پارێزگاری کەرکووک: بەهاتنی کۆمپانیای BP بودجەی پترۆدۆلارمان زیاددەکات

13-02-2025
پەیمان محەممەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، بەمزووانە دامەزراندنی 7 هەزار و 300 کەس لە سنوورەکە رادەگەیێندرێت. گوتیشی، ''توانیومانە بودجەی پترۆدۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان تەرخان بکەین.''

رۆژی چوارشەممە، 12-02-2025، یەکەم پێشانگەی خانووبەرە و وەبەرهێنان لە کەرکووک کرایەوە کە بۆ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''لە سەرانسەری عێراقەوە کۆمپانیاکان لە پێشانگەکەدا بەشدارن. کەرکووک ئێستا ژینگەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان.''
 
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم گوتی، ''لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ سێیەم جار لەگەڵ BP کۆدەبینەوە و هاتنی ئەو کۆمپانیایە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئێستا و داهاتووی کەرکووک دەبێت''.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان (BP) و کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەسەرپەرشتیی 9 ئەندازیاری بەریتانی و نزیکەی هەزار کرێکار و کارمەندی نێوخۆیی، کارکردن لە 73 بیری نەوتی دەستپێدەکات و رێبوار تەها دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە کەرکووک دەبووژێنێتەوە."
 
پارێزگاری کەرکووک گوتی، بەراورد بە رابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردووە ''بەڵام لە رێگەی ئەو گرێبەستەوە بەرهەمهێنان زیاد دەکات کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بودجەی پترۆدۆلار و رەخساندنی هەلیکاری زیاتر بۆ گەنجان.''
 
رۆژانە کۆمپانیای نەوتی باکوور، 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت، دوای دوو مانگ کارکردنی BP، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، یەک لەسەر سێ زیاد بکات.  
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، 150 هەزار کەس لەسەرانسەرى عێراق بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن کە پشکى کەرکووک لەو دامەزراندنە 7305 کەسە. رێبوار تەها لەوبارەوە گوتی، ''هیچ بەربەستێک لە بەردەم پڕۆسەکەدا نییە و بەمزووانە رایدەگەیێنین.''
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک:
 
رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای وەبەرهێنان لە کەرکووک کار دەکەن و کارەکانیان زیاتر لە چی چوارچێوەیەکدایە؟
 
رێبوار تەها: دڵخۆشم ئەمڕۆ لە کەرکووک لەدوای چەندین ساڵ دابڕان، پێشانگەیەک لەو شێوەیە لە کەرکووک کراوەتەوە، دیارە لە هەموو عێراقەوە کۆمپانیاکان هاتوون و چەند کۆمپانیایەکی بیانیش لیررەن، جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی بکەم لە هەموو ئەو ستافەی کە ماوەیەکە ماندوو بوون بۆ ئەم کارە و ئەمە لە هەمانکاتیشدا دەرگەیەکی دیکە لەڕووی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران دەکاتەوە کە روو لە کەرکووک بکەن.
 
کەرکووک ئێستا ژینگەیەکی ئارامە. جوگرافیایەکی باشی هەیە، چوار پێکهاتەی تێدایە، کە ئەمە بووەتە هێزێک بۆ کەرکووک و دەکرێت وەبەرهێنانێکی باشی بۆ بکەین. دەتوانم بڵێم گرنگ نییە بە لامەوە ژمارەکان چەندن، گرنگ بە لای منەوە جۆری کارەکان و باشیی کۆمپانیاکانە. کۆمپانیای باش هەیە لە کەرکووک و هەندێک کۆمپانیاش هەبووە لە 2012 یان 2013 وەبەرهێنانیان پێدراوە لە کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردێکیان نەخستووەتە سەر دارێک، ئیدارەی ئێستای کەرکووک رێکاریان بەرامبەر دەگرێتەبەر، کارەکانمان دەستپێکرد بۆ ئەوەی وردە وردە مۆڵەتەکانیان لێ وەربگرینەوە و بیدەینە ئەو کۆمپانیایانەی کە شایستەن و ئەزموونیان هەیە و دەتوانن کارەکانیان بە تەواوی رایی بکەن. دەتوانم بڵێم ئێستا لە کەرکووک ئاراستەکە گۆڕاوە و زیاتر بەرەو وەبەرهێنانە و ئیدارەی ئێستای کەرکووک بیر لەوە دەکاتەوە پڕۆژەکان بەو شێوەیە بێت کە ژێرخانێکی ئابووریی باش بۆ شارەکە [دەستەبەر بکرێت] و ببێتە هۆکاری رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان.
 
رووداو: کۆمپانیای نوێ هێندراوە کە پێشتر لە کەرکووک کاری نەکردبێت؟
 
رێبوار تەها: بەڵێ. کۆمپانیای تازە هاتووە، بۆ نموونە ئێمە لە بواری نەوت و گاز گرێبەستێکمان واژۆ کرد، ماوەیەک لەمەوپێش کە گەورەترین پاڵاوگەی وەبەرهێنان لە کەرکووک دەکرێتەوە کە نزیکەی دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار کەس کاری تێدا دەکات و ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە نزیکەی دوو ساڵە. پڕۆژەیەکی دیکەی وەبەرهێنانمان بەدەستەوەیە کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێل کە ئێستا ئێمە خەریکین ئەو کۆمپانیایەی داواکەی لێکردووین، بیبینین.
 
هەندێک کۆمپانیای عێراقیی باش لە شارەکانی بەغدا، سلێمانی و هەولێر روویان تێکردووین بۆ ئەوەی لە کەرکووک کار بکەن، هەندێکیان هاتوون و ئێستا لە کەرکووک کار دەکەن، راستییەکەی ئەوە دەستپێدەکەن و هەندێکی دیکەیان ئێمە کارئاسانیان بۆ دەکەین و دەمانەوێت بیانهێنین، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی عێراق کاری وەبەرهێنانیان کردووە و پڕۆژەکانیان لە دەرەوەی عێراقە، بتوانین ئەوانە بهێنینە کەرکووک کار بکەن.
 
رووداو: لە بواری خزمەتگوزاری دەتوانن چی بکەن بۆ ئەو گەڕەکانەی کە گەڕەکی تاپۆیان پێدەگوترێت؟ 
 
رێبوار تەها: تەماشا بکە، ئێمە دەمانتوانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان گرنگی بە شەقامەکان بدەین، رێگەوبان و وەبەرهێنان، بەڵام ئێمە هەنگاوی یەکەممان لە ئیدارەی کەرکووک بێگومان پلانمان هەبوو؛ لە قۆناخی یەکەمدا گرنگیمان بەو گەڕەک و کۆڵانانە دا کە جەنابت باسی دەکەیت کە ئێستا کەسوکاری من و تۆ لەو گەڕەکانە دەژین، گرنگیمان بە ئەوانە دا و پڕۆژەکانمان زیاتر بۆ ئەوان پێشکێشکرد، دەتوانن بڵێم هەنگاوی باشمان ناوە لە کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان، لە گەیاندنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، لە گەیاندنی پڕۆژەی تۆڕی کارەبا کە لە مێژووی کەرکووکدا نەکراوە. قۆناخی دووەممان ئێستا دەستمان پێکردووە بە جادە و رێگەوبانەکان، ئێمە بەردی بناخەی گەورەترین پرد و توونێلمان دانا، لە فلکەی ئیخوانی رەحیماوا توونێل دروست دەکەین، لە گەراجی بەغدا دوو پرد و ئەندەر پاسێکی دیکە دروست دەکەین و سێ پردی دیکەمان هەیە لە ئاڵتوون کۆپری و لە سێکانیان و گورگە چاڵ پێکەوە و لە تازە خورماتوو. پڕۆژەی دیکەمان هەیە کە تایبەتە بە سەوزایی و باخچەکان کە ئەمانە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژین و توانیومانە لە تەرخانکردنی پارەی پترۆدۆلار دابینی بکەین. هەموو جۆری پڕۆژەکان لەبەرچاودەگرین و گرنگیی ئەو پڕۆژەیە و پاشان هەنگاوی بۆ دەنێین.
 
لە پڕۆژەکانی دیکەمان بۆ نەخۆشخانەکان و ئەوانەی دوێنێ ئێمە لە حەویجە بووین، کە یەکێک لەو پڕۆژانە شەش یان حەوت ساڵە پەکی کەوتووە و ئیدارەی پێشووی کەرکووک نەیتوانیوە هەنگاوێک بەرەو پێشەوەی ببات، بەڵام ئێمە دوێنێ بەردی بناخەمان بۆ دانا و پڕۆژەکە تەواو دەکەین. کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەمان هەیە و هەروەها لەبیری نەکەم ئاماژەم پێکرد لە قسەکانمدا، لەڕووی خوێندن، ئێمە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەردی بناخەی شەش خوێندنگەی 18 پۆلیمان دانا لە کەرکووک کە بە یەکجار لە شەش شوێن کار دەکرێت و ئێستا سێ شوێنی دیکەمان دیاری کردووە بۆ قوتابخانە و خوێندنگە لە گەڕەکەکانی کەرکووک. ئەمانە هەمووی کاری باشن و هەمووی دەتوانم بڵێم جووڵەیەکی خستووەتە نێو شارەکەمان، کار هەیە، ئەوەی کە تۆزێک کێشەی بۆ دروست کردووین، تەرخانکردنی پارەمان کەمە، واتا عێراق بەرەو قەیرانی نەختینەیی رۆیشتووە، بەداخەوە، هەموو ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن، بەڵام پشت بە پترۆدۆلار دەبەستین، ئەو پارەیەی کە ئێمە لە پترۆدۆلار بۆمان بێت، بتوانین کاری لەسەر بکەین.
 
رووداو: باسی پترۆدۆلارت کرد، بێگومان پرسیارێکی منیش لەبارەی نەوتە و بەدیاریکراوی لەبارەی رێککەوتنەکەی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای BP. کۆمپانیاکە کەی لە کەرکووک دەستبەکار دەبێت و کارەکانیان چەند کێڵگەی نەوتی دەگرێتەوە؟
 
رێبوار تەها: بەڵێ، دیارە چەندین کێڵگە دەگرێتەوە، نامەوێت زۆر بچینە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام کەرکووک دەگرێتەوە، سنووری ئیدارەی کەرکوووکە، سنووری ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکوور؛ بۆ ئێمە باشە BP. یەکەم قسەکردن لەسەر BP، من لە کەناڵی رووداو قسەم لەسەری کرد، گوتم BP دێتە کەرکووک، هەندێک برادەر گاڵتەیان پێهات، بۆیە BP هات و هەنگاوەکانی تەواو کرد. کۆبوونەوەی دووەمیشی لەگەڵ ئێمە کردووە. لە داهاتوویەکی نزیک کۆبوونەوەی سێیەممان دەبێت لەگەڵیان.
 
ئێمە وەکو ئیدارە هەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ ئەوەی BP بێتە کەرکووک، واتا بۆ ئەوەی کەس لێکدانەوەی جیاوازی لێ نەکات، بوونی BP بۆ ئێستای کەرکووک و داهاتووی شارەکەمان گرنگە.
 
رووداو: رۆڵی چی دەبێت BP لەو هەنگاوانەی کە ئێوە ناوتانە و لە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، دەتوانن هاوکارتان بن؟
 
رێبوار تەها: تۆ سەیری بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک بکە لە پێشپڕۆسەی ئازادی و بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک لە ئێستا، کەمی کردووە زیادی نەکردووە، سەیری ژێرخانی دامەزراوە نەوتی و گازییەکان بکە لە کەرکووک لە پێش پرۆسەی ئازادی و لەدوای پرۆسەی ئازادی، پێش نەکەوتووە. ئێمە دەمانەوێت ئەوەی کە لە بەسرە دەکرێت لە کەرکووکیش بکرێت، BP ئەو کارانەمان بۆ جێبەجێ دەکات و دەتوانێت پەرە بە بیرە نەوتییەکانمان بدات بەو شێوازەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانمان زیاد بێت. کاتێک کە ئێمە بەرهەمهێنانمان زیاد بوو، پارەی پترۆدۆلارمان زیاد دەبێت، واتا خەڵک راستەوخۆ سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری. خاڵێکی دیکە هەلیکار بۆ گەنجی کەرکووک دەڕەخسێت، ئێمە یەکێک لە مەرجەکانمان پشکەکانە، نامەوێت ئێستا باسی بکەم، پشکێکمان هەیە کە دەبێت ئەوەندەی لە کرێکار، ئەندازیار، کەسە تەکنیکی و کارگێڕییەکان کە کار دەکەن، دەبێت کەرکووکی بن. ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانمان کە گەنجەکانمان سوودمەند بن، بۆیە هیچ هاووڵاتییەکی کەرکووک نییە دڵی خۆش نەبێت، بۆ ئەوەی کە BP بێتە شارەکەیەوە.
 
رووداو: هەلی دامەزراندنی حەوت هەزار و 300 کەسێک هەبوو لە کەرکووک، چی لێ بەسەر هات؟ هیچ بەربەستێک هەیە؟
 
رێبوار تەها: نا، هیچ بەربەستێکی نییە، هەندێک موزایەدەی سیاسی لەسەر کرا، هەندێک برادەری من و تۆ بەشێوەیەک قسەیان لەسەر دەکرد، من خۆم سرووشتم وایە رێز لە هەموو کەسێک دەگرم، بەڵام ئەنجامەکە گرنگە.
 
لە داهاتوویەکی نزیک ئێمە رایدەگەیێنین و دەمانەوێت بە شێوەیەک بێت شەفافییەتی تێدا بێت، حەوت هەزار و 300 گەنج بە دادپەروەری لەنێو هەموو پێکهاتەکان و لەنێو هەموو ناوچەکانی کەرکووک دابەشی بکەین، ئەم کارە ئاسان نییە، بێیت لە سەرگەڕان و لەملاوە بڕۆی بۆ تەرکەلان و یایچی لەولاوە بێیتەوە بۆ شوان، قەرەهەنجیر، ناوەندی شار، ریاز، عەباسی و زاب و داقووق. ئەم کارە بە دەم زۆر ئاسانە، بەڵام وەرە تۆ ئەمە چۆن رێکدەخەیت؟ چۆن سیستمەکەی بۆ دادەنێیت؟ چۆن ئەم کارە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەکەیت؟ ئەمە تۆزێک کاتی دەوێت و وردبینی دەوێت لە کارکردن. ئێمە دەمانەوێت بەوپەڕی دادپەروەرییەوە ئەم کارە بکەین، بەتایبەتی لە سەردەمی خۆماندا نامانەوێت گەنجەکانمان دڵگران بن. حەوت هەزار و 300 گەنج دێنە نێو کارەکانی حکومەت، دامودەزگاکانی دەوڵەت پێویستی پێیانە. ئێستا ئێمە گرفتمان هەیە لە زۆربەی بوارەکاندا. بەمزووانە شتەکان تەواو دەبن، گەیشتووینەتە قۆناخەکانی کۆتایی، رەنگە 1٪ یان 2٪ـی کارەکانی مابێت کە رایبگەیێنین و دەستپێبکەین.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی ئێوە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا لە چ ئاستێکدایە؟ ئەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەکەن بەرنامەتان هەیە بیانهێننەوە نێو ئیدارە؟
 
رێبوار تەها: بەڵێ. من با خزمەتت بکەم، لە مێژووی کەرکووکدا نەبووە ئەو هاوئاهەنگی و یەکگرتووییەی کە لەنێوان پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەیە، پێکەوە دەچینە شوێنەکان، پێکەوە قسە لەسەر بابەتەکان دەکەین. دوێنێ هەردووکمان پێکەوە لە حەویجە بووین. لە مێژووی کەرکووکدا نەبووە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن پێکەوە بچنە حەویجە، بەڵام چووین، پێکەوە رۆیشتین، ئەمە پەیامە، ئەو برایەکی خۆشەویستە، کەسێکی باشە و پێکەوە کاری باش دەکەین لە شارەکەدا، ئێمە کە دەڵێین بە مۆدیل و ستایلێکی تازە هاتووین، نامانەوێت ئەزموونی 21 ساڵی رابردوو دووبارە بکەینەوە لە کارکردندا، سەردەمانێک بوو پارێزگار کورد بوو، سەرۆکی ئەنجوومەن کورد بوو پێکەوە قسەیان نەدەکرد، ئەمە ئێمەی دواخست، کێشە و ململانێ ئێمەی دواخست. ئێمە هاتووین لەسەر بنەمای فکری ئابووری کار دەکەین لەم شارە. ئەمە دەبێتە داهاتوویەکی باش بۆ گەنجەکانمان، بۆ شارەکەمان و دەبێتە هۆکارێک کە  جوانییەکەی کەرکووک پیشانی خەڵک بدەین، بۆیە ئەو یەکگرتوویی و ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا لەنێوان پارێزگار و ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەنجوومەن هەیە، لە مێژووی کەرکووکدا نەبووە.
 
رووداو: ئەی لەگەڵ ئەو لایەنانەی وەکو بەرەی تورکمانی و پارتی؟
 
رێبوار تەها: برادەرانی پارتی و برادەرانی بەرەی تورکمانی، ئەو دووانە زیاتر لەبەر ئەوەی برایانی عەرەب هاتوون، پێمخۆشە بێن لەگەڵ ئێمەدا دەست بخەنە نێو دەستمان، کار بکەین.
 
رووداو: لێکنزیکبوونەوە هەیە؟ 
 
رێبوار تەها: نەوەڵڵا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک نییە. تەنیا ئەوان راگەیێندراومان لەسەر دەردەکەن، قسەمان لەسەر دەکەن، ئێمە بە پرۆژەیەک وەڵامیان دەدەینەوە، ئەوان قسەیەکی ناخۆشمان لەسەر دەکەن، ئێمە بۆ رۆژی دواتر دەڕۆین بەردی بناخەی پرۆژەیەک دادەنێین. ئێمە دواتر دەڕۆین زیاتر دەچینە نێو خەڵک، هەر جارێک راگەیێندراوێکیان لەسەر دەرکردین، زیاتر ئێمەیان هان داوە بۆ کاری باشتر، من سوپاسیان دەکەم. نەوەڵڵا لێکنزیکبوونەوە نییە، هیوادارم لێکنزیکبوونەوە هەبێت، ئێمە پێمان خۆشە ئەوانیش لەگەڵمان بن، پێکەوە ببینە یەک گرووپ.  ئەو هەنگاوانەی ئێمە دەیاننێین ئێستا لە ئیدارەی کەرکووک لە بەرژەوەندیی هەندێک حیزب نییە، ئەمە جەوهەری بابەتەکەیە. ئەگەر بیرکردنەوەکە بۆ خەڵکە، من هیوادارم بێن رێزیشیان لێدەگرین و رێز لە بۆچوونەکانیشیان دەگرین تاوەکو ئەم دەقەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە