سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ بۆ رووداو: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو شەڕێکی گەورە لەگەڵ رووسیا بکەین

11-04-2022
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
هەڤپەیڤینی ڤیتالی کلیچکۆم لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی ڤیتالی کلیچکۆم لەگەڵ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ دەڵێت، زیاتر لە 100 باڵەخانە وێرانکراون، بەڵام ئێستا دۆخەکە باش بووە و رۆژانە 20 بۆ 30 هەزار کەس دەگەڕێنەوە شارەکە و دۆخی خزمەتگوزاریی ئاو، کارەبا و غاز لە ئاستێکی باشدایە.
 
ڤیتالی کلیچکۆم، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە هەڤپەڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا رووسیا بەرەی شەڕی بردووەتە سەر سنووری بێلاڕووس و هێزێکی زۆریشیان گواستووەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. لەو ناوچانە پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو شەڕی گەورە رووبدات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ڤیتالی کلیچکۆم
 
رووداو: دوێنێ ناوچە زیانلێکەوتووەکانت بەسەرکردەوە زیانەکانی شەر لەڕووی ئاوەدانی و ئابوورییەوە چەندە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: زۆرتر لە 100 باڵەخانە و شوقە وێرانکراون. پتر لە 100 کەس کوژراون، چواریان منداڵن. ئێستا 300 کەس لە نەخۆشخانەکانن کە بریندارن. شارەکەمان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئەگەر سەیری وێنە سەتەلایتییەکان بکەین دەبینین شارەکانی دیکە بە تەواوی وێرانکراون، وەکو شاری بوچا کە هەموو باڵەخانەکانی وێرانکراون زیانەکان زۆر گەورەن. شاری کیێڤ زۆر زیانی بەرنەکەوتووە بەڵام وەک لە سەتەلایت دیارە شارەکانی دیکە وێرانکراون کە هاوسنووری شاری کیێڤن. 
 
رووداو: چۆن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەسەلمێنن رووسیا کۆمەڵکوژی کردووە لە بووچا؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: رووسیا هەمیشە درۆی کردووە. درۆی کردووە لەبارەی هەموو رووداوەکانی ئۆکرایناوە هەر لە سەرەتاوە. ساڵی 1994 بەڵێنی سەربەخۆیی و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتەکەمانیان دا بە مەرجێ دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببین. دوای ئەوە هێرشیان کردە سەر دۆنێتسک و لۆهانسک و ئێستاش لە ئۆکراینا شەریان هەڵگیرساندووە. رووسیا هەمیشە هەوڵدەدات لێکدانەوەیەک بدۆزێتەوە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قبووڵکراو نییە. ئێستا کە ئەم ئۆپەراسیۆنەیان دەستپێکردووە، رووسیا دەڵێ ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژی سوپای ئۆکراینایە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی زیانی زۆری بە شارەکان گەیاندووە، ماریۆپۆل وێرانکراوە، خارکیڤ وێرانکراوە، چیرنیهیڤ وێرانکراوە، هەروەها بوچا گاستۆمیل، ئیرپین، ئەم شارانە بەتەواوی وێرانکراون. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە لەدژی خەڵکی سڤیلە. رووسیا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیلی کوشتووە، نەک تەنیا کوشتن سووکایەتیشیان بە خەڵکی سڤیل کردووە. بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لەم شەڕە بێبەزەییە تێوەگلاون دەبێ باجەکەی بدەن. دەبێ سزای تووندیان بەسەردا بسەپێنرێ بەرامبەر کردەوەکانی سوپای رووسیا. 
 
رووداو: زیانە ئابوورییەکانی ئۆکراینا لە شەڕی رووسیا تاوەکو ئێستا چەندە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: لەبارەی رەوشی دارایی، ئابووریمان هەرەسیهێناوە. ژێرخانمان، پرد، شەقام و باڵەخانە و دامەزراوەکانمان بە مووشەکی رووسی هەموویان وێرانکراون. ملیۆنان ئۆکراینی ئاوارەبوون و چوونەتە بەشی رۆژئاوای وڵاتەکەمان هەروەها چوونە وڵاتانی دیکەش، ئەوەش بە هەمان شێوە زیانی بە ئابووریمان گەیاندووە. راستییەکەی ئێستا هەموومان سەرنجمان لەسەر شەڕەکەیە و پاڵپشتیکردنی سوپاکەمانە. بەڵام ئابووریی وڵاتەکەمان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی وردە وردە پڕۆسەی بەهێزکردنەوەی ئابووری دەستپێبکەینەوە لە شارەکەمان. بەڵام ئاسان نییە، بە تایبەتی کە ئێستا بەهارە و کەرتی کشتوکاڵیمان کە بەشێکی گەورەی ئابووریمانە پێویستە ببوژێنرێتەوە. لەم رەوشەدا ئەوە ئاسان نییە، چونکە بەشێکی گەورەی خاکی ئۆکراینا داگیرکراوە و ئێستا رەوشەکە لەبار نییە بۆئەوەی ئەو زەوییانە دابچێندرێن و چالاکییان لەسەر ئەنجامبدرێت. لە راستیدا رەوشەکە هەستیارە، لەبەرئەوە داوامان لە هاوبەشەکانمان کردووە یارمەتیمان بدەن. 
 
رووداو: کیێڤ ناوەندێکی بازرگانی و زانستی بوو، زیانەکانی کیێڤ لەم شەڕەدا چەندە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: هەموو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، هەموو ئەو بیانیانەی لە ئۆکراینا کاریان دەکرد لێرە نەماون، چەندین وڵات کە وەبەرهێنانی گەورەیان لە ئۆکراینا دەکرد، وەبەرهێنانیان وەستاندووە. تەواوی چالاکییەکانی وەبەرهێنان لە کیێڤ وەستاون. ئەوە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ئابووریمان. ئەوەی ئێستا داوای دەکەین ئەوەیە شەڕ بوەستێت، سەربازانی رووسیا لە خاکی ئێمە بچنە دەرەوە. ئێمە دانوستاندنمان پێ باشە یان سازشێک بکرێت بە مەرجێک رووسیا شەڕ بوەستێنێت و سەربازانی رووسیا بچنە دەرەوە، بەڵام ئێستا دەبێ جەختمان لەسەر ئەوە بێ بەرگری لە شارەکانمان بکەین. پرسی گرنگی دووەم ئابووریە.
 
رووداو: بەشێوەیەکی گشتی لە ئۆکراینا چەند کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئێمە ژمارەکان نازانین، ناتوانین بە دیاریکراوی بڵێین چەندن، لە بوچا 300 تەرممان دۆزیونەوە. بەڵام هێشتا داروپەردووی باڵەخانەکان دەگەڕێین و رۆژانە تەرمی نوێ دەدۆزینەوە. لە شارەکانی دیکەش خارکیڤ و ماریۆپۆل، لەو دوو شارە وێرانکاریی زۆر گەورە کراوە. تەرمی هەزاران سڤیلمان ژماردووە. ژمارەکان بە دیاریکراوی نازانین، بەڵام زۆر زۆرن، هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە. لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر پەنجا کەس مردن، زۆریان منداڵ بوون، زۆرتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون. ئەمە واتای چییە؟ واتای ئەوەیە هەموو رۆژێک خەڵکی سڤیل دەمرن. ئێمە چاومان لەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخەنە سەر رووسیا بۆ وەستاندنی شەڕەکە، ئەوە لە هەموو شتێک لە پێشترە بۆ ئێمە.
 
رووداو: رووسیا هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو کیێڤ کۆنتڕۆڵ بکات، ئێستا سووپای رووسیا چەند لە کیێڤەوە دوورن و چەن پاشەکشەیان کردووە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: هێزەکانی رووسیا زۆر نزیکبوون، پێموایە بیست کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کیێڤ دووربوون. هاتبوونە سەر سنووری شارەکەمان. بەڵام سوپاس بۆ نیشتمانپەروەران و سەربازانمان کە بەرگرییان لە شارەکەمان کرد. سەربازانمان یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانیان تێکشکاند کە سوپای رووسیایە. بۆتان رووندەکەمەوە کە بۆچی سەربازانمان هێندە بە سەختی بەرگری دەکەن. راستە رووبەڕووی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهان دەبنەوە، بەڵام بە گیان و ئیرادە شەڕ دەکەن. دەمەوێ روونی بکەمەوە بۆچی سەربازانی ئۆکراینا بەهێزترن لە سەربازانی رووسیا. رووسیەکان، سەربازانی رووسیا بۆ پارە شەڕ دەکەن. لەکاتێکدا سەربازانی ئێمە هەموویان ئامادەن ژیانیان ببەخشن لە پێناو منداڵەکانیان و ماڵەکانیان. ئێمە بەرگریی مەدەنیشمان هەیە. ژمارەیەکی زۆر خەڵک پەیوەندی دەکەن بە سوپاوە، زۆر کەس دێنە لای من و دەڵێن تکایە نامانەوێ وڵات جێبهێڵین، ئامادەین بەرگری لە شارەکەمان و خێزان و منداڵانمان بکەین. تکایە دەتوانی چەکمان بدەیتێ؟ کەسانی ناو پسپۆرییە مەدەنییەکان وەکو ئەکتەر، میوزیکژەن و پزیشک ئێستا یونیفۆڕمی سەربازییان پۆشیوە و چەکیان بەدەستەوەیە و ئامادەن بەرگری بکەن. بەرگری لە خێزانیان دەکەن. ئێستا رووسیا بەرەی شەڕی بردووەتە سەر سنووری بێلاڕووس و هێزێکی زۆریشیان گواستووەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. لەو ناوچانە پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو شەڕی گەورە رووبدات. 
 
رووداو: ئێستا کە دۆخەکە هێور بووەتەوە، خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان؟ پێتانوایە کاتێکی گونجاوە بۆ گەڕانەوە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: خەڵک پرسیار ناکەن کە بگەڕێنەوە یان نا، بەڵکو یەکسەر دەگەڕێنەوە. لەبەرئەوەی هەمیشە باشترە لە ماڵی خۆت بیت. هەمووان دەزانن رووسیا پاشەکشەی کردووە و شاری کیێڤ راستە 100٪ سەلامەت نییە، بەڵام هەفتەیەکە هێرشی مووشەکی رووینەداوە و خەڵک هەوڵدەدەن ژیانیان ئاسایی بکەنەوە. لەبەرئەوەیە ئێستا خەڵک دەگەڕێنەوە.
 
رووداو: ئێستا خزمەتگوزاریی و پێداویستییەکان لە کیێڤ چۆنە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: هەموو خزمەتگوزارییەکان بەردەستن. کارەبا هەیە، ئاو و گاز هەیە. هەموو شتێک کار دەکات. ئێستا گواستنەوەی گشتی خەریکە بەتەواوی بکەوێتەوە دۆخی ئاسایی. هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام کیێڤ بەتەواوی گۆڕاوە، وەک جاران خەڵکی تێدا نییە. زۆربەی خەڵکیش چەکیان پێیە. کەشەکە وەک جاران نییە، وەک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە نییە. پێش شەڕەکە دانیشتووانی سێ ملیۆن و نیو بوو، ئێستا نیوەی دانیشتووان شارەکەیان جێهێشتووە. رۆژانە بیست بۆ سی هەزار کەس دەگەڕێنەوە. 
 
رووداو: پێتانوایە بەمزووانە شەڕەکە کۆتاییدێت؟ پێشبینیتان بۆ شەڕەکە چییە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئێمە نازانین، هیچ پسپۆڕێکی جیهانی ناتوانێت بڵێ کەی شەڕەکە دەوەستێت. هیچ پسپۆڕێکی جیهانی ناتوانێ کاتەکە دەستنیشان بکات. رەنگە چەند هەفتەیەکی دیکە، رەنگە چەند مانگێک. هیوادارم نەگاتە چەند ساڵێک. بەڵام ئێمە هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە جگە لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان و پاراستنی خەڵکەکەمان. ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەم شەڕە دوورە لێی و نایگاتێ ئەوە هەڵەیە، ئەم شەڕە کوشندەترین شەڕە لە  دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە کیشوەری ئەوروپا. ئەم شەڕە دەکرێ بگاتە لای هەموو کەسێ. دەکرێ ناسەقامگیری هەموو ناوچەکە بگرێتەوە. لەبەرئەوە کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە بەزووترین کات شەڕەکە بوەستێنین. من واینابینم رووسیا بیر لە چارەسەر و سازش بکاتەوە، لەبەرئەوەی ئێستا هیچ سازشێک نابینین ناچارین بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین، بەرگری لە شارەکەمان بکەین و لە پێناو داهاتوومان شەڕ بکەین. سەربازانی رووسیاش لە خاکی خۆمان بکەینە دەرەوە.
 
رووداو: رووسیا دەیەوێت پێگەی خۆی لە هەرێمی دۆنباس بەهێزبکات، ئۆکراینا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکات؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئەم شەڕە رووسیا دەستیپێکرد، هەمووان دەزانن لە ساڵی 2014ەوە رووسیا پارەی بۆ ئەم ململانێیە تەرخان کرد، چەکی نارد بۆ یاخیبووان، شەڕی پڕوپاگەندەیان دەستپێکرد لەگەڵ شاردنەوەی مێشکی خەڵک. لەراستیدا رووسیا گوتی لە ئۆکراینا نەتەوەپەرست و تووندئاژۆ و فاشیست هەن. ئەمە درۆیە، درۆیە و راست نییە. چونکە ئێمە وەک ئۆکراینا هەمیشە وڵاتێکی ئاشتیخوازبووین. هەمیشە گەلێکی ئاشتیخوازبووین. هەرگیز هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک و هیچ وڵاتێک. هۆکاری ئەوەی کە رووسیا بڵاوی دەکاتەوە و ئەو هۆکارەی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە دەیخاتەڕوو هەمووی درۆ و پڕوپاگەندەیە. هەروەها ئەوەی لەوبارەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی دەڵێت. من تووشی شۆک بووم کە بیستم بەپێی راپرسییەک لە ناو رووسیا، 70٪ رووسییەکان پشتگیری ئەم شەڕە دەکەن. لەکاتێکدا خەڵکی سڤیل دەکوژن و شەڕەکە تەنیا تراژیدیا نییە بۆ ئۆکراینا، بەڵکو تراژیدییەکی گەورەشە بۆ رووسیا. چونکە ئێمە دەزانین لە مانگی رابردوودا ئێستا 20 هەزار سەربازی رووسی کوژراون. ئەوانە هەموویان کوڕ و باوک و مێردن. جگە لەوەی ئێستا سەپاندنی ئەم هەموو سزا نێودەوڵەتییە بەسەر رووسیادا دەرفەتێکە بۆ وەستاندنی رووسیا. دەبێ لە هەموو رووێکەوە بیوەستێنین، لەرووی ئابووریی و ئەو هێرشەش کە کردوویە سەر ئۆکراینا دەبێ بیوەستێنین. هەر چالاکییەک بگرینە بەر بۆ وەستاندنی شەڕ. چونکە رووسیا هەموو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردن لەگەڵ هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان. 
 
رووداو: لەماوەی رابردوو شاندی ئۆکراینا و رووسیا چەن جارێک کۆبوونەوە هۆکار چی بوو نەگەیشتنە رێککەوتن؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: من بەشێک نیم لە گفتوگۆکان، بەڵام رووسییەکان باسی سازش و چارەسەر دەکەن. نازانم، ئایا سازش کردن ئەوەیە بەشێک لە خاکی ئۆکراینایان بدەینێ؟ بۆ ئێمە ئەمە سازشکردن نییە. چارەسەر ئەوەیە هەموو سەربازانی رووسیا پێویستە لە وڵاتی ئێمە بچنە دەرەوە. دوای ئەوە ئێمە باسی سازش یان دۆزینەوەی چارەسەرێک دەکەین. ئێستا ئەوان بەشێکی گەورەی خاکی ئێمەیان داگیرکردووە و باسی چارەسەر دەکەن. باوەڕناکەم لەم دانوستاندنانەدا هیچ چارەسەرێک بەدی بێت کە بەهێزی سەربازی سەپێنرابن. ئەوە نە سازش و نە زەمینەیەکی باشە بۆ دانوستاندن.
 
رووداو: پاش ئەم شەڕە بابەتی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ چی لێدێت؟ ئۆکراینا دەبێتە ئەندامی ناتۆ؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئێمە پێشتریش بێلایەن بووین. ساڵی 1994 دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بووین. بیست ساڵ زۆرترە وڵاتێکی بێلایەنین. بەڵام ئەوە هەڵەبوو. ئەگەر ئەندام بین لە دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە پێکەوە بەرگری لە سەروەریی یەکدی بکەین ئەوە زۆر باشتردەبێت. بەڵام ئێمە بێلایەن ماینەوە و دواتر بینیمان کریمیا داگیرکرا. ئێستاش لە دۆنێتسک و لۆهانسک شەڕە. ئێمە هاوپەیمانمان هەن لەدژی رووسیا، سوپاسی هاوبەشەکانمان دەکەین کە بە چەکی مۆدێرن پاڵپشتیی سەربازانی ئۆکراینی دەکەن، بەڵام ئەمە وڵاتی خۆمانە، داهاتووی خۆمانە، سەربەخۆیی خۆمانە و پێویستە بەتەنیا شەڕی بۆ بکەین. تاوەکو ئێستا باجی زۆرمان داوە لە پێناو بێلایەنیمان. ئەگەر بێلایەن نەبووینایە و هاوبەشمان هەبووان لە بەرگریدا، زۆر ئاسانتردەبوو. 
 
رووداو: ئۆکراینا چی دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لە بووچا کۆمەڵکوژی کراوە؟
  
ڤیتالی کلیچکۆم: ئەوە جینۆسایدە، جینۆساید. ئەوە زۆر باشە کە ئەو هەموو رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە پایتەختی ئۆکراینان لەبەرئەوەی ئێستا هیچ رۆژنامەڤانێک لە ماریۆپۆل نییە، رۆژنامەڤانی زۆریش لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا نین. ئەو رۆژنامەڤانانەی لە کیێڤن دەتوانن زانیاریی راستەقینە بۆ هەموو جیهان بگوازنەوە. ئەوەی روودەدات، وەک دەبینرێ ئەو هەموو خەڵکەیان کوشتووە، ژنان و منداڵان. بەڵگەمان بە دەستەوەیە. پڕوپاگەندەی رووسیا دەڵێت ئێمە خۆمان هەموو شتەکەمان رێکخستووە و هەمووی ساختەیە. پڕوپاگەندەی رووسیا بێنرخە. ئەوان خەڵکی ئۆکراینایان جینۆساید کردووە. ئەوە کەیسێکی باشە بۆ دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دژی هەموو ئەوانەی لەم شەڕە بێمانایە بۆ سەر ئۆکراینا و خەڵکەکەی تێوەگلاون.
 
رووداو: ئەو رێککەوتنە کەی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە کە بڕیاربوو 10 رێڕەوی مرۆیی لە ماریوپۆل بکرێتەوە؟ ئەوە تەنیا بۆ ماریوپۆلە یان بۆ خارکیڤ و شارەکانی دیکەشە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئێمە هەوڵدەدەین رێڕەوی مرۆیی بکەینەوە، بەڵام بۆ نموونە لە رێڕەوی مرۆیی بوچا ئۆتۆمبێلەکان کە پڕ بوون لە منداڵ و ئاڵای سپییان هەڵکردبوو، تەقە لەو ئۆتۆمبێلانە کرا، لە نێو ئۆتۆمبێلەکان تەرممان نەدۆزینەوە، بەڵام پڕبوون لە خوێن، واتای ئەوەیە ئەو خەڵکە کوژراون. منداڵ، ژن، پیاو لە ناو ئەو ئۆتۆمبێلانەبوون. ئەوە ئەو رێرەوە مرۆییە بوو کە رووسیا باسیدەکرد. لەبەرئەوە باوەڕ بە رووسیا ناکەین و ئەوەی روودەدات تراژیدییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئۆکراینا.
 
رووداو: ئەمساڵ مۆندیال ئەنجامدەدرێت جیهان چاوەڕوانی هەڵوێستی ئۆکراینایە؟ ئۆکراینا یەکێک دەبێت لە هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال یاخود نا؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: ئێستا هەموو کۆمیتە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان، کۆمیتەی ئۆڵەمپی، فۆرمۆلا وەن، فیفا و یوفا وەرزشوانانی رووسیایان بۆ ماوەیەک لەهەموو پاڵەوانێتییەکان بێبەری کردووە. پاڵپشتیکردن لە ئۆکراینا دەبێ ببێتە هۆی وەستاندنی شەڕەکە. خەڵکی رووسیا و دانیشتووانی رووسیا پێویستە تێبگەن حکومەتەکەیان هەڵەی کردووە. ئەم شەڕە بە ئازارە بۆ هەموو تاکێکی ئەوروپا، بۆ رووسییەکانیش بە هەمانشێوە. لەبەرئەوە سزاکان زۆر بەباشی کاریان کردووە. هەر لەبەر ئەوەش سزا بەسەر وەرزشوانانی رووسیادا سەپێنراوە. دەبێ ئەوانیش شتێک بڵێن لەدژی ئەم شەڕە. لەبەرئەوەی کاریگەریی لەسەر هەمووان هەبووە. لەبەرئەوە پشتگیریکردنی ئۆکراینا لەبواری وەرزشیشدا زۆر گرنگە بۆ وەستاندنی شەڕ، ئەمە رێگەیەکە بۆ وەستاندنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. 
 
رووداو: چارەنووسی هەڵبژاردەی ئۆکراینا چی دەبێت لە مۆندیالی داهاتوو؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: راستییەکەی نازانم، بەڵام ئایا ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان و ئۆکراینا بەشداری دەکات، ئەوە نازانم. بەڵام دەزانم زۆر وەرزشڤانان، یاریزانانی تۆپی پێ، زۆر یاریزانی تێنس، یاریزانانی بۆکسێن و هەموو وەرزشەکانی دیکە ئێستا لەناو وەرزشەکانیان نین، بەڵکو چەکیان بەدەستەوەیە و لە مەیدانی شەڕ بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەن. ئەوە گەورەترین ئاڵنگارییە بۆ ئێمە و زۆر بەلامانەوە گرنگترە لە وەرزش. لەبەرئەوە ئێستا پرسیاری داهاتووی وەرزش گرنگ نییە، داهاتووی خێزان و منداڵمان گرنگترە. 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند وەرزشکار بەهۆی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە؟
 
ڤیتالی کلیچکۆم: کۆمەڵێک وەرزشڤانمان لە هێرشەکانی رووسیادا کوژراون. نازانم بەدیاریکراوی ژمارەیان چەندە. رووسیا دەیەوێت هەموو ئۆکراینییەکان بکوژێت، گرنگ نییە پیشەکەیان چییە. میوزیکژەنی، هونەرمەند. ئامانجەکە ئەوەیە هەموو ئۆکراینییەکان بکوژن. لەبەرئەوە گوتم لەم شەڕەدا خەڵکی ئۆکراینا جینۆسایدکراون. بۆیە دەبێ هەمووان هەوڵبدەن ئەم شەڕە بوەستێنن، ئەگەر کەسێک پێی وابێت شەڕەکە دوورە لێی و کاریگەری لەسەری نابێت، هەڵەیە. ئەم شەڕە دەکرێ کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبێت لە جیهاندا. شەڕێکی مەترسیدارە. پشتگیریکردنی ئۆکراینا کلیلی ئاشتییە. هیواداریم بەزووترین کات ئاشتی بگەرێتەوە بۆ کیشوەری ئەوروپا و وڵاتەکەمان. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتگیریی ئۆکراینا دەکەن. لەگەڵ ئۆکراینا بمێننەوە. زۆر گرنگە بۆ ئێمە و دەزانین دۆستە راستەقینەکانمان کێن و هەرگیز لەبیریان ناکەین. زۆر سوپاس بۆ هەموو کەسێک لە عێراق کە پشتگیریی وڵاتەکەمان دەکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات