رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن هاردت، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە "گۆڕانکارییەکی مێژوویی" ناودەبات و پێیوایە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە هۆی ئارامبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و کورد.
یۆرگن هاردت جەختدەکاتەوە کە ئەڵمانیا دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی وەک نێوەندگیر لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت و تیشک دەخاتە سەر پرسی کۆچبەران و سیاسەتی سنوورەکانی ئەڵمانیا.
سەبارەت بە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ ئەنقەرە، یۆرگن هاردت دەڵێت: "هیوادارم، ئەمە ببێتە گۆڕانکارییەکی مێژوویی کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و کورد ئارام بکاتەوە و دەست لە بەکارهێنانی تووندوتیژی بەرامبەر یەکدی هەڵبگرن. بە باوەڕی من ئەمە دەبێتە پێشمەرجێکی سەرەکی، کە کورد لە تورکیادا بتوانێت زمان و کولتووری خۆیان وەکو هاووڵاتییانی دەوڵەتی تورکیا ببوژێننەوە و بە یەکسانی بەشداریی هەموو پرۆسە دیموکراسی و سیاسییەکان لە تورکیادا بکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پرسی کورد بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چارەسەر دەبێت، هاردت ئاماژەی بەوەدا: "دەبێتە گۆڕانکارییەکی بە بەها، ئەگەر بە راستی ببێتە ئەگەری چارەسەرییەک. لە رابردوودا من هیچ پێشکەوتنێکی لەم ئاستەم، لە کورددا نەدیوە، لەبەر ئەوە هیودارم، کە دۆخی کورد لە تورکیادا بە گشتی بگۆڕدرێت."
هاردت لەبارەی رۆڵی ئەڵمانیا لە پرسی پەکەکە و تورکیا دەڵێت، "ئێمە بەرنامەیەکی باشمان هەیە کە وەکو یارمەتیدەر و نێوەندگیر بۆ پێشکەوتنێکی ئەرێنی ئامادە بین."
دەقی هەڤپەیڤینی یۆرگن هاردت لەگەڵ رووداو:
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، پرسیاری یەکەمم ئەوەیە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چ مانایەکی گرنگی بۆ ئەنقەرە هەیە؟
هاردت: هیوادارم، ئەمە ببێتە گۆڕانکارییەکی مێژوویی کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردان ئارام بکاتەوە و دەست لە بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر یەکدی هەڵبگرن. بە باوەڕی من ئەمە دەبێتە پێشمەرجێکی سەرەکی، کە کورد لە تورکیادا بتوانێت زمان و کولتووری خۆیان وەکو هاووڵاتییانی دەوڵەتی تورکیا ببوژێننەوە و بە یەکسانی بەشداریی هەموو پرۆسە دیموکراسی و سیاسییەکان لە تورکیادا بکەن.
رووداو: بەڕێزتان لەو باوەڕەدان پرسی کورد بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە تورکیا چارەسەر دەبێت؟
هاردت: دەبێتە گۆڕانکارییەکی بە بەها، ئەگەر بە راستی ببێتە ئەگەری چارەسەرییەک. لە رابردوودا من هیچ پێشکەوتنێکی لەم ئاستەدا، لە کورددا نەدیوە، لەبەر ئەوە من بە هیوام، کە دۆخی کورد لە تورکیادا بە گشتی بگۆڕدرێت.
رووداو: ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت چ رۆڵێک بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بگێڕێت؟
هاردت: بە بۆچوونی من، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد دا، لەگەڵ کوردانی خاوەن ناسنامەی تورکی و هەروەها لەگەڵ کوردانی خەڵکی تورکیا باشە. لە ئەڵمانیا زۆر هاووڵاتیی تورکی بە بنەچە کورد هەن و لێرە بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگە و کولتووری ئێمە. لەبەر ئەمە ئێمە بەرنامەیەکی باشمان هەیە کە وەکو یارمەتیدەر و نێوەندگیر بۆ پێشکەوتنێکی ئەرێنی ئامادە بین. لەبەر ئەوە من حکومەتی ئەڵمانیا هان دەدەم، گرینگی بدات بە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ تورکیادا. تاوەکو لەم قۆناخەی نێوخۆیی تورکیادا پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبێت.
رووداو: بەڕێزتان ئاگەدارن پەکەکە لە ئەڵمانیا لە لیستی تیرۆردایە، ئایا لە رووی یاساییەوە چۆن دەتوانرێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت؟
هاردت: ئەمە دەبێتە پرسیارێک بۆ سیاسەتی نێوخۆیی، بەڵام من باوەڕ ناکەم کە پێشکەوتنێکی درێژخایەن و ئارامکردنەوەی هێزە کوردییە تیرۆرییەکان کاریگەری لە هەڵسەنگاندنی یەکێتیی ئەورووپا نەکات؛ سیاسەتمەدارانی نێوخۆیی خوێندنەوەی ورد بۆ ئەمە دەکەن.
رووداو: بەڕێزتان ئاگادارن ئەڵمانیا کۆنترۆڵی سنوورەکانی تووندتر کردووەتەوە، ئایا لە رووی یاساییەوە دەتوانرێت کۆچبەران لەسەر سنوور دیپۆرتبکرێنەوە، چونکە ئێستا زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
هاردت: من باوەڕم وایە، ئەمە بە پێی یاساکانی نەتەوەیی، ئەورووپی و نێودەوڵەتی دەکەین. من زۆر حەز دەکەم کە ئێمە سیستەمێکمان لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا هەبێت، کە هاوکارییەکی یەکسان و رێککەوتوو بۆ ئەم پرسیارانە لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسنوور پێشکێش بکات. لەبەر ئەوەی کۆچبەرانیش لەو وڵاتانەوە دەگەنە سنوورەکانی ئەورووپا. لە کۆتاییدا دەبێت ئێمە هۆکارەکانی کۆچکردن چارەسەر بکەین. سووریا ببێتە نموونەیەکی باش کە ئیتر سوورییەکان داهاتووی خۆیان و خێزانەکانیان لە سووریایەکی جێگیردا بینن. بە باوەڕی من، پێویستە ئێمەش لەو بابەتەدا بەشدار بین. بۆ ئەوە تورکیاش رۆڵێکی گرینگی هەیە، لەبەر ئەوەی تورکیا درێژترین سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە.
رووداو: لە چوارچێوەی یاسای مافی پەنابەرێتیی یەکێتیی ئەورووپا، ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت لەسەر سنوور کۆچبەران دیپۆرتبکاتەوە؟
هاردت: ئەم پرسیارە ئێستا دەکرێت، دەرفەتی تایبەت بۆ سنوورەکان هەن، بەڵام سنووری ئەڵمانیا سنوورێکی ناوخۆییە لە ئەورووپا، بۆیە ئەوە بە شێوازێکی دیكە باس دەکرێت. لەبارەی ئەوە گفتوگۆی گەرم هەیە، نەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا. بۆ ئێمە هەمووان، بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و تەواوی کۆمیسیۆنەکە و بۆ ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرا بوو کە دەبێت سیاسەتی کۆچبەریی بگۆڕین. پێویستە ئێمە لە ئەڵمانیا و ئەورووپا رێ بدەین بە کۆچکردن بۆ بازاڕی کار. دەبێت دەرفەت بدەین ئەوانەشی بە هۆکارە سیاسییەکان کۆچ دەکەن بێنە وڵاتەکانمان. بەڵێ پێویستە ئێمە پەیامێک بۆ ئەوانەش هەبێت کە تەنیا بۆ هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دێنە ئێرە. ئێمە توانای ئەوانمان نییە، رابردووە ئەمەی سەلماندووە. ئێمە توانەی ئەوانەمان نییە و رابردووش ئەوەی سەلماندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ