلاح: بەڵێ نووسەربوون تا ئێستا لە هەموو بوونەکانی تر لام پێویستتر و جوانتر و زەحمەتترە. گەر لە کاری نووسین زەحمەتتر شک دەبەن، بێزەحمەت تێلێکم بۆ بکەن (بە پێکەنینەوە).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ