رووداو - هەولێر
چالاکڤانێکی یارسان دەڵێت، پێشتر پێڕەوانی ئایینی یاری وازیان لە ئایینەکەیان دەهێنا، بەڵام ئێستا ئەم بارودۆخە گۆڕاوە و شانازی بە دابونەریت و رابردووی خۆیانەوە دەکەن و مەترسیی لەسەر ئەم ئایینە نەماوە.
نیعمەت زەحمەتکێش، نووسەر و چالاکڤانی یارسانی خەڵکی کرماشان، لەبارەی ژمارەی یارسانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، لێکۆڵینەوە لە ژمارەی یارسانەکان نەکراوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت 2-5 ملیۆن کەس لە کورد، فارس و تورک یارسان بن.
بەگوتەی زەحمەتکێش، ئایینی یاریی ئایینێکی ئەزەلییە، بەڵام بەپێی دەقە ئایینییەکان نزیکەی هەزار ساڵە دووبارە ژیاوەتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نیعمەت زەحمەتکێش، نووسەر و چالاکڤانی یارسانی:
رووداو: مێژووی یارسان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ کەی سەریهەڵداوە؟، لەسەر دەستی کێ سەریهەڵداوە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: مێژووی هەر نەتەوە و ئایینێک دەبێت بەپێی بەڵگە و دەقە ئایینییەکانی ئەو ئایینە باس بکرێت. ئایینی یارسان بەپێی دەقە ئایینییەکانی دیکە، ئایینێکی ئەزەلییە، واتە لەو کاتەوە مرۆڤ هەبووە ئایینەکەش هەبووە، بەڵام لە پرسی دووبارە ژیانەوەیدا بەڵگەی هەزار ساڵەمان هەیە. دەفتەرێک هەیە لە سەردەمی شاخوەشین، کەوا یەکەم خولی دەفتەریی ئایینی یارسانە.
رووداو: ئەم بابەتی شاخوەشینە چییە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: باوەخوەشین یەکێک لە پیرانی حەقیقەت بووە، واتە یەکەم خولی یارسان لە دوای ئیسلام بووە.
رووداو: واتە یارسان لە ئایینی ئیسلام جیا نەبووەتەوە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: نا، ئایینی یارسان ئایینێکی ئەزەلییە، رێسا و رێوڕەسمی و دابونەریتی تایبەت بە خۆی هەیە.
رووداو: هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: نەخێر.
رووداو: جوگرافیای ئایینی یارسان لە کوێیە؟ یارییەکان لە کوێ دەژین؟
نیعمەت زەحمەتکێش: جوگرافیای ئایینی یارسان جوگرافیایەکی بەربڵاوە، لە ئێراندا یارسان تەنیا ئایینێکە لەنێو سێ نەتەوەی گەورەی ئێران، لەوانە تورک، کورد و فارسدا، پێڕەوی هەیە. سرووشتییە لەو ناوچانەشدا دەژین. بۆ نموونە لە شیراز دەژین، لە تاران، ئیسفەهان، گوڵپایەگان، مازندەران و لە ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوای وڵاتیشدا دەژین. بە زمانی جیاوازیش قسە دەکەن، بۆ نموونە یارسانی تورکزمان، فارسزمان و کوردزمانیشمان هەیە، بەڵام دەقی ئایینیی یارسان بە زمانی کوردی گۆرانییە. دەتوانین بڵێین رۆژئاوای کرماشان ناوەند و دڵی یارسانە.
رووداو: کام شاری کرماشان ناوەندی یارسانەکانە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: زیاتر داڵاهو.
رووداو: لەو شارانەی کرماشان کەوا زۆرینەیان هەموو پێکهاتەی دانیشتووانی یارسان بێت، کامانەن؟
نیعمەت زەحمەتکێش: لەنێو شارەکاندا تێکەڵن، بەڵام دوو سێ شاری وەک کرند، گاوارە و کۆزەران 90٪یان یارسانن و بە ناوەندگەلی یارسانی دادەنرێن. ناوەندی ئایینیی یارسانیش "توشامی"یە، ئەویش لە ناوچەی گاوارە و داڵاهویە.
رووداو: ژمارەی یارسانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: بە داخەوە ئامارێکی فەرمی نییە. دەگوترێ ژمارەیان لە نێوان دوو ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆنە، بەڵام ئەمە رەنگە ئامارێکی ورد نەبێت.
رووداو: بە گریمانە.
نیعمەت زەحمەتکێش: بە گریمانە لەنێوان دوو ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن کەس دەبن.
رووداو: ئەمە بەگشتیی لە ئێران؟
نیعمەت زەحمەتکێش: بەڵێ.
رووداو: لە پارێزگای کرماشان ژمارەیان چەندە؟ ئەگەر بە رێژە ئەژماریان بکەین.
نیعمەت زەحمەتکێش: ئەم ئامارە نییە، بەڵام لە پارێزگای کرماشاندا پێڕەوانی ئایینی یارسانی زۆرن. باسی چەند شارێکم کرد، لەنێو شاری کرماشاندا خەڵکی خۆجێی یارسان هەیە، قەسری شیرین سەردەمانێک هەر هەمووی یارسان بوون. یارسانەکان لە هەندێ شوێنیش وازیان لە ئایینەکەی خۆیان هێناوە. بەرەو کەمبوون چوون. ماوەیەک روویان لە کەمبوون بووە، بەڵام لە کرماشان زۆرن و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێن.
رووداو: لە کرماشان پێڕەوانی شیعە زۆرینەن، دواتریش سوننە و یارسانن، کامیان زیاترن؟
نیعمەت زەحمەتکێش: ئاماری ورد نییە، بەڵام کرماشان وەک هیندستانی ئێران بەناوبانگە، هەموو باوەڕەکانی تێدا هەیە.
رووداو: واتە بە رێژە هیچ روون نییە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: ئێستا ئەگەر شتێک بڵێم رەنگە هەڵە بکەم، بەڵام لە نیوە کەمترە.
رووداو: لە پێڕەوانی سوننە مەزهەبی کەمترن یان زیاترن؟
نیعمەت زەحمەتکێش: رەنگە یەکسان بن.
رووداو: بۆیە باسی کرماشانم کرد چونکە لە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێڕەوانی ئایینی یارسانی ناژین.
نیعمەت زەحمەتکێش: نەخێر، هەیە.
رووداو: لە پارێزگای ورمێ؟
نیعمەت زەحمەتکێش: بەڵێ، لەوێ هەیە، هەروەها تەنانەت لە پارێزگای کوردستان (سنە)ش لە بیجاڕ و گەڕووس یارسانەکان دەژین.
رووداو: ژمارەیان زۆرە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: لە ناوەندی شار و هەندێ گوندیشدا دەژین.
رووداو: ئایینی زەردەشتی و یارسان یەکن؟
نێعمەت زەحمەتکێش: نەوەڵڵا.
رووداو: جیاوازن؟
نیعمەت زەحمەتکێش: بەڵێ، جیاوازن.
رووداو: واتە زەردەشتی ئایینی یارسانەکان نییە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: باسم کرد، ئایینی یارسان دابونەریتی تایبەت بە خۆی هەیە، جیاوازە لە زەردەشتی. رەنگە هەندێ شتیان لە یەکتر وەرگرتبێت، بەڵام ئەوەیکە باسی دەکرێ بەپێی دەقە ئایینییەکانی یارسان کەوا ئایینێکی ئەزەلییە و رەنگە پێش زەردەشتیش هەبووبێت و بەم هۆیەوە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەبووبێت، بەڵام ئایینی یارسان ئایینێکی سەربەخۆیە.
رووداو: دۆخی کولتووریی ئێستای یارسانەکان چۆنە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: بەخۆشییەوە ئێستا بارودۆخ زۆر باشترە، لەبەر ئەوەی خەڵک روویان لە مەعنەوییەت کردووە، ئایینی یارسانیش لەبەر پێشینەی پرشنگداری پیرانی یارسان و لەنێو ئایینی یارسانیشدا گرنگیی زۆر بە کولتوور، هونەر و مۆسیقا دەدرێت و نەوەی گەنجیش پێشوازیی زۆری لێدەکات.
رووداو: ژمارەی یارسانەکان بەرەو کەمبوونەوە نەچووە؟
نیعمەت زەحمەتکێش: ماوەیەک بەرەو کەمبوونەوە چوو، بەڵام بەخۆشییەوە ئێستا ئیدی شانازی بە دابونەریت و رابردووی خۆیانەوە دەکەن و ئێستا مەترسیی لەسەر ئەم ئایینە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ