رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدولەتیف ئەحمەد بە رێبەری رەوتی سەلەفی لە کوردستان دەناسرێت، بەڵام ئەو تەنیا خۆی وەک مامۆستایەکی ئایینی دەناسێنێت، د. ئادەم بێدار، پێشێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، لە مزگەوتی 'بەهەشت' لە سلێمانی هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا کردووە، تێیدا باس لە سەلەفییەت لە کوردستان و بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خۆی و چەند مژارێکی دیکە دەکات.
رووداو: من لە پێشەکییەکە گوتم، دەچینە لای بەڕێز د. عەبدولەتیف ئەحمەد، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی رەوتی سەلەفی لە کوردستان، هەندێک وەک رێبەری رەوتی سەلەفی دەتناسێنن. خۆت چۆن خۆت دەناسێنیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: جارێ بزانین سەلەفییەت چییە، رەوتە، رابەرم، رێبەرم؟ مامۆستایەکی ئایینیم و هیچی دیکە نا.
رووداو: رەنگە بەلای خەڵکەوە گرنگ بێت بزانن، شەو و رۆژێکی رەمەزان چۆن بەرێدەکەیت، چونکە ئێستا ئێمە لە مانگی رەمەزانداین؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەبارەت بە مانگی رەمەزان، بێگومان مانگێکی پیرۆزە، خێروبێری زۆری تێدایە، مرۆڤی ئاقڵ دەبێت هەوڵبدات لەو خێرانەی بێبەش نەبێت، پێغەمبەری خودا (د.خ) لەسەر بێت دەڵێت، مانگی رەمەزانتان بۆ هات کە هەمووی خێر و بەرەکەتە، مرۆڤ چی بکات بۆ ئەوەی ئەو خێرانەی دەستکەوێت، پەنا بەخوا. بێگومان کۆمەڵێک شتمان هەیە گرنگە و پێویستە، بەرۆژووبوون، شەونوێژ و تەڕاویح ، نوێژە فەرزەکان هەمووی لە مزگەوت بکرێن، یارمەتی هەژار و خواردن بدرێت، ئەمانە هەمووی گرنگن.
رووداو: ئەمە بە گشتی گرنگە، بەڵام وەک کەسایەتی خۆت رۆژانە لە رەمەزاندا چەند کاژێر قورئان دەخوێنی و چەند کاژێر وانە دەڵێیتەوە، تەڕاویحەکان خۆت پێشنوێژی دەکەیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: دوای نوێژی بەیانی تەفسیری قورئانم هەیە، سێ سوڕەتم هەڵبژاردووە 'الفرقان'، 'الشعراء' و 'النمل' لە مزگەوت تەفسیری دەکەم و لە کەناڵی ئاسمانی ئامۆژگاریش بە راستەوخۆش پەخش دەکرێت، کاژێر پێنج، بەرنامەی 'لەگەڵ رۆژووانان'ـم هەیە، 20 خولەکێک لەبارەی یەکێک لە حوکمەکانی رەمەزان قسە دەکەم، دواتر پرسیاری خەڵک سەبارەت بە مانگی رەمەزان، ئەحکام و بەرۆژووبوون و زەکات وەردەگرین و هەر شتێک خەڵک لەبارەیەوە پرسیار بکات، راستەوخۆ وەڵامیان دەدەینەوە و ئەمە یەک کاژێرە، لە کاژێر پێنج.
دوای نوێژی تەڕاویح ، ئەوانەی پێشنوێژیمان بۆ دەکەن، سێ ئیمامی سەرەکیمان هەیە، ئەویش مامۆستا رەعد کوردی لە دە شەوی کۆتاییدا لێرەیە؛ پەنا بەخوا، مامۆستا عومەر عەبدوڵڵا هەر لە سەرەتاوە لێرەیە و مامۆستا فوئاد کەریم سوپاس بۆ خوا بەردەوام لێرەیە.
دوای تەڕاویح خەڵک راناگرین، دوای تەواوبوونی نوێژی تەڕاویح هەر کەسە بە ئارزووی خۆی دەمێنێتەوە، 'صور من حیاة التابعین، دروس و عبر'مان هەیە، پار ژیاننامەی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) هەبوو، پێرار ژیانی پێغەمبەر (د.خ)، ئەمساڵ شوێنکەوتووەکان، بۆچی؟ چونکە بە ئامانجەوە دامناوە، دەمەوێت بە خەڵک بڵێم ئایینی ئیسلامی راستەقینە ئەوەیە کە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، هاوەڵان و شوێنکەوتووان لەسەری بوونە، فەرموون بیانناسن، پێغەمبەری (د.خ) ژیاننامەی چی بوو، هاوەڵان چی بوو و شوێنکەوتووان چی بوو.
رووداو: کە فتار دەکەیتەوە، لە مزگەوت دەیکەیتەوە یان لە ماڵەوە و بە چی رۆژووەکەت دەشکێنیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سوپاس بۆ خوا ئێمە رۆژووشکاندنی بە کۆمەڵمان هەیە، رێکخراوی ئەمین کە هەر خۆمان دامانناوە، سوپاس بۆ خوا، سفرە بۆ هەموو رۆژووانان رادەخرێت و هەمووان پێکەوە رۆژوو دەشکێنن، هەندێ جاریش لە ماڵەوە؛ چونکە جاری وایە میوانم هەیە.
رووداو: ئەی قورئان خوێندن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: دوای ئەوەی وانەکان تەواو دەکەم، ئینجا بەرنامەیەکی دیکەی تایبەتی خۆمم هەیە، ئەویش نووسینەوەی تەفسیری قورئانە و بەوە خەریک دەبم.
رووداو: چەند کاژێر خەریکی تەفسیری قورئان دەبیت و بە کوێ گەیشتووە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سوپاس بۆ خوای گەورە نیوەی تەواو بووە و ئێستا سەرقاڵی تەفسیرکردنی سوڕەتی 'مریم'ـم. لە کاتەکانی دیکەشدا قورئان دەخوێنمەوە.
رووداو: ئەمانە گەورەترین شتن کە د. عەبدولەتیف لە مانگی رەمەزاندا دەیانکات؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بێگومان، ئەمە بەلامەوە گرنگە و خوای گەورە لێمان وەربگرێت.
رووداو: زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت لە ماڵەوە لەگەڵ هاوژینت نوێژی بە کۆمەڵ یاخود شەو نوێژ دەکەیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سوپاس بۆ خوا بەرنامەی زانستیمان لە ماڵەوە هەیە، بۆ نموونە بۆ مانگی رەمەزان پێشبڕکێیەکی خێزانیمان هەیە و هاوژین و منداڵ تێیدا بەشدارن، ئەویش لەبەرکردنی هەموو وشەکانی قورئانی پیرۆزە لە مانگی رەمەزاندا و لەگەڵ 'جوزئی عەم'ـە.
رووداو: خەڵاتیشیان پێدەدەیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بەڵێ خەڵاتیشیان پێدەدەم؟
رووداو: خەڵاتەکە چییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: با جارێ نەزانراو بێت.
رووداو: یەکێک لەو بابەتانەی کە لەو چەند رۆژەی رابردوودا قسە و باسی لەسەر کرا، وەک دەبینین نوێژی ئێوارە نووسراوە 6:23 خولەک (ئاماژە بە کاتی کاتژمێری نێو مزگەوت دەکات)، پێموایە هەمان ئەو کاتەیە کە لە سلێمانی هەیە، گۆڕانکاری بەسەر ئەمەدا هات، تۆ خۆت رات لەسەر ئەو گۆڕانکارییە چییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ئەم بابەتە لای من بە بابەتێکی گرنگەوە پەیوەستە، یەکەمیان: قسە لەسەر شتێک ناکەم کە عیلمم پێی نەبێت، کەسانێک هەن تایبەتمەندن، چاودێری خۆڕهەڵاتن و خۆرئاوابوون دەکەن، پێویستە رێز لە رای ئەوان بگرین، قسەی ئەوان لە قسەی سەت مامۆستای ئایینی و بەرپرس گرنگترە، بۆیە ئەوانەی کە چاودێری دەکەن و بەڵگەیان هەیە و داویانەتە وەزارەت و حکومەت، حکومەتیش کردوویەتی بە بڕیار، تەواو پێیەوە پابەند دەبین. ناکرێت بڵێم من مامۆستای ئایینیم و زانیارییەکم هەیە، دەبێت من قسەی خۆم بسەپێنم، بەڵێ پێشتر وامدەزانی بانگی بەیانی زووە، سوپاس بۆ خوا، هەروەها پار و پێراریش، ئێستا بانگەکە راستکراوەتەوە.
رووداو: رەنگە بۆ خەڵک جێگەی پرسیار بێت، ئەی مەغریب، بەتایبەت بۆ رۆژوو شکاندن، ئەگەر ئێمە هەموو ساڵێک رۆژوومان زووتر شکاندبێت، ئایا رۆژووەکانمان قبوڵە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ئەم بابەتە دەبێت تێکڕای موسڵمانان دڵیان بەوە خۆشبێت کاتێک کە فەتوایەکیان بۆ دەدرێت، ئەگەر بێت و ئەو کەسەی لە فەتواکەدا هەڵەی کردووە، ئەهل و شایستە بووبێت، پاداشتی هەیە و ئەوەی ئەهل و شایستە نەبێت؛ ئەو تاوانبارە، 'من أفتي بفتيا غير ثبت فإنما إثمه على من أفتاه'، بۆیە تاوان لەسەر خەڵک نییە، گریمان خەڵک سەت ساڵ رۆژووی پێش کاتی خۆی شکاندووە، لەبەرئەوەی فەتوا دراوە و زانایان فەتوایان داوە، پەنا بە خوا رۆژووەکانیان قبوڵە.
رووداو: بەر لە نوێژی عەسر گوتت کە لە کاژێر پێنج بەرنامەت هەیە؟ لێرە بەرنامەکە دەکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بەڵێ لێرە دەکرێت، بەرنامەی 'رۆژووانان'ـە و ساڵانە هەمانە، جگە لە رەمەزانیش، هەفتەی شەوێک هەمانە، راستەوخۆ پرسیاری شەرعی خەڵک وەردەگیرێت و سوپاس بۆ خوا وەڵام دەدرێنەوە، بەڵام رەمەزانان هەموو رۆژێک هەیە، هەموو رۆژێک 'وەڵامی رۆژووان'ـمان هەیە، بێگومان لە مانگی رەمەزاندا خەڵک پرسیاری زۆرە.
رووداو: زۆربەی پرسیارەکان خەڵک لەبارەی چییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: لەبارەی رۆژووە، لەبارەی زەکاتە، رۆژوو بە چی دەشکێت و بە چی ناشکێت، دووگیانی ئافرەت و ئەحکامەکانی ئافرەت چییە؟ بازاڕی تێدەکەوێت و دۆلار گۆڕینەوە، ئەوانە هەمووی دێتە ئاراوە.
رووداو: پرسیاری سەلەفیەتت لێناکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بێگومان، چۆن دەڵێن مایک ئازادە، خەڵک هەر پرسیارێکی بوێت دەیکات، تەوەرمان دیاریی نەکردووە؛ بڵێین خەڵک لەو سنوورەدا پرسیار بکەن، هەرچی پرسیارێکی بوێت دەیکات.
رووداو: با باسی ئەوە بکەین ئەمە رەوتە یان رەوت نییە؟ سەلەفییەت چییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: خودای پەروەردیگار ئایینێکی بۆ مرۆڤایەتی هەڵبژاردووە کە بریتییە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، واتە هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە تاوەکو کۆتایی، یەک ئایین هەیە، ئەویش ئایینی پیرۆزی ئیسلامە "إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ"، ئیبراهیم (د.خ) و یەعقوب، هەر هەموویان وەسیەتیان بۆ نەوە و کوڕەکانیان کردووە "ولا تموتن إلا وأنتم مسلمون"، بەڵام ئیسلام بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک بە را و بۆچوون و هزری دەرەوە دێتە ناوی، گۆڕانکاری تێیدا دروست دەبێت، پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: "ستفترق أمتي على ثلاث وسبعين فرقة"، واتە ئومەتی من دووبەرەکی تێدا دروست دەبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کەسێک رای خۆی دەسەپێنێت، راو بۆچوونی خۆی دێنێتە نێو ئایین، هەندێ ئایەت لەگەڵ ئەقڵی یەکدەگرێتەوە و هەندێکی ئەقڵی ئەوی قبوڵی نییە و رەتیدەکاتەوە، کە رەتیشی دەکاتەوە، تەفسیر و لێکدانەوەکەی جیاواز دەبێت، بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئەو ئایینی ئیسلامە بمێنینەوە کە خودای گەورە بۆ مرۆڤایەتی هەڵیبژاردووە، وەکو خۆی بێ گۆڕانکاری زیاد و کەم، یەک پێوەر هەیە کە بمانهێڵێتەوە، ئەویش ئەو ئایینە ئیسلامەیە کە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، هاوەڵ و شوێنکەوتووەکان لەسەری بوون.
رووداو: هەموویان هەر وا دەڵێن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: هەموویان هەر وا ناڵێن، دەڵێن جیهان گۆڕاوە و سەردەمەکە جیاوازە و ناکرێت خەڵک بگەڕێنینەوە سەردەمی هەزار و چوارسەت ساڵ پێش ئێستا، هەیە دەڵێت فەرموودەم قبوڵ نییە و هەندێ ئایەت هەیە بۆ ئەمڕۆ نابێت، کەواتە هەمووی وا ناڵێت.
ئێمە دەڵێین قورئان و فەرموودەکان سەرچاوەی ئیسلامەتییە، بەڵام ئەم قورئان و فەرموودانە بە چ پێوەرێک وەریبگرین، هەریەکە دێت و بە را و بۆچوونی خۆی لێکی بداتەوە؟ نا، پێغەمبەری خودا چۆنی بۆ روونکردووینەتەوە و هاوەڵەکان چۆن لەم ئایەتانە گەیشتوون.
رووداو: سەلەفی ئومە... .
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەلەفی ئومە کە بەڕێزتان دەیزانن، ئەمەش بە دەقی قورئان "وَالسَّابِقُونَ الأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ" و پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: "مَا أَنَا عَلَيْهِ وَأَصْحَابِي" واتە حەق ئەوەیە کە پێغەمبەر و هاوەڵەکانی لەسەری بوون.
رووداو: بەڵام ئایە دەقێک هەیە لە قورئان و فەرموودە هەیە بڵێت؛ دەبێت بە تێگەیشتنی پێشینان بێت و نابێت شتی نوێ بڵێی؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: جوانە، پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی "خير الناس قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم"، خێرترینی خەڵک موسڵمانانی سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) بوون کە هاوەڵن، خوا لێیان رازیبێت، ئینجا شوێنکەوتووان و شوێنکەوتووی شوێنکەوتووان دێن، بۆیە ئێمە بەرزەکانیشمان لەو کەسانەن، کەوایە ئەوانە خێرترینی موسڵمانان، ئێمە شوێنی خێرترینی موسڵمانان بکەوین یان شوێنی خراپترینی بکەوین؟ ئەمە وەک فەرموودە، خودای گەورە دەفەرمێت "وَمَنْ يُشَاقِقِ الرَّسُولَ مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَى وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّى وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ وَسَاءَتْ مَصِيرًا"، شافعی دەفەرمێت مەبەستی "وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ" کێیە؟ "الْمُؤْمِنِينَ" کێ بوون؟ هاوەڵەکان بوو. بۆیە خودای گەورە دەفەرمووێت، هەرکەسێک شوێن غەیری رێبازی هاوەڵەکان بکەوێت، بەڕەڵای دەکەین بۆ ئەو رێچکەیەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت "وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ".
ئەمەش موسڵمانان یەک دەخات، ئەگەرنا بڵێم من مەنهەج و پرۆگرامێک دادەنێم و حیزبێک دادەنێم و خەڵکینە وەرن شوێن من بکەون، خەڵک دەڵێت تۆ چیت ئێمە شوێن تۆ بکەوین، با بەڕێزتان وا بڵێن، دەڵێن تۆ کێی؟ بەڵام کە گوتم تۆش و منیش و تێكڕامان موسڵمانان، واز لە راو بۆچوونەکانمان بێنین کە دووبەرەکی لە نێوانماندا دروستکردووە، با بگەڕێینەوە سەر ئەو دینداریەتییە جوانە؛ ئەو ئیسلامییەتە کە پێغەمبەر و هاوەڵان لەسەری بوون، کەس لەسەری ناکۆک نابێت.
رووداو: خەڵکیش دەڵێت ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبووە و خەڵک لەسەر رەوتی ئەشعەری و سۆفیگەری بوونە، تاوەکو سەلەفییەت لە کوردستان پەیدابوو و ئەوان دووبەرەکیان دروستکرد.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: دەزانی کێ کێشەی نەبووە، ئەوانەی بازاڕیان لەوەدا بوو خەڵک سوجدەیان بۆ ببات، بازاڕیان لەوەدا بوو لە جیاتی زەکات و سەرفترە بۆ هەژاران بڕوات و لە رێگەی خوا خەرج بکرێت، بۆ جەنابیان رۆیشتووە، ئێستا ئەو بازاڕەیان نەماوە، سوێند بە سەریان بخورێت و سوجدەیان بۆ ببرێت.
رووداو: کەواتە شینەکە بۆ هەریسەکەیە نەوەک بۆ حوسێن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ئەی رەحمەتت لێبێت، ئەوەیە.
رووداو: زۆرجار لە بەڕێزتان بیستوومە، تێکەڵی ئەوە نین حیزبتان هەبێ.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ناوەڵڵا ئیشمان بە حیزبایەتی نییە.
رووداو: واتە بڕواتان بە حیزبی ئیسلامی نییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: لە بنەڕەتدا خودای گەورە دەفەرمێت "إِنَّ هَٰذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً"، ئومەتی ئیسلام یەک ئومەتە، بۆچی دێین پارچە پارچەی دەکەین، ئەگەر پارچە پارچەش بوو لە هەوڵی ئەوەدابین پارچەکان کەمتر بکەینەوە، یەکیان بخەین و برایەتی دروستبکەین باشترە یان بێین پارچەی زیاتر دروستبکەین؟ من ئێستا حەز دەکەم هەرچی ئیسلامییە ببێتە یەک، نەوەک تەنیا ئیسلامی، بەڵکو هەرچی موسڵمانە لەو کوردستانە هەموویان ببنە یەک.
رووداو: باشە دکتۆر کەواتە ئێوەش ئامادەن لەگەڵ ئەوان ببنە یەک، ئەگەر ئەوان ببنە یەک؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: من بەردەوام پێش ئەوە و دوای ئەوەش، لەگەڵ موسڵمانانین، موسڵمان بە گشتی، بەڵام پێناسەی موسڵمان لای ئێمە تەنیا لە نێو حیزبێکی ئیسلامیدا بێت؟ ئەوەی کە شایەتمان بێنێت بە 'لا الە الا الله، محمد رسول اللە' و نوێژ بکات، ئێمە بە موسڵمانی دەزانین و هەموویان موسڵمانن.
رووداو: کورتکردنەوەی موسڵمانان تەنیا بەوەی لە پارتێکی ئیسلامی ئەندامن، دروستە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: زۆر هەڵەیە، ئەمە گەورەترین دووبەرەکی دروست دەکات، سوپاس بۆ خودا هەموو بەلامانەوە موسڵمانن، بۆیە هەوڵدەدەین موسڵمانان هەموویان یەکڕیزبن.
رووداو: خەڵکێکیش دەڵێن ئێوەش هەر حیزبن، بۆ نموونە رێبەرتان هەیە و بەڕێزتان بە رێبەر دادەنێن، تەلەڤزیۆنتان هەیە، شوێنتان هەیە، سەنتەرتان هەیە، لە شارەکانی دیکە خەڵکتان هەیە، ئەی حیزب چییە هەر ئەوە نییە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: کە باسی حیزب کرا، بە لایەنی سیاسیی دەخوێندرێتەوە، بۆچی؟ چونکە مانا زمانەوانییەکە حیزب بە کۆمەڵ دەخوێندرێتەوە، بەڵام کۆمەڵ شتێکە و حیزب شتێکی دیکەیە، حیزب ئەوەیە تۆ ئامانجێکی سیاسیت هەبێت، ئەویش گەیشتنە بە دەسەڵات، ئینجا بۆ گەیشتن بەو دەسەڵاتە؛ دوو رێگە هەڵدەبژێری، یان رێگەیەکی چەکداری و تووندوتیژی، یان رێگەیەکی دیموکراسی هەڵدەبژێری، ئێمە ئەو شتانەمان نییە، نە ئامانجمان گەیشتنە بە کورسی دەسەڵات، بەڵکو دەڵێین کورسی دەسەڵات پیرۆزی خۆیان بێت، بەڵام با بە جوانی بەڕێوەی بەرن، لە خزمەتی ئایین و موسڵمانان و میللەتەکەدا بن. ئەوە داواکاری ئێمەیە، نەوەک بڵێین ئێمە ئیش بۆ ئەوە دەکەین ئەو کورسییە لەوان بستێنین و بۆ خۆمان بێت.
رووداو: واتە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن؟ پشتگیری لە لیستێکی دیاریکراو ناکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەبارەت بە پشتگیری، هەرکەسێک باش بێت، بزانین کەسێکی چاکە، هەم خواناسە، واتە نابێتە دوژمنی ئیسلام و موسڵمانان، خواناسە، کەسێکە ئیمان لە دڵیدایە، رێزی موسڵمان و ئیسلام دەگرێت، دووەمیان کەسێکە لە خزمەتی میللەتەکەدا دەبێت و شتی پێدەکرێت و بەهێز و ئەمینە، لە هەر لیستێکدا بێت، دەڵێین ئەوە شایستەیە.
رووداو: واتە خۆتان لە لیستێکی دیاریکراودا نزیکتر نابینن؟ بەڵکو بڕیار لەسەر کەسایەتییەکان دەدەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ئامۆژگاریم بۆ تێکڕای گەلی کورد، ئەوانەی دەچن دەنگ دەدەن، دەنگ بە کەسێک بدەن کە بەهێز بێت، ئەمین بێت، خواناس بێت.
رووداو: ئەگەر براشت لە لیستێکی دیاریکراو بێت، وەک هەڵبژاردنی رابردوو؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: چ پەیوەندی بە منەوە هەیە، برام لە لیستێکی دیاریکراودا بێت و برایەکی دیکەم لە لیستێکی دیکەدا بێت، یان لە هیچ شوینێک نەبن، هیچ پەیوەندی بە بابەتی منەوە نییە، من هەموو جار حەق دەڵێم، دەڵێم چ کەسێک خواناسە، بەهێزە و بە توانایە و دەتوانێت خزمەت بەو میللەتە بکات، ئەوە باشە.
رووداو: خەڵکانێک رەنگە چاوەڕێی ئەوە بکەن، ئەوانەی ئێستاش، سەلەفییەکانی کوردستان، وەکو ئەزموونی حیزبیی نووری سەلەفی لە میسر، لە نێوان شەو و رۆژێکدا ئەگەر دەرفەتێکی باشیان بۆ بڕەخسێت، پارتێک رابگەیێنن، شتێکی وا لە بەرنامەتاندا هەیە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: کاک د. ئادەم، من لە ساڵی 1987ـەوە خەریکی ئەو دەعوەیەم خودا لێمان قبوڵ بکات، حیساب بکە چەند ساڵ دەکات؟ 35 ساڵ زیاتر دەکات، لەو کاتەوە خەڵک وا دەڵێن، ئەمە 35 ساڵ رۆیشت و هیچ نەبینرا، دەڵێن کاکە ئەمانە حیزب رادەگەیێنن، ئێ کەی؟ تەمەن رۆیشت و چی ماوە. بەهەرحاڵ ئیشمان چاکسازییە، نەوەک مەبەستمان گەیشتن بە کورسی بێت.
رووداو: لەسەر ئەم چاکسازییە، بەڕێزتان سەردانی کەسایەتییە گرنگەکانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە سەردانی سەرۆکەکانت کردووە و بەردەوام دەگوترێت تۆ پەیوەندییەکی باشت لەگەڵ سەرکردەکان هەیە، لەوێ باسی چی دەکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەبارەت بە چوونی من بۆ لای سەرکردەکان، سەردانی هەموویانم کردووە، کەواتە سەردانیکردنی من تایبەت بە لایەنێک یان حیزبێکەوە نییە، وەکو ئەوەی کە کاربەدەست بێت، حەز دەکەم پێشنیازی باشم بۆی هەبێت، وشەی خێرم لەگەڵیدا هەبێت، ئەوەی ئایینەکەم لەسەری پێویست کردووم، لە گەیاندنی بیڵێم، ئەمە ئامانجی چوونی منە، نەوەک ئامانجی چوونی من بریتی بێت لە رێکەوتنی سیاسی لەگەڵیدا، بۆ دەستکەوتێکی کەسی یا حیزبی بچمە لای، ئیشی من ئەوە نییە؟
رووداو: هیچ دەستکەوتێکت هەبووە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو شتانە نەچوومە و ئەوانەی چوومەتە لایان لە ژیاندا ماون، لەوانەیە هەریەک لە ئەوان کاتێک ئەم لێدوانانەی من دەبیستن، بڵێت نا من بەڵگەیەکم هەیە بۆ ئەو داوکارییە هاتووەتە لای من. مامۆستای ئایینی کاتێک دەچێتە لای سەرکردەیەک و دەچێتە لای دەسەڵاتدارێک، دەبێت بۆ شتێک بچێت کە خزمەتی ئیسلام و موسڵمانانی تێدایە.
رووداو: واتە ئامۆژگارییان دەکەن کە چ شتێک بۆ خەڵک باشە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بەڵێ ئەرکی سەرشانمانە، پێغەمبەر (د. خ) دەفەرمێت "ئایین ئامۆژگارییە". یەکێک لەوانەی پێویستە قسەی خێری لەگەڵدا بکرێت، سەرکردی موسڵمانانە، بۆچی سەرکردی موسڵمانان؟ چونکە سەرکردی موسڵمانان ئەگەر کۆمەڵێک راوێژکاری دوور لە خوا و هەلپەڕست و ماستاوچییان لە دەرووبەر بوو، زەرەر لە سەرکردە دەدەن و زەرەر لە میللەتەکە و وڵاتەکەش دەدەن، بۆچی؟ چی خراپە لەبەرچاوی دەڕازێننەوە، هەموو نەهامەتی و دەردەسەری میللەت پەردەپۆش دەکەن، دەڵێن قوربان هیچ کێشیەک لە ئارادا نییە و هەمووی باشە، ئەوەی تۆ دەیکەی هەمووی چاکە، بەڵام کەسێک کە زانستێکی شەرعی هەبێت، کەسێک کە پەرۆشی ئایین و میللەتەکەی بێت، دەچێتە لای، بۆچی دەچێت؟ پێی دەڵێت کاکە ئەوەی کردووتە چاکن دەستت خۆش بێت و ئەوەی کە فلان شت و فلانە شتە با نەبێت؛ بۆ میللەتەکەت خراپە، فلان بەرپرس رێگەی پێمەدە ئەو کارە بکات، چونکە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمێت: ئەگەر خودای گەورە خێری بۆ سەرکردە و بەرپرسێک بوێت، راوێژکاری باشی لێ نزیک دەکاتەوە کە شتێکی باشی بیرچووبێت، بیری دەخاتەوە و کە لە بیریشی بوو یارمەتی دەدات. کە راوێژکاری خراپیان لێی نزیکبوو، کەوایە خوا خێری بۆ ناوێت و سەرکەوتووی ناکات.
رووداو: کەوایە زۆربەی سەرکردەکانی ئێمە راوێژکاری خراپیان هەیە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: نا من راوێژکارەکانیان ناناسم، نازانم کێیان لە دەوروبەرە و کێیان لە دەروبەر نییە.
رووداو: کەواتە تۆ ئێستاش لەسەر ئەو فیکرەی خۆتی کە ئەوانە بە وەلی ئەمری خۆت دەزانیت، دەچیتە لایان و هاوکاری و ئامۆژگارییان دەکەیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: براکەم بابەتی بە وەلی ئەمری خۆمیان دەزانم یان نایزانم، ئەمە واقیعە، بەڵام هەندێ کەس وەکو نەعامە ئاسا مامەڵە دەکات، سەری خۆی خستووەتە نێو کونێکەوە کە ئەو راوچییەکە نابینێت، دەڵێت راوچییەک نامبینێت، کاکە تۆ راوچییەکە نابینێت، راوچییەکە تۆ دەبینێت، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەمڕۆ دەسەڵاتێک لە کوردستاندا هەیە، ئەمانە کاربەدەستن، تۆ هەر بڵێ من بە کاربەدەستی دانانێم، دواییش دەچێت و دەڵێت، کاکە مووچەمان بدەنێ، دامان بمەزرێنن.
رووداو: پێتوایە ئەوانە دووفاقی مامەڵە دەکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ئەمە دووفاقییە، ئەی تۆ ناڵێی ئەمە کاربەدەستم نییە و دەسەڵاتدارم نییە، من حیسابی بۆ ناکەم، بۆ گلەیی لێدەکەیت، بۆچی رەخنەی لێدەگرێت و بۆچی داوای لێدەکەیت دۆخەکە باش بکات؟ مادام بە هیچی دانانێی. بۆیە لە ئیسلامدا هەرکەسێک موسڵمان بێت، دەبێت یەک دیوی هەبێت.
رووداو: واتە تۆ ئێستا یەک دیوت هەیە کە سەرۆکی هەرێمی بە وەلی ئەمری خۆت دەزانیت و بە سەرۆکی خۆتی دەزانیت وەکو هەر کەسێکی دیکەی ئەم هەرێمە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: هەر من نیمە، بۆ کۆمەڵ بە سەرکردی خۆی دانانێت، یەکگرتوو بە سەرکردەی خۆی دانانێت.
رووداو: واتە سەلەفییەت بۆ کوردستان پێویستە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەلەفییەت وەکو گوتم حیزبێک نییە عەبدولەتیف داینابێت، بەڕێزتان دکتۆری و دەزانی، سەلەف واتە چییە؟ پێشینە چاکەکانمان، واتە ئەو ئیسلامەی پێغەمبەر و هاوەڵەکانی لەسەری بوون، ئایا ئەمە پێویستە بۆ ئەمڕۆ؟ بەڵی پێویستە بۆ ئەمڕۆ، بۆ؟ چونکە ئەم سەلەفییەتییە وەسەت دەداتە ئەو میانڕەویەتییە، تووندڕەوی لەلایەک و شل رەویەتی لەلایەک، ژیان لە کۆمەڵگە تێکدەدەن، ئەمن و ئاسایش نامێنێت، سەقامگیری نامێنێت، مرۆڤ لە خۆی ئەمین نابێت، فیکرەیەکی تووندڕەوت بۆ دروست دەبێت خوێنی هەموومان حەڵال دەکات، یان ئایین گۆڕینێک دروست دەبێت کە هیچ .......
رووداو: سەلەفییەت لەمڕۆی کوردستان، ئەو سەلەفییەتەی ئێوە پەیڕەوی دەکەن و لەسەری دەڕۆن، چۆن دەبێت ببێتە سەمامی ئەمانی کوردستان کە نەبنە بەشێک لە ئەجێندای دیکە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سەلەفییەت بوو، نەوەک چۆن دەبێت، بوو بەو بەربەستە، بەتایبەت لە شەڕی داعش، سوپاس بۆ خوای گەورە کوردستانی ئێمە پارێزراوبوو، من ناڵێم بێم تۆمەتی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی یان ژمارەیەکی زۆر لە حیزبەکان بکەم، بڵێم ئەوانە ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسابا، رەنگە لەگەڵ داعش ببان، بەڵام زۆریشیان هەبوون مەیل و دڵیان لەگەڵیان بوو.
رووداو: ئەگەر خوا نەخواستە داعش گەیشتبایە هەولێر و سلێمانی؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بە دووری نازانم بەشێکی زۆریان لەگەڵیان دەبوون، چی وایکرد زۆر بوێرانە بڵێین ئەمە ئیسلامەتی نییە، ئەمە دەستکردی رۆژئاوایە بۆ تێکدانی موسڵمانان و کاولکردنی وڵاتیان و بەژێربارکردنی واقیعەکە بۆ خۆیان هەڵمەخەڵەتێن، خەڵکەکە کافر نییە، سوپاس بۆ خوا خەڵکەکە موسڵمانە.
رووداو: توانیتان کاریگەری باش لەسەر خەڵک دروستبکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: سوپاس بۆ خودا دۆخەکە دیارە و شایەتە.
رووداو: ئەوەبوو داعش زۆر رقی لە ئێوە بوو؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بێگومان، ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو و ئێمە شانازی پێوە دەکەین. بۆیە بوونی دەعوە و عەقیدەی سەلەفی لە نێو کۆمەڵگەدا، نەوەک ئەرکێکی شەرعییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانیشە، ئەم میللەتە پێویستی پێیەتی، سەلەفییەت نەبێت داعش زیاد دەکات، سەلەفییەت نەبێت گۆڕپەرستی و خورافییەتێک بەسەر ئێمەدا دێت، ئەو میللەتەی ئێمە شەرم دەکات بڵێیت من کوردم، بۆ؟ هەندێ خەڵک دەبینیت پەڕۆیەکی سەوزی لێرە هەڵواسیەوە (ئاماژە بە جەستەی دەکات)، ناڵی کەری لە ماڵی هەڵواسیوە، پێنج ئەستێرەیەکی هەڵواسیوە، کاکە ئەمە چییە؟ دەمپارێزێت! ئۆتۆمبێلێکی ئاخیر مۆدێلی کڕیوە، ناڵی کەری لە دەعامییەکەی بەستووە، چییە ئەوەی لە چاو و زار دەمپارێزێت، کە ئیعتقاد بوو بە دار و بەرد و خۆڵ، دەبینە میللەتێکی دواکەوتوو، ئینجا دووبەرەکی زۆر دەبێت، سەلەفی لە هەوڵی ئەودایە کە ئەو ئومەتە یەک ئومەتە، واز لە حیزبایەتی بێنین و هەموومان برای یەکدی بین، هەموومان تەبا بین و لە خزمەتی وڵاتەکەماندا بین، ئەمن و ئاسایش هەبێت "كل حزب بما لديهم فرحون"، بەڵام سەلەفی وانییە، سەلەفی دەڵێت با هەموومان بەیەکەوە بین.
رووداو: دڵخۆشیت بەوەی دەڵێن پێنج هەزار کەس لێرە نوێژ دەکات، ئەو ژمارەیە دروستە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بێگومان، ئەو لە دە شەوی کۆتایی رەمەزانە و سوپاس بۆ خوا لەوە زیاترە، ژوورەوە جێگەی سێ هەزار کەس دەگرێت، ئەمە تەنیا لە نهۆمی سەرەوە، جگە لە نهۆمی خوارەوە و گۆڕەپانەکە.
رووداو: جێگەی ئەو هەموو خەڵکە دەبێتەوە کە رووتان تێدەکەن؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: وەکو شوێن جێگە نابێتەوە، هەروەها خزمەتگوزاریش وەکو پێویست نییە، بۆیە ئەمەش وامان لێدەکات، پەنا بەخوا لە دوای رەمەزان سەر لە نوێ (مزگەوتەکە) دروست بکەینەوە. ئەمەش پێویستی بە خەڵکی ئەهلی خێرە، چونکە تائێستا هیچ لایەنێک نییە بڵێت من هاوکارم.
رووداو: بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بەو هەموو شتە رادەگەیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: کات رێکبخەیت، خوا بەرەکەتی تێدەخات.
رووداو: ئەی ماڵ و منداڵ، تۆ زیاد لە خێزانێکت هەیە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: وەڵاهـ زۆر دڵخۆش و کامەرانم لەگەڵ ماڵ و منداڵم، زۆر. مرۆڤ دوو جۆر ژیانی هەیە، ژیانێکی خێزانییە هەیە و ژیانی نێو کۆمەڵگە و دەرەوەشی هەیە، خۆشترین کاتەکانم ئەو کاتانەن کە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمم.
رووداو: کوردەواری دەڵێت، پیاوی دووژنە، جەرگی کون کونە، تۆ وانیت سوپاس بۆ خوا؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: نا من وانیم.
رووداو: چۆن توانیوتە ئەمە بکەیت، بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە بۆ خەڵک بگوازرێتەوە؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: ناگوازرێتەوە سەختە.
رووداو: بۆچی ناگوازرێتەوە؟ لە مامەڵەکردنت یاخود لە یەکسانیت؟
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: (بە پێکەنینەوە) لە غیرەتیش. بەداخەوە گەنجی ئەمڕۆ فێری ئەوە بووە ژن ناهێنێت، تەمەنی گەیشتووتە 30 و 35 ساڵ و ژن ناهێنێت، یەک هەر ژن ناهێنێت، دەڵێت، ئەرک و بەرپرسیاریەتییە کە ئیمان و تەقواکەش نەبوو، دەڵێت رابواردنەکەم هەیە چیم لە ژنهێنان داوە.
رووداو: دەمەوێت ئەو ئەزموونە بۆ خەڵک باس بکەی.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: بۆ کێی باس دەکەی!
رووداو: بۆ وەرگرانی رووداو. چونکە یەکسانی پێویستە، رەنگە خەڵکێک حەز بکات، بەڵام رەنگە بڵێت نەتوانم یەکسان بم.
د. عەبدولەتیف ئەحمەد: هیچ رۆژێک نییە و هیچ شەوێک نییە لەگەڵ هەرسێ خێزانەکەم دانەنیشم و نانیان لەگەڵ نەخۆم، سوپاس بۆ خوا هیچ شەوێک نییە، قسەی خۆش نەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ