رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، پیتەر مایەر، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا سەر بە یەکێتیی کریستیان دیموکرات، باسی لە پەیوەندی پارتەکەی لەگەڵ کوردەکان و پرسی کۆچ کرد.
مایەر جەختی کردەوە کە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی پلانی پارتەکەی، رێکخستنەوەی کۆچە لە رێگەی زیادکردنی چاودێری و کۆنترۆڵ، لەگەڵ دەرکردنی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نەماوە یان تاوانیان ئەنجام داوە. ئەو روونی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە پەیوەندییان بە ئاسایشی ئەڵمانیاوە هەیە.
سەبارەت بە نیگەرانیی دەنگدەرانی کورد لە پەیوەندی نێوان پارتەکەی و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) کە پارتێکی راسڕۆی دژە کۆچبەرە، مایەر بە تووندی رەتی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئەو پارتە بکەن: "هەزار لە سەد هیچ هاوکارییەک لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا مومکین نییە."
پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە گوزارشتی لە خۆشحاڵی خۆی و پارتەکەی کرد بە بوونی کوردەکان لە ئەڵمانیا و گوتی: "هەرێمی کوردستان بە راستی دۆستە." هەروەها داوای لە دەنگدەرانی کورد کرد کە بە زانیاری هەڵە هەڵنەخەڵەتێن و دڵنیای کردنەوە کە "کوردە خۆشەویستەکان لای ئێمە هەر پارێزراون."
مایەر ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆر کەس، لەوانە ئەوانەی پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، داوا دەکەن کۆچ رێک بخرێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان ئارام بێت. بەڵام هاوکات دانی بەوەدا نا کە جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییانە "بە شەوێک ناکرێت" و پێویستی بە کات هەیە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر مایەر
رووداو: بەڕێز مایەر سوپاس کە لەگەڵماندایت، ئێوە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دروشمی ئەڵمانیا 'بەرەو پێشەوە دەبەین'تان بەرزکردووەتەوە. پارتی کرستیان دیموکراتەکان چۆن دەیەوێت ئەڵمانیا بەرەو پێشەوە بەرێت لەم کاتە هەستیارەدا، کە بەراستی پارتەکەتان روووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پرۆژە بڕیاری دژی کۆچبەرانی بە دەنگی پارتی ئا ف دی تێپەڕاند؟ چۆن دەتانەوێت متمانەی دەنگدەرانتان بگەڕێننەوە؟
مایەر: ئێمە پلانێکمان هەیە. ئەمەمان لە کۆنگرەی یەکێتیی کریستیان دیموکرات لە گوتاری بەخێرهاتنی فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارت و کاندیدی راوێژکاری بیست. ئەمڕۆ لێرە، هەزار نوێنەری کۆنگرەی پارت ئامادەن، پلانێکی خێرای 15 خاڵی پەسەند دەکەن. ئەمانە ئەو شتانەن، کە دوای هەڵبژاردن، کاتێک دەگەینە بەرپرسیارێتی حکومەت، راستەوخۆ جێبەجێیان دەکەین. بابەتەکەی ئێوە باستان کرد، بە راستی بەشێکە لەمە. ئێمە هەفتەی رابردوو دوو پێشنیاز و رەشنووسی یاسایەکمان پێشکەشی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد. تەنها ئێمە. یەکێکیانمان لە سێپتەمبەری ساڵی رابردوو پێشکەش کردبوو، لە لیژنەکان تێپەڕی، کە هەموو فراکسیۆنەکان، پارتەکان، پارتی سۆسیال دیموکرات، سەوزەکان، پارتی دیموکراتی ئازاد، هەموو راوێژیان لەسەر کرد و چووە ناو پەرلەمان. رۆژی هەینی خستمانە دەنگدانەوە.
ناڕاستگۆیانەیە لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکانەوە، کە تۆمەتبارمان دەکەن گوایە لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هاوکاری دەکەین. با ئەمە زۆر روون بکەمەوە: نە لەگەڵ فریدریش مێرتس و نە لەگەڵ پیتەر بایەر و هەموو هاوکارانمان، هەرگیز لەسەر ئاستی فیدراڵ هیچ هاوکارییەک، بەتایبەت لە شێوەی هاوپەیمانی حکومی، لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نابێت. ئێمە دژایەتی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەکەین، چونکە بیروباوەڕی دژە مرۆیی، دژە دیموکراسی و دژە جوویان هەیە لەناو ریزەکانیاندا. لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەڵمانیا ناتوانێت بەرەوپێش بچێت.
رووداو: بەڵام بەرێزتان دەتانزانی کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەنگی پێدەدات و مێرتس ئەوەی دەزانی. هەمووتان دەتانزانی بۆیە رەخنەی تووندتان لێگیرا کاتێک بینیمان کە پەرلەمانتارانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە خۆشیدا چەپڵەیان لێدا؟
مایەر: وێنەکان بە راستی ئازاردەربوون . ئێمە هەوڵمان دا زۆرینەیەک تەنها بە دەنگی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دروست نەبێت. لە کۆتاییشدا ئەو زۆرینەیە نەبوو. تەنانەت ئێمەش لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا زۆرینەمان نەدەبوو. ئێمە داوای دەنگی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیامان نەکردووە، بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێمە لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا کردوومانە، نەک تەنها چوارشەممە و هەینی، بەڵکو لەوەش زیاتر، ئەوە بوو کە دەنگ و پشتگیری بۆ خاڵە دروستەکانمان کۆبکەینەوە، کە لە ناوەڕۆکدا نە پارتی سۆسیال دیموکرات و نە پارتی دیموکراتی ئازاد و نە سەوزەکان بە راستی رەخنەیان لێ نەگرتووە. ویستمان بە پشتگیری ناوەندی دیموکراتی پەرلەمان زۆرینە بەدەست بهێنین. پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکان ئامادە نەبوون بۆ ئەمە. بە داخەوە کات بەفیڕۆ چوو.
مەسەلەکە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەکەشمانەوە هەیە، چونکە ئێوە دەبینن کە لێرە تەنها هێرش و چەقۆلێدان نییە، زۆر کەس هەستێکی ناسەقامگیریان هەیە، نایانەوێت چیتر هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی، پاس و شەمەندەفەر بەکاربهێنن. زۆر شت دەبیستین، کە خەڵک ترساون. تەنانەت ئەو کەسانەش کە دایک و باوکیان یان خۆیان پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، بەڵام لێرە لە ئەڵمانیا هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، ئێستا دەڵێن: خەڵکینە، ئێوە لە بەرلین، دەبێت ئێستا شتێک بکەن. دەبێت کۆچ سنووردار بکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان ئارام بێت.
با جارێکی دیکە بە روونی بڵێین: ئێمە دەمانەوێت ئەمە لەگەڵ ناوەندی دیموکراتی لە ئەڵمانیا بکەین و هاوپەیمانی پێکبهێنین نەک لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هەزار لە سەد هیچ هاوکارییەک مومکین نییە. ئێمە نە دەمانەوێت و نە دەیکەین.
رووداو: داواکارییەکانتان بۆ سنوردارکردنی کۆچ پێویستی بە کارمەندە. ئایا ئەڵمانیا ئەو توانایەی هەیە؟ بێگومان کەسانێکی زۆر لە ئەڵمانیان، کە دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، بەڵام بەبێ کێشە دێن و دەڕۆن وەک کۆچبەرە ئەفغانییەکەی ئاشاڤنبورگ. داواکاریەکانتان لە رووی یاساییەوە دەتوانن جێبەجێ بکەن؟
مایەر: بڕیارە سیاسییەکان دەبێت بدرێن. پۆلیسی فیدراڵی دەبێت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت لە دەرکردنی ئەو کەسانەی دەبێت وڵات بەجێ بهێڵن. دەبێت بڕیارە دروستەکان بخەینە رێ تا کارمەندان دابمەزرێنرێن و راهێنانیان پێ بکرێت. ئێمە دەزانین کە ئەمە بە شەوێک ناکرێت. هیچ کەس، تەنانەت فریدریش مێرتسیش، بەڵێن بە خەڵک نادات کە کاتێک دێینە سەر حوکم و بڕیار دەدەین، بەیانی باشتر دەبێت. ئێمە دەزانین کە ماوەیەکی درێژی دەوێت. دەبێت لە هەڵەکانمان فێر ببین. دەبێت بڕیارە دروستەکان بخەینە ڕێ.
رووداو: دوای ئەم رووداوانەی هەفتەی رابردوو لەگەڵ کێ دەتانەوێت حکومەت پێکبهێنن؟
مایەر: ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە کە هیچ کەس ئێستا ناتوانێت بە شێوەیەکی جیدی وەڵامی بداتەوە. من بە راستگۆییەوە پێتان دەڵێم، پێش بژاردەی من هەمیشە پارتی دیموکراتی ئازادە. پارتی دیموکراتی ئازاد خەبات دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو پەرلەمان. من هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بەڵام تەنانەت ئەگەر پارتی دیموکراتی ئازاد بێتە ناو پەرلەمانیش، پێدەچێت بەس نەبێت. ئێمە زۆرینەی رەهامان دەست ناکەوێت، ئەمە روونە، بەڵام تەنها دەتوانین بڵێین ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ پارتەکانی ناوەندی دیموکراتیی پەرلەمان حکومەت پێک بهێنین. ئەمە تەنیا دەتوانێت پارتی دیموکراتی ئازاد، پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکان بن. لەوە زیاتر هیچ دەرفەتێکی دیکە نابینم.
ئێمە خەبات دەکەین بۆ یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیانی باڤاریایەکی بەهێز، کە پێکەوە بەشدار دەبین. ئەمجارە زیاتر لە هەر کاتێک، چونکە ئەم شتە راست و دروستانەی کە ئەمڕۆش پەسەندی دەکەین، لە پلانی پێنج خاڵی و لە بەرنامەی خێرادا، پشتگیری دوو لەسەر سێی خەڵکی ئەڵمانیای هەیە، هەموو راپرسییەکان ئەمە دەڵێن، دوو لەسەر سێی خەڵکی ئەڵمانیا ئەمەیان دەوێت. بۆیە دەڵێین هەرچەند یەکێتیی کریستیان دیموکرات بەهێزتر بێت لەگەڵ یەکێتیی سۆسیال کریستیانی باڤاریا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 20 رۆژی داهاتوودا، ئەوەندە زیاتر دەتوانین لەم سیاسەتە دروست و باشە بۆ ئەڵمانیا جێبەجێ بکەین. هەرچەند لاوازتر بین، ئەوەندە زیاتر دەبێت لە دانوستانەکانی هاوپەیمانێتیدا سازش بکەین. بۆیە دەڵێین هەردوو دەنگ بۆ یەکێتیی کریستیان دیموکرات، تا بتوانین زۆر لەم ناوەڕۆکە جێبەجێ بکەین.
رووداو: ئەو 15 خاڵەی کە باستان کرد، گرنگترین خاڵەکان چین، کە دەتانەوێت جێبەجێی بکەن ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتن؟
مایەر: یەکەم، سنووردارکردنی کۆچ، زیادکردنی چاودێری و کۆنترۆڵ، دەرکردنی ئەوانەی مافی مانەوەیان نەماوە یان تاوانیان ئەنجام داوە. ئەمە بابەتی کۆچە، چونکە پەیوەندی بە ئاسایشی ئەڵمانیاوە هەیە، خەڵک دەیەوێت دووبارە لە ئاسایش لێرە بژین.
دووەم: بابەتی گەورەی دووەم، کە بۆ من تەقریبەن گرنگترە، ئابوورییە. ئێمە وەک ئەڵمانیا، کە هێشتا گەورەترین ئابووری لە ئەوروپاین، بەڵام لاواز دەبین. دوو ساڵە لە داکشانداین. گەشەی ئابووریمان نەرێنییە. لەنێو هەموو وڵاتە پیشەسازییەکانی OECD لە کۆتاییداین. لە پەروەردەدا لە هەموو توێژینەوەکانی پەروەردە و فێرکردنی منداڵی سەرەتایی، لە کۆتاییداین. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە.
ئێمە پلانێکمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی و چاکسازی باج. دەمانەوێت پارەی هاووڵاتی کە ناوی بورگە گێلەدە (Bürgergeld) هەڵبوەشێنینەوە، کە لێرە هاندانی هەڵە دروست دەکات و زیان بە بازاڕی کار و ئابووری دەگەیەنێت. دەمانەوێت پاڵپشتی ئابووری بکەین، تا خەڵک دووبارە کار بکەن. سێ ملیۆن بێکارمان هەیە.
لە سێ ساڵ و نیوی رابردوودا، کە ئۆلاف شۆلتس راوێژکار بووە، هێزی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دوو هێندە بووە. پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە سێ ساڵ و نیوی راوێژکاری ئۆلاف شۆلتسدا دوو هێندە بەهێز بووە. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە کۆچ و ئابوورییەوە هەیە. ئەو بە سادەیی گرنگی پێنادات، واقیع پشتگوێ دەخات، چی پێویستە بکرێت، بەم شێوەیە ئێمە ئەڵمانیا دووبارە بەرەو پێشەوە دەبەین.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم ئەوەیە، کوردی زۆر هەن کە لێرە مافی دەنگدانیان هەیە. چۆن دەتانەوێت متمانەی ئەم دەنگدەرانە بەدەست بهێنن؟ چونکە زۆر کەس دەترسن ئێوە لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کار بکەن؟.
مایەر: من وەک کەس و ئێمە لە یەکێتیی کریستیان دیموکرات زۆر دڵخۆشین کە کوردەکان لە وڵاتەکەماندان. هەرێمی کوردستان بە راستی دۆستە و زۆر کەسمان هەیە کە لە پارتەکەمان و لە دەوروبەری پارتەکەمان هەن و ئێمە دڵخۆشین بەمە. ئێمە زۆر بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لێ دەکرێت لێرە.
من زۆر شت لە کوردەکانەوە دەبیستم کە نیگەرانن. من دەڵێم، ئەگەر دەتانەوێت دووبارە هەست بە ئاسایش بکەن لەگەڵمان لە ئەڵمانیا پێکەوە، ئەوا پێویستە یەکێتیی کریستیان دیموکراتێکی بەهێز هەبێت. تکایە هەمووتان سەیری بەرنامەی هەڵبژاردن بکەن، ئەو خاڵانەی باسیان لێوە دەکرێت.
تکایە بە زانیاری هەڵە لەلایەن کێبڕکێکارانی سیاسی، لەلایەن - با ئەمەش بڵێم - زۆر کەناڵی تەلەفزیۆنی گشتی، کە هەموویان تەنها دەڵێن فریدریش مێرتس دیواری بەرگری رووخاندووە، هەڵمەخەڵەتێن. ئەوان نابینن کە ئێمە دەمانەوێت ئاگرەکە لە پشت دیواری بەرگری بکوژێنینەوە.
ئێمە دەمانەوێت هەموو خەڵک، بەتایبەتی هاوڕێ خۆشەویستەکانمان کە لە کوردستانەوە هاتوون، دەمانەوێت هەموومان پێکەوە دووبارە بە ئاسایش لە ئەڵمانیا بژین و هەر کەسەو کارێکی سەقامگیری هەبێت. ئێمە خەبات بۆ ئەمە دەکەین.
زۆر شت درەنگ کەوتوون. ئێمە ئەمە دەزانین و دەمانەوێت ئێستا بە راستی ئەم گۆڕانکارییە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. کەواتە کوردە خۆشەویستەکان، ئێوە لای ئێمە هەر پارێزراون. زۆر سوپاس.
رووداو: سوپاس بەرێز مایەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ