رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە بە باشی خزمەت دەکرێن کە یەکدەنگیی کورد هەبێت، "بە دیاریکراویش لە کاتی دانوستاندن لەسەر پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغدا، لەوانەش پرسی یاسای نوێی بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکان، هەروەها چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچە کێشەلەسەرەکان." دەشڵێت، وڵاتەکەی "هەمیشە بە هاوڕێ و هاوبەشی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."
دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی یەکگرتوویی کوردی لە بەغدا کرد و گوتی، "ئەگەر دەنگێکی یەکگرتووی کورد لە بەغدا هەبێت. ئێمە هاوڕێ و هاوبەشی هەرێمی کوردستانی عێراق و خەڵکەکەیین، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ بەیەکگەیاندنی پارتە کوردییەکان."
بە گوتەی کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر، ئەوان "هەموو رۆژ لەگەڵ ئەندامانی ژمارەیەکی زۆر لە پارتە کوردییەکان" قسە دەکات لەبارەی پێویستیی پێکەوە کارکردن لەسەر پرسە ستراتیجییەکان، کە زۆر کاریگەرییان لەسەر ئەم هەرێمە هەیە. ئێمە لەو کارە بەردەوام دەبین. بەریتانیا هەمیشە بە هاوڕێ و هاوبەشی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."
رووداو: بەڕێز کۆنسوڵ، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. لە ماوەی کارکردنت لە هەرێمی کوردستان، چ شتێک سەرنجی تۆی راکێشا؟
دەیڤد هەنت: بۆ من زۆر شتی خۆش هەبوون لە کاتی کارکردنم وەکو دیپلۆمات لە هەرێمی کوردستانی عێراق. زۆر پرسی سەرنجڕاکێش هەبوون کە پێکەوە کارمان لەسەر کردن. بۆ من زۆر گرنگ بوو شێوازی پێکەوە هاوئاهەنگیکردنمان لەسەر شتە گرنگەکان، وەکو چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایش، کە چۆن سوپاکەمان توانیی زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ پێشمەرگە ئازاکاندا بکات لەسەر پرسی زۆر گرنگ، وەکو چاکسازی و پێکەوە کارکردن. هەروەها زۆر چێژم لە سەردانیکردنی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بینی، کە لە پایتەخت چوومە دەرەوە و زۆر گوندی جوان و شاری گەورەشم بینین. توانیم بچمە هەڵەبجە، رانیە و سلێمانی. زۆر خۆش بوو کە ئەم هەموو شوێنانەم بینی. بۆ من ئەزموونێکی زۆر سوودبەخش بوو.
رووداو: چ خواردنێکی کوردیت بەلاوە خۆش بوو؟
دەیڤد هەنت: بۆ من هەمیشە زەحمەتە بڵێم حەزم زیاتر لە کام خواردن بوو. زۆر حەزم لە دۆڵمە بوو. هەمیشە چێژم لێبینیوە. هەروەها شێوازێکی تایبەت لە کوڵاندنی عەلەشيش لە سلێمانی هەیە کە بۆ من زۆر بەتام بوو. خواردنەکە زۆر تازە، ئەندامی و بەتامە. ئێستا ئێرە بە سکێکی کەمێک گەورەترەوە جێدێڵم. بەڵام ئەوە شتێکی خراپ نییە.
رووداو: هەناری کوردستان هەناردەی بەریتانیا کرا. تۆ لەوەیاندا هاوکار بوویت؟
دەیڤد هەنت: لەم ساتەدا، ئەوەی کە هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەین بۆئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی کە هەموو رێکارێکی دروست دەگیرێتەبەر بۆئەوەی ئەو جۆرە هەناردەیە رووبدات. ئەوە شتێکە کە زۆر حەز دەکەم بیبینم. ئێوە هەناری جوان و بەرهەمی کشتوکاڵیی جوانتان هەیە. زۆر باش دەبێت ئەگەر هەناردەی بەریتانیا بکرێت، ئێمە زۆر بە باشی کار دەکەین بۆئەوەی بزانین کە ئایا ئەو کارە دەکرێت.
رووداو: وەکو دەزانین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر شەڕ هەیە، بەهۆی یەکتر قبووڵنەکردن، پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردنی نێوان نەتەوە و خەڵکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟
دەیڤد هەنت: یەکێک لەو شتانەی کە بەهۆیەوە لێرە چێژم لە کاتەکەم بینیوە، بینینی خەڵکی فرە ئایینە کە پێکەوە دەژین لە کەشێکی پڕ لە پشتیوانیکردن و یەکتر قبووڵکردن، ئەوە زۆر گرنگە و وانەیەکیشە بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان، هەروەها شتێکە کە دەبێت خەڵکی کوردستان زۆر شانازیی پێوە بکەن.
رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکانمان، باڵیۆزانی بەریتانیا و ئەمریکا بەنیازن دەست بە هەوڵەکانیان بکەن بۆئەوەی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی نەهێڵن. ئایا ئەوە راستە؟
دەیڤد هەنت: سوپاس ئەوە پرسیارێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەوەی کە من هەمیشە لێرە گوتوومە، ئەوەیە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو کاتە بە باشی خزمەت دەکرێن کە یەک دەنگیی کوردی هەبێت، بە دیاریکراویش لە کاتی دانوستاندن لەسەر پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغدا، لەوانەش پرسی یاسای نوێی بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکان، هەروەها چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچە کێشەلەسەرەکان. زۆر گرنگە کە ئەم پرسانە دەکرێت زووتر و بابەتیانەتر چارەسەر بکرێن، ئەگەر دەنگێکی یەکگرتووی کورد لە بەغدا هەبێت. ئێمە هاوڕێ و هاوبەشی هەرێمی کوردستانی عێراق و خەڵکەکەیین، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ بەیەکگەیاندنی پارتە کوردییەکان.
رووداو: ئێوە هەوڵدەدەن بۆئەوەی پارتی و یەکێتی بگەیێننە لێکتێگەیشتن؟
دەیڤد هەنت: هەموو رۆژ من لەگەڵ ئەندامانی ژمارەیەکی زۆر لە پارتە کوردییەکان قسە دەکەم. ئەوە بەشێکە لە کارەکەم بۆئەوەی لە سیاسەتی ئەوان و، هەروەها کە چۆن رۆڵێکی گرنگ لەم هەرێمەدا دەگێڕن، تێبگەم. بۆیە هەموو رۆژێک من لەگەڵ ئەندامانی پارتە جیاجیاکان قسە دەکەم لەبارەی پێویستیی پێکەوە کارکردن لەسەر پرسە ستراتیجییەکان کە زۆر کاریگەرییان لەسەر ئەم هەرێمە هەیە. ئێمە لەو کارە بەردەوام دەبین. بەریتانیا هەمیشە بە هاوڕێ و هاوبەشی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
رووداو: کۆنسوڵی نوێ کەی دێتە ئێرە؟
دەیڤد هەنت: شوێنگرەوەکەم، رۆزی کەیف، لە نێوەڕاستی کانوونی دووەم دەگات. بۆ ئێستا، جێگری کۆنسوڵی گشتی، نێردەکە بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەویش تامەزرۆی هاتنە بۆ ئێرە. هەروەها دیپلۆماتێکی خاوەن ئەزموونە. شتی زۆر باش لێرە دەکات. دڵم بە داهاتووی ئەو لێرە لە هەرێمی کوردستان خۆشە. من زۆر قسەم لەگەڵیدا کردووە و تامەزرۆی ئەوەیە بێتە ئێرە.
رووداو: دواین قسەت بۆ کورد چییە؟
دەیڤد هەنت: کەمێکی دیکە گوتارێک پێشکێش دەکەم. بەڵام دەڵێم: سوپاس؛ سوپاس بۆ هاوڕێیەتیتان، سوپاس بۆ میواندۆستی و کراوەییتان، من زۆر سوپاسگوزاری ئێوەم. بیرەوەرییەکانی کوردستانم لەیاد دەمێننەوە، بەڵام پێویستە بگەڕێمەوە ئێرە، چونکە ئەم شوێنەم خۆشدەوێت و نیازم وایە هەر کە توانیم سەردانی بکەمەوە.
رووداو: سوپاس.
دەیڤد هەنت: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ