رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، "رەوا نییە" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدرێت، چونکە ئەوە "مافی هەموو کەسێکە."
جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشداری لە بەرنامەی بێستوون تۆک کرد و لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، ریفراندۆم، هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر عێراق و رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
لەبارەی دوایین رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، پلاسخارت گوتی، "ئەم رێککەوتنە باشترین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی، مانای ئەوەیە ئەم رێککەوتنە دەبێت بە هەناسەیەک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چارەسەرێکی درێژخایەن نییە لە دوورمەودادا."
جێنین پلاسخارت لەبارەی رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا."
دەقی هەڤپەیڤینی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە بێستوون تۆک
بێستوون: بەخێربێن. بەخێربێن خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆی سۆران. شەرەفمەند و دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لە سۆرانی خۆشەویست، لە سایەو سێبەری هەندرێنی سەربڵند و هەندرێنی خۆڕاگر، لێرە کۆبووینەتەوە، ئەڵقەیەکی نوێی بێستوون تۆک تۆمار دەکەین.
بێگومان پێش ئەوەی باسی ئەم ئەڵقەیە بکەم، حەزەکەم ئەم قەڵەمەتان پێ بناسێنم. برایەکمان لە باکووری کوردستانەوە، لە ئامەدەوە، کە بینەری بەرنامەکەیە، بەتایبەتی ئەم دیارییەری بۆ ناردووین. دیاریەکی هێندە گرینگە لە دڵی مندا، کە حەزم کرد ئەمڕۆ بیهێنمە بەرنامەکە لەگەڵ خۆم. بێستوون تۆک ئێستا نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکو ئەو سنوورانەشی بڕیوە کە 100 ساڵ پێش ئێستا ئەم نیشتمانەی پارچە پارچە کرد. لە قامیشلۆ، لە کۆبانێ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە مەهاباد، لە سنە، لە مەریوان، و لە مێردین و دێرسیم و ئامەدەوە تەماشا دەکرێت. رێگەم بدەن لێرەوە، بەناوی ئێوەوە، بەناوی سۆرانی خۆشەویستەوە، بەناوی سۆرانی خانزاداوە، بەناوی سۆرانی ئیبن و ئادەمەوە، سڵاو بنێرم بۆ هەموو کوردستان، بۆ هەموو ئەو هەموو کوردستانییانەی کە لەدەرەوەی کوردستانیش لەگەڵمانن و تەماشامان دەکەن.
خۆشەویستان، بێگومان بەردەوام دەبین. شار بە شار، شارۆچکە بە شارۆچکە، بست بە بستی باشووری کوردستان دەگەڕێین و سیاسییەکان و بەرپرسەکان، دبلۆماتە بیانییەکان، هەروەکو ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیکەین، دەهێنینە سەر ئا ئەم کورسییە و رووبەڕووی پرسیارەکانی ئێوەیان دەکەینەوە.
وا بڕیاربوو ئەڵقەیەک لە سلێمانی تۆمار بکەین و بەڕێز کاک فازڵ میرانی میوانمانبێت. بەداخەوە میوانە بەڕێزەکەمان نەیتوانی ئامادەبێ و درەنگی خست. بەڵام، کوردەواری گوتوویانە "قەرز کۆن دەبێت، نافەوتێت." قەیچیەکە، با کاک فازڵ قەرزداری ئێمە بێ. من بەناوی ئەوەوە، داوای لێبوردن لە خوێندکارانی ئازیزی زانکۆی کۆمار و هەموو رایگشتی کوردستانیش دەکەم، کە زۆر دەمێک بوو چاوەڕێی ئەو بەرنامەیە بوون. بەڵام، هەر دەیکەین. هەر دەیکەین. و بەنیازی خودا کاک فازڵ میرانی دەبێتە میوانمان لە زانکۆی کۆمار لە سلێمانی و رووبەڕووی پرسیارە ئازا و ئازادەکانی کوڕان و کچانی سلێمانی دەبێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لێرەین. لە سۆرانی خۆشەویست و میوانێکمان دەبێ کە لێرە رووبەڕووی پرسیارە ئازا و ئازادەکانی ئێوە دەبێتەوە. ژنێک، کە چەند گرنگە بەشداری ژنان وەکو پیاوان لە کۆمەڵگەدا، لە بواری کاردا، لە سیاسەتتدا و لە دبلۆماسییەتدا. ئەگەر من تا ئەم هەفتەیەش ئومێدم کەمێک سیسی پێوە دیار بووبێ، ئەم هەفتەیە کە لە زانکۆی سۆران بردمە سەر، ئارەزووم ناسی، لاڤینم ناسی و هەموو ئەو خوشک و برایانەی دیکەم ناسی، جارێکی دیکە ئومێد لە دڵمدا دروستبووەوە کە کوردستانیش دەکرێ رۆژێ لە رۆژان کەسایەتی هێندە گەورە پێبگەیەنێت لە کچانی و لە کوڕانی کە لە هەموو جیهاندا ببن بە مایەی سەربەرزی بۆ هەر هەموومان.
ئەو میوانەی کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمان دەبێ و رووبەڕووی بێژنگی پرسیارەکانی ئێوە دەبێتەوە کەسێکە کە لەڕاستیدا من ساڵی 2021 ناسیم. بەهاری 2021، بە دیاریکراوی لە 21ی مایسی 2021 ناسیم. کۆنفرانسێک هەبوو لە هەولێر، کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور. ئەویش میوان بوو. بۆ یەکەمجار قسەیەکی گوت کە ئەمڕۆ زۆر باس دەکرێ لە هەرێمی کوردستاندا. هەرچی تەلەفزیۆنێک دەکەیتەوە باسی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات. بەڵام ئەو دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا پێی گوتین، لەو کۆنفرانسەدا. گوتی: "وامەزانن ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کە ئێستا هەتانە لە هەرێمی کوردستاندا، بەخۆڕا دەستتان کەوتووە. ئەگەر زۆر زۆر ئاگادار نەبن لە یەکڕیزیی خۆتان و لە پاراستنی یەکڕیزیی خۆتان، ئەگەری هەیە لەدەستی بدەن." ئەوڕۆژ چەند کەس لە پەیامەکەی تێگەییشتن؟ ئەگەر لە براتان بپرسن، ئەوانەی کە لێیی تێگەیشتن لە چەند پەنجەیەکی یەک دەست تێناپەڕن. خەمخۆرەکانی نیشتیمان ئەوڕۆژ لێی تێگەیشتن. بەڵام ئەمڕۆ وابزانم هەموو سیاسییەکان کە وردە وردە مەترسییەکە لە کورسییەکەی ژێر خۆیاندا هەست پێدەکەن، دەنگیان بەرز کردووەتەوە و دەڵێن شتێکی وا هەیە. چی بوو ئێمەی لەوڕۆژەوە گەیاندە ئەمڕۆ؟ دووساڵ و نیو پێش ئێستا ئەو ئاگاداری کردینەوە، ئەو میوانەی کە ئەمڕۆ لێرە دەبێت، دڵنیام پرسیارتان لەسەر ئەمانە هەر هەمووی زۆرە لێی. کەوابوو با زیادتر چاوەڕێمان نەکات. لەگەڵ من ئێوەش پێکەوە پێشوازی لە بەڕێز جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەین. زۆر زۆر سوپاس.
جێنین: زۆر سوپاست دەکەم بۆ پێشوازی کردنم لێرە. سڵاو، زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم.
بێستوون: بەخێربێیت
جێنین: سوپاست دەکەم
بێستوون: وەرگێڕانت هەیە. ژمارە 3. خۆشحاڵم بە میوانداری کردنت لە کوردستان، بە تایبەتیش لە سۆران. پێمبڵێ هەست بەچی دەکەیت سەبارەت بە ئەمڕۆ و هەموو ئەم خوێندکارە گەنجە؟
جێنین: من زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم. با بەم قسەیە دەست پێبکەم. ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ سۆران. دانیشتنم لەگەڵ ئێوە شەرەفێکی گەورەیە، لەبەر ئەوە زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵتانم ئەمڕۆ. سوپاست دەکەم کە بانگهێشتت کردم.
بێستوون: سوپاس بۆتۆ. با بە پرسیاری یەکەم دەست پێبکەین. کێ باشترین پرسیاری هەیە؟ بەڵێ.
ئالان: سڵاو!. من ناوم ئالانە. خوێندکارم لێرە، لە بەشی ئەدەب و زمانی ئینگلیزی دەخوێنم. پرسیارەکەم بۆ بەڕێزتان ئەوەیە: خانمەکەم، وەکو بەڕێزیشت دەبێت ئاگاداربیت، لە هەرێمی کوردستان سیستمی ئابووریمان وابەستەیە بە دەرەوە، کە دەتوانی بڵێیت لە دوو ساڵی رابردوودا هەوڵێک هەبووە بۆ کەم کردنەوەی ئەو وابەستەییە. بەڵام هێشتا هەر ئەوە دۆخەکەمانە. بێگومان ئەوە کاریگەری نەرێنی زۆری هەیە. بۆ نموونە، وەکو گەنجانی ئەم وڵاتە، وەکو تاکەکانی کۆمەڵگە زیاتر پشت دەبەستین بە حکومەت لەبری توانا تاکە کەسییەکانی خۆمان بۆ دامەزراندنی کار و پشتبەستن بە خۆمان. پرسیارەکەی من ئەمەیە: پێویست دەکات چی بکرێت و تا ئێستا چی کراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو وابەستەییە و بەرەوپێش بردنی سیستمێک کە هەریەکێکمان لەسەر بنەمای توانا تاکە کەسییەکانی خۆی برەو بەخۆی بدات و گەشە بکات؟ سوپاس.
جێنین: بێگومان، ئەمە پرسیارێکە کە نابێت لەمنی بکەیت. باشتر وایە ئەم پرسیارە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا بکەیت. لەگەڵ ئەوەدا، دەتوانم بڵێم تۆ راست دەکەیت! تەنیا هەرێمی کوردستانیش نییە، هەموو عێراقە. گەنجانی عێراق کاتێک دەگەنە تەمەنی کارکردن پشت دەبەستن بە کەرتی گشتی کە بە بەردەوامی لە گەورەبووندایە وەکو میزەڵانێکی لێ هاتووە. بەڵام ئەو کەرتە گشتییە ناتوانرێ بەردەوامی پێبدرێ و درێژەی پێبدرێت. لە کۆنترۆڵ دەرچووە. لەبەر ئەوە هیچ رێگەیەک نیە لەبەردەم عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بێجگە لە وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەرتدا. ئەگەر هەڵە نەبم وابزانم دوو رۆژ پێش ئێستا بوو، شتێکم خوێندەوە دەربارەی دەستپێشخەرییەکی نوێ لێرە لە هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیری کردنی بزنسی بچووک و مامناوەند، کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رێگەیەکی زۆر دوور و درێژ ماوە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆ ئەوەی بیبڕن. کەوابوو تۆ لەسەر حەقیت کە ئەم پرسیارە دەکەیت و پێویستە داوا لە لایەنە پەیواندیدارەکان بکەیت بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن. ئەمە ئەو وەڵامەیە کە من دەتوانم بتدەمەوە.
بێستوون: فەرموو.
خوێندکار: پرسیارەکەی من ئەوەیە: بە لەبەرچاو گرتنی گوتەکانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، کە لەم دواییانەدا لە لێدوانێکیدا گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان رەنگدانەوەی واقیعی ئێستای جیهان نییە." ئایا تۆ وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان بەو ئەرکانە هەستاویت کە لە ئەستۆت دایە؟ ئەگەر وایە، چۆن گرەنتی وەستاندنی دەست تێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ دەکەن، لەبەرچاو گرتنی ئەوەی هەموو رۆژێک بە درۆن سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت؟ زۆر سوپاس.
جێنین: نازانم باسی کام لێدوانەی سکرتێری گشتی بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دەکەیت، بەڵام زۆر باش ئاگاداری دوایین هەڤپەیڤینیم لەگەڵ کەناڵی CNN، زۆر بە روونی باسی ئەو ئاڵنگاری و سەختییانەی کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان رووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی کاریگەرییە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵێک دۆسییە لە ئەنجوومەنی ئاساییش. ئێستا تۆ پرسیار لەمن دەکەیت دەربارەی ئەوەی ئایا من چی دەکەم بەرامبەر پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە لەسەر یەک پارچەیی و سەروەریی عێراق.
نازانم ئاگاداریت و تەماشای لێدوانەکانی پێشووم و گوتارەکانمت لە ئەمجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە یان نا کە چوار مانگ جارێک تیایاندا باس لە بەرەوپێشچوونەکان دەکەم لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەگەر هەبن. من زۆربەی جار لەو لێدوان و گوتارانەدا باسی پێشێلکارییە بەردەوامەکان دەکەم لەسەر یەک پارچەیی و سەروەریی عێراق. داوای لێبوردن دەکەم ئەم مێشە تێم ئاڵاوە. ئەگەر بینیتان جووڵەی سەیر و سەمەرە دەکەم، هۆکارەکەی ئەو مێشەیە. با بە ئێران دەست پێبکەم. لە ماوەی رابردوودا پێکەوە کارمان کرد لەگەڵ بەغدا و دەسەڵاتەکانی ئێرە لە هەولێر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی، بە ئامانجی رێگری کردن لە مووشەکبارانی زیاتر بۆسەر ئێرە. ئەگەر باسی تورکیاش بکەین، لە ناخی دڵمانەوە ئومێدمان وایە بتوانین رێچکەیەکی هاوشێوە بگرینە بەر لە ئاییندەیەکی نزیکدا. لەبەر ئەوەی ئەوە باش دەزانین لەوێشەوە بە بەردەوامی پێشێلکاری هەیە بۆ سەر یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق. راستە هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی نیگەرانی رەوای هەبێت دەربارەی ئاساییشی خۆی، بەڵام ئەمە [ئەو رێچکەیەی تا ئێستا گیراوەتە بەر] رێچکەیەک نییە کە بتوانرێ بەردەوامی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی لەڕاستیدا ئەنجام و کاریگەریی پێچەوانە دروست دەکات. دووبارەی دەکەمەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحری بەدەستەوە نییە. ئێمە ناتوانین موعجیزە بخوڵقێنین، لەماوەی یەک شەودا، ئەوە هەر هیچ ناتوانین. دواجار ئەوە لایەنە فەرمییەکانن کە پێوسیتە کاری لەسەر بکەن. ئەوەی ئێمە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە کار لەگەڵ ئەو لایەنە فەرمییانە بکەین لێرە لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراقیش، بەهەموو توانای خۆمانەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری بکەین لە بنیاتنانی ژینگەیەکی ئاشتییانە، تا چیدی مووشەک روو لێرە نەکات و سنوور بەزاندن روونەدات.
بێستوون: زۆر باشە، فەرموو.
خوێندکار: زۆر سوپاس کاک بێستوون کە ئەم دەرفەتەت رەخساند بۆ ئێمەی گەنج تا بتوانین پرسیارەکانمان بگەیەنین بە دەسەڵاتداران. پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە: لە بڕگەی دووەامی مادەی یەکەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە مافی چارەی خۆنووسین کراوە، بەڵام وەکو دەزانین گەلی کوردستان مافی سەربەخۆیی لێ زەوت کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ یەک پارچەیی عێراقدان. پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە: بۆچی سیاسەتی برسی کردنی گەلی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پەیڕەو دەکرێت و هیچ پشتگیرییەک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بەدی ناکرێت بۆ ئەوەی کورد بە مافی رەوای خۆی بگات و لە چوارچێوەی عێراقدا بگات بە مافەکانی؟
جێنین: با وەڵامێکی دیبلۆماسسیانەت بدەمەوە. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ گەلی کورد لە وڵاتەکانی دیکە، لە تورکیا و ئێران و سوریا. دەبینین کە لێرە زۆر شت بەدەست هاتووە. راستە پێدەچێت ئەوەی کە بەدەست هاتووە ئەو وێنە نموونەییە نەبێت کە ئێوە خوازیارین. بەڵام بیرتان نەچێت کە زۆر زۆر ئاسانە تەنیا سەرنج چڕبکرێتەوە لەسەر ئەو شتانەی کە بەدەستتان نەهێناوە. لەبەرامبەردا، شتە راستەکە ئەوەیە دان بە ئەو دەسکەوتانەدا بنێن کە لێرە لە باکووری عێراق هاتوونەتە دی.
کاتێک دێینە سەر بابەتی بودجە، پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. بگەڕێینەوە بۆ ئەوکاتەی دەستووری عێراق نووسرایەوە و تەماشای ئەو 18ساڵە بکەین بزانین چی روویداوە. راستییەکە ئەوەیە کە شتی زۆر روویان نەداوە. کاتێک تەماشای بەشێک لە بڕگەکانی دەستووری عێراق دەکەیت دەبینیت زمانێکی گشتگیر بەکارهێنراوە و ماف و ئەرکەکانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەڕوونی دیاری نەکراون. کەوابوو، ئەمڕۆ لە ساڵی 2023دا، دوای 18 ساڵ، دەتوانم بڵێم کە داڕشتنی بنچینەکانی سیستەمی فیدراڵی، کە ئەوکات بڕیاریان لەبارەوە درابوو، هێشتا درووست نەبوون. تێپەڕینی 18ساڵ بەبێ هەبوونی رێککەوتنێکی کۆنکریتی، شتێکی باش نییە، نەک تەنیا لەسەر بابەتی بودجە، بەڵکو لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتی دیکەی وەک سەرچاوە سرووشتییەکان و زۆر بابەتی دیکەش کە دەتوانم وەک نموونە باسیان بکەم. لەبەر ئەوە، ئەمانە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن. وەکو ئەوەی گوتم و دووبارەی دەکەمەوە راستتر وایە چاو ببڕنە دەسکەوتەکانی خۆتان لەبری سەرقاڵبوون بەو شتانەی نەتانتوانیوە بەدەستیان بهێنن. ئێستا دەبێت تەماشای ئەوە بکەین کە پێویست دەکات چی بکرێت. پێویستە لەسەرمان هەوڵ بدەین چارەسەری درێژخایەن بدۆزینەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ. ئەم بابەتە هەمیشە وەکو بابەتێکی سیاسی دەمێنێتەوە بەڵام بێگومان ئەوەی کە روودەدات رەوا نییە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. ئەگەر تەماشا بکەیت، دەرحەق بە هیچ کەسێک رەوا نییە مووچەی پێ نەدرێت لەکاتێکدا کە ئەویش چاوەڕێی ئەوەیە داهاتی خۆیی هەبێ و ژیانێکی شاییستە بژی. ئەوە مافی هەموو کەسێکە. ئەگەر تەماشای دوایین رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بکەیت لەسەر بودجە، گوێت لە هەندێک کەس دەبێت کە بە دەسکەوتێکی گەورەی لە قەڵەم دەدەن. گوێت لە هەندێک کەسی دیکەش دەبێت کە ئەسڵەن بە دەسکەوتی نازانن. بەڵام وابزانم راستییەکە ئەمەیە، کەسێکیش هەر ئەمەی بەگوێی مندا چرپاند، منیش هەر باوەڕم وایە، کە ئەم رێککەوتنە باشتریین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی. ئەمە مانای ئەوەیە ئەم رێککەوتنە دەبێت بە هەناسەیەک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چارەسەرێکی درێژخایەن نییە لە دوورمەودادا. کەوابوو، کاری زۆرمان لەبەردەمدایە و رێی زۆرمان لەبەردەمدا ماوە بیگرینە بەر.
وابزانم کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەردوو بەغدا و هەولێر کە چیدی پشت نەبەستن بە پەیوەندییە تایبەتییەکانیان، بەڵکو دوای 18 ساڵ بگەنە ئەو دەرەنجامەی کە پەیوەندییەکانیان دامەزراوەیی بکەن.
بێستوون: سیستمی فیدراڵیش بە دامەزراوەیی بکەن.
جێنین: بەڵێ! پێکەوە کاربکەن بۆ بەهێکردنی سیستمی فیدراڵی لەبەر ئەوەی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، لە 2005ەوە تا ئێستا. لە هەموو گوتارەکانی رابردوومدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، باسی ئەم بابەتەم کردووە. ئەمەش تەنیا شتە کە لەدەستم دێت. دواجار منیش عاسای سیحریم پێ نییە، تەنیا دەتوانم چاودێری بارودۆخەکە بکەم و تیشک بخەمە سەر ئەو بابەتانەی کە گرنگن.
بێستوون: بەڵێ فەرموو.
کەیهان: بەخێربێی بۆ شاری سۆران. دوو پرسیار ئاراستەی جەنابتان دەکەم. یەکێکیان ئەوەیە: یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە دانیشتووان لە هەموو شوێنێک لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بن. بەڵام بینیمان لە کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵدا لە کەرکوک خۆپێشاندان ئەمجامدرا و شەقامی نێوان هەولێر و کەرکوک داخرا. بەداخەوە پێنج شەهیدی لێکەوتەوە کە ئەوانیش هەر یەک لە شەهیدان: هاوکار شوانی، هەڤاڵ ستار، حسێن سابڕ و سەمەد محەممەد بوون. یەکێک لە ئەرکەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراقدا جێبەجێکردنی مادەی 140ـە. ئایا ئێوە هەڵوێستتان چی بووە و چی دەبێت؟ پرسیاری دووەم: ئەم خاکەی کە ئێستا جەنابتان لێی دانیشتوون بە ئارامی، بە خوێنی هەزاران رۆڵەی کورد بەرهەم هاتووە. بەڵام ئێستا دەبینین هەڕەشەیەکی جدی هەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستتان چییە؟ ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە ئایا ئێوە رەزامەند دەبن یاخود نا؟ زۆر سوپاس.
جێنین: با بە کەرکووک دەست پێبکەم. من 5 ساڵ پێش ئێستا هاتم بۆ عێراق و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی پێکهاتەکانی کەرکووکم هان داوە بۆ ئەوەی لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کارئاسانی بکات بۆ گفتوگۆی نێوانیان. چەند جارێک گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە خەریکین دەگەینە ئەنجام بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی سەقامگیرمان هەبێت لەسەر شێوازی ئیدارەدانی شارەکە و دابینکردنی ئاساییشی. بەڵام تاکو ئێستا لایەنە کەرکوکییەکان نەیانتوانیوە بگەن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی. ئەمە جێی داخە و من سکم پێیان دەسوتێت. ئەمە لەبەر ئەوە ناڵێم کە لایەنێکی دیاریکراو هەبێت بمەوێت بەرپرسیارییەتەکە بخەمە ملی. ئەوە سرووشتی پرۆسەکەیە، کە ئەم ئەنجامەی بەرهەم هێناوە. وەکو لە وەڵامی پرسیارێکی رابردوودا گوتم لە 2005ەوە تا ئێستا کۆمەڵێک ناڕوونی هەن. بەدەر لەوەش حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەن کە لەوکاتەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەن بە رێککەوتنێک لەسەر مادەی 140. کەوابوو، بێگومان کاری زۆرمان لەپێشە ئەنجامیان بدەین. بەڵام ئەوە بزانن کە بە سەردانێکی تایبەت لێرە و پەیوەندییەکی تایبەتی نێوان دوو کەس لەوێ، ناتوانن بگەن بە ئەنجام. پێویست دەکات پەیوەندییەکانتان بە دامەزراوەیی بکەن و سیستەمی فیدراڵی بەهێز بکەن. گەر وانەکەن، دڵنیابە دوای 20 ساڵی دیکە من و تۆ یەک دەبینینەوە و هەر هەمان هەمان ئەم قسانە دەکەینەوە. کاتێک تەماشای پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەکەین، زۆر گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە بابەتەکە بە شێوەیەک نەبینین کە ئێوە دوژمنێکتان هەیە لە بەغدا دانیشتوە بۆتان. کاتێک کە کێشەیەک هەبێ، راستتر وایە تەماشای هەردوولا بکەین. راستییەکە ئەوەیە بزانین چی هەیە لە بەغدا بتوانین باشتری بکەین، بەڵام چیش هەیە لە هەرێمی کوردستان بتوانین باشتری بکەین! زۆر بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستان دابەشبوون و کەرتبوون و شەڕێکی سیاسی دەبینین، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک کەڵکتان پێ ناگەیەنێت کاتێک دانووستاندن لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ دەکەن. کەوابوو، ئەرکی یەکەمتان ئەوەیە کە بەسەر کەرت و پەرتبوونی نێوخۆیی خۆتاندا سەرکەون و یەکگرتووبن تا بتوانن خزمەتی خەڵکی عێڕاق بکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە. تەنیا شتێک کە من بتوانم بیکەم ئەوەیە کە جەخت بکەمەوە لە گرنگیی هەبوونی پەیوەندیی سەقامگیر لە نێوان بەغدا و هەولێر. لەبەر ئەوەی دڵنیام ئەو سەقامگیرییەیە دواجار خزمەتی بەرژەوەندی ئێوە دەکات. ئێستا دەبینین کەش و هەوایەکی باش دروست بووە و رێککەوتنێکیش هاتۆتە ئاراوە، دووبارەی دەکەمەوە، رێککەوتنێکی ئەرێنییە بەڵام رێککەوتنێکی کاتییە. ئەم رێککەوتنە مانای ئەوە نیە کێشەکانتان چارەسەر بووە. هەر بۆیە بە بەردەوامی داوا لە عێراقی فێدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەری درێژخایەن و دوورمەودا.
بێستوون: جێنین، تۆ یەکەم کەسبووی باسی ئەم ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەی هەرێمی کوردستان بکەیت. مایسی 2021 بوو کاتێک ئاماژەت بەوەدا ئەگەری هەیە ئەم ناکۆکییە کاییگەری هەبێت لەسەر ئەو نیمچە سەربەخۆییەی لە هەرێمی کوردستان هەمانە. مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەم بابەتە، کەسانێک هەن پێیان وایە سەرچاوەی مەترسییەکە کەسانێکن کە لە بەغدا دانیشتوون یان لە تاران، یان لە پایتەختەکانی دیکە، هەوڵی بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن. بەڵام کەسانێکی دیکەش هەن پێیان وایە سەرچاوەی لاوازبوون و بچووکبونەوەی قەوارەکە ئەو ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەی خودی هەرێمی کوردستان خۆیەتی. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت دوو پرسیار بکەم. یەکەمیان: ئایا ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا، 21ی مایسی 2021 کە ئەو قسەیەت تێدا کرد لەگەڵ ئەمڕۆ، ئایا بەرەو کوێ چووین؟ ئایا دۆخمان بەرەو خراپتر چووە؟ ئایا گەیشتووین بەو دۆخەی کە ئەوڕۆژە تۆ ترست لێی هەبوو بێتە دی؟ پرسیاری دووەمیش: ئایا تۆ سەرچاوەی ئەو مەترسییە بەچی دەبینیت بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان؟
جێنین: زۆر سوپاس بێستوون! بەم پرسیارەت هیچ ژیانم ئاسان ناکەی. کاتێک یەکەم جار ئەم بابەتەم وروژاند، بەڕاستی نیگەران بووم، لەبەر ئەوەی ئەوڕۆژە دەمتوانی کاریگەرییەکانی شەڕی سیاسی ببینم لەسەر هەرێمی کوردستان. هەموومان مێژووی هەرێمی کوردستان دەزانین. هەموومان دەزانین قۆناخێک هەبوو کە لێکتێنەگەشتنی زۆر تووندی تیادابوو. تەماشاکە، زۆر ئاساییە لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەمووشتێک رێکنەکەون، بەڵام ئەگەر دەتانەوێ خزمەتی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، پێویستە یەکگرتووبن وە پێکەوە کاربکەن. زۆر روونە کە ساڵی 2021 ئەم یەکگرتووییە نەبوو. راستت دەوێت ئێستاش دۆخەکە زۆر باشتر نییە لەوکات، هەرچەندە لێرە و لەوێ جاروبار تروسکاییەکی ئومێد هەن. ئەمڕۆ کە لێرە دانیشتووم وە سەرقاڵی گفتوگۆم لەگەڵ سەرکردەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم هەرێمە، پێویستە ئەوە بڵێم کە، زۆر گرنگە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە لەسەر یەک مێز، مەرج نییە لەسەر هەمووشتەکان رێکبکەون بەڵام مەرجە لەسەر بەرژەوەندیی تاکە بە تاکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش.
دەربارەی پرسیاری دووەم، هەروەک لە مایسی 2021یش گوتم: هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژینگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گەلێک ئاڵۆزدا دەژین. دراوسێی زۆرتان هەن، وڵاتانی زۆر هەن کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بارودۆخەکە. رەنگە مەرج نەبێت بە مەبەستەوە ئەو دەست تێوەردانە بکەن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەژموونیان هەیە. لەیەک ئاڵۆزکانی ئەو هەموو هەژموونە جودا جودایانە، بێگومان هاوکارتان نابن. بەڵام مادام ئێوە بە ئاگان لەو ژینگەیەی کە تیایا دەژین، دەبێت زۆر باشتر لە گرنگی ئەوە تێبگەن کە پێویست دەکات یەکگرتووبن لە بڕیاردان و کارکردنتاندا.
بێستوون: ئەمڕۆ لە دۆخێکی خراپترداین؟
جێنین: پێموایە دوای قسەکانی من، بەرەو خراپتر رۆشت. بەداخەوە، من پێموابوو قسەکانم یاریدەدەر دەبن، بەڵام هیچ بەرەو باشی نەچوو، پێچەوانەکەی روویدا. ئومێدەوارم ئێستا لە گەڕانەوەدا بین بەرەو رێگە راستەکە. ئەمە ئومێدی منە.
بێستوون: ئومێدی منیشە. زۆر باشە کی هەڵبژێرین؟ حەزدەکەم ئەو کوڕە هەڵبژێرین کە دەستی ئاوا لێدەکات...
مەعاز: پرسیاری یەکەمم سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە. کاتێک ساڵی 2017 ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان بڕیارماندا بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، چونکە مافێکی نەتەوەیی و کلتوری خۆمان بوو. ئێمە پێش 2017 پێگەیەکی سیاسی زۆر بەهێزمان هەبوو لەنێو وڵاتاندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە توانیمان رێکخراوی تیرۆرستی داعش تێک بشکێنین و هێزەکەی لاواز بکەین. هەموو نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دەرەوە پاڵپشتمان بوون. بەڵام کە هاتینە سەر مافی خۆمان و 2017 بڕیارمان دا، هیچ لە وڵاتان پشتگیریان نەکردین. هۆکار چیبوو؟ ئایا خاوەن ماف نین؟ خاوەن کلتوور نین؟ خاوەن مێژوو نین؟ هەرچی دەتەوێت هەمانە. باشە هۆکار چیبوو کە گوتتان کاتی نییە؟ ئەی ئەگەر کاتی نەبوو ئەوکات، کەی کاتیەتی؟
جێنین: 2017 من لێرە نەبووم. بەڵام لەوکاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دۆستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕوونی ئەوەیان گووت کە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبوو. بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری زۆریان هەبوو. وەک لە وەڵامی پرسیارێکی پێشوتریشدا گوتم، تکایە بیرتان نەچێ تەماشای ئەو شتانە بکەن کە هەتانە و بەدەستتان هێناوە، لەبری سەرنج خستنە سەر ئەوانەی کە نیتانە. زۆر بە باشی لێتان تێدەگەم. من کورد نیم. بەڵام ئەگەر کورد بوومایە، هەروەکو ئێوە دەبووم و هەمان شتم دەگوت. مێژووی کورد مێژوویەکی زۆر گەورە و زۆر ئاڵۆزە. روونە ریفراندۆمەکەی 2017 خزمەتی دۆزەکەتانی نەکرد. من لە هەستی تۆ تێدەگەم، لە سۆزیشت تێدەگەم. بەڵام با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەمڕۆ چیتان هەیە. راستتر وایە بڵێم با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەمڕۆ هەیە. ئەوەشمان لەبەرچاوبێت کە لە وڵاتانی دیکە روودەدەن، وەک ئێران و سوریا و تورکیا. یەکەم شت کە ئێوە دەبێت بیکەن ئەوەیە کە ئەوەی هەتانە بیپارێزن. ئەوەش بە یەکخستنی هەموو لایەنەکان دەبێت لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر نەتانتوانی ئەوە بکەن، ئەوا پێویستتان بە کەسی دیکە نییە لەناوتان بەرێت. ئەوەش بزانن کە زۆر دەسکەوتتان هەیە کە دەکرێ لە دەستی بدەن.
بێستوون: کەوابوو پێمان دەڵێیت پێش هەمووشتێک کارێک بکەن پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی پێکەوە کار بکەن،...
جێنین: تەنیا ئەوە نییە. ئاسانە بابەتەکە بچووک بکەیتەوە لە پارتی و یەکێتیدا، راستە ئەوان کاریگەرن بەڵام ئەوەی کە من دەیڵێم لەوە زیاترە. ئەوەی کە پێویستە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان یەک بگرێت و یەکگرتووانە هەنگاو بنێت. ئەمە زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی دەستکەوتی دیکەی زۆر هەن کە چاوەڕێتان دەکەن، ئێوەش تەنها بە یەکگرتووی دەتوانن بەدەستی بهێنن.
بێستوون: ئۆکەی، با ئەوانەی پشتەوەش ببینم. چونکە لێرەوە دیار نین. بەڵێ، فەرموو.
دهۆک: من دهۆک بارزانیم. دەرچووی زانستی کۆمەڵناسیم. رۆڵی نێچیرڤان بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنی لە سیاسەتی رۆژگاری ئەمڕۆی کوردستاندا؟ چی دەگوزەرێت لەپشت پەردەی رەشەوە؟ هاتنی قائانی بۆ بەغدا و هاتنی هێزێکی زۆری ئەمریکا بۆ کوردستان. ئایا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی کوردستان دەست پێبکاتەوە؟
بێستوون: دهۆک، با من لە پرسیارەکانت تێبگەم. یەکەم شت پرسیار دەکەی لەسەر رۆڵی سەرۆکی هەرێم. بۆ ئەوەی من تێبگەم. چونکە تۆ زۆر بە ئەدەبییاتەوە دەیڵێی. با بە ئاسانتر من پێی بڵێم. دووەمیان باسی بابەتی ئێران و ئەمریکا: جوڵەی هێز. ئۆکەی، پرسیاری دواییت.
دهۆک: تۆ لایەنگری حکومەتی یان دەسەڵات، یان پشتیوانی دەنگی شەقامی عێراقیت؟ لە کۆتاییدا چاڵنجێک بۆ بێستوون تۆک، بەڕاستی با هەموومان چەپڵەییەکی بۆ لێبدەین چونکە سیاسسیەکان دەخاتە بەر بێژینگی هاوڵاتییان. ئەمە جێی دەستخۆشییە. سوپاس بۆ بێستوون تۆک، سوپاس بۆ رووداو. هیوادارم پڕۆگرامی داهاتوو ژدهۆکا داسنیا بیت یان ژ زاخۆکا دەلال بیت. سوپاس بۆ هەموو لایەک.
بێستوون: سەرچاڤا سەرسەرا، لێ سلێمانی لبەندا کاک فازڵیە. هون ب کرمانجی ب کاک فازڵی بێژن هەرە سلێمانیێ داوی وێ ئەمێ بێنە دهۆک و زاخۆیێ... باشە. کەواتە یەکەم پرسیار دەربارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بوو.
جێنین: هەرگیز بۆچوونی خۆم لەسەر کەسەکان ناڵێم. بەڵام دەتوانم قسە لەسەر پێگە و دامەزراوەکان بکەم. سەرۆکایەتیی هەرێم دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. نەک تەنها بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ پەیوەندییەکانی هەولێریش لەگەڵ بەغدا گەلێک گرنگە. تەماشاکەن، ئەگەر بتانەوێ من زۆر بە راشکاوانە وەڵامتان بدەمەوە، کە هەر واشم کردووە تا ئێستا، دەبێت ئەوەتان لەیادبێت کە من وەکو نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەم و سنوردارم بەو ئەرکەم. لەبەر ئەوە راممەکێشن بۆ نێو بابەتی شەخسی، لەبەر ئەوەی ناتوانم وەڵامتان بدەمەوە. داوای لێبووردن دەکەم. دووەمیان: پرسیاری لەسەر ئێران و سەردانی قائانی کرد.
بێستوون: نیگەرانییەکەی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکایە؛ لەگەڵ زیادبوونی سەردانی ئێرانییەکان بۆ عێراق. دەپرسێت کە ئایا مەترسیی جەنگێکی نوێ هەیە لە عێراقدا؟
جێنین: نەخێر. منیش ئەو ویتی ویتییەم بیستووە. چەند کەسێکیش پرسیارییان لێ کردم. با ئێمە ئومێد بکەین شتێکی وا لەگۆڕێ نیە. بەدەر لەوەش من هیچ ئاماژەیەک نابینم بۆ دروستبوونی جەنگێکی نوێ لەسەر خاکی عێراق. ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە پێویستە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکو هەموو عێڕاق ببێت بە سەکۆیەک بۆ دایەلۆگ و وەبەرهێنان، بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیکەش، نەک ببێت بە سەکۆیەک بۆ کێبڕکێی هەژموون و هێزی وڵاتان. بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەوە دۆخەکە بووە. راستە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەوە دۆخەکە بووە، بەڵام پێم وایە ئێستا لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی و دەسەڵاتەکانی هەولێر، عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە لەو دۆخە دوور بکەوێتەوە کە وڵاتەکە دەکات بە سەکۆیەک بۆ کێبڕکێی هەژموونی وڵاتانی سێیەم، لەبری ئەوە عێراق دەیەوێت ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ گفتووگۆ و وەبەرهێنانی وڵاتانی سێیەم. ئەمە کت و مت قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە هەموو گفتوگۆیەکانیدا کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی دووریش ئەنجامی داوە. بەراستی پێموایە کە دەبێت ئەمە رۆحییەتەکە بێت. ئەگەر قسەبکەین لەسەر... پرسیاری سێیەم چی بوو؟
بێستوون: پرسیاری لێ کردن سەبارەت بە هەڵوێستی ئێوە. ئایا ئێوە بۆ پشتگیری حکومەتی عێراق لێرەن یان بۆ پشتگیری خەڵکی عێراق؟
جێنین: بەڵێ! زۆرجار هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەسەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان چی دەکات لە عێراق. بیرتان دەخەمەوە کە ئێمە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەین. بۆ ئەوە هاتووین خزمەتی حکومەتی عێراق بکەین بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بێگومان ئەمە دام و دەزگا حکومییەکان و خەڵکیش دەگرێتەوە. ئێمە بێلایەنین، ئەوە دەبێت روون بێت، ئێمە دەست تێوەردان ناکەین. ئێمە تەنیا یەک بەرژەوەندیمان هەیە ئەوەش بەشداری کردنە لە دابینکردنی سەقامگیری بۆ عێراق. ئەمە هۆکاری بوونمانە لێرە. کەوابوو ئەرکی ئێمە ئەوە نییە پشتگیری لە شەقام بکەین یان پشتگیری لە حکومەت بکەین، بەڵکو کاری ئێمە ئەوەیە چاودێری دۆخەکە بکەین و هەوڵ بدەین بەشداری بکەین لە دابینکردنی سەقامگیریدا.
شیرین: ناوم شیرین داودەیە، لە بەشی کارگێڕی کار دەخوێنم. زۆر خۆشحاڵم کە رووبەڕوو دەتبینم
جێنین: زۆر سوپاس بۆ تۆ.
شیرین: پرسیارەکەی من کەمێک شەخسییە، بەس زۆریش نا. تایبەتە بە کارەکەت. وەکو ژنێک لە پۆستێکی باڵادا، هەست دەکەیت ئەم ئەزموونە چۆن کاریگەری هەبووە لەسەر تێگەیشتنت دەربارەی دبلۆماسییەت و دانوستاندن. بەتایبەتیش لە کایەیەکدا کە زیاتر بە کایەیەکی پیاوسالار ناوزەند دەکرێ؟ زۆر سوپاست دەکەم.
جێنین: لەڕاستیدا پرسیارێکی زۆر گرانە. باشتر وایە لە هاوکارەکانم بپرسیت. راستە من ژنم، بەڵام راهاتووم لەسەر ئەو کارەی دەیکەم. نازانم ژن بوونم چ سوودێک یان چ زیانێکی هەیە بۆ کارەکەم. ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە کاتێک دیاریکرام وەک نوێنەری تابەتی سکرتێری گشتی، خەڵکێکی زۆر پێیان گوتم تۆ دەبیتە یەکەم ژن لەو ئەرکەدا، ئەگەری ئەوە هەیە قبووڵت نەکەن. ئەمە بڕیاردانی پێشوەختە بوو. پێیان دەگوتم توشی شەڕی زۆر دەبیت. بەڵام ئەمە هیچی وا دەرنەچوو. بەخێرهاتنم لێکرا و باوەشم بۆ کرایەوە. بێگومان جیاوازی هەن، جا لەهەر شوێنێکی عێراق بێت. نازانم، رەنگە هەندێک جار باش بێ کە وەکو ژنێک لەو بوارەدا کاربکەیت، لە دنیای پیاواندا. نازانم... تەنیا شتێک کە لێی دڵنیام ئەوەیە کە بۆ هەر شوێنێک چووبێتم، جا لە باشوور بێ لە بەسرە، یان لە پایتەخت بێ لە بەغدا، یان لێرەبێ لە هەرێمی کوردستان، چ پیاو چ ژن میوانداریان کردبێتم باوەشیان بۆ کردوومەتەوە. راستە جیاوازی و رێکنەکەوتنمان هەیە. راستە ژن بوونم لە دژی من بەکارهێنراوە. هەڵمەتم لە دژ کراوە. بیرتان بێت دوای هەڵبژاردنەکان چی روویدا. یان هەر چ کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بەبەرپرسیار لەقەڵەم دەدەرا، بۆ هەر شتێکی خراپ کە روویدەدا، یەکسەر من دەکرامە ئامانج. بەڕاستی ئەوە قێزەوەنە. دەزانی ئەوە ئاسانە ژنێک بە جادووگەر وێنا بکرێت. هەرگیز نابینیت هەڵمەتێکی ناو زڕاندن لە سۆشیال مێدیا دژی پیاوێک هەڵبگیرسێندرێت و بە جادووگەر وێنا بکرێت. بەڵام بۆ ژنێک بەلایانەوە ئاسانە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، وەکو ژنێک ئەگەر بتوانی خۆڕاگر بیت و نەترسیت، زۆر بەلاتەوە ئاسایی دەبێت. گرنگ ئەوەیە، بۆ هەرچ شوێنێک چووبم پێشوازیم لێکراوە و ئامێزم بۆ کراوەتەوە، ئینجا لە لایان شیعەکان، سوننەکان، کوردەکان، یان کریستیانەکانەوە بووبێت.
شیرین: زۆر سوپاس.
بێستوون: ئەو کاریکاتورەم بیر دێت کە دوای هەڵبژاردنەکان بڵاو کرایەوە.
جێنین: بەڵێ. زۆرم هەن. کاریکاتوری هەزەلی زۆرم هەن.
بێستوون: ئەمڕۆ ئێمەش کاریکاتوریستێکمان لەگەڵدایە لێرە، کاریکاتوری هەردووکمان دروست دەکات.
جێنین: ئومێدەکەم کاریکاتورێکی جوان بێت. ئۆۆۆۆه-. زۆر سوپاس. سوپاس.
بێستوون: ئۆکەی، بەس شیرین، حەزەکەم کەمێک گوێم لە چیرۆکی خۆت بێ. چونکە وابزانم چیرۆکێکت هەیە. کوای شیرین با بتبینم. شیرین یەکێکە لە خوێندکارە کریستیانەکانی زانکۆکە.
جێنین: وااو
بێستوون: پێکهاتەی کریستیانمان هەن، کە لە دیانا دەژین. بۆچی باسی ئەوەمان بۆ ناکەیت شیرین؟
شیرین: دەتوانم لەسەر ئەوە پرسیار بکەم؟ ئۆکەی. هەڵوێستی یۆنامی چییە لەسەر دابینکردنی ئاساییش و ژیانی شایستە بۆ دوایین پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان لە عێراقدا. ئەگەر بتوانی وەڵامی ئەوە بدەیتەوە، لە دڵەوە سوپاست دەکەم.
جێنین: بێگومان، دەزانی، هەرکاتێک باسی پێکهاتەکانی وەکو ئێزیدی، کریستیان، یان تورکمان دەکەین، بە روونی کەمبوونەوەی ژمارەیان دەبینین لەسەر خاکی عێڕاق. من زۆر نیگەرانم بەوە لەبەر ئەوەی ئەوانە بەشێکن لە ناسنامەی عێراق، DNAیی عێراق. ئومێد دەکەم بتوانین ئەو ترێندە پێچەوانە بکەینەوە. من بەتەنیا نا، وەکو گووتم نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحری پێ نییە. ئومێد دەکەم ئەو ترێندە پێچەوانە ببێتەوە. لەبەر ئەوەی بوونی ئەو پێکهاتانە مانایەکی تایبەتیان داوە بە عێراق و پاراستن و باوەش بۆ کردنەوەیان ئەرکی سەر شانی هەموو لایەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەمە بەشێکە لە کاری رۆژانەی ئێمە، من بە بەردەوامی سەرقاڵم بەمەوە. کۆمەڵێک نموونەی زۆرجوانمان هەن کە خاڵکانێک دەگەڕێنەوە، نموونەی زۆر جوانمان هەن کە خاڵکانێک شەڕ دەکەن بۆ ئییندەی خۆیان لەم وڵاتەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆموڵێک نموونەی زۆر خەمناکیشمان هەن. ئەزانم هەڵگەڕاندنەوەی ئەو ترێندە ئاسان نابێت. بەڵام یومێد دەکەم بتوانین. لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێکن لە DNAیی ئەو وڵاتە و بەشێکن لە DNA ی ئەو هەرێمە. پێویست دەکات سەربەرزبین پێیانەوە. لەبەر ئەوەی ئەوانن عێراق دەکەن بەوەی کە هەیە. دڵنیام وەڵامەکەم وەڵامێکی باش نییە بۆ تۆ لەبەر ئەوەی دۆخەکە بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە.
شیرین: سوپاس.
بێستوون: دەستخۆش. ئەو خاتوونە. دوو کەس پشت تۆ. بەڵێ. نانانانا پێشت. بەڵێ.
مزگین: سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە گەورەیە و بەخێربێی بۆ سۆران. دوور لەو پرسیارە سیاسییانە، من تەنیا دەمەوێت هەڵوێستی تۆ بزانم لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا و بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما و دەمەوێت چاڵنجی هەردووکتان بکەم بۆ چاندنی دوو داری زەیتوون، لە کۆتایی بەرنامەکەدا لەبەردەم ئەم باڵەخانەیەدا لەدەرەوە. لەبەر ئەوەی من ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەم لەژێر ناونیشانی هەزار دار. لەنێو کەمپی زانکۆی سۆران. بۆیە دەمەوێت چاڵنجی هەردووکتان بکەم بۆ چاندنی دوو دار. ناوی هەردوو دارەکە دەنێین کاک بێستوون و جێنین.
بێستوون: من ئامادەم!
جێنین: منیش ئامادەم.
بێستوون: مادام ناویان دەنێن بێستوون و جێنین.
مزگین: زۆر سوپاستان دەکەم. دوای بەرنامەکە لەدەرەوە چاوەڕوانتان دەبین. هەمووشتێک ئامادەیە ئێوە تەنها ئەوەتان لەسەرە دارەکان ناو بنێن.
جێنین: ئۆکەی، بابەتەکە تەنیا ئەوەیە کە من کاتێکی دیاریکراوم هەیە. ئەگەر بێستوون توانی لەکاتی خۆیدا لەم ژوورە بمباتە دەرەوە، من ئامادەم دارەکە بچێنین. ئێستا هەموو قورساییەکەم خستە سەر شانی بێستوون.
مزگین: سزایەکمان داناوە بۆ بێستوون. ئەگەر دارەکەمان بۆ نەچێنێ خۆمان دەزانین چی لێدەکەین.
بێستوون: ئای هاوار!
جێنین: من زۆر خۆشحاڵ دەبم بەشداری بکەم. بێستوون، کارێک بکە ئەمە رووبدات.
بێستوون: بان دییەم.
جێنین: دەربارەی گۆڕانی کەش و هەوا، ئەمە پرسیارێکی گرنگە. تەنانەت لە وڵاتی خۆم لە هۆڵەندا، خەڵکی جاری وا هەیە باسی ئەم بابەتە بە جۆرێک دەکەن وەک بڵێی رووی نەدابێت. بەڵام روویداوە. با پێت بڵێم ئەوە نییە بڵێی لەبەر دەرگای ماڵماندایە. هاتووەتە ژوورەوە. لەنێو ماڵەکەدایە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئەم لەسەر ئەو بابەتە بکەین. ئێستا لە سەرتاپای عێراق کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبینیت، بەتایبەتی لە باشوور، بە بیابان بوون بە روونی هەستی پێدەکرێت و بووەتە هۆکاری دروستبوونی کۆچ. ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەمە نەدۆزرێتەوە، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناسەقامگیریی زیاتر. گۆڕانکاری کەش و هەوا بە نسبەت عێراقەوە هەڕەشەیەکی حەقیقییە. من ئاگادارم کە حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرکردایەتیی محەممەد شیاع سوودانی سەرنجی زۆری لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر هەیە بۆ ئەم دۆخە. بەڵام بە سرووشت ئەم کێشەیە شتێک نییە بڵێی ئەمڕۆ چارەسەری بۆ دەدۆزیتەوە و سبەی کۆتایی پێدێت. کۆتایی پێ نایەت. چارەسەرەکە ئەوەیە لەمڕۆوە هەڵسەنگاندن بکەیت بۆ ئەو مەترسییانەی کە لە بەرۆکیدایە و کارێک بکەیت ئەو مەترسییانە وەرچەرخێنیت بۆ دەرفەت. زۆرجار خەڵک وادەزانن کە ئەمە کۆتایی دنیایە. نەخێر! ئەگەر بتوانین ئەو مەترسییە وەرچەرخێنین بۆ دەرفەت و سەرنج بخەینە سەر ئەو داهێنانانەی بەڕێوەن لەگەڵ ئەو داهێنانانەی کە ئێستا هەن، دۆخەکە جیاواز دەبینین. ئەم زانکۆیە بە نموونە وەربگرن. کەمێک پێش بەرنامەکە باسی ئەو داهێنانانەیان بۆ کردم کە ئەم زانکۆیە کردوویەتی. ئەمانە زۆر ئومێد بەخشن. ئەو داهێنانانەی زانکۆی سۆران کە پەیوەستن بە وزەی خۆر و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا. من وردەکارییەکانیان زۆر باش نازانم، ئەوان زۆر جوان بۆیان باس کردم. راستییەکە ئەوەیە کە زۆر شتی گرنگ هەن روودەدەن، بەوانەی ئێرەشەوە. پێم وایە پێویست دەکات خۆمان دوور بخەینەوە لەوەی گۆڕانی کەش و هەوا بە کۆتایی دونیا بزانین. پێویست دەکات بگەینە ئەو قۆناخەی ئەمە وەکو دەرفەتێک ببینین و بەکاریبهێنین. بەو شێوەیە، دەرگای زۆرمان بەسەر روودا دەکرێتەوە. بەڵام، دووبارەی دەکەمەوە: گۆڕانکاری کەشوهەوا هەیە و پێویستە هەنگاو بنێین، بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
مزگین: زۆر سوپاس.
جێنین: شایانی نییە.
بێستوون: فەرموو، بەڵێ.
ئەحمەد: من ناوم ئەحمەد سەلمانە. لە زانکۆی سۆران دەخوێنم لە بەشی سیاسەت و پەیوەندیی نێودەوڵەتی. پرسیارەکەم ئەمەیە: بارودۆخی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەوانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت، لە هەرێمی کوردستانی عێراق؟ بەتایبەتیش، دوای کەیسی رۆژنامەوانانی بادینان.
جێنین: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت، پرسیارێکی زۆر گرنگە. دەکرێت باسی بابەتی مووچە بکەین، باسی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بکەین، دەتوانین باسی هەموو ئەم بابەتانە بکەین، لەبەرئەوەی هەموو پەیوەستن بە کولیتیی ژیانی خەڵکەوە، بەڵام ئازادیی رادەربڕین و ئازادی جووڵەش هێندەی ئەوانە گرنرن. ئەگەر هەر یەکێک لەمانە پشتگوێ بخرێن، کاریگەرییان لەسەری ئەوانی دیکە دەبێت و دواجار، کاریگەرییان لەسەر کوالێتیی ژیانی مرۆڤەکان دەبێت. من ئێستا لێرەدا، قسە لەسەر کەیسێکی دیاریکراو ناکەم. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە لە رابردوودا راپۆرتمان بڵاوکردەوە لەسەر ئازادی رادەربڕین لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هاوکات گوزارشتیشمان کرد لە نیگەرانییەکانی خۆمان. باسمان لەوەش کرد کە هاوڕا نین لەگەڵ چەند سیاسەتێکی دیاریکراوی حکومەتەکان، جا هی ئێرە بێت، یان هی بەغدا. ئێمە کاتێک ئەمانە دەڵێین، مانای ئەوە نییە هەڕەشەیەک درووستبکەین بۆ سەر سەقامگیری. ئەوەی ئێمە دەیڵێین مانای ئەوەیە کە هەمیشە دەبێت بوارێک هەبێت بۆ دیبەیت. دەکرێت بۆچوونی زۆر جیاواز هەبن، بەڵام رێگە راستەکە ئەوەیە کە هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانە کۆکەیتەوە و بڕیاربدەیت لەسەر باشترین بژاردە بۆ رۆشتن بەرەو پێشەوە. ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا، بابەتێکی بنچینەییە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.
بێستوون: ئایا هەرێمی کوردستان لە بابەتی ئازادی رادەڕبڕیندا لە بەرەو خوارکەدایە؟
جێنین: بەشێکی زۆر لە راپرسییەکان ئەوەت پێدەڵێن کە بەڵێ دابەزینێک لەئارادایە لە ئازادییەکان و مافە بنەڕەتییەکان، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیش.
بێستوون: بیرت دێ، لە 2005، 6 و 7، ئەم دەستەواژەیە بەکاردەهێنرا. دەیانگوت کوردستان عێراقەکەی دیکەیە. ئایا ئێستاش هەر عێراقەکەی دیکەیە، یان بووە بە عێراقەکەی دیکە بە واتا پێچەوانەکەی؟
جێنین: دەزانم، دەزانم، پێت خۆشە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. بەڵام، من وا ناکەم. پێم وایە، پێم وایە هەموومان زۆر خەمی ئەو ژینگەیەمانە کە تیایدا دەژین. زۆر زۆر زۆر گرنگە ئەوە دەستکەوتانە بپارێزن کە تا ئێستا بەدەستتان هێناون. لەدەستدانیان زۆر ئاسانە. ئازادی رادەڕبڕین و ئازادیی کۆبوونەوە، مافی بنچینەیین بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی. پێویستە کە زۆر پارێزگاری لەم مافانە بکەن.
بێستوون: ئۆکەی زۆر باشە. با تەماشایەک بکەین، یەکێک هەڵبژێرین کە، ئا.. ئەو کوڕە... چاکەت رەشەکە، بەڵێ...
محەممەد: سڵاو.
جێنین: سڵاو.
محەممەد: من ناوم محەممەدە.
جێنین: سڵاو محەممەد.
محەممەد: بەشی دەروونزانی دەخوێنم، لێرە لە زانکۆی سۆران. کەمێک کەشوهەواکە دەگۆڕم... کامیان گرانترە؟ دایکایەتی یان کاری سیاسی؟
جێنین: چی؟
محەممەد: کامیان گرانترە؟ دایکایەتی یان کاری سیاسی؟
جێنین: من مۆدێڵ نیم... سیاسەتڤانیش نیم...
بێستوون: نا، نا، دایکایەتی...
جێنین: ئۆ؟
بێستوون: دایکایەتی...
جێنین: ئا، دایکایەتی! داوای لێبوردن دەکەم.. چیدیکە سیاسی نیم، کاتی خۆی سیاسەتڤان بووم. پەرلەمانتار بووم لە پەرلەمانی هۆڵەندا و دواتر لە پەرلەمانی ئەوروپا و دواتریش وەزیری بەرگری بووم. زۆر جیاوازن... باوەڕناکەم، بتوانی بڵێیت، کامیان گرانترن... لەبەر ئەوەی کاتێک منداڵەکەت نەخۆشە یان خەمیتە، دڵت دەشکێ. بەڵام لە سیاسەتیشدا، دەکرێ بابەتێک زۆر دڵگرانت بکات، لە دیبەیتێکی سیاسیدا یان لە پرۆسەیەکی بڕیارداندا. زۆر گرانە بەراورد لەنێوان ئەو دووانە بکەیت. تەنیا شتێک کە من حەزم لێی نییە ئەوەیە کە کاتێک تۆ سیاسەتڤان بیت و کەسایەتییەکی گشتی بیت، هەموو دنیا رایەکیان هەیە لەسەرت. جاری واش هەیە ئەو بۆچوونانە گەلێک قێزەونن. بێگومان ئەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر خێزانەکەشت لە ماڵەوە. ئەوە یەکێک بوو لەو ئەزموونانە کە کردم. کاتێک کە سیاسەتڤان بوویت، بتەوێ و نەتەوێ، کارەکەت دەبەیتەوە ماڵەوە لەگەڵ خۆت و کاریگەریشی لەسەر خێزانەکەت دەبێت.
بێستوون: با من پرسیارەکەت بەم شێوەیە لێ بکەمەوە. کامیان گرانترە؟ ئەو کاتەی کە لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیت وتارێک دەدەیت دەربارەی عێراق، یان ئەو کاتەی لە نانخواردنێکی خێزانیت و هەوڵ دەدەیت کوڕەکەت قایلبکەیت لە چ زانکۆیەک بخوێنێت؟
جێنین: دوو دنیای گەلێک جیاوازن. هەردووکیان زۆر گرانن. کاتێک لە ماڵەوە کێشەت هەیە، ناچاریت مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، بەڵام ئەوەش گەلێک گرانە کە پێویستە لەسەر شانت لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتار بدەیت. بەڵام، راستییەکەی ئەوەیە کە دوو دنیای جیاوازن و بۆ منیش شتێکی ئاسان نییە بتوانم باڵانسێک درووستبکەم لەنێوانیاندا.
بێستوون: زۆر باشە. ئینجا خاتوونێک. لەبەر ئەوەی دوو کوڕ قسەیان کرد. بۆ ئەوەی خاتوونێک قسەبکات، دێمە ئێرە. ئێستا پێویستت بە وەرگێڕانەکە دەبێت.
جێنین: ئۆکەی..
نیان: ئەم کاتەت باش، من نیان ئەبوب لە بەشی دەروونزانی، قۆناخی چوارەم، زانکۆی سۆران. پرسیارەکەم ئەوەیە: سۆران ناوچەیەکی سەر سنوورە. دەبینین لەلایەک تورکیا بۆردومانی گوندەکانی سەر سنوور دەکات و لەلایەک ئێران. زۆربەی ئەو خەڵکانەی لەو ناوچانەدا دەژین، تووشی PTSD دەبن. ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان چ رۆڵێکی هەیە لەم بارودۆخانەدا و چی کردووە بۆ ئەم کەسانە؟ زۆر سوپاس.
جێنین: کۆمەڵێک بەرنامەمان هەن بۆ ئەو کەسانەی تووشی تێکچوونی باری دەروونی دەبن دوای کارەسات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، پرسیارەکە ئەوەیە، بڵێین حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان چییان کردووە و دەیکەن بۆ ئەوە؟ لەبەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنەی نییە، کە هەندێک جار خەڵک پێیان وایە هەمانە. ئێمە خەمی دۆخەکە دەخۆین و کۆمەڵێک ئاژانسمان هەن پێوەی سەرقاڵن و کۆمەڵێک بەرنامەشمان هەیە. بەڵام ئەوە گرنگە کە کێشەکە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتەکانی وڵاتی خۆتانەوە ئەنجامدەدرێت. هەندێک جار، منیش سەرم لێ دەشەوێ، منیش تووشی ئەو هەستە دەبم کە هەر کێشەیەک هەبێت و هەر کاریگەرییەکیان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، پێویستە دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە سەر هێڵ. راستە، بەڵام بەبەردەوامی دەبێت بە هاواهەنگی کردن بێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. دەزانی، ئێمە تەنیا ئەمەندەین لە وڵاتێکی گەلێک گەلێک گەورەدا و لە ژینگەیەکی گەلیک ئاڵۆزدا. ئێمە کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەتمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە کە تۆ وروژاندت، بەرنامەی پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی. بەڵام دواجار، دەبێت ئەوە لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بن کە وەڵامێکیان پێبێت بۆ ئەو دۆخە.
بێستوون: لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی رابردوودا لەسەر رێککەوتنی عێراق و ئێران لەسەر حیزبە کوردییەکان، ئەوانەی ئێران، باسی تورکیات کرد.
جێنین: قسەکەی من لەسەر حیزبەکان نییە. قسەی من لەسەر جووڵەی کەسانی چەکدارە لەنێوان سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا.
بێستوون: بەڵێ. بەڵام لە رای گشتیی کوردستاندا بەم شێوەیە ناودەبرێت. پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئایا ئەگەری درووستبوونی رێکەوتنێکی هاوشێوە هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا لەسەر پەکەکە؟
جێنین: وەکو گوتم، ئەمەیان ئاڵۆزترە. بەڵام لە دڵەوە ئومێد دەکەم عێراق و تورکیا ئەو رێچکەیە بگرنە بەر.
بێستوون: ئایا ئەمە بەشێكە لە ئەجێندای یونامی رۆڵ ببینین لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەو پرۆسەیە؟
جێنین: ئێمە ئامادەین و دڵخۆشیش دەبین بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، بەڵام ئەوەش کاتێک دێتەدی کە هەردوو وڵات ئامادە بن.
بێستوون: بەو شێوەیەی لەگەڵ ئێران و عێراق.. ئەم دۆسیەیە لەسەر مێزەکەتانە؟
جێنین: با چاوەڕێکەین و ببینین..
بێستوون: ئۆکەی، پرسیاری داهاتوو.. بەڵێ.. فەرموو.. بەڵێ، جەنابت..
خوێندکار: سڵاو، بەخێربێیت خاتوو جێنین... پرسیارەکەی من دەربارەی بەڕێز سەید عەلی حوسێن سیستانییە، لەگەڵ ئێوەی بەڕێز... ئەم بەڕێزە گەورەترین مەرجەعی شیعەکانە لە جیهاندا. لە ٢٠١١ ەوە لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی سیاسی کۆنەبووەتەوە. بەڵام دەبینین، زوو زوو لەگەڵ ئێوەی بەڕێز کۆدەبێتەوە. ئایا هۆکاری پشت ئەو کۆبوونەوانە چییە و لەو کۆبوونەوانەدا باسی چی دەکرێت؟ ئایا ئێمەی کورد و بەتایبەتی لەم سەردەمەدا و لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە کوێی گفتوگۆی ئێوە و بەڕیز سیستانیداین؟ یەعنی کاتێک گفتوگۆ لەبارەی کوردەوە دەکرێن، ئایا کوردەکان لە گفتوگۆکانی ئێوەدا هەن یا نا؟ چونکە زۆر جاران راگەیاندنەکاندا بڵاودەکەنەوە، بەڵام نێوەڕۆکی بابەتەکان روون نییە بۆ هاوڵاتیان. پرسیارێکی دیکەش کە وەڵامی یەکێک لە بەڕێزەکانت داوە، ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان عاسای سیحریی نییە. بەڵام ئەگەر ئێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان عاسای سیحریتان نەبێ، کێ عاسای سیحریی هەیە؟ گەورەترین زلهێزەکانی جیهان ئەندامی ئێوە، ئێوە خاوەنی ئەنجوومەنی ئاسایشن. ئەدی کێ، کوردەکان و حیزبەکان، کێ عاسای سیحریی هەیە؟ زۆر سوپاس..
بێستوون: رەنگە وەڵامەکە ئەوە بێت کە عاسای سیحری هەر نییە لە دنیادا.
جێنین: با سەرەتا بە سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەستپێبکەم. بەداخەوە، هیچ کاتێک ناتوانم وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوانمان باسبکەم، لەبەردەم رایگشتی. لەبەر ئەوەی، ئەوە زیان بەو متمانە و پەیوەندییە دەگەیەنێت کە لە نێوانماندا هەیە، لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و سەماحەتی ئایەتوڵا. بەڵام ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سەماحەتی ئایەتوڵا یەک ئاواتی هەیە، ئەوەش هەمان ئاواتە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیەتی. ئەوەش سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانییە بۆ عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئومێد دەکەم ئەم وەڵامە بەس بێت بۆ دڵنیابوونەوەتان. داوای لێبوردن دەکەم، ناتوانم لەبەردەم رایگشتی وردەکاریی زیاتر لەوە بدرکێنم. پرسیاری دووەم چی بوو؟
بێستوون: گوتی "ئەگەر ئێوە عاسای سیحریتان نەبێ، کێ هەیەتی؟" منیش پێم گوت رەنگە راستییەکە ئەوە بێت کە عاسای سیحری هەر نییە لە دنیادا.
جێنین: راستە، عاسای سیحری هەر نییە. بەڵام دەتوانم بڵێم گەل ئەو سیحرەیە... هەرگیز توانای گەلی هیچ وڵاتێک بە کەم مەزانن.
بێستوون: ئۆکەی، فەرموو..
ماردین: من ماردین خالیدە، لە بەسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسییەت. ئێوە لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریتان داوەتە هەرێمی کوردستان لەڕووی لەنێوچوون یان هەڵوەشانەوە، هەروەها یەکنەگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە و کێشە نێوخۆییەکان. بەڵام بۆچی هۆشداری نادرێتە عێراق لەسەر برسیکردن و نەناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان؟ سوپاس..
جێنین: هۆشداریم داوە. ئەگەر بگەڕێیتەوە و تەماشای هەموو وتارەکانم بکەیت کە لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشم کردوون، لە چوار ساڵ و نیوی رابردوودا، ئەوە دەبینیت. بەس دەبێت ئەوە بزانیت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنگیری ناکات. ئێمە بێلایەنین. وەکو هاوبەشێکی بێلایەنی عێراقیش، دەتوانم پێت بڵێم، کە ناتوانم گوزارشت بکەم، چەندێک دۆخەکە خراپە و خراپتر دەبێت بۆ سەقامگیریی عێراق، ئەگەر کۆی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بودجە بەتەواوەتی چارەسەر نەکرێت بە زووترین کات. بەڕاستی ئەمە ناکرێ... ئەمە وا ناڕوا... مامۆستاکانی ئێوە و خەڵکانی زۆری دیکەی و وەکو ئەوان چەندین مانگە مووچەیان وەنەگرتووە... خۆڕاگرییەکەیان نموونەییە، بەڵام ئەوە بابەتەکە نییە... بە کورتییەکەی ئێوە فەرمانبەری حکومەتن لە دەوڵەتی عێراقدا و پێویستە مووچەکانتان وەربگرن.. قسەکەم روونە، بێستوون؟
بێستوون: بۆ من روونە.. نازانم ئەگەر بۆ تۆش روون بێت؟
جێنین: بۆ تۆش روونە؟ هە؟ ئۆکەی، زۆر باشە..
لاڤین: بەناوی خودای گەورە. من لاڤین رەشید...
بێستوون: وەرگێڕان!
جێنین: بێگومان...
لاڤین: خودای گەورە یاریدەیدەر بێت، ئەم ساڵ یەکەم قۆناخی زانکۆمە. خۆزگە یەک زمان دەبوویت، تا راستەوخۆ لە ئازارەکان و دڵ و دەروونمان تێگەشتبایت. ئوستاز، زۆر زۆر سوپاسی، یەعنی لەناخەوە سوپاسی جەنابتان دەکەین کە دوای دوو ساڵ ئومێدێک گەڕایەوە کە گەنجیش بوونی هەیە. بۆیە خولەکێکم پێ مەدە. ئازارەکانی ئێمە و کۆمەڵگە هێندە کەم نییە، تاکو من لە خولەکێکدا کورتی بکەمەوە. رێگەم بدە.
بێستوون: باشە، بەس زۆر درێژی مەکەوە.
لاڤین: ئۆکەی... باوکی من 33 ساڵ پێشمەرگە بووە. خزمەتی کوردستانی کردووە بە شانازییەوە. دوای 33 ساڵ خزمەتکردن، مافی ئەوەی هەبوو خانەنشین ببێت. بڕیاری دا خانەنشین ببێت و دواتر، من وەکو کچە پێشمەرگەیەک، بیرم کردەوە و گوتم "ئۆو، واو!" باوکی من کە خانەنشین دەبێت، کەمتر لە جاران ماندوو دەبێت، کەمتر لە جاران لێمان بەدوور دەبێت، نەمزانی هەموو ئەوانەی دەیکەم، تەنیا خەیاڵێکە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی وەڵامی حکومەت و دەسەڵاتدار و بەرپرس بۆ باوکی من، بۆ هەموو ئەوانەی وەک باوکی من، ماوەی هەشت مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە. باشە. بەڕێزتان وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نا، جەنابی سەرۆکی هەرێم وەکو ئەرکەکەی نا، هەموو بەرپرس و دەسەڵاتدارەکان وەکو ئەرکەکەیان نا، وەکە ئەوەی یەک دڵۆپ ویژدان و مرۆڤایەتی لە ناختدا هەبێت، بڕیاربدە، ئایا ژیانکردن لە ماوەی هەشت مانگ بە چوار قوتابی زانکۆ و دوو قوتابیی قوتابخانەوە و خەرجییەکانی ژیان، ئایا چۆن دەکرێت بەبێ هەبوونی مووچە؟ باوکیشم نا، هەموو ئەوانەی وەکو باوکم. هەیە ناتوانێ... دەزانێ ئێستا باوکم لە کوێیە، لەپێناوی ئەوەی ئێمە داهاتوویەکمان هەبێ؟ لە شاخە، کشتوکاڵ دەکات. کەوایە، پرسیاری من بۆ بەڕێزتان: ئایا میلەتە داماو و قوڕبەسەرەکەی کورد، بڕیارە لەڕووی مووچەوە چی لێبەسەر بێ؟ تا کەی مانگێک مووچە دەدەن و دوای دوو مانگی دیکە بیردەکەنەوە، مووچەیەکی دیکە بنێرن؟ من وەکو کچە گەنجێک نا، وەکو مرۆڤێک داواتان لێدەکەم: مردن هەڵدەبژێرم، تەنیا پیربوون و سپیبوونی سەری باوکمم ناوێ، بەبێ ئەوەی تەمەنی بگاتە کاتی خۆی. نامەوێ رووخساری دایکم زووتر لە تەمەنی خۆی پیرببێ.
ئێوە دەڵێن "کورد و عەرەب یەک نەتەوەیە و خوشک و براین و نازانم چی..." بۆ بۆت بسەلمێنم کە ئێمە ئێرە و ئاسمان لە یەک دوورین.
بێستوون: دەزانی چی، لاڤین قسەکانت زۆر زۆر باش بوون. تەواوی کە..
لاڤین: ئۆکەی خەڵاس.. کۆتا قسەم.. عەرەبێک بهێنە کە لە خراپترین دۆخی داراییدا بێت، عەرەبێک کە زۆر خۆشەویستیشە لەلام، بیهێنە بزانە لە کوردستان خۆشترین ژیان دەکات [یان نا]؟ بەڵام کوردێک 250ی تەبعی پێ نییە بەرگێک بۆ منداڵەکەی بکڕێت. هیچی دیکەم نییە و شانازی دەکەم و شەرەفمەندیشم بەوەی کە کەسایەتییەکی وەکو بەڕیزت لێرە ئامادە بوو. زۆر زۆر بەخێربێیت، هەر ساخ و سەلامەت بیت.
بێستوون: وەکو بەرپرسی یونامی پرسیارت لێناکات، وەکو مرۆڤێک پرسیارت لێدەکات. دەڵێ باوکی هەشت مانگ پێش ئێستا خانەنشین کراوە، دوای 33 ساڵ لە خزمەتی گشتی و..
جێنین: تێدەگەم... پێم گوتن کە من لێرە وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی [نەتەوە یەکگرتووەکان] قسە دەکەم، نەک وەکو خۆم. بەڵام، وەکو مرۆڤێک، وەکو مرۆڤێکی ئاسایی ئەگەر قسە بکەم... رەنگە کەمێک گران بێت بۆ من... بەڵام وەکو گوتم، هەم وەکو نوێنەری تایبەت و هەم وەکو مرۆڤێکیش دەیڵێمەوە: پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەهۆی کێشە پەیوەندیدارەکان بە بودجە لەنێوان بەغدا و هەولێر جێگەی قبووڵ نییە! من شەرم ناکەم لە گوتنی ئەم راستییە لەبەردەم رایگشتیدا. بەڵام ئومێد دەکەم، ئەوە بزانن کە مەسەلەکە ئەوە نییە بڵێیت هەمووی خەتای ئەو کەسانەیە کە لە بەغدا دانیشتوون، یان ئەوانەی لە شارێکی دیکە دانیشتوون لە عێراق یان ئەو عەرەبانەن دژی کوردن. مەسەلەکە ئەوەیە کە لەلایەک عێراقی فیدراڵ و لەلاکەی دیکە هەرێمی کوردستانت هەیە و لە هەردوولا کۆمەڵێک شت هەن پێویستە ئەنجامبدرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە رێکەوتنێکی درێژخایەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەبەردەوامی رێگەچارەی بۆ پێشنیازکردوون، چوارچێوەی کار و نەخشەڕێگای بۆ پێشنیازکردوون. دوای هەژدە ساڵ، ئەمڕۆ دەتوانم پێت بڵێم کە بەشێکی کەم لەوانە بوون بە کردار. ئەمە ئەو داواکارییەیە کە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، لە وتارەکەشم لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیڵێمەوە (رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر،) ئەمە تەنیا شتە کە دەتوانم بیڵێم. وەکو مرۆڤێکیش، دڵگرانم، خەجاڵەتم و هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە هەموو ئەم شتانە روودەدەن.
بێستوون: مایکیشت پێویستە..
لاڤین: نا... هەموو مەبەست و ئامانجی من ئەوە بوو کە [بڵێم] بۆچی ئێمە سزایەک وەربگرین کە تاوانەکەیمان ئەنجام نەداوە؟ زیاترم ناوێ... بۆچی؟ لەکوێی دونیا بووە؟ زیاترم ناوێ... ئەو شتە بووە؟ لەکوێی دونیا بووە؟ زیاتر نا... زۆر سوپاس..
جێنین: حەبیبتی.. لێت تێدەگەم.. لێت تێدەگەم.. لە هەست و سۆزت و لە تووڕەییەکەشت تێدەگەم... ئەگەر منیش لەجێی تۆ بوومایە، هەر وەکو تۆ دەبووم... پێم وایە پێویستە رۆژێک لە رۆژان بیر لەوە بچیتە نێو سیاسەتەوە. بەڵام دەبینم ئەوە ئەو ئازارەیە کە دەیچێژیت بووەتە هۆی ئەو سۆزە قووڵەت کە ئێستا لەگەڵ من بەشی دەکەیت. نەخێر! خەڵکی کوردستان، خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێ سزا بدرێن... بەهیچ شێوەیەک. دەسەڵاتدارەکان، ئەکتەرە سیاسییەکان و بەرپرسە فەرمییەکان پێویستە سەربکەون بەسەر بێتواناییەکانیان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی کۆتایی بەو مۆتەکەیە بێنن کە ئێخەی تۆ و باوکت و خەڵکانی دیکەی زۆریش گرتووە، لەم هەرێمەدا.
بێستوون: بێ لەوە، لاڤین زۆر حەزی لە تۆپی پێیە و زۆر سەرکەوتووشە تیایدا.
جێنین: زۆر باشە..
بێستوون: دوێنی بۆی باسکردم. ئا، ئەمەش دیاری ئەوە بۆ من... دوێنێ ئەو دیارییەی دا پێم تا ئەمڕۆ منیش هەڵیسێنم بۆ پرسیارکرد و ئەویش ئەمە بکا کە کردی... زیرەکە!
جێنین: ئەوەی کە کردتت راست بوو... تۆ راستەکەت کرد... دەزانی بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەندێک جار سیاسییەکان شتێک لەبیردەکەن، منیش جاران کە سیاسی بووم، ساڵانی رابردوو... ئێستا وەکو مرۆڤێک قسە دەکەم، نەک وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. منیش ساڵانێک لە سیاسەتدا بووم و یەکێک لەو شتانەی تێبینیم دەکرد ئەو کاتە، ئەوە بوو کە زۆر جار لە دیبەیتی سیاسیدا هەست و سۆز غایبن، هەست و سۆزی راستەقینەی مرۆڤ... ئەو هەست و سۆزەی کاتێک خەڵک گوێی لە قسەکانت دەبێ، هەستت پێدەکات. ئەوەی کە تۆ ئێستا کردت، رێک ئەوە بوو و من لەڕادەبەدەر شانازی دەکەم بەو ئاڵوگۆڕی هەست و سۆزەی لەگەڵ تۆ کردم..
بێستوون: دوو گروپ میوانی تایبەتمان هەیە. کاک ئارۆ دانا لێرەیە، لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیریی سۆرانیش لێرەن، لەکوێدان سەنتەری رۆشنبیریی سۆران؟ دەتوانم بتانبینم؟ هەه، لەوێدان... بۆچی وا خۆتان شاردووەتەوە؟ کوا کاک رێژیار کوا؟ ئێستا دەمەوێت مایکەکە بدەم بە ئارۆ. ئارۆ دانا. ئارۆ زۆر ناسراوە لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە عێراقیش.
جێنین: ئۆوو..
بێستوون: ناسراوە بۆ توانا لەڕادەبەدەرەکانی لەبواری تەکنەلۆژیادا. ئارۆ ئەو کەسە بوو کە زمانی کوردیی سۆرانیی خستە گووگڵەوە. ئەمڕۆ لەسەر دەعوەتی خۆمان لێرەیە.
ئارۆ: سوپاس کاک بێستوون بۆ ئەو ناساندنە.
جێنین: دەتوانم سەرەتا من پرسیارێک بکەم؟
ئارۆ: بەڵێ.
جێنین: ئێستا من لە هەوڵی ئەوەدام ئاپێک یان بەرنامەیەکی ئۆنلاین بدۆزمەوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی. بێگومان ئاسان نییە... لەبەر ئەوەی، یەکەمیان زمانێکی یەکگرتوو نییە. دووەمیشیان ئەوەیە کە هیچ ئاپێک یان پلاتفۆرمێک نییە کە شتی بنچینەیی تیادا بێت بۆ من و کەسانی وەکو من تا فێر ببین. ئایا هیچ شتێکت لە خەیاڵدایە بۆم پێشنیاز بکەیت؟
ئارۆ: باشترین بژاردە کە ئێستا هەبێت گووگڵ ترانسلەیتە، کە وەرگێڕان لە هەموو زمانەکانەوە بۆ کوردی سۆرانی دابیندەکات و رۆژانە بەرەوپێش دەبرێت. بەبەردەوامی لەلایەن مامۆستایانی زمان و پرۆفیسۆر و خوێندکاران و پسپۆڕانی زمانەوە چێک دەکرێتەوە.
جێنین: بەڵام ئایا ئەوە؟..
بێستوون: رێکلام بۆ کارەکەی خۆت مەکە! کۆرسێکی زمانی کوردیی بۆ بدۆزەرەوە.
جێنین: ئایا ئەوە فێری کوردیم دەکات؟ ئایا پلاتفۆرمێکە بۆ فێربوونی زمان یان تەنیا بۆ وەرگێڕانە؟
ئارۆ: لەسەر کۆرسی زمانی کوردی، هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوە!
جێنین: ئۆکەی، ئێستا کێشە نییە. بەڵام دواتر یارمەتیم بدە. بۆم بدۆزەرەوە. زۆر گرانە دۆزینەوەی و ئەگەر بتانەوێ زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە، پێویستتان بەوە دەبێت.
ئارۆ: بێگومان وایە! ماوەیەک پێش ئێستا، زانکۆی هارڤارد کۆرسی زمانی کوردی کردەوە، وەکو یەکێک لە کۆرسە بژاردەکان کە خوێندکاران دەتوانن وەریبگرن.
جێنین: زۆر باشە، بەڵام ئێستا من کاتم نییە بچم بۆ هارڤارد.
ئارۆ: ئەوە تەنیا بژاردەیەکە...
بێستوون: رازیت بەوەی لە ئوترێخت فێری بوویت.
جێنین: لێرەم لە عێراق دەژیم... ئۆکەی... سەکۆکە هی تۆیە ئێستا...
بێستوون: ئەوە ئیلۆن مەسکی داهاتووە... لە کوردستانەوە..
ئارۆ: با سەلامێک لە ئیڵۆن بکەم، دڵنیام تەماشای ئەم بەرنامەیە دەکات بەهۆی کاک بێستوون و خاتوو جێنینەوە. دەمەوێت سڵاو لە ئیڵۆن بکەم و لێی بپرسم پرۆژەی نیرۆلینگ چۆن دەڕوا؟ ئاگادارم کە تێست لەسەر مێشکی مرۆڤ دەکەن. ئایا پلانتان هەیە ئەو پرۆژەیە بگاتە عێراقیش؟ لەبەر ئەوەی 10 ساڵی دیکە، کاتێک من 26 ساڵ دەبم، پێویست دەبێت سەردانێکی کوردستان بکەیت، چونکە سیلیکۆن ڤالێی داهاتوو لێرە دەبێت.
جێنین: یێی...
بێستوون: ئەی هیچ پرسیارێکت نییە بۆ جێنین؟ هەمووی بۆ ئیلۆن مەسکە؟
ئارۆ: یەک پرسیاریشم هەیە بۆ خاتوو جێنین. پێش هەموو شتێک بەخێربێیت. دەمەوێت ئەوەت لێبپرسم کە ئایا یونامی چۆن دەتوانێ هاوکاریی گەنجانی کورد بکات کە لە بواری تەکنۆلۆژیادا کاردەکەن یان حەز دەکەن لەو بوارەدا کاربکەن و دەیانەوێت کوردستان وەرچەرخێنن بۆ سیلیکۆن ڤالێی داهاتوو؟ چۆن دەتوانن یارمەتیمان بدەن لەوەدا؟
جێنین: لەڕاستیدا ئەوە شتێکە کە یونامی نایکات... نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک زۆر بەرنامەی هەیە و فەندیشی هەیە. ئەگەر پەیوەندیدار بێت بە دامەزراندنی کۆمپانیای تەکنۆلۆژیا و ستارتئەپ ئەوانە هەن. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بزانین چی هەبێت بتوانین بیکەین، هاوکار بین تیایدا. بەڵام ئەوە ئەرکی سەرشانی حکومەتە بۆ ئەوەی کارەکانتان بەرەوپێش بەرێت. ئەوە ئەوانن کە دەبێ ژینگەیەکی دروستتان بۆ فەرهەم بهێنن بۆ دەستپێکردنی پرۆژە و دامەزراندنی کار و کۆمپانیا نەک نەتەوە یەکگرتووەکان. راستە نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەیە و رۆڵێک دەگێڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە 20 ساڵی رابردوودا هەبوون. بەڵام من لە ناخی دڵمەوە ئومێد دەکەم ئەو رۆژە ببینم کە هیچ رۆڵێک نەماوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تا بیگێڕێ لە عێراقدا. کەوابوو، بەتەواوەتی ئەرکی سەرشانی حکومەتەکانی خۆتانە کە ئەو ژینگە درووستە فەراهەمبکەن و ئامێزبگرنەوە بۆ ئەو دەستپێشخەرییانە. ئۆکەی؟
ئارۆ: زۆر سوپاس، و زۆر سوپاس کاک بێستوون.
بێستوون: ئارۆ خوێندکاری ئەو دواناوەندییەیە کە من لێم دەخوێند... تەماشاکەن خەڵک دەبێ بە چی و من لەکوێم؟ ئۆکەی... کێی دیکە؟ با بچمە ئەولاوە. لەبەر ئەم پایەیە، کەس نابینم لەمدیو. ئۆکەی... بۆی مافی ئەو خەڵکە نەخۆین... بەڵێ
خوێندکار: بەخێرهاتنت دەکەم بۆ زانکۆی سۆران. من قوتابییەکی زانکۆی سۆرانم. پرسیارەکەم سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی کوردستانە. ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستان ئابووریی سەربەخۆی نەماوە و نەوتەکەی رادەستی بەغدا کراوە، بەڵام بەغدا بودجە و مووچە و شایستە داراییەکان وەک پێویست نانێرێت. هەر جارەو بیانوو و ئاستەنگێک درووستدەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی چییە لەو نێوەندەدا؟ ئایا داهاتووی ئابووریی هەرێم هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ زۆر سوپاس.
بێستوون: ئەم پرسیارە دووبارەیە... تکایە هەمان پرسیارەکان دووبارە مەکەنەوە... دەزانم زۆربەتان هەمان پرسیارتان هەیە... بەڵام دەکرێ لایەنێکی ئەم پرسیارە هەبێت کە بتەوێ وەڵامی بدەیتەوە، ئەویش دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لەڕێگەی تورکیاوە.
جێنین: ئێمە هەموومان چاوەڕێی ئەوەین هەناردەکردنی نەوت لەڕێگای تورکیاوە دەستپێبکاتەوە. من ئاگادارم کە هەردوو، عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەست لەنێو دەست کاردەکەن لەو پێناوەدا، لەبەر ئەوەی ئەمە خاڵێکی بنچینەییە بۆ هەرێمی کوردستان، تا بتوانێت ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێبکات لە چوارچێوەی رێکەوتنی بودجەدا لەگەڵ بەغدا.
بێستوون: تکایە پرسیاری دووبارە مەکەنەوە. ئەگەر هاوڕێیەکتان پرسیارەکەی ئێوەی کردووە، بەجێی بهێڵن، وازی لێبهێنن. ئۆکەی، بەڵێ.
زەکەریا: ناوم زەکەریایە، قوتابیی قۆناخی دووەمی بەشی یاسام لە زانکۆی سۆران. سێ پرسیارم هەیە.
بێستوون: دەیبینی؟
جێنین: بەڵێ ئێستا دەیبنم..
زەکەریا: پرسیاری یەکەمم، بەڕای تۆ لەسەر چ بنەمایەک ئەو پێنج وڵاتە زلهێزە کە ئەمریکا و رووسیا و فەرەنسا و بەریتانیا و چینن بوونەتە ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش؟ بۆچی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەندامی هەمیشەیی نییە لەم ئەنجوومەنەدا؟ پرسیاری دووەمم، ئێوە بە دەیان جار بەیاننامەتان دەرکردووە لەسەر دۆخی ئۆکرانیا و رووسیا، بەڵام بۆچی؟ چەند جار کردووتانە لەسەر کوردستان و عێراق کە چەندەها جار سەروەریی مە پێشێل کراوە و خەڵکی مەدەنی کراوەتە ئامانج، لەلایەن وڵاتێکی زلهێزەوە؟ بۆچی راستەوخۆ پشتیگیریی ئۆکراینا دەکەن دژی رووسیا، بەڵام پشتگیریی کوردستان ناکەن دژی وڵاتێکی وەکو تورکیا و ئێران؟ کۆتا پرسیارم سەبارەت بە پرسی ژینگەیە. بەداخەوە ئێمە یەکێکین لەو وڵاتانەی کە ژینگەمان بووەتە قوربانی داگیرکاریی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا. ئێوەش یەکێک لە ئامانجەکانتان گرینگیدانە بە بواری ژینگە. دەتوانی بە داتا پێم بڵێیت ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە عێراقن چیتان کردووە بۆ ژینگە پارێزیی کوردستان و عێراق؟ زۆر سوپاس.
بێستوون: ئۆکەی... و تکایە لە ئێستا بەدواوە یەکی یەک پرسیار..
جێنین: تەماشا کە، تۆ قسە لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتی دەکەیت تەنیا بۆ عێراق، قسە لەگەڵ ئەنجموونی ئاسایش ناکەیت. پێم خۆش دەبێت گفتوگۆ لەسەر بابەتی رووسیا و ئۆکراینا بکەین، بەڵام ئەوە دەمانباتە دەرەوەی بابەتەکەی ئەمڕۆمان. دڵنیام کە وەرگێڕانەکە زۆر باشە، بەڵام هێشتا گرانە بۆ من لە قسەکەت تێبگەم... باسی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامەکانی دەکەیت، لەو حاڵەتەدا ناچارم دەعوەتت بکەم بۆ ئەوەی کەمێک بخوێنیتەوە لەسەر مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەچاوی خۆت ببینیت کە چۆن درووست بووە. دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ رووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەوروپا. ئەوەشت بیر بێت کە عێراق بۆ خۆی یەکێک بووە لە ئەندامانی بنیادنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر پرسیارەکەت لەسەر ئەوەیە کە بۆچی ئەو پێنج وڵاتە ئەندامی هەمیشەیین، بێگومان ئەوە هۆکاری خۆی هەیە، کە بە خوێندنەوەی مێژوو لەو هۆکارە تێدەگەیت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئایا ئێستا کۆی ئەو سیستمە رووبەڕووی ئاڵنگاری نەبووەتەوە؟ بەڵێ رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە! بێجگە لەوەش ئەوە بزانە کە بێ لە ئەندامە هەمیشەییەکان، ئەندامی کاتیشمان هەن کە وڵاتانی ناوچەکەشی تیادایە و دەکرێ عێراقیش خواستی ئەوەی هەبێت ببێت بە ئەندامی کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەویش دەتوانێت ببێ. راستە چەند دەیەی رابردوو باشترین کاتەکان نەبوون بۆ عێراق بۆ ئەوەی ببێ بە ئەندامی کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایش. بەڵام ئێستەودوا بۆ نا؟ بۆ نموونە ئێستا ئیمارات ئەندامە. وڵاتانی دیکەش دەتوانن ببن بە ئەندام. فەرموو، هۆڵەندا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە. لەبەر ئەوە هانت دەدەم کەمێک زیاتر مێژوو بخوێنیتەوە. هاوکات زانیاریش کۆکەیتەوە لەسەر پێکهاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەدەر لەوەش، لەسەر رووسیا و ئۆکراینا، با من هیچ لەسەر خودی پێکدادانەکە نەڵێم، بەڵام ئەگەر دەتەوێ بڵێیت، ماوەیەکە هەموو سەرنجەکان چوونەتە سەر رووسیا و ئۆکراینا، لەکاتێکدا کە چەندین شوێنی دیکە و ناوچەی گەرم هەن لە جیهاندا و پێویستییان بە سەرنجی ئێمەومانان هەیە، ئەگەر ئەمە پەیامەکە، بەڵێ منیش لەگەڵتدام.
بێستوون: ئۆکەی... فەرموو..
ئارەزوو: بەخێربێیت بۆ شارەکەمان و بەخێربێیت بۆ زانکۆی سۆران. هەموومان خۆشحاڵین بە بینینی تۆ لێرە. پرسیارێکم هەیە. بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت پارێزگاری لەو نەتەوانە بکات کە دەوڵەتیان نییە، بۆ نموونە نەتەوەی کورد؟ زۆر سوپاس...
جێنین: خۆزگە بمتوانیایە وەڵامی تەواوت بدەمەوە... بەڵام دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. دەبێت باسی ئەو وڵاتانە بکەین کە پەیمانیان دا و دوایی پەیمانەکان نەبرانە سەر. دەزانم ئەوە چەند گرانە... وابزانم پێویست دەکا پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە بۆ ئەوەی باسی ئەوە بکەین. وابزانم خۆشت وەڵامی پرسیارەکە دەزانیت، بەڵام دەتەوێ بە دەنگی من گوێت لێبێ... ناتوانم ئەو وەڵامەت بدەمەوە... دەزانم ئەو پەیامە چییە کە دەتەوێ بیگەیەنیت. بەڵام با من هەر بگەڕێمەوە بۆ ئەو قسەیەی خۆم کە پێشتر کردم. لێرە لە باکووری عێراق زۆر دەستکەوتتان بەدەستهێناوە. باسی ئەوە دەکەم کە بوونەتە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ. با ئەوەشمان هەرگیز لەبیر نەچی کە لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانە زۆر ئاسانە. ئێستا ئێوە لەو دووڕیانەدان. دووڕیانێکی ئاسان نییە. شەڕ بکەن لەپێناوی ئەو دەستکەوتانەدا کە هەتانە، تکایە..
بێستوون: ئەو، بەڵێ، فەرموو..
محەممەد: ئێوارەتان باش، من محەممەد سدیق، قوتابیم لە زانکۆی سۆران، بەشی کۆمەڵناسی، قۆناخی چوارەم. پرسیارەکەی من لەسەر جینۆساید و ئەنفالکردنی کوردە. ئێمە ئەگەر سەیری بکەین لە رابردوودا، جینۆسایدی کورد، لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەسەرمان کراوە. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان چیتان کردووە بۆ جینۆسایدی کورد، بۆ هەوڵدان بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد؟ بۆچی تا ئێستا بە جیهانتان نەناساندووە؟ خۆ جینۆسایدی کورد هیچی کەمتر نییە لە جینۆسایدەکانی دیکە کە ناسێندراون.
بێستوون: ئۆکەی، پرسیارەکەت گەشت... کات زۆر کەم ماوە. 30 خولەک ماوە، با هیچ نەبێ 10 خوێندکاری دیکەش پرسیار بکەن. وا نییە؟
جێنین: بەڵێ، ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. لەبەر ئەوەی، وا بزانم ساڵی رابردوو بوو، گوتارێکم پێشکەشکرد لێرە لە هەولێر لەسەر ئەنفال و کارەساتەکانی دیکە. سەبارەت بە هەڵمەتی ئەنفال کە جینۆساید بوو، دووبارە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، دەبینیت کە دادگایی کردنی سەدام دەرفەتێک بوو کە لەدەستچوو. ئێمە ئێستا لێرە هێشتا هەوڵدەدەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو ناساندنە. من لێرە لە کوردستان پەیمانم دا بە یەکێک لە سەرکردەکان کە شەڕبکەم لەپێناوی ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید، ئەگەر لەم پۆستەدا بم کە ئێستا هەمە یان دواتریش لە هەر شوێنێکی دیکە بم. کەوابوو، لەگەڵتام و لەگەڵ هەموو قسەکانتام.
بێستوون: دێمە کوێ؟ دێمە ئێرە... نا، ئەو کوڕە، کوڕەکە جارێ... دەستخۆش...
بەهزاد: بەهزاد محەممەد...
بێستوون: بەهزاد هەستە سەر پێ با بتبینین.
بەهزاد: بەڕاستی ئێمە داخێکمان لە دڵدایە و بەڕاستی داخی دڵی گشت کوردێکە. وا بزانم لێرەش ئەو شتەت ئاگا لێبوو. رەنگ بێ بێزاریش بووبێتیت کە زۆر دووبارە بووەوە، ئەوەش پرسی سەربەخۆیی کوردە.
بەڕێز پلاسخارت، بیانوو دەهاتەوە کە گوایە کاتەکە گونجاو نەبوو. باشە بەڕای ئێوە، ئەگەر تەماشای هەر چوار وڵاتی دراوسێمان بکەیت، ئێران گەمارۆی لەسەر بوو، عێراق لە لاوازیدا بوو، ئەوەی کە هەبوو، تەنیا تورکیا بوو لە کاتی ریفراندۆمەکە، ئەویش کێشەی هەبوو لەگەڵ ئەوروپا. لەو باوەڕەدا نین کە ئەوە هەنجەتێک بووبێت بۆ ئەوەی ئێوە بڵێن لەگەڵ ریفراندۆم نەبووین. یان ئەگەر بڵێن سەرکردەکانتان خراپ بوون، ئەدی بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی باشووری سوودانیان کرد، پاڵپشتیی ئێمەیان نەکرد؟ خۆ پێش ساڵی 2016 بینیمان چ ئابڕوچوونێکیان بەیەکدی کرد. خۆ لەنێو کورددا ئەوە نەبووە. من تۆ زۆر بە دۆستی کورد دەزانم و لە یەکێک لە قسەکانیشتدا باسی ئەوە دەکەیت، دەڵێیت "دۆست ئەوەیە بتگرێنێ" دەمانەوێت بمانگرێینی بەڵام پێمان بڵێیت ئەو برینە چییە کە لە کورددا هەیە نەیتوانیوە ببێت بە دەوڵەت؟ پێمان بڵێ بە راشکاوی. زۆریش دەزانم کە راشکاویت، بەڵام دەکرێت راستەوخۆ ئەو پرسیارەت ئاراستە نەکرابێت کە برینی ئێمەی کورد لە کوێدایە کە ناتوانین [ببین بە دەوڵەت]؟ ئەوە سەدەیەکە لەژێر ژێردەستەیی و چەوساندنەوەداین، بە ئەنفال و کیمیابارانکردنەوە هەموو دەردەسەرییەکمان دیوە. دەمانەوێ برینەکەمان پێ بڵێی، تا چارەسەری بکەین و کاری لەسەر بکەین و وەکو هەموو گەلێکی دنیا ببین بە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆمان بەدەستبهێنین. زۆر زۆر سوپاس، یاخوا بەخێربێیت.
جێنین: گەلێک سوپاس. هەست و سۆزە گەرمەکەتم زۆر بەدڵە. لەبەرئەوە تۆش رەنگە پێویست بکات، رۆژێک لە رۆژان، بچیتە سیاسەتەوە. بەڵام، لەگەڵ رێزمدا، سێ جاران هەوڵمدا وەڵامی ئەم پرسیارە بە سێ شێوازی جیاواز بدەمەوە. ئەگەر باس لە کوردستان بکەین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، و پرسیار لەو هۆکارانە بکەین کە بۆچی ئەوە نەهاتە دی، دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. دەبێت باسی ئەو پەیمانانە بکەین کە ئەورۆژ پێدان دران، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نەبوو کە ئەو پەیمانانەی دا، ئەوە من نەبووم کە ئەو پەیمانانەم دا، بەڵکو خەڵکانی دیکە بوون ئەو پەیمانانەیان دا و نەیانبردە سەر. ئێوە باجی ئەوە دەدەن... تا ئەمڕۆ باجی ئەوە دەدەن. دەتوانین دانیشین باسی ئەوە بکەین کە بۆچی 2017 ئەوە نەهاتە دی، دەتوانین دانیشین باسی ئەوە بکەین بۆچی کاتەکەی گونجاو نەبوو. بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاتەکەی بەلاوە گونجاو نەبوو. تەنیا تورکیا نەبوو ئەوەی ناڕازی بوو. ئەگەر هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشت دەوێ، دەبێ باڵیۆزی ئەمریکا داوەت بکەیت. ئەگەر ئێمە، ئەگەر ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەو دەستکەوتانەی لێرە لە باکووری عێراق بەدەستتان هێناوە، ئەو نیمچە سسەربەخۆییەی کە هەتانە، ئەوە شتێکە کە هەرگیز تەسەورت نەدەکرد. بەڵام باوەڕکە ئەم دەستکەوتەی ئێرە زۆر زۆر گەورەیە، کاتێک بەراوردی دەکەیت بە کورد لە وڵاتەکانی دیکە. من ناڵێم بێوێنە و بێهاوتایە، نەمگوتووە هاوسۆزیم نییە بۆتان، بەڵام بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆ دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ نزیکی سەدەیەک پێش ئێستا. بەداخەوە، ئەوەش شتێک نییە کە من ئەمڕۆ بتوانم بیگۆڕم. دووبارەی دەکەمەوە. زۆر ئاسانە چاو ببڕیتە ئەو شتانەی کە تا ئێستا بەدەستت نەهێناوە، بەڵام ئەوە بزانن کە تا ئێستا زۆرتان بەدەستهێناوە و دەستکەوتەکانیان کەم نین. لەبەر ئەوە زۆر شتتان هەیە لەدەستی بدەن. سەرەتا بەوە دەستپێبکەن کە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانتان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر سەرکەوتوو نەبن لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانە، ئەوانیش لەدەست دەدەدن.
بێستوون: ئۆکەی.. فەرموو...
جێنین: دەزانم ئەمە ئەو وەڵامە نییە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێی... دەزانم.. بەڵام ئەوە ئەو وەڵامە راستگۆیانەیەیە کە من دەتوانم لە دڵەوە بیدەمەوە بەرامبەر بەو هەست و سۆزە قوڵەی کە تۆ هەتە. ئۆکەی؟
دێرسیم: ناڤێ من دێرسیم محەممەدە. ئەز خوێندکارا زانستا کیمیایێمە ل زانکۆیا سۆران. وەکو بخۆ ئاگاداری، ل دواین کۆبوونەوا کۆمەڵەیا گشتییا نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وڵاتێت وەکی ئیسرائیل و سعودیە رایانگەیاند کو زۆر نزیکن ل واژوکرانا رێکەفتنناما ئاشتی و ئاساییکردنەڤەیا پەیوەندییەکانیان. ئایا ب رایا تە، عێراقژی وەکی دەوڵەتێت عەرەبییت دیکە دێتوانیتن ببیتە یێکێ لوان وڵاتێت عەرەبی رێککەوتننامەیا ئاشتی لگەڵ ئیسرائیل واژو کەت و دۆخەکە ئاسایی بکەتەوە؟ تو وەکی نوێنەرا تایبەتییا سکرتێرا گشتییا نەتەوە یەکگرتووەکان، ئایا تو پاڵپشتیا وێ دۆخێ دێکەی؟ و هەڵوێستا تە دێ چ بیتن بەرامبەر وێ رێکەوتنێ؟ زۆر سوپاس..
جێنین: پرسیارێکی باشە، بەڵام من هیچ ئاماژەیەک نابینم کە لە داهاتووی نزیکدا شتی وا رووبدات. بێگومان ئێمە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبین لەسەر هاندانی وڵاتان بۆ بنیادنانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، گرنگ نییە چەند گران بێ. بەڵام ئەمەی تۆ پرسیاری لەسەر دەکەیت، بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و من بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ناکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا شتی وا رووبدات.
بێستوون: فەرموو... ئەو، سمێڵەکە... زۆر ستایلشە...
جێنین: دەدرەوشێتەوە..
شێردڵ: زۆر باشە، سڵاو خاتوو جێنین پلاسخارت. زۆر بەخێرهاتن بۆ ئێرە. من شێردڵ چەتۆ رەسووڵ. من خوێندکارم لە زانکۆی سۆران، لە بەشی زمانی ئینگلیزی. من پرسیارێکم هەیە، بەڵام خۆشبەختانە پرسیارەکەم وەڵامیشی هەیە. سوپاس بۆ خودا. لەبەر ئەوە کۆمێنتێکیشم هەیە. دەمەوێ دیدگەی بەڕێزت بزانم لەسەر هاوڕەگەزخوازی. پێت وانییە هاوڕەگەزخوازی دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی یەکێک لە پایە گرنگەکانی کۆمەڵگە؟ دەبێ ئەوەمان لەیاد بێ کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست تەنیا لەڕێگەی بنیادنانی خێزانێکی تەندروستەوە بەدیدێ. زۆر سوپاست دەکەم.
جێنین: پرسیارەکەی چی بوو بە دیاریکراوی؟
بێستوون: ناوت چی بوو؟ ناوت چی بوو؟
شێردڵ: ناوم شێردڵ چەتۆ رەسوڵە. پرسیارەکەشم..
بێستوون: چی؟
شێردڵ: شێردڵ چەتۆ رەسووڵ.
بێستوون: شێردڵ... ئەها..
شێردڵ: بەڵێ...
جێنین: بەس پرسیارەکەت چییە، بەدیاریکراوی؟
شێردڵ: دەمەوێت دیدگەی تۆ بزانم لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە. سوپاس..
جێنین: لە چ چوارچێوەیەکدا؟
شێردڵ: تەنیا پێم بڵێ، چ مانایەکی هەیە بۆ تۆ؟ وەکو ژنێک، وەکو..
جێنین: من نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیم... بەس دەمەوێ بزانم..
شێردڵ: کەوابوو؟
جێنین: مەبەستم ئەوەیە کە ناتوانم وەکو ژنێک وەڵامت بدەمەوە.. دەبێت کەمێک چوارچێوە و سیاقم پێ بڵێیت، مەبەستت چییە؟
شێردڵ: تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە هاوڕەگەزخوازی کاریگەری لەسەر خێزان دەبێت لە کۆمەڵگەدا. دەبێتە هۆی داڕمانی یەکێک لە گرنگترین پایەکانی کۆمەڵگە کە خێزانە. لەبەر ئەوەی هەرگیز ناتوانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستت هەبێ، هەتا...
جێنین: ئۆکەی، بۆیە پرسیارم لێکردیت. کەوابوو، بۆچوونی تۆ وایە کە هاوڕەگەزخوازی دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانی خێزان؟
شێردڵ: ببوورە؟
جێنین: تۆ پێتوایە کە دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانی خێزان؟
شێردڵ: بەڵێ، بێگومان. دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر مرۆڤایەتی و بۆ سەر کۆمەڵگەش.
جێنین: ئۆکەی، من پێم وایە..
شێردڵ: زۆر سوپاس.
جێنین: من پێم وایە کە یەکسانی و مافی ژیان بۆ هەموو کەسێکە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە تۆ پیاوێکت خۆشدەوێ یان ژنێک. رێگە بدەن بە خەڵک، با هەبن. رێگەیان پێ بدەن. ئەگەر رێگەیان پێبدەن هەبن، نابن بە هەرەشەیەک نە بۆ سەر تۆ نە بۆ سەر خێزانەکەت.
شێردڵ: زۆر پێزانینم هەیە بۆت.
بێستوون: دوایین 20 خولەک... 20 خولەکمان ماوە..
جێنین: پێنج خولەک.
بێستوون: چی؟
جێنین: پێنج خولەک.
بێستوون: پێنج خولەک؟
جێنین: تیمەکەم دەڵێن پێنج خولەک.
بێستوون: ئەی هاوار... باشە، ئێرە... کچە جل سوورەکە.
ئیمان: من ئیمان میعاد، قوتابیم لە بەشی یاسا. پرسیارەکەم ئەوەیە: ئایا تۆ بەگشتی رات چییە لەسەر دادگەی فیدراڵی؟ ئایا تۆ تا چەند بێلایەنی دەبینیت لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، بەتایبەتی لەو بڕیارانەیدا کە پەیوەندیدارن بە پرسی کوردەوە؟ سوپاس.
جێنین: زۆر باش لە پرسیارەکەت تێدەگەم. بەڵام من هیچ کۆمێنتێک نادەم لەسەر بێلایەنی و سەربەخۆیی دادگەی باڵای فیدراڵی. پێم وایە دەبێت ئەو بڕیارانەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەریان دەکات بە شێوەیەک بن، کەس نەتوانێ تانەیان لێبدات... تەماشاکە! لە کەش و دۆخێکی سیاسیی ئاساییدا هەرگیز تووشی ئەمە نابیت. بەڵام لە کاتێکدا کە لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی سیاسی پەنا دەبەن بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمە ئەنجامەکەی دەبێت. کەوابوو ئەگەر ئێوە سیاسییەکانتان، دامودەزگە فەرمییەکانتان و سەرکردەکانتان بتوانن بۆخۆیان یاساکان دەرکەن و بڕیار لەسەر چارەسەری کێشەکان بدەن، لەو کاتەدا پێویستیتان بەوە نابێت هەموو شتێک بەرنە بەردەم دادگە. خۆت دەزانی ئەو دۆخە ئێستا کاریگەریی پێچەوانەی درووست کردووە. دادگاکە زۆر جار تووشی فشار دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی کەیسی زۆریان دەچێتە بەردەم، و ئەوان پێویستە بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە بدەن. لێرەدا دووبارە ئەوە دەبینینەوە کە باشتر وایە بۆ سیاسییەکان خۆیان کاربکەن و بگەنە ئەنجام، لەبری ئەوەی چاوەڕێ بکەن دادگەیەک بڕیاریان بۆ بدات.
بێستوون: ئۆکەی، ئە لێرە..
نەستەرەن: ئێوارەتان باش. خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لێرە. من ناوم نەستەرەنە. ساڵی 2003 لەدایکبووم، حەوت مانگ دوای شەڕی ئەمریکا. کاتێک خوێندکاری پۆلی یەکەم بووم، رۆژێکیان پۆلەکەمم لێ تێک چوو. زۆر گەڕام، بەڵام بۆم نەدۆزرایەوە. کەسیش لەوێ نەبوو رزگارم کات و بمباتە پۆلەکەی خۆم. ئیدی خۆم بڕیارم دا کە ژوور بە ژوور بگەڕێم، تا پۆلەکەی خۆم دەدۆزمەوە. ئەو رۆژە وانەیەک فێربووم... فێربووم کە خۆم قارەمانی خۆم بم. خۆم رزگارکەری خۆم بم. لەبەر ئەوە دەمەوێت لە دڵەوە داوات لێبکەم کە ئامۆژگاریمان بدەیتێ، بە من و هەموو ژنە گەنجەکانی ئێرە، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ بێنە جێگەکەی تۆ، یان ببن بە سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق. زۆر سوپاس.
جێنین: واو! پێش هەموو شتێک، هەرگیز شەرم مەکەن لە دەربڕینی ئاواتەکانتان. تۆ ئەو شەرمەت نەبوو. تۆش نەتبوو. ئێستا تۆش پێشانت داین کە ئەو شەرمەت نییە. تەنانەت ئەگەر ئاواتەکانت شەخسین و بۆ خێزانەکەی خۆتن، یان دەربارەی بابەتی دیکەن کە تۆ خاوەنی هەست و سۆزیت بۆیان. دەزانی هەندێک کەس وا بیردەکەنەوە... تەماشاکە، کە من منداڵ بووم، دایکم هەمیشە پێی دەگوتم "ئەگەر بتوانیت خەون بە شتێکەوە ببینیت، دەتوانیت ئەو شتە بهێنیتە دی." دەبێ ئەمە بکەیت بە ئەڵقە و بیکەیتە گوێت. دەبێت هەمیشە بزانیت چیت دەوێ، هەمیشە لە بیرت بێ و ئەگەر توانیت خەونی پێوە ببینیت، ئەوە دڵنیابە ئەو خەونەت دێتەدی. تەنیا شتێک کە لەسەر شانتە ئەوەیە رێگە راستەکە بدۆزیتەوە بۆ گەشتن بەو شوێنەی دەتەوێ. با پێت بڵێم، منیش بە نەستەلە بەخێونەکراوم. پێویست بوو زۆر کاربکەم، تا بگەم بە ئەمڕۆ. مەرج نییە، هەموو کەسێک هەمان شت بەدەستبهێنێت لە ژیاندا، بەڵام دڵنیام کە بە خۆیەکلاکردنەوە و بە زانینی ئەوەی کە چیت دەوێ لە ژیان و بە باسکردنی خەونەکانت لەگەڵ خەڵک، تۆش دەگەیتە ئەو شوێنەی کە مەبەستتە. بەڵام بێگومان دەبێ خۆڕاگر بیت، بە چاوتروکاندنێک ناگەیت. نازانم ئەگەر ئەم قسانەم بە وەڵامێکی باش بزانیت یان نا، بەڵام دەتوانم زۆر رێگەت پێشان بدەم، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بتەوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاربکەیت، یان بچیتە سیاسەتەوە. دەزانی، دەبێ زۆر رووقایمیش بیت. دەبێت قیرسچمە بیت. لەبەر ئەوەی، دەمی خەڵکت پێ ناگیرێ... قسەکانیشیان ئازارت دەدەن. من خۆم بەو قۆناخانەدا رۆشتووم. بەڵام دوایی دێیتەوە سەر خۆت و دەڵێیت، گرنگ نییە، دەبێ من سەرنج بخەمە سەر ئەو ئامانجەی خۆم دەمەوێ پێی بگەم. پرسیارێکی باش بوو، بێستوون، وا نییە؟
بێستوون: پرسیارێکی جوان بوو.. و چیرۆکەکەت کە باسی منداڵیی خۆتت دەکرد... ئۆکەی... بەڵێ..
حەلیمە: سەرەتا دەمەوێ بەخێرهاتنن بکەم. زۆر بەخێرهاتی بۆ زانکۆی سۆران. پرسیارەکەم لەبارەی ئەوەیە کە 2012 ئەو کاتەی کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو لە عێراق، ئیدی رێگری کرا و هیچ دەرفەتێک بە قوتابییانی کوردستان نەدرا کەڵک وەربگرن لە سکۆڵەرشیپەکانی خوێندن. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان چ رۆڵیکتان هەیە بۆ ئەوەی دەرفەت بدەن بە قوتابیانی زانکۆی سۆران و دەوروبەر و هەموو کوردستان بۆ خوێندن و بودجەشیان بۆ دابینبکرێت. ئەگەر ئیزن هەبێ، بێستوون، پرسیارێکی دیکەشم هەیە.
بێستوون: زوو، زۆر زوو..
حەلیمە: ئێوە زۆر سوورن بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان لە 25-2 هەڵبژاردن بکەن. مەبەستتان لەو سوور بوونە چییە؟ بۆچی دەتانەوێ ئیلا 25-2 هەڵبژاردن بکرێت؟ هەروەها لە بابەتی کەرکووکیش..
بێستوون: تەواو... تەواو... تەواو..
جێنین: پێت دەڵێم بۆچی! زۆر بەلامەوە سەیرە کە پێشتر ئەم پرسیارە نەکرا.
بێستوون: بێگومان، ئەمە پرسیارێکی گرنگە..
جێنین: بەڵێ، زۆر گرنگە ئەو پرسیارەی پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە. لەسەر پرسیارەکەی دیکەت کە پەیوەندیی بە سکۆڵەرشیپی خوێندنەوە هەیە، پێویستە بەدوایدا بچم. ئێستا هیچ وەڵامێکم پێ نییە بۆت، نازانم چی روویداوە لە زەمانی مالیکیدا، بەدوایدا دەچم و دواتر لەڕێگەی بێستوونەوە وەڵامەکەت دەدەمەوە. لەبەر ئەوەی کەمێک پێش دەستپێکردنی بەرنامەکە گفتوگۆیەکی هاوشێوەمان هەبوو لەسەر ئەو بابەتە. لەبەر ئەوە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکەم بۆ ئەوەی بزانین کەیسەکە چییە و چۆن دەتوانین کاری لەسەر بکەین.
ئەگەر ئەوە بخەینە ئەولاوە و بێینە سەر باسی هەڵبژاردنەکان، ئەوەی راستی بێت، من زۆر بەلامەوە سەیر بوو، سەرم سوڕما لەوەی بۆچی کەستان پرسیارتان نەکرد لەسەر هەڵبژاردنەکان. لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن بەردی بناخەی هەموو سیستمێکی دیموکراسییە و ئەوەندەی من دەزانم هەرێمی کوردستان خۆی بە سیستمێکی دیموکراسی ناوزەد دەکات. سەرەتا ئۆکتۆبەری پار دیاریکرا بۆ رۆژی هەڵبژاردن، دوای ئەوە دواخرا بۆ نۆڤەمبەری ئەمساڵ و ئێستاش خرایە شوباتی ساڵی داهاتوو. کەوابوو، دواکەوتنێکی زۆر هەیە، بەبۆنەی ئەو شەڕە سیاسییەی کە هەبوو. ئەمە چۆن دەبێ؟! ئێوە ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرتان هەیە. حکومەتی کاربەڕێکەریش ناتوانێ بەو ئەرکانە هەڵسێت کە پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئێوە. پێویستتان بە هەڵبژاردن هەیە، بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە، بۆ دووبارە خۆ ریسێتکردنەوە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکە ژیانتان زۆر خۆشتر دەبێت، بەڵام مانای ئەوە، هیچ نەبێت لاپەڕەیەکی نوێ دەکەنەوە، لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو خۆڕێکخستنەوەیە. لەبەر ئەوە زۆرم پێخۆش بوو کە تۆ ئەو پرسیارەت کرد، لەبەر ئەوەی لە دڵی خۆمدا دەمگوت "مەسەلە چییە؟ هەر باسی رابردووم لەگەڵ دەکەن!" تێدەگەم لەوە، لەبەر ئەوەی دەزانم رابردوو ئامادەیە لە دەمی ئێستادا. بەڵام من شتێکی دیکەتان پێدەڵێم... دەڵێم، دەستکەوتی زۆرتان هەیە و وا خەریکە هەمووی لەدەستدەدەن! باش بزانن کە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگن لەم چوارچێوەیەدا. لەبەر ئەوە، تکایە، هەمووتان ماڵەکانتان جێبڵێن و بچن دەنگ بدەن. هەمووتان! 25 شوبات! دواتر نا..
بێستوون: کەوابوو دڵنیا بین لەو رۆژە، ئەوەش درەنگ ناخەن؟
جێنین: منیش هەر هێندەی تۆ دڵنیام. تەنیا شتێک کە بتوانم بیکەم، ئەوەیە کە جەخت بکەمەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا. ئێستاش کە 25ی مانگ دیاریکراوە، من تەنیا دەتوانم ئومێد بکەم کە ٢٥ ی مانگ ئەنجام بدرێت. لەبەر ئەوەی درەنگخستنی هەڵبژاردنەکان خزمەتی کەس ناکات، نە بە ئەوانەی چاوەڕێی مووچەن، نە بە ئەوانەی چاوەڕێی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالن، نە بە ئەوانی دیکە... حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئەو بابەتانە یەکلاکاتەوە، بەتایبەتی کە کەسانێکیش هەبن لەولاوە، بیانەوێت کەڵک لەو دۆخە وەربگرن.
بێستوون: تۆ رۆڵێکی گرنگت بینی لە کارئاسانیکردن بۆ گفتوگۆکردنی حیزبەکان بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکان. ئەوە زۆر گران بوو، ئەو رۆژانەم بەبیر دێ. ئەو پرۆسەیە چۆن چوو بەڕێوە؟ ئەو کۆدەنگییە چۆن هاتە کایەوە؟
جێنین: هیچ کۆدەنگییەک نەبوو. گەر هەبووایە درەنگیان نەدەخست.
بێستوون: مەبەستم ئێستایە. ئێستاش کۆدەنگییەکمان نییە؟
جێنین: پێم وایە کە ئێستا هەیە.
بێستوون: ئەدی ئەو کۆدەنگییە چۆن دروست بوو؟
جێنین: باشتر وایە هەستی ئەو رۆژانە دووبارە نەهێنینەوە نێو دڵی خۆمان... بەڵام وابزانم کات، کات رۆڵی خۆی بینی. وابزانم ئەو تێگەشتنەش کە تێپەڕینی کاتی زیادتر کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت لەسەر هەمووان.
بێستوون: جەماعەت، بابەتێکی دیکەش کە وابزانم پێویست بوو پرسیاری لەسەر بکەن، دۆسیەی نوێنەرایەتیی کردنی کرستیان و تورکمانە لە پەرلەمانی کوردستان. جێنین، هیچت نییە لەسەر ئەو بابەتە بیڵێیت؟
جێنین: هەموومان چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵین لەو بارەیەوە. نموونەیەکی دیکەی ئەوەی کە دادگا بڕیاردەدات لەسەر بابەتێک، لەبەر نەبوونی رێکەوتن، لەنێوان پارتە سیاسییەکان. ئەوەش مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی هەندێک خەڵک ئەو بڕیارەیان بەلاوە باش دەبێت، هەندێکی دیکەش بەلایانەوە باش نابێت و هەندێکیان دەکەونە لۆمەکردنی دادگەکە. بەڵام کاتێک ورد دەبیتەوە لە دۆخەکە، دەبینیت کە هۆکاری هەموو ئەمانە ئەوەیە کە سیاسییەکان لە کاتی خۆیدا رێکنەکەوتوون و بابەتەکەی خۆیان کردووەتە دۆسیەیەک و خستوویانەتە بەردەم دادگا.
بێستوون: ئێرە..
ڤینۆس: شەرەفمەندین بە هاتنتان بۆ ئێرە. من ناوم ڤینۆس موشیرە. یەکێکم لە لێکۆڵەرە گەنجەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران. هاوکات بەڕێوبەری سەنتەری گەشەپێدانی کاری زانکۆکەم. ئەگەر رێگەم پێبدەن، حەزدەکەم پرسیارەکەم بە کوردی بکەم.
جێنین: بێگومان... دەبێ سەربەرز بیت کە بە زمانی خۆت قسە دەکەیت.
ڤینۆس: لەڕاستیدا، وەک ئافرەتێک، زۆر خۆشحاڵم لە سۆران لەبەرامبەر ئافرەتێکی کاریگەر و کەسایەتییەکی کاریزماتیک راوەستاوم کە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە عێراق و کوردستاندا. بەندە کچی دامێنی ئەو چیایانەم. شاخەکانی یەکێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستانە؛ ئەو شاخانەی سێ دەیە پێش ئێستا بۆمبا و ناپاڵم و چەکی قەدەخەکراو و چەکی فۆسفۆری تیا بەکارهێنرا لەدژی خەڵک، لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە. بەندە لەنێو گڕ و دوكەڵ و سەختیی ئەو ژیانەدا پێگەیەوم و لەژێر هەژموونی سیستمی دیکتاتۆریدا هاتووین، زانکۆی سەڵاحەددین بەشی فیزیام تەواو کرد و دواجار لە دوو ژووردا لە زانکۆی سۆران کە تەمەنی کەمترە لە 15 ساڵ، دەرفەتم بۆ رەخسا کە ماستەر لە بواری نانۆ تەکنەلۆژیدا بەدەستبهێنم. هاوکات توانیم لە فەزایەکی ئەوپەڕی بێ ئیمکانییەتیدا پاتێنتێک لە بوارەکەدا لە وڵاتی ئوستورالیا تۆماربکەم، داهێنانێک ئەنجام بدەم. لەگەڵ ئەوەدا چەندان توێژینەوەی گرنگمان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکردەوە کە خاوەنی (ئیمپاکت فاکتەر)ی بەرزن. لێرەدا دەمەوێت لە جەنابتان بپرسم، ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، چیتان لەدەستدێت بۆ پشتگیریکردنی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران کە پێویستی بە باڵەخانە و ئامێر و تاقیگەی پێشکەوتوو هەیە، لەکاتێکدا کە چەندان سەرمایەی مرۆیی گەورەی هەیە. ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەوت ئامانجەکانی بواری پەروەردەتاندا فەندتان بۆ ئەو بابەتە داناوە.
بێستوون: من چەپڵە بۆ ئەمە لێدەدەم.
جێنین: ئەمە ئەرکێکی سەرەتایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ حکومەتی عێراق، نەک نەتەوە یەکگرتووەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان باڵەخانە دابین ناکات. بەڵام، وەکو پێش ئەم بەرنامەیەش، کاتێک لەگەڵ ئێوە بەتایبەت دانیشتم پێم گوتن، بێگومان هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین هاوکاریی ئەم زانکۆ ناوازەیە بکەین. دڵنیام دەرفەتی زۆر هەن و هەر رێگەیەک ئەگەری هەبێت تاقی دەکەینەوە. باشە؟ بەڵام، هەرگیز ئەوە لەیادمەکەن کە گەلێک ئاسانە رووبکەیتە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێی بڵێیت ئەمە و ئەوە و ئەوەم دەوێ، لەکاتێکدا کە ئەمە بەرپرسیارییەتییەکی گەلێک گەلێک گەلێک سەرەتایی هەر حکومەتێکە کە ئاگای لە زانکۆکانی بێت. ئۆکەی؟
بێستوون: خانمێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتمان لەگەڵە، لێرەدا دانیشتووە بەرامبەری خۆت. پێم خۆشە مافی دواین پرسیار بدەین بەو.
جێنین: فەرموون..
زیبە: سڵاو، ئێوارەتان باش، من زیبە نایف، دەرچووی کۆمەڵناسیی زانکۆی سۆران. هەڵبەت سێ پرسیارم هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی کات یەک پرسیار ئاراستەی ئەم خاتوونە بەڕێزە دەکەم. بەخێربێیت بۆ زانکۆی سۆران... چۆن دەتوانین وانەیەک یان ئەزموونێک لە ئێوە وەربگرین، وەک نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە بەکەڵکی خوێندکاران بێت کە دەیانەوێت بەشداریی کارایان هەبێت لە گەشەی کوردستاندا؟
بێستوون: دەستخۆش..
جێنین: هەفتەیەک کاتت هەیە؟ لەبەر ئەوەی پرسیارێکی هێندە فراوانە، رەنگە نەتوانم وەڵامی دیاریکراوم هەبێت. وابزانم باشترین وەڵام ئەوە بێت بڵێم، تواناکانی خۆتان بەکەم مەبینن. چاوەڕێی کەسانی دیکە مەکەن بێن کێشەکانتان بۆ چارەسەر بکەن، هەوڵ بدەن خۆتان بەو کەرەستانەی بەدەستی خۆتانەوە هەیە تا چەند دەتوانن لەگەڵ چارەسەری کێشەکانتاندا بڕۆن. لەبەر ئەوەی هەموو بەشداریکردنێک، هەرچەندە کەمیش بێت، بەهای خۆیی هەیە. باسی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانت کرد. ئێمە کۆمەڵێک چالاکیمان هەن لە سەرتاپای عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. دەمەوێت هەموویت بۆ باسکەم. وابزابن پێویستمان بەوە دەبێت گفتوگۆیەکی تایبەتمان هەبێت پێکەوە. دووبارەی دەکەمەوە کە تواناکانی خۆتان بەکەم مەبینن و مەترسن لەوەی دەنگ هەڵبڕن و قسە بکەن، قسەکردن هەنگاوی یەکەمە.
بێستوون: بێ لە کاریکاتوورەکەی خۆمان، تۆش شتێکت کێشاوە؟ دەتوانی پیشانمان بدەیت؟
خوێندکار: بەخێربێن بۆ زانکۆی سۆران. من سورپرازێکم بۆ ئێوە هەبوو. رەسمێکی تۆ و رەسمێکی کاک بێستوونم درووست کردووە! هیوادارم بە دڵت بێ.
بێستوون: بیهێنە.. ئەمە کاریکاتورەکە نییە.
جێنین: واو! زۆر زۆر سوپاس... زۆر سوپاس... سوپاس...
بێستوون: ئەمە وێنە باشەکەیە... با ئێستا کاریکاتوورەکەش ببینین...
جێنین: ئۆو... واو! لەمەیاندا لە فریشتە دەچم...
بێستوون: ئەمەیانم بدەرێ...
جێنین: سوپاس...
بێستوون: من چی دەکەم لێرەدا؟
جێنین: هێشتا تەواوت نەکردووە؟
کاریکاتوریست: وامزانی کاتی زیاترمان هەیە..
جێنین: ئێستا دەبێت ئێستا بڕۆمەوە من... کاژێر چەندە ئێستا؟ تەماشاکەن... من بەڕاستی داوای لێبوردنتان لێدەکەم... ئێمەش لە وڵاتی خۆمان بەرنامەیەکی هاوشێوەی ئەم بەرنامەیەمان هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە، تۆمارکردنەکەی ئەوپەڕی یەک کاژێری پێدەچێت، بەڵام لێرە لە عێراق هەموو شتێک کاتی زیادتری دەوێ. ئێستا وابزانم نزیکی دوو کاژێرە بەیەکەوەین...
بێستوون: نزیکی دوو کاژێرە..
جێنین: وابزانم هەمووشمان گەرمامانە. من خۆم زۆرم گەرمایە. زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم دەرفەتەم هەبوو ئێوەم ناسی... چاوت لێیە؟ ئەوانیش گەرمایانە. هەموو پێویستمان بە هەوا و ئاو هەیە... مادام وایە، با بڕۆین، دارەکەمان بڕوێنین و دوای ئەوە پێویستە بەپەلە ئێرە جێبهێڵم، لەبەر ئەوەی ئیلتیزاماتی دیکەم هەیە. ئومێد دەکەم دانیشتنەکەتان بەلاوە باش بووبێت، من خۆم زۆر دڵم پێی خۆش بوو و لە دڵەوە ئومێدەوارم جارێکی دیکە بتانبینمەوە. زۆر سوپاس.
بێستوون: سوپاس بۆ تۆ... یەک هەنگاومان ماوە. هەنگاوی کۆتایی... خوێندکارەکان داوایان لێکردم کە داوا لە تۆ بکەم لێرەوە ناوی سێ سیاسەتمەداری عێراقی یان کوردستانی بهێنیت کە پێت وایە پێویستە بێنە ئەم بەرنامەیەوە. دوای ئەوەش سێلفییەکی خێزانی دەگرین و دوای ئەوە تەواو بووین...
جێنین: ئاخر بیرت بێ من دەبێ دارێکیش بڕوێنم، پەیمانم دا..
بێستوون: دەیکەین، خەمت نەبێ.. بەڕای تۆ، کام سیاسەتمەدارانە پێویستە بێنە ئەم بەرنامەیەوە؟
جێنین: ئەم بەرنامەیە؟
بێستوون: بەڵێ..
جێنین: بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمووتان ئەوە بکە کە من کردم؟
بێستوون: بەڵێ.
جێنین: لەگەڵ ئەم خوێندکارانە، یان خوێندکارانی دیکە؟
بێستوون: هەموو خوێندکارانی کوردستان.
جێنین: یەکێک لە خوێندکارەکان پرسیاری سەرۆکی هەرێمی لێ کردم.. کێ بوو ئەو خوێندکارە؟
بێستوون: وابزانم ئەم کوڕە بوو..
جێنین: ئۆکەی، وابزانم یەکەم کەس، پێویستە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت بکەن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەم زانکۆیە وەکو رۆڵەی خۆی وایە.. ئەوە یەک.. دوای ئەو، بەدڵنیاییەوە پێویستە هەردوو سەرۆکوەزیرانەکە دەعوەت بکەن. سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی خۆتان، محەممەد شیاع سوودانی و بێگومان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور. تکایە، ئێوە دەعوەتیان بکەن، منیش ئومێدەوارم دەعوەتەکانتان قبووڵ بکەن. من خۆم کە ئێستا ئەزموونم پەیداکرد لەگەڵتان، دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ ئێوە چەند بەچێژ بوو... بێگومان خۆشم ئەمەیان پێ دەڵێم..
بێستوون: گەلێک سوپاس. ئێستا سێڵفییەکە..
جێنین: تەماشای ئێرە کەن... چۆن بیکەم..
بێستوون: ئاوا..
جێنین: پەنجە بەمەدا بنێم؟ ئەی هاوار.. وەرن... وەرن... وەرن... وەرن..
بێستوون: هەستەکەم، ئاوا ئاسانتر بێ..
جێنین: نا، من دەستم پیای ناگات... خۆت بیکە.. وەرە... وەرە... وەرە...
بێستوون: ئۆکەی... سوپاس..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ