فازڵ میرانی: بۆ ئێمە کورسییەک زیاد بکەین زۆر نییە بەڵام کەمبکەین زۆرە

07-10-2021
گۆڤەند مستەفا
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ستراتیژییەتی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پارێزگاریی لە کورسییەکانیان ناودەبات و دەڵێت، بۆ ئێمە کورسییەک زیاد بکەین زۆر نییە بەڵام کەمبکەین زۆرە. فازڵ میرانی هەروەها دەڵێت، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی "قەڵس" بوون و دەڵێت، لە هەندێک لە برادەرانی یەکێتی چاوەڕوانیمان نەدەکرد و ئەوانیش هەمان رێڕەوی ئەنتی پارتییەکان پەیڕەو دەکەن.
 
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی بانگەشەی حیزبەکەی و لایەنەکانی دیکە، دەنگ و کورسییەکانیان و هەروەها نیگەرانییەکانیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد وەک هاوبەشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
"لە بانگەشەی یەکێتی قەڵس بووین"
 
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی بانگەشەی یەکێتیی کرد و لەبارەی نیگەرانییەکانیان لە بانگەشەی یەکێتی و برینداربوونیان لەو گوتارەکانیان گوتی: "بە مانای برینداری نا بەڵام بۆکانی گوتەنی پێی قەڵس بووین. ئێمە و یەکێتی ئەگەر برایش نەبین بمانەوێت و نەمانەوێت شەریکین و لە دوێنێ هەرچی کردوومانە بە هاوبەشیی کردوومانە. بەڵێ لە چاکەکان پێکەوبووین وەکو یەک و لە خراپەکان با بەشی زۆری بۆ ئێمە بێت بەڵام خۆ بەشێکیشی بەر ئەوان دەکەوێت. ناکرێت دووکەس شەریکی یەک بن و لە خراپەکان یەک کەس بەرپرسیار بێت".
 
فازڵ میرانی دەلێت: "لە هەندێک لە برادەرانی یەکێتی چاوەڕوانیمان نەدەکرد، من دەستوەردان لە کاروباریان ناکەم و دۆستیشیانم بە دۆستایەتیی لەگەڵ رەحمەتی مام جەلال. مام جەلال لە 92 بەمنی گوت، وەکیل ( بە منی دەگوت وەکیل) ئەمە کۆکاکۆلایە و ئەمە پیپسییە ئێوە بانگەشە بۆ کۆکاکەی خۆتان بکەن بەڵام مەڵێن شێرپەنجە لە پیپسی دروست دەبێت، ئێمەش هەمان شت دەڵێین".
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بە قسەکەی جەلال تاڵەبانی کردەوە و دەڵێت: "بە بۆچوونی من ئەو قسەیە قووڵاییەکی زۆری هەیە بە مانا، ئێمە وامان نەکرد بۆ؟ بۆچوونێک هەیە لە عێراق تاوەکو پێش شەڕی تشرین و شەڕی داعش کە ئەگەر هاتوو پەلاماری حیزبە کوردییەکان بەتایبەت پارتی بدرێت یان هەرێمی کوردستان، دەنگ کۆدەکەنەوە. بەداخەوە یەکێتیش (ناڵێم هەموویان و بە موتڵەقی قسە ناکەم) هەمان بەرنامەیان پەیڕەوکردەوە. پێیانوابوو هەرچی پەلاماری پارتی بدەن دەنگی پێ کۆدەکەنەوە، ئەمە بۆ حیزبەکانی دیکەش راستە".
 
لەبارەی ئەوەی لەم هەڵبژاردنە سوێند و تەڵاقی تێکەوتووە و پێیوایە دوای هەڵبژاردن سوێند و تەڵاق بکەوێت؟ فازڵ میرانی دەڵێت: "دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تاوەکو چەند باوەڕیان بەو سوێند و تەڵاقە هەیە چ لەڕووی ئیسلامییەوە و چ لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە. بەڕای من سێ شت سیاسەت ناشرین دەکات، یەکێک بە میزاج سیاسەت کردن، دووەم بە کردار و پەرچەکردار و سێیەم دەرگە داخستن لەسەر هەڵسەنگاندنی سیاسی بەڕووی یەکدیدا".
 
فازڵ میرانی باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی کرد و گوتی: "شاراوە نییە تازە یەکێتیی بووەتە دوو بەش، بەشێکیان هەرچی ئەنتی پارتییە لە دەوری خۆیان کۆکردەوە بە سیاسەتێکی رۆشن دژی پارتی و ماڵی مەلا مستەفا. بەشەکەی دیکە کە تۆمەتبار دەکرا بە نزیکبوون لە ئێمە هەمان سیاسەتی پەیڕەو کرد. ئەگەرت من بوومایە دەمگوت ئەو بەشە دەیویست کوردستان لەت بکات و پەیوەندیی حیزبەکان تێکبدات بەتایبەتی پەیوەندیی ئێمە و پارتی، بانگەشەی ئێمە ئەوەیە کە دۆخی خۆمان چاکبکەین و کورسی زیاتر ببەین و پێکەوە حکومەت دروستبکەین لە بەغدا و رێککەوتنێکی ستراتیژیی بکەین، چونکە کادیرەکان و ئەندامانی پێشکەوتووی یەکێتی و جەماوەری یەکێتی رەنگە ئەو گوتارە زبرەی ئەنتی پارتییان پێباش نەبێت. چونکە ئەوانیش کەسانی رۆشنبیر و شۆڕشگێڕن و ماندووبوون".
 
 
واژۆکردنی بەڵێننامەی شەرەف لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان
 
فازڵ میرانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لایەنە شیعەکان بەڵێننامەی شەرەفیان واژۆکرد بۆ ئەوەی بە هێرشکردنە سەر یەک دەنگ کۆنەکەوە بۆ لە کوردستان ئەمە نەکرا؟ دەڵێت: "هەموومان خەتابارین کە بۆ نەکرا و دەبوایە بکرێت. من پێمخۆش نییە وابڵێم وەک حیزبەکانی دیکە کە خەتای پارتی بووە، چونکە ئێستا بانگەشە بۆ پەرلەمانی عێراقە کەچی بەربژێرانی لایەنەکانی دیکە و بەربژێرەکانی یەکێتیش دێنەوە سەر تیڤییەکان و دەڵێن مووچە بڕاوە و خزمەتگوزاری نییە و تەنیا باسی کوردستان دەکەن کەچی ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە".
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "ئەوە نییە کە نەزانن هەڵبژاردنی عێراقە، دەزانن بەڵام هیچیان نییە بۆ ئەوەی پیشانی بدەن و تەنیا لەسەر خاڵە نەرێنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە دەکەن کە ئەمڕۆ بە مل ئێمەیاندا هێناوە. گەلەکۆمەیەک هەیە تەنیا دەیانەوێت گەمارۆی پارتی بدەن کەئەننەما هیچ کێشەی دیکەیان نییە و دەستکەوتیان زۆربووە. بۆیە لەجیاتی باسی خۆیان بکەن باسی ئێمە دەکەن".
 
 
دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو
 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فازڵ میرانی باسی چاوەڕوانییەکانیان لە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە هەڵبژاردن کرد و گوتی: "پارتی بەشێوەی واقعبینانە بیردەکاتەوە و قسە دەکات. هەڵبژاردن وەک یاریی تۆپی پێ وایە سوپرایزی تێدایە و نهێنییەک نییە من لەسەر تەلەڤزیۆنی رووداو ئاشکرای بکەم. لە هەڵبژاردنەکانی دوای گشتپرسی ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەبوو پارێزگاریی لە کورسییەکانی خۆمان بکەین، یەک کورسی زیادبکەین بۆ ئێمە زۆر نییە بەڵام یەک کورسی کەمبکەین بۆ ئێمە زۆرە. کورسییەک کەمکردن کاریگەریی لەسەر جێگیربوونەکەمان دەبێت بەڵام کورسییەک زیاتر کردن جێگیربوونەکە دەوڵەمەندتر دەکات".
 
فازڵ میرانی گوتی: "ستراتیژیی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو کە جێگیرییەکەی خۆمان بپارێزین و 38 کورسییەکەی خۆمان ببەینەوە. پێی قەڵس دەبووین ببێتە 37 بەڵام ئەگەر ببوایەتە 39 و 40 پێی خۆشحاڵ دەبووینەوە لەسەر ئەوە هەوڵماندا و 45 کورسیمان هێنا. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ستراتیژییەتمان پارێزگارییە لە کورسییەکانمان و زیاتریشی بکەین خۆشحاڵ دەبین".
 

 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
 رووداو: ئێوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنتانەوە دەتانویست بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەبچێت، ئایا بانگەشە لەسەر ئاستی کوردستان بە دڵی ئێوەبوو؟
 
فازڵ میرانی: بە پێوەرێکی واقیعی، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە دیدی بەندە گەرموگوڕی پێوە دیاربوو، بەڵام ئارام بوو. گەرم و گوڕی لە دەروونی خۆمان و رێکخستن و پەیام و کۆبوونەوەکان، بەڵام لەڕووی دەرەوە ئارامی پێوەدیاربوو. ساڵ لەدوای ساڵ حیزبەکانیش دەزانن چ قازانجێکیان کردووە لەو هەرا و هۆریا و شەڕە پەڕۆیە و زمان زبری، لەدوای هەڵبژاردن هەر هەموومان پەشیمان دەبینەوە ئەگەر کارێکی وامان کردبێت. کورد گوتەنەی شاخ بە شاخ ناکەوێت، بەڵام چاو بە چاو دەکەوێتەوە.
 
رووداو: ئێوە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هەست دەکەن لەسەر ئاستی سەرکردەکانتان، بێگومان لە خوارەوە بمانەوێت و نەمانەوێت هەندێکجار گرژی و زبری و زمانی تووندیش بەکاردەهێندرێت، هەرچەندە ئەمەش هەر کەم بوو، بەڵام شتێکی واتان کردووە کە مایەی پەشیمانی بێت بۆتان؟
 
فازڵ میرانی: نەخێر، بە تێڕوانینی من نەخێر، چونکە هەر لە رۆژی یەکەم بڕیاری هەڵبژاردنەکان درا، جەنابی سەرۆک و جەنابی جێگر و مەکتەبی سیاسی و تەنانەت ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش کۆبوونەوە، رێنوێنییەکانی جەنابی سەرۆک روون بوون، دەبێت وریابن رانەکێشرێن بۆ زمانی زبر و شەڕی میدیایی، چونکە ئەمە سوودی نییە، ئەگەرچی لە خوارەوە وەکو گوتت شت هەبووە، چەم بێ چەقەڵ نابێت. بەڵام بیرمان لێکردووەتەوە ئارامییەکە زیاتر لەلایەن میللەتەوە قبووڵکراوە، چونکە میللەتی ئێمە لەو هەرا و هۆریا و شەڕە پەڕۆیە بێزاربووە.
 
پەلاماردانی یەکتر بە زمان و بێڕێزیکردن بە یەکتر، ئەگەر لە چوارچێوەیەکی گشتی لێکی بدەینەوە، بێڕێزیکردنە بە میللەتی ئێمە، چونکە ئێمەی حیزبەکان لەژێر چاودێریی میللەتی خۆمانین، مافی خۆشیانە چاودێریمان بکەن. بەڵام میللەت بە حیزبەکانی خۆیەوە لەژێر چاودێریی رای گشتی و هەرێمییە. ئایا ناکرێت ئێمە دیمەنێکی جوانی میللەتەکەی خۆمان پیشانی دەرەوە بدەین؟
 
رووداو: لە بانگەشەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆخۆت بینیت هەندێک گوتاری تووند و قسەی زبری تێکەوت، ئەوەی لە بانگەشەی یەکێتیدا هەبوو هیچ بریندارکردنێکی تێدابوو بۆ ئێوە؟ یاخود بە ئاسایی وەرتانگرت؟.
 
فازڵ میرانی: بە مانای برینداری نا بەڵام بۆکانی گوتەنی پێی قەڵس بووین. چونەک ئێمە و یەکێتی ئەگەر برایش نەبین بمانەوێت و نەمانەوێت شەریکین و لە دوێنێ هەرچی کردوومانە بە هاوبەشیی کردوومانە. بەڵێ لە چاکەکان پێکەوبووین وەکو یەک و لە خراپەکان با بەشی زۆری بۆ ئێمە بێت بەڵام خۆ بەشێکیشی بەر ئەوان دەکەوێت. ناکرێت دووکەس شەریکی یەک بن و لە خراپەکان یەک کەس بەرپرسیار بێت.
لە هەندێک لە برادەرانی یەکێتی چاوەڕوانیمان نەدەکرد، من دەستوەردان لە کاروباری برادەرانی یەکێتی ناکەم دۆستیشیانم، بە دۆستایەتیی لەگەڵ رەحمەتی مام جەلال. مام جەلال لە 92 بەمنی گوت، وەکیل ( بە منی دەگوت وەکیل) ئەمە کۆکاکۆلایە و ئەمە پیپسییە ئێوە بانگەشە بۆ کۆکاکەی خۆتان بکەن و بڵێن تامی خۆشە و وایە و وایە... بەڵام مەڵێن شێرپەنجە لە پیپسی دروست دەبێت، ئێمەش هەمان شت دەڵێین. 
بە بۆچوونی من ئەو قسەیە قووڵاییەکی زۆری هەیە بە مانا، ئێمە وامان نەکرد، چونکە تێڕوانینێک هەیە لە عێراق تاوەکو پێش خۆپێشاندانەکانی تشرین و شەڕی داعش کە ئەگەر هاتوو پەلاماری حیزبە کوردییەکان بەتایبەت پارتی بدرێت یان هەرێمی کوردستان، دەنگ کۆدەکەنەوە. بەداخەوە یەکێتیش (ناڵێم هەموویان و بە موتڵەقی قسە ناکەم) هەمان بەرنامەیان پەیڕەوکردەوە. پێیانوابوو هەرچی پەلاماری پارتی بدەن دەنگی پێ کۆدەکەنەوە، ئەمە بۆ حیزبەکانی دیکەش راستە. کە ئەمە بە دیدی من راست نییە.
 
رووداو: ئەمجارە سوێند و تەڵاقیشی تێکەوت، پێتوایە دوای هەڵبژاردن هەندێک سوێند و تەڵاق بکەوێت لەسەر ئەنجامەکان؟
 
فازڵ میرانی: ئەمە دەوەستێتە سەر ئەوەی چەند بڕوای بەو سوێند و تەڵاقە هەیە وەکو مرۆڤێک، چ لەڕووی ئیسلامەوە بێت و چ لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بێت. بەبڕوای من سێ شت سیاسەت ناشرین دەکەن، یەکێک بە میزاج سیاسەتکردن، دووەم بە کردار و پەرچەکردار، سێیەم دەرگە داخستن لەسەر مومارەسەی سیاسەت بەڕووی یەکدیدا. ئەمە جوان نییە.
شاراوە نییە تازە لەنێو یەکێتیدا دوو بەش هەیە، بەشێکیان هەرچی خەڵکیان کۆکردەوە هەرچی ئەنتی پارتییە لە دەوری خۆیان کۆکردەوە بە سیاسەتێکی رۆشن دژی پارتی و ماڵی مەلا مستەفا. بەشەکەی دیکە کە تۆمەتبار دەکرا بە نزیکبوون لە ئێمە هەمان سیاسەتی پەیڕەو کرد. ئەگەر من بوومایە دەمگوت ئەو بەشە دەیویست کوردستان لەت بکات و پەیوەندیی حیزبەکان تێکبدات بەتایبەتی پەیوەندیی ئێمە و پارتی، کە زۆر پێویستە بۆ کوردستان بۆ ئەو ئەزموونە، پێکەوە وامانکردووە. بانگەشەی ئێمە ئەوەیە کە دۆخی خۆمان چاکبکەین و کورسی زیاتر ببەین و پێکەوە حکومەت دروستبکەین لە بەغدا و رێککەوتنێکی ستراتیژیی بکەین، چونکە کادیرەکان و ئەندامانی پێشکەوتووی یەکێتی و جەماوەری یەکێتی رەنگە ئەو گوتارە زبرەی ئەنتی پارتییان پێباش نەبێت. چونکە ئەوانیش کەسانی رۆشنبیر و شۆڕشگێڕن و ماندوون. ئەمە دەبێت بە شتێکی سرووشتیی وەربگیرن.
 
رووداو: بۆچی خەڵکێک هەیە لە حیزبەکانی دیکە، بە تایبەت حیزبە بچووکەکان یان ئەوانەی تازەن، زۆر تووندتر لە یەکێتی پەلاماری پارتی دەدەن، وەک خۆت گوتت پێی قەڵس نابن.
 
فازڵ میرانی: من دەستەواژەی حیزبی بچووک و گەورە بەکار ناهێنم، چونکە گەورە بچووک دەبێت و بچووکیش گەورە دەبێت، ئەمە سوننەتی ژیانە.
 
رووداو: ئێوە چیتان لێدێت، ئێوە گەورەن، ئەگەری ئەوە هەیە بچووک ببنەوە یان گەورەتر ببن؟
 
فازڵ میرانی: پارتی خۆی خۆی بچووک نەکاتەوە، بچووک نابێتەوە. ئێمە کوردستانیەن و عێراقییەن و ئیقلیمیەن و نێودەوڵەتییەن، لە چوارچێوەی هێزە جێگیرەکان ئەژمار دەکرێین. هێزە جێگیرەکان ئەوانەی کە جەماوەر و بنکەی جێگیر و سەقامگیری تێدایە، بۆیە بە تێڕوانینی من ئەگەر خۆمان بچووک نەکەینەوە بچووک نابین. رێککەوتنی جەزائیر ئێمەی بچووک نەکردەوە، نەک بە قەبارە بەڵکو بە بوون و مێژوو.
بە دیدی من میللەتی ئێمە گوتاری بەرەو یەکڕیزی و یەکگرتن و رێزگرتن لە یەک، تەنانەت بنکە و کادیرەکانی یەکێتی و پارتیش ئەوەیان پێ خۆشترە.
 
رووداو: وەڵامی ئەو پرسیارەت بیر نەچێت بۆ بۆ حیزبەکانی دیکە نیگەرانیتان پێوە دیار نییە؟
 
فازڵ میرانی: هەموو کەس دەزانێت ئەگەر پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی خراپ بێت، کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر کوردستان دەبێت، بەڵام رێزم بۆ حیزبەکانی دیکە هەیە، ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە خراپ بووبێت کوردستان هیچ زەرەرێکی نەبینیوە. ئەمەش بە سووکی سەیرکردن نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە مێژوو و جوگرافیاوە هەیە.
مێژووی پارتی و یەکێتی. ئێمە باسی شۆڕشی ئەیلوول ناکەین کە برادەرانی یەکێتی بەداخەوە نەوەی تازەیان ئاساییە من گلەییان لێناکەم، بەڵام ئەو نەوەیەی کە خۆیان لە شۆڕشی ئەیلوول بوونە، یان باب و باپیرانیان لە شۆڕشی ئەیلوول بوونە، کە من باسی باب و باپیرانیان دەکەم باسی کاک بافڵ و کاک قوباد دەکەم، ئەو نەوەیە خۆیان لێ دەرهێناوە، دەڵێن ئێمە هیچمان لە شۆڕشی ئەیلوول ناوێت، نە باشییەکان و نە خراپییەکانی. منیش هەمیشە دەڵێم ماڵتان ئاوا بێت، باشیی و خراپییەکانیشی هەر بۆ ئێمە، ئەوەی ئێوە وەکو ئەوە وایە باوکێکی دەوڵەمەند بمرێت و سامانێکی زۆری لەدوا بە جێمێنێت، یەکێک بێت و بڵێت من بەشی خۆم ناوێت.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتی و پارتی لە دوای نسکۆی 1975، هەر یەک بەشێوەی خۆی، ئەوە دەڵێت شۆڕشێ 26ی گوڵان، ئەو دەڵێت شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بەڵام هەردووکی هەر شۆڕشە، هەردووکیش کورد کردوویەتی و ئەو دوو حیزبە سەرکردایەتی کردووە. ئێمە دوێنێ بە تەنیا بووین لە شۆڕشی ئەیلوول، ئەمڕۆ شۆڕشی تازەو گوڵان هەر ناوێکی لێدەنێی، دەتوانی بڵێی شۆڕشی دوانی نسکۆش، کە شموولی هەموومان دەکات.
ئەم دوو حیزبە شۆڕشیان کردووە، شەهیدیان داوە، بەرەی کوردستانییان دروستکرد و راپەڕینیان کرد، لە مانگی 5ی 1992 یەکەمین هەڵبژاردن لە کوردستان کراوە بە ئەزموونێکی سەرەتاییەوە. جەنابی سەرۆک لە کۆیە باسی لە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کرد.
حکومەتێکمان دروستکردووە لە تەمموزی 1992، ئەو حکومەتە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، دوو بەش بووە و بە یەک گەیشتووەتەوە، بەڵام بۆ مێژوو ئەمە 30 ساڵە حکومی خۆی دەکات. ئەو حوکمە باشە یان خراپە.. بەڵام کورد خۆی حکومی خۆی دەکات.
جارێک لێیان پرسیم کە ئەوکات وەزیری ناوخۆ بووم، گوتیان گرنگترین دەسکەوتی حکومەتی هەرێم چییە؟ گوتم بەردەوامبوونیەتی. ئەوسا هیچیشمان نەبوو، گوتی بۆ؟ گوتم دەکرێت حکومەتێکی دەوڵەمەندت هەبێت بۆ 6 مانگ و پاشان نەمێنێت، بەڵام دەکرێت حکومەتێکی بەردەوامت هەبێت با هەژاریش بێت. بەڵگەش ئەو وڵاتانەی بە هەژاری دەژین، هەندێک وڵاتیش هەن دۆخیان خراپە.
ئەمە دۆخی پارتی و یەکێتییە، ئەو دۆخە و ئەو هاوبەشییەم، نە لە جوگرافیا و نە لەمێژوو لەنێوانی پارتی و هیچ حیزبێکی دیکەدا نییە، تەنانەت ئەوانەی لەنێو یەکێتیش جیابوونەتەوە.
 
رووداو: کەواتە ئەگەر ئێوە نیگەران بن لەوەوەیە نیگەرانییەکانتان؟
 
فازڵ میرانی: بە دڵنیاییەوە.
 
رووداو: بینیمان لایەنە شیعییەکان بەڵێننامەیەکی ئەخلاقییان لەنێوان یەکتر واژۆکرد بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا لەسەر حیسابی هێرشکردنە سەر یەکدی دەنگ کۆنەکەنەوە، ئەمە چۆن نەکرا؟ ئەگەر بکرابووایە باشتر نەدەبوو؟ بۆ ئاییندە بیری لێبکەنەوە باشتر نییە؟ بۆ ئەوەی ئەو وردە گرژیانەش دروست نەبێت؟.
 
فازڵ میرانی: بۆ نەکرا؟ لە راستیدا هەموومان کەمتەرخەمین، دەبوو بکرێت. بەڵام حەز ناکەم وەکو برادەرەکانی دیکە لە حیزبەکانی دیکە بڵێم خەتای پارتی بووە، نەخێر. چونکە ئێستا بانگەشە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام دەبینم بەربژێری حیزبەکانی دیکە بە یەکێتیشەوە دێنە سەر تەلەڤزیۆنەکان و دەڵێن مووچە بڕاوە، خزمەتگوزاری نییە، باسی کوردستان دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە. قسەکەش ئەوە نییە کە نەزانن ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە، بەڵکو ئەمانە هیچیان نییە نیشانی بدەن دێن و قسە لەسەر خاڵە نەرێنییەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، کە ئەمڕۆ بە ملی ئێمەیاندا هێناوە، ئێمە پێشوازی لێدەکەین و ئیدارەی ئەو حکومەتە دەدەین بە چاک و خراپەکانییەوە، چونکە ئەزموونێکی نیشتمانی و میللییە، ناکرێت لەبەر خاتری ئەو حیزبە یان ئەو حیزبەی دیکە لێرە کەلێنێک یان کێشەیەک هەبێت ئێمە بەجێی بهێڵین، ئێمە خۆمان لێکردووە بە خاوەن.
بۆیە گەلەکۆمەیەک هەیە تەنیا دەیانەوێت پارتی گەمارۆ بدەن، وەک ئەوەی هیچ کێشەی دیکەیان نییە و دەستکەوتیان زۆر بووە، لەبری ئەوەی باسی خۆیان بکەن باسی ئێمە دەکەن. رۆژێک گوتم ئەرێ کاکە ناکرێت وازمان لێ بێنن با خۆمان باسی خۆمان بکەینەوە، ئێوە پێناسەی خۆتان بکەن و ئێمەش پێناسەی خۆمان دەکەین، ئەو میللەتەش هەموومان دەناسێت.
 
رووداو: ئێستا رۆژانە سەتان کەس و زیاتر لە هەزار کەسیش کۆڕ و سمیناری مەعریفیان بۆ دەکەیت، لەسەر سیاسەت قسەیان بۆ دەکەی. شێوازێکی مۆدێرنی بانگەشەکردن پیادە دەکەی وەکو سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەڕووی مەعریفییەوە قسەیان بۆ دەکەی. باشە ئەو حیزبەی ئێوە کە 75 ساڵە خەبات دەکات ئایا شایەنی رەخنەگرتن نییە؟
 
فازڵ میرانی: با.
 
رووداو: ئایا خۆتان بڕواتان بە کولتووری رەخنە و  رەخنە لەخۆگرتن نییە؟ یان پارتیبوون یەکسانە بە هەڵوەستەنەکردن لەسەر هیچ هەڵەیەکی پارتی؟
 
فازڵ میرانی: ئەمە وەکو خۆت فەرمووت، بە کراوەیی پێت دەڵێم، ئێمەی پارتی لەناو خۆماندا بڕیارێکمان هەیە تەنیا لاپەڕەکانی مێژوو لانەدەین، تەنیا سەروەرییەکانی خۆمان نیشان بدەین. ئێمە دەچین بە شوێن سلبیاتەکان و هەڵەکانیش دەگەڕێین.
 
رووداو: تەنیا بۆ خۆتان لەناو رێکخستەکاندا لێناگەڕێن بچێتە دەرەوە؟
 
فازڵ میرانی: نا، ئێمە چ هەڵەیەکمان کردووە؟ ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە دەدەین، ئەگەر ئەوسا بووە، ئەگەر نا بەلایەنی کەمەوە هەو دەدەین ئەو هەڵەیەی لەوێ بووە چیتر لێرە دووبارە نەکرێتەوە لە ئاییندەدا. ئەگەر رەخنەت قبووڵ کردبێت خۆ ئەمە لە رەخنەکە گەورەترە.
هی دووەم الکمال للە، ئێمە چین وەکو پارتی؟ ئێمەش مرۆڤین، کورد دەڵێ مرۆڤی گەورە هەڵەی گەورە دەکات، ئەمەش واردە. ئێمە رۆژێک لە رۆژان لە بەرپرسیاریێتی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن رامان نەکردووە، لە گەرمەی نسکۆی 75 ئەو رخنەیەی پارتی لە خۆی گرتووە کەم حیزب هەیە لە شیوعی، سۆشیال دیموکراتەکان، حیزبە ئیسلامییەکان، لە گەرما و گەرمی نسکۆیەک بێت و بوێری بەخۆی بدات و هەڵسەنگاندن بۆ هۆکاری نسکۆی 75 بکات، لە هۆکارە خودی و بابەتییەکان. کە ئەوەمان کردووە بۆ لە رەخنەیەکی ئێستا بترسین؟
 
رووداو: وەکو سەرکردەیەکی لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکار و نهێنی بەردەوام مانەوەو زیادبوون و گەورەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوو خاڵدا پێم بڵێی چییە؟ بۆچی بەردەوام لە حیزبی دیکەوە خەڵک دێتە نێو ئێوە؟ بە دەگەمنیش لەنێو پارتییەوە خەڵک بچێتە نێو حیزبی دیکە. لەم رۆژانە لە تەلەڤزیۆن بینیم خانەوادەی بەڕێز سورچیان دیسان گەڕانەوە نێو ئێوە، لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکێکی زۆر هاتە نێو ئێوە، بەڵام لەنێو ئێوە خەڵک ناڕواتە نێو حیزبی دیکە، بە دەگمەن نەبێت. ئایا هی ئەوەیە حیزبێکی ئیستبدادین و ئەوەی لێتان جیاببێتەوە فیزیکەین لەنێوی دەبەن یان مەبەدەئیەن دڵی نایێت ئێوە بەجێبهێڵێت و دەبێتە بەشێک لە ئێوە؟
 
فازڵ میرانی: دوو هۆکاری سەرەکیت پێدەڵێم، یەکێک مێژووە، ئەوەی دەیکە جوگرافیایە. مێژوو متمانە و بڕوای ئەو خەڵکە بە دامەزراندی پارتی و پەیڕەو و پرۆگرامەکە و مەرجەعیەتەکەی تاوەکو دەگاتەوە ئێرە. جوگرافیایەکەی، ئەو مومارەسەیەی ئێستا دەیکات، ئەو دەستکەوتانەی ئێستا بە دەستیهێناوە، لەبەر ئەوە ئەمە هۆکارێکە کە خەڵکی ناو ئێمە سەیری مێژووەکە دەکات، کە دەوڵەمەند و هەمووی سەروەرییە، بەڵێ سەر هەوراز و سەر نشێوی تێدایە، بەڵام شانازی پێوە دەکات، شەرمی بە مێژووەکەی خۆی نییە. بۆیە مێژووەکەی ناگۆڕێت بچێتە نێو مێژووێکی دیکە یان دوێنێ بووە یان هیچ سەروەرییەکی تێدا نابینێت، کە هاوشانی سەروەرییەکانی حیزبەکەی خۆی بێت.
سەبارەت بە جوگرافیاکەی، دەبینی ئەوەی ئێستا حیزبەکەی ئەو بە دەستی دەهێنێت لە پرسە نەتەوەیی و ئەو دیموکراتیەتەی کە هەموومان دەڵێین دیموکراتین، بەڵام هێشتا بۆشاییەک ماوە لە نێوانی ئێمە و دیموکراتیەتدا بێجگە لە هەڵبژاردن. دەستکەوتە نەتەوەییەکان، شێوەی ئیدارە، شێوەی مامەڵە، تا راددەیەک مافی مرۆڤ، مافی ئافرەت، سەیر دەکات ئەملا و ئەولا جوگرافیایەکی لەوە باشتر نابینێت کە ئەمە بەجێبهێڵێت و بچێت بۆ جوگرافیایەکی تازە. بە دیدی من ئەمانە هۆکاری سەرەکین.
سەبارەت بەوەی خەڵکی ئێمە دەچێتە نێو حیزبی دیکە. نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە؛ کاک جەوهەر قەهار لە هەولێر کوڕەکەی بەرپرسی ناوچەبوو لێرە، چووە نێو یەکێتی، لەکاتێکدا جەوهەر قەهار یەکێک لە فەرماندەکانی فەوجی کۆماندۆ بوو، رەحمەتی مەلا مستەفای بارزانی دەستنیشانی کردبوو. لەو سەردەمە عومەر ئاغای دۆڵەمەری یەکێک لەوانەبوو لە هەر شوێنێک تەنگاویی هەبووایە، ئەو فەوجەی رەوانەی ئەوێ دەکرد، کەسێکی ئازا بوو هی دەشتی هەولێر بوو، بەڵام کوڕەکەی چووە نێو یەکێتی، هیچمان لێنەکرد، تاوەکو خۆی گەڕایەوە. کە گەڕایەوە لە هەمان شوێنەکەی ئەوماندانا، پلەمان بەرز نەکردەوە سەرزەنیشتیشمان نەکرد.
کاک جەوهەر قەهار کە چووە لای سەرۆک، داوای هیچی نەکرد گوتی سوپاس بۆ خودا جارێکی هاتمەوە ئێرەو تۆم بینی.
 
ئەمە رەنگە سۆز نەبێت، ئەمە پەیوەندی بە جوگرافیا و مێژووەوە هەیە، بۆیە کەم کەس ناڵێم بە رەهایی کەس لە ئێمە ناڕوات، هەر بۆ زانیاریت ئەم بەیانییە کاژێر 10:00 کۆمیتەی زوممار و بەشێک لە خزمەکانی خۆم خەڵکی دێیەکەی ئێمە وازیان لە یەکێتی هێنا و هاتنە نێو پارتی، بەڵام کەس نەچووە نێو یەکێتی.
رووداوەکانی جوگرافیاش کاریگەریی خۆی هەیە، مرۆڤ لەگەڵ حیزبێک بمێنێت بەپێ مومارەسە و شتە جێگیرەکانی یان متمانەی پێ بەهێز دەبێت و دەمێنێتەوە یانیش ئەو متمانەیەی لەق دەبێت چ بەجێی بێڵێت و چ بەجێ نەهێڵێت بەو متمانەیەی جاران لەگەڵی نامێنێت. ئەو حیزبانەی وڵاتی ئێمە، تەنانەت عێراقیش بە دوور نییە لەمە و دەبێت قبووڵیشی بکات.
 
رووداو: ئەگەر مێژووی پارتی لەبەردەستی تۆدابێت، شەن و کەوی بکەی، ئیدیتی بکەی، واتە مۆنتاجی بکەی، چی لێ دەردەهێنی، یان بە هیوای چی تێدا نەبووایە؟
 
فازڵ میرانی: من هەرچی لێ بکەم، هەر پارتی دیموکراتی کوردستانی لێدەردەچێت، مرۆڤ هیوا بۆ شتە خراپەکان ناخوازێت، بەڵام هیوای من ئەوەبوو، کە هاوپەیمانەکان و دۆستەکانی ئێمە چ هاوپەیمان بن یان نا بە ویژدانەوە ئێمە هەڵسەنگێنن بە راست و دروستی.
جیاوازییەکی دیکەی گەورەی ئێمە لەگەڵ هەموو حیزبەکانی دیکە هەیە، تاوەکو دوێنێ دەمانگوت حیزبی ئێمە لەسەر پرەنسیپی مەرکەزیەتی دیموکراتیەت بینا کراوە، بە دیدی من ئێستا دەستەواژەی مەرجەعیەت بۆ ئێمە گونجاوترە. ئەو مەرجەعیەتەی هەمانە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانە کە سەقامگیری لەنێو حیزبدا هەیە.
ئەگەر سەیر بکەن لە 79وە تاوەکو ئێستا، کە بەندە لە ساڵی 79 هەڵبژێردرام بە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، پێشتر کادرێکی پێشکەوتوو بووم یان کارگێڕی لق بووم. لە 79وە تاوەکو ئێستا ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە نە دەستی لەکارکێشاوەتەوە نە زویر بووە، نە چووە بۆ لایەکی دیکە، نە ناکۆکییەکی فکریمان هەبووە، نە لێکترازانێکیشمان هەبووە لەنێو رێکخستنەکانمان.
 
رووداو: پێتوانییە لەسەر مانای مەرکەزیەت بمێننەوە رەنگە باشتر بێت، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی نا پارتی کە جەنابی کاک مەسعود بارزانی خۆشدەوێت، رەنگە حەز نەکات هەر هی ئێوەی پارتی بێت، لەوانەیە حەز نەکات بۆ نموونە هەر ئێوە پێتان مەرجەع بێت؟ لەوانەیە هەست بکات هی ئەویشە. ئەگەر مەستتان ئەوەیە مەرجەعیەت کاک مەسعود تاپۆ بکەن لەسەر پارتی پێتانوایە ئەمە ستەمێکە لە سەرۆک بارزانی دەکەن؟
 
فازڵ میرانی: من خۆم دژی ئەو ناولێنانەم کە سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا سەرۆکی پارتی بێت. مەرکەزیەت تەنیا بۆ حیزبەکەیە، بەڵام مەرجەعیەت دەکرێت بۆ حیزبی دیکەش بێت.
ئەگەر سەیری بارزانی نەمر بکەین، بارزانی نەمر رۆژێک لە رۆژان وەکو سەرۆکی حیزبێک مامەڵەی نەکردووە، ئەسڵەن دەستوەردانی لە ئیشوکاری رێکخستەکانیش نەدەکرد، تەنیا لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی ناوەندی ئامادەبووایە، یان بەرپرسێک یان ئەندامێکی لیژنەی مەرکەزی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرابووایەوە. ئەگەرنا نەیدەزانی ئەو کارگێڕە بۆ کوێ دەچێت، ئەو بەرپرسی ناوچەیە گۆڕاوە، ئەمانە کاری مەکتەبی سیاسی بوو، بەڵام مەرجەعیەتێک بوو، بە رەحمەت بێت عەزیز محەممەدیش دەیگوت مەرجەعیەتی حیزبی شیوعیش بووە، باسی کوردەکانی دەکرد کە راوێژیانی لەگەڵ دەکرد، بۆیە من دەستەواژەی مەرجەعیەتم بەکارهێنا لە بری مەرکەزیەت. چونکە ئەگەر بڵێم مەرکەزیەت، ئەوسا دەبێتەوە سەرۆکی حیزب، بەڵام کە بووە مەرجەعیەت وەکو ئەو خەڵکەی دیکە مەرجەعی ئێمەشە.
 
رووداو: لە کۆتاییدا وەکو سەرۆک بارزانی، وەکو خۆی، وەکو ئەو پێگە کاریزماتیکەی کە جەنابت باسی دەکەیت لە سەرووی پارتیبوونەوە پەیامی گشتگیری سەرتاپاگیری دەبێت بۆ کوردستانیان، چونکە ئەو بکەری گشتپرسییە، کە گوتاری کوردی لە گوتاریی شەرمنانەی ترسان لە داواکاریی سەربەخۆ کرد بە گوتارێکی پراکتیکی. ئەمە پێگەی مێژووی ئەوی هەستیارتر کردووە، چاوەڕوانی خەڵکانێکی نا پارتیشی لەو زیاتر کردووە، لەکۆتایی هەڵبژاردندا پەیامی سەرتاپاگیری دەبێت وەکو کارەکتەری بارزانی، نەوەکو سەرۆکەکەی ئێوە؟.
 
فازڵ میرانی: بە تیڕوانینی من سەرۆک بارزانی دەبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنەش پەیامی هەبێت بۆ میللەتەکەی، نەک تەنیا بۆ حیزبەکەی، کورتکراوەکەی بەو شێوەیە بێت، خەڵکی کوردستان هەڵبژاردن رووێک لە رووەکانی دیموکراتیەتە. پێمانباشە ئێوە ئەو پرۆسەیە کە بە ئارامی بردووتانە سەر، دەستتان خۆش، بەڵام بچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی سەرکەوێت، خاوێن بێت، ساختەکاری تێدانەبێت.
 
دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو
 
رووداو: پارتی پشت بە دەزگا پرۆفیشناڵەکان دەبەستێت کە لەسەر راپرسی کاردەکەن؟ بەپێی راپرسییەکان دۆخی پارتی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو باشتر دەبێت یان خراپتر دەبێت؟
 
فازڵ میرانی: پارتی خۆی زیاتر بە شێوەیەکی واقیعی بیر دەکاتەوە و قسە دەکات. بەندەش لەنێو پارتی کەسێکی واقیعبینم. هەڵبژاردن وەک یاریی تۆپی پێ وایە سوپرایزی تێدایە، بەڵام ئەمە نهێنییەک نییە من لەسەر تەلەڤزیۆنی رووداو ئاشکرای بکەم. لە هەڵبژاردنەکانی دوای گشتپرسی ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەبوو پارێزگاریی لە کورسییەکانی خۆمان بکەین، کەواتە یەک کورسی زیادبکەین بۆ ئێمە زۆر نییە، بەڵام یەک کورسی کەمبکەین بۆ ئێمە زۆرە. کورسییەک کەمکردن کاریگەریی لەسەر جێگیربوونەکەمان دەبێت بەڵام کورسییەک زیاتر کردن جێگیربوونەکە دەوڵەمەندتر دەکات. 
ستراتیژیەتی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو کە جێگیرییەکەی خۆمان بپارێزین و 38 کورسییەکەی خۆمان ببەینەوە. پێی قەڵس دەبووین ببێتە 37 بەڵام ئەگەر ببوایەتە 39 و 40 پێیخۆشحاڵ دەبووینەوە. بۆیە لەسەر ئەوە هەوڵماندا و 45 کورسیمان هێنا. ئەم هەڵبژاردنەش ستراتیژییەتمان پارێزگارییە لە کورسییەکانمان و زیاتریشی بکەین خۆشحاڵ دەبین.
 
رووداو: بە تێڕوانی پسپۆڕانی یاسا، پارتی لە تێگەیشن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن حیسابکردن بۆ وردەکاری و تەکنیکی دابەشکردنی دەنگەکان و رێکخستنی رێکخستنەکانی خۆیان زۆر بەوردی کاریان کردووە، ئەمە وایە یان ئەوان لە دوورەوە ئێوە وادەبینن؟
 
فازڵ میرانی: بە تیڕوانینی من وایە، چونکە ئەوانە لە دوورەوە بمانبینن ئەو شایەتیەمان بۆ نادەن، لەلایەکی دیکە بۆ وا ئێمەیان بینیوە؟ یەکەم؛ ئێمە ئامارێکی وردمان کردووە و ئەپدەیتمان کردووە چەند ئەندامی حیزبمان هەیە، ئەو ئەندامانە بلۆکمان کردوون هەریەکە و لە کوێین، ئەوانەی ئەندامی چالاکن نەک بندیوار، چونکە هەموو حیزبەکان بەداخەوە باسی خۆممان دەکەین بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە لێم قەڵس نەبن. بندیواریان هەیە لەبەر کۆنگرەکان، بۆ نموونە بەرپرسی ناوچەیەک 10 ئەندام دەنووسێت بۆ ئەوەی نوێنەرێکی زیاتری بچێتە کۆنگرە بۆ ئەوەی دەنگەکەی بۆ خۆی یان بەربژێرێکی دیکە بێت. بەڵام ئێستا حاڵی حازر نووسینگەی رێکخستنی ئێمە ئەپدەیتی کردووە ئەو ژمارەیەی لای ئەوان هەیە ئەوەندە ئەنداممان هەیە. تەنانەت ئەندامەکانی ئێمە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەو حاڵەتە جێگیربوونەی ئێمە گرەنتییە، بێجگە لە دۆست و لایەنگران و دراوسێ و خزم و تاد... تەنانەت ئەوانەی پابەندن لە حیزب، ئەندامی حیزبی ئێمەن بچنە سەر سندووقی دەنگدان ئێمە دۆخمان زۆر باشە و ئاسوودەین.
 
رووداو: واتە دەنگدەری پارتی بە هەڕەمەکی دەنگ نادات و بە قسەی سەرکردایەتی و بەرپرسی لق و ناوچەکانی خۆی دەکات؟ چونکە دەبینم بەڕێزتان، کاک نێچیرڤان بارزانی زۆر سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی بە قسەی رێکخستنەکانی خۆتان بکەن.
 
فازڵ میرانی: وایە، دەزانی بۆ؟ چونکە رێکخستنەکان، من و جەنابت لەم بازنەین، ئەو بازنەیە لقی ئەلف هێناویەتی مقەسێکی لێداوە، ئەو رێکخراوەو ئەو رێکخراوە و ئەو گەڕەکانە عایدی کاکە رەنجن. ئێمە تەنانەت رەسم و پۆستەرەکانیش ئەوەی لە تەک ئەوە لە بازنەیەکی دیکە واناکەین پۆستەرەکەی لەوێ بێت، بۆ ئەوەی دەنگدەر سەری لێ نەشێوێت.
ئێستا دەنگدەری ئێمە دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، پێشەکی دەچێت پۆستەری بەربژێرەکە دەبینێت و ژمارەکەی دەزانێت، دەچێت دەنگ بەو بەربژێرە دەدات. پۆستەری بەربژێرێکی دیکە نابینێت. بنچینەی هەموو شتێکیش رێکخستنە. هەر کارێک بە باشی رێکخستنی بۆ بکەی سەردەکەوی.
 
رووداو: کەواتە 26ـەکە دەکەن بە چەند؟ گوتت رێکخستنەکان جێگیرن.. ئەی چاوتان لە خەڵکی دیکەیە، بۆ نموونە بنکەی جەماوری حیزبەکانی دیکەش هەیە؟
 
فازڵ میرانی: حیزبەکانی دیکە، ئەوانەی بەربژێریان نییە، پێکهاتەی تورکمان رایانگەیاند کە دەنگ بە بەربژێرەکانی ئێمە دەدەن، برادەرانی سۆسیالیست بە سوپاسەوە بەربژێریانن نییە و دەنگ بە بەربژێرەکانی ئێمە دەدەن، جووتیاران و کرێکاران، حیزبەکەی باپیر کامەلا، ئەوانیش بەربژێریان نییە و دەنگ بە بەربژێرەکانی ئێمە دەدەن، رەنگە بەشێک لە برادەرانی بزووتنەوەش کە بەربژێریان نەبێت لە ناوچەکانی هەڵەبجە. ئەمەش سەروەرییەکە بۆ پارتی کە حیزبێک بەربژێری نەبێت و بێت و بڵێت دەنگ بە بەربژێری ئێوە دەدەم، ئەمە مانای بڕواپێبوون و خۆشەویستییە، مانای رێزگرتنە بۆ ئەو مێژوو و جوگرافیایەی ئەو حیزبە هەیەتی.
 
رووداو: پارتی وەک گەورەترین حیزبی عێراق ئەو سەخاوەتەی لەگەڵ کەس کردووە لە هیچ شوێنێک؟
 
فازڵ میرانی: ئێمە سەخاوەت لە دەرهاویشتەکان دەکەین، نەک پێش دەرهاویشتەکان. ئێمە سەخاوەت لە وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بریکاری وەزیرەکان دەکەین.
 
رووداو: کەواتە پاداشتی ئەو چاکانە دەدەنەوە؟
 
فازڵ میرانی: ئێ دەبێت. هەر بۆ بیرهێنانەوە، ئێمە و یەکێتی دوو لیستمان هەبوو، لیستێکی دیکە لە بەغدا کورسییەکی مابوو بردمانەوە. لەگەڵ یەکێتی 12 حیزب لەگەڵ ئێمە بەشداربوون. پێمانخۆش بوو ئەو کورسییە بدەین بە حاکم ئەحمەد کە ئێستا سەرۆکی دەزگای دەستپاکییە، ئەوسا لە زەحمەتکێشان بوو، چونکە ئەدای باشبوو، هەم دکتۆرای هەبوو لە یاسا، هەم ئەندامی پێشووی پەرلەمان بوو، بە هاوبەشەکانمان گوت ئەو کورسییەی ئێمە بۆ ئەوان بێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بێن و لەگەڵ ئێمە هاوپەیمانی پێکبهێننەوە.
جەنابی مام جەلال، بە رەحمەت بێت داوای لە سەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، کە پێمانباشە بۆ دکتۆر فوئاد مەعسووم بێت کە ناوی لەنێو لیستی بەربژێرەکان دابوو. قبووڵمان کرد نەک تەنیا بەو کورسییە یەدەگەمان کردمانە ئەندامی پەرلەمان، کردمانە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق. کەواتە ئێمە پاداشتی ئەو شتانە دەدەینەوە، پاداش نییە، منەتیان بەسەر ناکەین، بە پێچەوانەوە ئەوان منەتیان بەسەر ئێمەدا کردووە، ئێمەش دەبێت وەڵامی چاکەکەیان بدەینەوە.
 
رووداو: بەشێکی زۆر لە حیزبەکان لە عێراق و کوردستان ترسی ئەوەیان هەیە وەکو پێویست ئەندام و لایەنگرانیان بەشداریی دەنگدان نەکەن، ئێوەش ئەو ترسەتان زۆرە؟
 
فازڵ میرانی: ئەگەر هەشمان بێت زۆر نییە، چونکە حیزبەکەی ئێمە شتێکی نامۆیە، کە دەبینە خۆمان و خۆمان یەکێک لێرە منجە منج دەکات و یەکێک تووڕە دەبێت و پشتی لێدەکەینەوە، بەڵام کە بووینە ئێمە و کەسێکی دیکە، جا ئەو کەسە کورد بێت عەرەب بێت تورکمان بێت ،هەرکێیەک بێت لە ئێمە گەرمتر دەبێت.
 
رووداو: سیاسەت بێ نوکتە نییە، خۆشت چەند پیاوێکی جیددی و ئەرکت زۆرە، بەڵام سیاسییەکی وشکیش نیت. زۆرجار خەڵکێک بە تەنزی سیاسی گوزارشت لە رەخنەکانی خۆی دەکات لە کوردستان، بە تایبەتی لە ناوچەی ئێمە لە سلێمانی. بۆ نموونە ئەو تەنزە هەیە کە دەڵێت پارتی لەگەڵ چینیش هەڵبژاردن بکات دەیباتەوە، گوتیشیان ئێوە ساختەتان بۆ بایدنیش کردووە. ئایا ئەمجارە ساختە بۆخۆتان دەکەن؟
 
فازڵ میرانی: پێویستمان بەوە نییە.
 
رووداو: ئەی ساختەکاریتان لێدەکرێت؟
 
فازڵ میرانی: بەڵێ، ساختەمان لێکراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێت بکرێت، ئەگەر دۆخی خەڵک خراپ بێت دەکرێت. عەرەب نوکتەی زۆربوو، عەرەبەکان لە بێجی گوتیان عەگالمان خستە نێو جلشۆر شەرواڵ دەرچوو. ئەوەی دیکەش گوتبووی کاکە مەسەلەکە ئەوە نییە، برادەرانی ئێران جیاوازییان لەنێوان هەڵەبجە و حەویجە نەکردووە و دەنگەکانی حەویجە هەمووی بۆ برادەرانی یەکێتی رۆیشتووە.
 
رووداو: لەنێوخۆدا مەترسیتان هەیە ساختەکاریتان لێبکرێت، یان لە ئاستێکی باڵاتردا؟
 
فازڵ میرانی: بە تێڕوانینی من ئەگەر بکرێت، لە ئاستی باڵاتر دەکرێت.
 
رووداو: پارتی ئەوەندە هەژارە؟، بۆ نموونە دەگوترێت پارتی تەنیا حیزبە کە لە مانۆری نێودەوڵەتی بە ئاگایە لە ناوچەکەداو پەیوەندییەکی قووڵی مێژووییشی هەیە، ئەمەش بەمانای ئەوە نییە یەکێتی نییەتی، بەڵام ئێوە هەمیشە ئەپدەیتی پەیوەندییەکانتان دەکەنەوە. واتە هەلومەرجێکتان لەوێ دروست نەکردووە بۆ ئەوەی خۆتان بپارێزن؟
 
فازڵ میرانی: تۆ دوو حیزبی گرنگ لەمن قەڵس دەکەی، بەو هیوایەم پارتی و یەکێتی لە هەموو یارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بە ئاگابن بۆ ئەوەی تووشی نەهامەتی نەبین. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی کوردستان لە هەر پارچەیەک بێت هەژاری لە زانیاری، کەمتەرخەمی لە لێکدانەوەی توێژینەوەی پەیوەندی نێودەوڵەتی و بەژەوەندییەکانی خەڵکی دیکەیە. ئینجا لەبەر ئەوە زۆر خۆشحاڵ دەبم ئەگەر هەم ئێمە و هەم برادەرانی یەکێتی دەستیان وا رۆیشتبێت و دۆستیان هەبێت کە وانەکەن فێڵیان لێبکرێت. کێ فێڵ دەکات؟  دەوڵەتەکانن. هیچ حیزبێکی عێراقی بەبێ پشتیوانی دەوڵەتێکی دەرەوە نە توانای تەکنیکی هەیە، نە دەشاردرێتەوەش، چونکە لێی هەڵدەستن، بەڵام کە هەر یەک بە شێوەیەک ئەگەر دەستێکی دەرەکی لە ساختەکردنەدا هەبێت، هەمووشیان شک دەبەن لە کوێ دەبێت. جارەکەی دیکە ئاشکرابوو لە سووریا و ئوردن چی کراوە، مشعان جبووری ریسەکەی کردەوە خوری. ئەمە عێراقە.
 
رووداو: ئەم یاسای هەڵبژاردنە، دەرفەتی ساختەکردنی هێشتووەتەوە؟
 
فازڵ میرانی: هیچ هەڵبژاردنێک نییە دەرفەتی ساختەکردنی تێدا نەبێت، تەنانەت ئەو هەڵبژاردنە نەبێت کە میللەتەکەی و هێزە سیاسییەکانی بە پێگەیشتن و تێگەیشتن پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن. پێشتر بە دۆڕان رازی بێت و منجە منج نەکات، کێشە دروست نەکات و بە سەرکەوتنیش مەغرور نەبێت کە لە خەڵکی دیکە بدات، ئەمە بوونی نییە لەو ناوچەیەی تێیدا دەژین، کە بە تێڕوانینی من نەبوونەکەی درێژتریش دەبێتەوە، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی هەیە.
من ئەو چەند رۆژە لە بادینان پێداگریم لەسەر بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، بۆ هەندێکیان باسی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت و ئەو بابەتانەم دەکرد، بە هەندێکیشیانم دەگوت باشە تۆ دەچییە شەڕ دوو فیشەکدانت هەیە، یەکێکیان لە ماڵەوە دادەنێی و یەکێکیش لەگەڵ خۆت دەبەیە شەڕ، ئەمە کەی تۆ پێداویستییەکانی سەرکەوتنت فەراهەم کردووە یان دابینت کردووە؟ بۆ دوو فیشەکدانەکە پێکەوە نابەی، نموونەم بەوە هێنایەوە کە ئافرەت دەبێتە یەکێک لە فیشەکدانەکان و خۆشی یەکێکە، کە یەکێکیان نەبەی یان رادەکەی یان خۆت رادەست دەکەی یانیش سەرناکەوی.
 
رووداو: لە کاری ئامادەسازیتان بۆ هەڵبژاردن هەست ناکەی زیاتر سەرنجتان لەسەر رێکخستنی خۆتانە، واتە پەیامەکانتان بە زۆری بۆ رێکخستنەکانی خۆتانە، ئایا ناوچەی خۆڵەمێشیتان فەرامۆش کردووە؟ ئایا بێئومێدن لەوەی خەڵکی غەیرە پارتی دەنگ بدات بە پارتی یان چاوتان لەوەیە خەڵکی زۆر لە خەڵکی غەیرە پارتی ئەمجارە دەنگتان پێبدات؟
 
فازڵ میرانی: ئێمە لە ئەمریکا بووین، بە رەحمەت بێت ئەنوەر سەباغ هەبوو خەڵکی ئەو هەولێرەبوو شیوعی بوو، کە ئێمە و برادەرانی یەکێتی جاری وا هەبوو بە جرە دەچووین لەسەر نەورۆز و شتێکی دیکە، دەمانگوت با کاک ئەنوەر بڕیار بدات ئەو بێلایەنە، گوتی کاکە بێلایەن لەو دونیایەدا نەماوە، ئەوەی بڵێت من بێلایەنم راست ناکات، تەنانەت وڵاتە بێلایەنەکانیش راست ناکەن، ئەو شیوعی بوو، گوتمان بۆ؟ گوتی من نە پارتیم نە یەکێتی، بەڵام مەیلم زیاتر بۆ پارتییە، کەواتە تاوەکو چەند من سەربەخۆم؟، گوتی کاتێک سەربەخۆم کە مەیلم بۆ هیچ لایەکیان نەبێت. ئەگەر بێتە سەر مەسەلەی دەنگدان بۆ پرسێکی کۆمەڵایەتی ئەوا دەنگ بە پارتی دەدەم، کەواتە من سەربەخۆ نیم. لەبەر ئەوە خۆڵەمێشییەکانیش ئەوانیش بڕیاری خۆیان هەر دەدەن، جا بە میزاج بێت، مێژوو بێت، جوگرافیا بێت، بەبێ ئەوەی بچیت زۆر تەشویقیش بکەی خۆی بڕیاری خۆی لایە، بەڵام ناشکرێت بەڕێزەوە پەیوەندیان پێوە نەکەی و داوای یارمەتیان لێ نەکەی، تەنانەت بزانن بۆ ئەوەی فەرامۆش نەکراون.
 
رووداو: کەواتە چاوەڕوانیتان هەیە بەس رێکخستنەکانی خۆتان یان خەڵکی غەیرە پارتیش دەنگتان پێ بدات؟
 
فازڵ میرانی: حیزبەکان دەنگمان پێدەدەن، نەک تەنیا غەیرە پارتی، حیزبەکان غەیرە پارتین، سۆسیالیست پارتی نییە.هاونیشتمانیانیش غەیرە پارتی دەنگمان پێدەدەن.
 
رووداو: ئەمە زانیارییە، راپرسییە؟
 
فازڵ میرانی: راپرسیمان نەکردووە، بەڵام جۆرە بڕوایەکمان هەیە کە زۆر لە ناحیزبییەکان بە دید و هەڵسەنگاندنەوە، ئەگەر دەنگ بدەن دەنگ بە پارتی دەدەن یانیش دەنگ نادەن.
 
رووداو: جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە سلێمانی، بە خەڵکەکەی دەگوت پارتی تاقی بکەنەوە، ئەگەر گریمان خەڵکی سلێمانی ئێوە تاقی بکەنەوە، ئێوە چ تامێکن جیاواز لەوانەی دیکە کە تاقیکراونەتەوە؟
 
فازڵ میرانی: ئاخر ئەوانەی دیکەیان تامکردووە، تاقیان کردوونەتەوە، ئەمەش تاقیبکەنەوە بزانن تامەکەی لەوانەی دیکە جیاوازە یان نا.
 
رووداو: جیاوازییەکەی چییە؟
 
فازڵ میرانی: دەبێت خۆیان بزانن جیاوازییەکەی چییە. دەبێت ئێمە جیاوازییەکەیان پیشان بدەین و خۆشیان هەستی پێ بکەن.
 
رووداو: لای تۆ تامی پارتیبوون چییە؟ گریمان خەڵکی سلێمانی بەدەم ئەو داوایەتانەوە هاتن، سلێمانی چی دەباتەوە؟ چونکە هەندێک کەس رایانوایە سلێمانی ئەگەر ببێت بە پارتی زۆر شت لەدەست دەدات، ئەمە لەوێ وا باس دەکرێت، ئەی لای ئێوە قسەی جیاوازتان چییە ئەگەر سلێمانی ببێت بە پارتی بە پێچەوانەی لەدەستدان چی بەدەست دەهێنێت؟.
 
فازڵ میرانی: لەو پرسیارە پرسیارێکی دیکە دروست دەبێت، بۆچی یەکێک ببێتە پارتی لە سلێمانی شت لەدەست دەدات؟ بۆچی شتەکەی پێوە نەمێنێت؟ ئەو قسەیەی تۆ دەیکەیت ئەمە بێ بنەما نییە، بەڵێ یەکێک ببێتە پارتی بەڕێوەبەری پۆلیس بێت لە پۆستەکەی لادەدرێت. ئەگەر ئەو ژینگەیە لە سلێمانی هەبێت کە شت لەدەست نەدات، ئەو ژینگە لە هەولێر هەبێت کە یەکێک ببێە یەکێتی یان شیوعی یان ئیسلامی شت لەدەست نەدات، ئەوسا ئێمە دەتوانین بڵێین ئێمە گەشەکردنێکی کۆمەڵایەتیمان و تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتیمان هەیە.
 
رووداو: یەکێک لە کێشەکانی ئێوەو یەکێتی ئەوەیە، سەرنجتان تەنیا لەسەر لایەنگرانی خۆتانە، بۆ نموونە باسی شارێکم کرد کە پێکهاتەی زۆری تێدایە، پێکهاتەی حیزبی جیاوازی تێدایە، دەپرسم سلێمانی چی دەباتەوە؟.
 
فازڵ میرانی: سلێمانی دەبێتە سلێمانی جاران، شاری رۆشنبیری، شاری پێکەوەژیان، شاری خۆشگوزەرانی، شاری ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتن بەبێ قۆرخکردن و باج وەرگرتن و خەڵک رفاندن. من حەزناکەم هیچ بڵێم تەنیا قسەکانی کاک بافڵ نیشانی خەڵکی سلێمانی دەدەم. وڵاتێک، شارێک ئەمەی تێدابێت.. ناکرێت شتێکی دیکە تام بکات بزانێت لەگەڵ ئەمە جیاوازی هەیە یان نا. بۆ نموونە بۆ ئەمە لە هەولێر نییە؟ بۆ لە دهۆک نییە؟ بۆ لە دهۆک یەکێک ببێتە یەکێتی هیچ لە دەست نادات؟ بۆ لە هەولێر بەڵێندەرانی گەورەی یەکێتی هەن کەس هیچی لەدەست نەداوە؟ تەنانەت یەک بەڵێندەری پارتی ببینەوە شتێکی وەرگرتبێت لە سلێمانی. کە جەنابی کاک نێچیرڤان دەڵێت ئێمە تاقی بکەنەوە، بە مەرجێک ئەوانەی دیکە لەگەڵ تاقیکردنەوەکەی ئەوان رابێن رێز لەو تاقیکردنەوەی خەڵکی سلێمانی بگرن، وەکو شار. 
 
سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریە، ئەوەی لە پایتەختی رۆشنبیری دەکرێت فیزی نییە بەسەر رۆشنبیرییەوە. ئەمە من ناڵێم خەڵکی سلێمانی خۆیان وا دەڵێن، هێزی دیکە هەن، تەڤگەر و پەکەکە زاڵن بەسەر شاری سلێمانیدا، خۆپیشاندان و نەورۆز بۆ ئاڵای کوردستان هەڵناکرێت؟، ئاڵای پەکەکە هەڵدەکرێت. رۆشنبیرانی خەڵکی سلێمانی ئەمەیان پێناخۆشبوو. پەکەکە داوای خۆپیشاندانی کرد رۆشنبیرانی لەگەڵی نەچوون، چونکە هەست بە داگیرکردنی شارەکان کردووە. لەبەر ئەوە رۆشنبیران و خەڵکی سلێمانی وەک حیزبەکان بیرناکەنەوە، بیرکردنەوەی خۆیان هەیە، کولتووری خۆیان هەیە. ئەمەش دیدی ئێمەیە ئێمە وایدەبینین.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات