رووداو دیجیتاڵ
دادوەر رزگار محەممەد ئەمین خۆی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و دەڵێت "من بەربژێری حیزب نیم، بەڵام ئەگەر حیزب پشتگیریم بکەن، سوپاسیان دەکەم. وەکو بەربژێر، بەربژێرێکی سەربەخۆم."
دادوەر رزگار محەممەد ئەمین، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکان و بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی چالاکییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دایەوە.
دادوەر رزگار محەممەد ئەمین دەڵێت، لەبەرئەوە بە پێویستی زانیوە کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکات چونکە "مافێکی دەستوورییە، هاووڵاتی کە ئەرکی لەسەرە مافیشی هەیە، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئەرک و ماف. هەڵەبەت مافی هەموو عێراقییەکە خۆی بۆ هەموو پۆستەکان بەربژێر بکات، بە تایبەتی ئەو پۆستەش کە بەپێی نەریتێکی چەند ساڵە لە دوای عێراقی نوێوە دراوەتە کورد، منیش کوردم و خەڵکی کوردستانم، بڕواشم وایە هەتا توانام هەبێت خزمەت بکەم، تاوەکو ئارەزووم هەبێت و توانام هەبێت پێویستە ئەوەی لە تواناماندا هەیە بیدەین بە خەڵکی، منیش لە گوشەنیگایەوە بڕوام بەوە هەیە دەتوانم رۆڵێک ببینم لەو بوارەی کە تەرخانکراوە بۆ کاروباری سەرۆککۆمار."
سەبارەت بەوەی کە کێ لە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی کردووە، دادوەر رزگار محەممەد ئەمین دەڵێت "لە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا لەگەڵ کەس قسەم نەکردووە، تاوەکو ئێستاش کەسیش دژم نەوەستاوەتەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکی بێستوون عوسمان لەبارەی گەڕانەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت "زیاد لەوەش چونکە هەموو پارێزگایەک مافی هەیە، پارەیەکی تایبەتی هەیە دەبێت پێیان بدرێت، هەندێک پارێزگا هەیە زۆر ستەمیان لێکراوە، دەبێت ئەوانەش زیاتر گرنگیان پێبدرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ دادوەر رزگار محەممەد ئەمین
رووداو: بۆچی بە پێویستت زانی خۆت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکەی؟
رزگار محەممەد ئەمین: مافێکی دەستوورییە، هاووڵاتی کە ئەرکی لەسەرە مافیشی هەیە، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئەرک و ماف. هەڵەبەت مافی هەموو عێراقییەکە خۆی بۆ هەموو پۆستەکان بەربژێر بکات، بە تایبەتی ئەو پۆستەش کە بەپێی نەریتێکی چەند ساڵە لە دوای عێراقی نوێوە دراوەتە کورد، منیش کوردم و خەڵکی کوردستانم، بڕواشم وایە هەتا توانام هەبێت خزمەت بکەم، تاوەکو ئارەزووم هەبێت و توانام هەبێت پێویستە ئەوەی لە تواناماندا هەیە بیدەین بە خەڵکی، منیش لە گوشەنیگایەوە بڕوام بەوە هەیە دەتوانم رۆڵێک ببینم لەو بوارەی کە تەرخانکراوە بۆ کاروباری سەرۆککۆمار، وەکو پیشەیەک، سەرۆککۆماریش پیشەیەکە لە پیشەکان. بە پێی ئەزموون و شارەزایی خۆم ئەو چەند ساڵەی لە کاری پێشەییدا بووم، توانیومە بەخۆم بڵێم کە دەتوانم ئەو ئەرکە بگرمە ئەستۆ، خەڵکانێکی زۆریش هانیان داوام و دەستخۆشیشیان لێکردووم.
رووداو: دیارترین ئەو کەسانە کێن کە هانیان داویت و دەستخۆشیان لێکردووی؟
رزگار محەممەد ئەمین: خەڵکی ئەکادیمی، نەتەوە جیاوازەکان و خەڵکی ئاسایی.
رووداو: لە سیاسییەکان کێ پشتگیری کردووی؟
رزگار محەممەد ئەمین: لە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا لەگەڵ کەس قسەم نەکردووە، تاوەکو ئێستاش کەسیش دژم نەوەستاوەتەوە.
رووداو: پێش ئەوەی خۆت بەربژێر بکەی، راوێژت بە کەس نەکردووە؟
رزگار محەممەد ئەمین: نەخێر، چونکە من لە مانگی 9ی ساڵی رابردووەوە ئەو بیرۆکەیەم هەبوو، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ رۆژنامەی زەمانی عێراقی کردووە، ئەو رۆژنامەیە ئەو بابەتەیان لەگەڵم مندا وروژاند. تەنانەت ئەوکاتەی بۆ کۆنگرەیەک لە بەغدا بووم کە خەڵکانی رۆشنبیر و کەسایەتی و ئەوانەی لە پیشەو و کاری سیاسیدا نین، قسە لەسەر ئەوە دەکرا کە سەرۆککۆماریش لە دوای هەڵبژاردنەکان ئەویش قسەی لەسەر دەکرێت، لەمنیان دەپرسی بۆچی تۆش خۆت بەربژێر ناکەی، منیش گوتم با کاتی خۆی بێت.
رووداو: قسەیەک لەنێو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە، دەگوترێت ئێوە بەربژێری شێخ نەهرۆ کەسنەزانیت و بە پشتگیری ئەو خۆت بەربژێرە کردووە، ئەمە تاوەکو چەند راستە؟
رزگار محەممەد ئەمین: نەوەڵا شتی وا نییە، کاک نەهرۆم هەر نەبینیوە بۆ ئەو بابەتە. کاک شێخ نەهرۆ برادەرە و دەیناسم و رێزی زۆرم هەیە بۆی، بەڵام بە هیچ جۆرێک نە لە دوور و نە لە نزیک نە کاک شێخ نەهرۆم دیوە لەوبارەیەوە نە قسەم لەگەڵ کردووە، نە رایسپاردووم، نە رامسپاردووە، بە راستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ.
رووداو: جەنابتان یەکێکن لە یاساناسە دیارەکانی ئەو وڵاتە، دادوەرێکی سەرکەوتوویت و ئەرکێکی گرنگیشت لەسەر کە ماوەی چەند ساڵێکە لە دادگەی تیاهەڵچوونەوەی کە باڵاترین دادگەیە. لە ئەرکەکەی خۆت رازی نیت هەست دەکەی ببی بە سەرۆککۆماری عێراق دەتوانی زیاتر خزمەت بکەی بە وەک لەوەی ئێستا وەکو دادوەرێک رۆڵ دەبینی؟
رزگار محەممەد ئەمین: من وەکو دادوەر، ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ مندا کراوە لە دادوەریدا، نەک ناڕازیم، هەر زۆر نیگەرانیشم. لەبەر ئەوەی پێگەی خۆم وەک شایستە و لێهاتوویی لەو چەند ساڵە هەمیشە لێمدراوە. دواهەمینیان دادگەی باڵای فیدڕالی بوو کە دەکرا من بەشێک بم لەو دادگەیە. بەڵام لە ژوورەکەی خۆمدا لەسەر مێزەکەی خۆم کاری دادوەری لای من پیرۆزترین کارە، لە سەرۆکایەتیی کۆمار و هەر کارێکی دیکە لەلام گەورەترە و چێژی زیاترە.
بەڵام وەکو مامەڵەی هەڵە و ئیداری لەگەڵ مندا ئەوە بابەتێکە، کاری دادوەریی لەبەرچاو نەخستووم، بەڵام بەردەوامبوون لە کاری دادوەریی بە نسبەت من زۆری نەماوە، وەکو تەمەنیش زۆری نەماوە، چونکە لە خانەنشینی نزیک دەبمەوە. ئەگەرنا کاری دادوەریم پێ خۆشترە لە کاری سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام سەرۆکایەتی کۆماریش پەیوەندی بە دادپەروەری هەیە، لە هەر شوێنێک توانیت کارت بۆ دادپەروەری کرد و دژی ستەم بوویت، لە هەر پێگەیەکی دیکەشدابیت، هەر دەتوانیت ئەو کارە بکەی. بۆیە سەرۆکایەتی کۆماریش هەندێک لە دەسەڵاتی هەیە.
رووداو: قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار سیمبوولین، لەو چوارچێوەیەی کە دەستوور بۆ کێشاوە جەنابت دەتوانیت چی زیاد بکەی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مافی کورد لە عێراق؟
رزگار محەممەد ئەمین: پێموایە سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، یەکێک لەوانەی هەم سەروەریی دەوڵەت دەپارێزێت و هەم پارێزەری دەستوورە. دەستوور لەناو هەموو لایەنەکانی ژیاندایە، بە تایبەتی مافی مرۆڤ کە بە تەواوەتی لەنێو دەستووردا جێکراوەتەوە. تۆ کە پارێزگاریت لە مافی مرۆڤ نەکرد، واتە پارێزگاریت لە دەستوور نەکرد، کە مافی مرۆڤت شکاند واتە دەستوورت شکاند. بۆیە زۆر دەرفەت و پەنجەرە و دەرگا هەیە سەرۆککۆمار لێیەوە بچێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی مرۆڤ بکات لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی دەکرێن، لە ستەم لێکردن لە هەر لایەک و هەر تاکێک لەو وڵاتە، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش هەمان شتە. بۆیە بە بڕوای من پاراستنی دەستوور قسەیەک نییە بۆ جوانی کرابێت.
رووداو: بۆ نموونە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵە بەشێوەیەکی نادەستووری زەوتکراوە، ئەو شتە چییە کە دکتۆر فوئاد مەعسوم، دکتۆر بەرهەم ساڵح نەیانکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافە، جەنابت ئەگەر بچیە بەغدا ئەگەر دەتوانیت بیکەی؟
رزگار محەممەد ئەمین: یەکێک لەو پرەنسیپانەی لە دەستووری عێراق هەیە، بۆ نموونە ماددەی 14، کە دەڵێت عێراقییەکان یەکسانن لە ئەرک و ماف و بەردەمی یاسادا، کوردیش کە لە کوردستانی عێراق و لە هەرێمی کوردستاندایە ئەو دەقە دەستوورییە و هەر دەقێکی دیکەی دەستووری ئەوانیش دەگرێتەوە. بۆیە بابەتی بێبەشکردنی تاکێکی کورد، وەکو ئەوە وایە تاکێکی بەسرەش بێبەش بکرێت.
تاوەکو تۆ نەچیتە ئەوێ و ئەو پۆستە وەرنەگری و سەیری دۆسیەکەی نەکەی ناتوانی بڕیار بدەی بزانی ئەو کارانەی کە ئەوان کردوویانە چیان کردووە و چیان هەنگاوێکیان ناوە.. بەڵام لەڕووی پرەنسیپەوە تاکێکی عێراق، تاکێکی کوردستانی هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت هەبێت کە تاکێکی عێراقی چێژی لێوەردەگرێت. ئەوان کێشەیەکی دیکەیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە بابەتێکی دیکەیە دەبێت بەلاوە بنرێت، حکومەت لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق دەبێت ئەو شایستەیەی کە هەیەتی دەبێت بدرێت بە خەڵکی کوردستان، بەڵام حیساباتی دیکەی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە ئینکار ناکرێت دەبێت ئەو حیساباتانەش هەمووی یەکلا بکرێتەوە.
رووداو: واتە جەنابتان تەبەنی ماددەی 14ی دەستوور دەکەن و دەتوانن مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە؟
رزگار محەممەد ئەمین: زیاد لەوەش چونکە هەموو پارێزگایەک مافی هەیە، پارەیەکی تایبەتی هەیە دەبێت پێیان بدرێت، هەندێک پارێزگا هەیە زۆر ستەمیان لێکراوە، دەبێت ئەوانەش زیاتر گرنگیان پێبدرێت.
رووداو: بۆ نموونە کە تاوەکو ئێستا ئەمانە نەکراون، ئایا ئەو کەسانەی لە بەغدا لە 2013 و 2014وە پۆستی سەرۆککۆماریان پڕکردووەتەوە، ئەو شتانەیان نەزانیوە.. یاخود هەلومەرج و بارودۆخێک هەیە کە رێگەیان پێنادات ئەوە بکەن؟
رزگار محەممەد ئەمین: من نازانم، وەڵامی ئەوە لای خۆیانە. بەڵام من باس لەخۆم دەکەم، ئەگەر سبەینێ چوومە ئەو شوێنە هەرچی شتێک پەیوەندی هەبێت بە مافی مرۆڤێکی عێراقی بە گشتی و کوردیش بە تایبەتی دەبێت من بەرگری لێبکەم.
رووداو: بەڵێنت لە کەس وەرگرتووە دەنگت پێبدات؟
رزگار محەممەد ئەمین: نەخێر، چونکە ئەو بابەتە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا یەکلادەبێتەوە. ئەم بابەتە حیزبە کوردییەکان یەکلایی دەکەنەوە، من کەسێکی واقیعیم، دەزانم فراکسیۆنە کوردستانەییەکان کە ئێستا لە بەغدان، ئەوانن دەتوانن پێشنیازی ئەو کەسە بکەن، با بڵێین بەربژێری ئەوان سەردەکەوێت، چونکە ئەمە بووەتە پشک پشکێنە.
رووداو: واتە تۆ چاوت لەوەیە ببیتە بەربژێری پارتی و یەکێتی؟
رزگار محەممەد ئەمین: من بەربژێری حیزب نیم، بەڵام ئەگەر حیزب پشتگیری لەمن بکەن، من سوپاسیان دەکەم. وەکو بەربژێر، بەربژێرێکی سەربەخۆم.
رووداو: بۆ نموونە هەوڵت نەداوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ببینی، یان لە پارتی کەس ببینی؟
رزگار محەممەد ئەمین: تاوەکو ئێستا دیدارم نەبووە بۆ پرسی پاڵپشتی، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆیان بەربژێریان هەبێت، خۆ نایێین دەنگ بەمن بدەن.
رووداو: ئەگەر پارتی و یەکێتی بەربژێری خۆیان هەبوو، تۆ دەکشێیتەوە؟
رزگار محەممەد ئەمین: نەخێر، ناکشێمەوە. تاوەکو کۆتایی پرۆسەکە دەڕۆم ئەگەر دەنگیش نەهێنم.
رووداو: هیچ ئومێدێکت هەیە بۆ ئەوەی دەربچیت؟
رزگار محەممەد ئەمین: من ئومێدم بەوە نییە هەڵبژێردێم، بە مانای ئومێد. بەڵام من بەشداری پرۆسەیەکی دیموکراسی دەکەم.
رووداو: واتە چاوت لەوە نییە ببیتە سەرۆککۆمار و دەتەوێت بەشداری پرۆسەکە بکەی؟
رزگار محەممەد ئەمین: ئەمە دوو شتە، پرۆسەی دیموکراسی هەنگاوی یەکەمە کە تۆ دەتەوێت بەشداری تێدا بکەی، ئەمە مافی هەموو تاکێکە کە ئامادەی ئەو پرۆسە دیموکراسییە ببێت و دەوڵەمەندیشی بکات، ناکرێت ئەو باتە بۆ لایەنێک و حیزبێک قۆرخ بکرێت، بە تایبەتی هەردوو حیزبیش، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە هەموو ئەدەبیاتیاندا ئەوان دوو حیزبی قەومین، لەبەرئەوە نابێت ئەوان هەستەوەریان هەبێت بەرامبەر بەهیچ کوردێک کە خۆی بەربژێر بکات بۆ هەر پۆستێک کە پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت. بۆیە هیوادارم هەردوو حیزب کورد لە حیزب جیا نەکەنەوە، ئەوان دەبێت لە خزمەتی کورددابن. ئینجا چۆن خزمەتەکە دەکەن؟ میکانزمی خزمەتەکە دەبێت وابێت نەک هەموو قۆرخ بکرێت لەنێوانی ئەندامانی خۆیاندا، ئەوکاتە مەفهومەکە دەگۆڕدرێت و تۆزێکی کاریگەری خراپی دەبێت، بە تایبەتی ئەم پۆستە بەناوی کوردەوەیە لە بەغداو پشکی کوردە. حیزبەکانیش هیوادارم ئەوان ئەو بابەتە چۆن چارەسەر دەکەن لەنێوانی خۆیان یان بەربژێرێکیان هەیە، من گلەییان لێناکەم ئەگەر بەربژێری خۆیان هەبێت، بەڵام هەر حیزبێکی کوردی و هەر فراکسیۆنێکی کوردی بە گشتیی هەر هەموویان ئەگەر خۆیان بەربژێریان نییە و پشتگیری لەمن نەکات جێگەی گلەییە.
رووداو: لەگەڵ نەوەی نوێ قسەت کردووە؟
رزگار محەممەد ئەمین: نەخێر، ئەو پەیامە ئاراستەیە بۆ ئەوانیش، هەموویان، بۆ عەرەبەکانیش.
رووداو: لەگەڵ شیعە و سوننەکان هیچ دانوستاندنێکت کردووە، یاخود هەر ئەو پەیامەیە کە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە دەیگەیێنیت؟
رزگار محەممەد ئەمین: ئەو پەیامەی من بۆ عەرەبەکانیشە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆککۆمار بۆ کوردە، باشتر وایە لەسەرەتا کورد پشتگیریت بکات، ئەگەر ئەو پشتگیریت نەکات، سەرناکەوی.
رووداو: باسی گرنگی ئەوەت کرد کە سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، ماددەی 140ی دەستوور یەکێکە لەو ماددانەی کە زۆر گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان. چ رۆڵێک هەیە سەرۆککۆمار بیگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، ئەگەر جەنابت بووی بە سەرۆککۆمار دەتوانیت بیکەیت؟
رزگار محەممەد ئەمین: لە راستیدا ماددەی 140 وەنەبێت ماددەیەکی ئەوەندە باشبێت، ماددەی 140 کە لە ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هاتووە، ئەگەر بچیتە ناویەوە وردی بکەیتەوە، چارەسەرێکی کۆنکرێتی نەداوە بە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان. بۆیە ئەمە خۆی کێشەیەکە.
دووەم؛ دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت، بەڵام کە جێبەجێ ناکرێت، میکانزمێک هەیە بۆ جێبەجێکردنی. من تێناگەم پرسی ماددەیەکی دەستووری کە هەمووی دەنگیان پێداوە، حیزبێکی دیکە لێی دەکشێتەوە یان لێی ناکشێتەوە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە. هەموو رۆژێک یاسا دەشکێندرێت.
رووداو: جەنابت دەتوانیت چ رۆڵێک ببینی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە وەکو پارێزەری دەستوور؟
رزگار محەممەد ئەمین: دادگە هەیە، رێگەی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەمە جێبەجێ بکەی، سەرۆکی کۆماریش بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
رووداو: سەرۆک مام جەلال ساڵی 2011 بە سیفەتی سەرۆککۆمار پرۆژەیاسایەکی ناردە پەرلەمانی عێراق، کە لەڕاستیدا یەکێک بوو لەو چارەسەرانەی کە بۆ ناوچە کوردستانییەکی دەرەوەی هەرێم دانرابوو، بەڵام وەستا. جەنابت ئەو زیندووکردنەوەی ئەو پرۆژەیاسایە بە باش دەزانی؟
رزگار محەممەد ئەمین: ئەگەر نەیخوێنمەوە، ئێستا نازانم. کە بینیم و سەیرم کرد ئەوکات.
رووداو: لە پرۆژەیاسایەکە کۆمەڵێک رێگەچارەی داناوە، میکانزمەکان، هەنگاوەکان، کە لە رێگەی یاسایەکەوە چارەسەر بکرێت.
رزگار محەممەد ئەمین: میکانزمەکان لە ماددەی 58 یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دانراون. ئەو ماددەیە و ماددەیەکی دیکە لەو یاسایە هاتووەتە ناو دەستوور، یەکێک لەو ماددانە باس لەوە دەکات کە ناکرێت سنووری پارێزگاکان دەستکاری بکرێت، لەگەڵ ماددەی 58.
رووداو: واتە ئەو ماددەیە دژی ماددەی 58ـە؟
رزگار محەممەد ئەمین: ئەو ماددەیە یەکێکە لەو ماددانەی کە گواستراوەتە بۆ نێو دەستوور، مەترسیدارە. کە سنوورەکان قابیلی دەستکاریکردن نین.
رووداو: لە سۆشیال میدیا کاتێک رامانەگەیاند میوانداری تۆ دەکەین، چەند پرسیارێک لەلایەن هاونیشتمانییانەوە، یەکێک لەوانە ئەوەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بوو، بەڵام قسەیەکی دیکەش کە زۆربەی خەڵک نووسیویانە دەڵێن کاک حاکم کەسێکی زۆر بەڕێز و رێزلێگیراوە، بۆچی خۆی دەخاتە نێو ئەو کێشمەکێشەوە؟ لە کاتێکدا دەشزانێت کە دەرناچێت.
رزگار محەممەد ئەمین: سەبارەت بەوەی باسی کاک شێخ نەهرۆت کرد، من لە خەڵکی دیکەم پرسی دەڵێن پارتی دیموکراتی کوردستان هانیان داوە. سەبارەت بەو قسەیەش کە دەکرێت، ئەوەش هەیە و مەعقولیشە، بەڵام تاوەکو دەتوانیت بڕۆیت و جوڵە بکەی و ئەوە توانایەی هەتە پێشکەشی خەڵکی بکەی، بۆ نا. ئەگەر لەلایەکی دیکەوە لە رووی شەرعییەوە سەیری بکەی، فەرزی کیفایە، دەڵێت ئەگەر کەسێک خۆی بە شیاو زانی لەگەڵ خەڵکی دیکەدا زانی ئەو تایبەتمەندیانەی تێدایە، ئەگەر خۆی بەربژێر نەکرد بۆ ئەو شتە یان نەچووە پێشەوە بۆ ئەو شتە، ئەو جۆرێک لە گوناهباری بۆ دروست دەبێت. تۆ کە لە وڵاتێکدا دەژی سەرۆککۆمارەکەی هەر هەڵدەبژێردرێت، من هەروەکو رەعیەت دەمێنمەوە و دەبێت هەر سەیری دەستی ئەو بکەم، ئەگەر دەرفەتی ئەوەم هەبێت خۆم بچم و بتوان ئەوکارە بکەم، بۆچی ئەو رێگەیە لەخۆم بگرم؟ با ئەوانەی کە نایانەوێت خەڵکی شیاو بچێتە شوێنەکە با ئەوان رێگەکە بگرن و ئەوان بەرپرسیاریێتیەکە هەڵبگرن و گوناهەکە هەڵبگرن.
منیش ئەو پرسیارە لەخۆم دەکەم بۆچی دەچیتە ناو ئەو سەرئێشەیەوە، بەڵام ژیان نیوەی سەرئێشەیە و نیوەکەی دیکەشی ئاشتییە.
رووداو: بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی هەبوو سەبارەت بە راگرتنی چالاکییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاوەکو کەیسی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان یەکلایی دەبێتەوە. ئایا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان هیچ شتکی نایاسایی و نادەستووری تێدابوو؟
رزگار محەممەد ئەمین: سوێندخواردنەکە تەواو بوو، نەخۆشکەوتنی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان کە کورسییەکەی جێهێشت و چووە نەخۆشخانە، شوێنەکەی پڕکرایەوە. بەڵام من رەنگە بڵێم بەلایەنی کەمەوە لە رووی نەریت و رەوشتەوە چەند کاژێرێک سەبریان هەبووایە بیانزانیبا دۆخی تەندروستی چی لێبەسەر دێت.
راستە کەسێکی دیکە چووە شوێنەکەی کە لە رووی یاساییەوە دەڵێت سەرۆکی تەمەن، بە تەمەنترین کەس دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات، کە ئەو لەوێ نەبوو کەسێکی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە. بڕیاردانیش لەسەر کۆی پرۆسەکە، یەکەمین شت من ئەو کەیسەم لەبەردەست نییە، دووەمین شتیش ئەوە کاری دادگای فیدراڵییە، واتە دەبێت بە جۆرێک لە دەستوەردان لە ئیشی ئەوانە، بەڵام من بوومایە کاری دەستەی سەرۆکایەتیم رانەدەگرت، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دانیشتەکە پێویستی بە راگرتن نییە، یان یاساییە یان یاسایی نییە. راگرتنی کارەکە جۆرێکە لە پیشاندنی نا یاساییبوون. راستە لە کۆتاییدا دەبێت بڕیارێکی دیکە دەربکەیت. بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وەکو خۆشیان دەڵێن رێگر نابێت لە وادە دەستوورییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ