د. بێرند باومان: ئەڵمانیا ساڵانە 70 ملیار یۆرۆ بۆ کۆچبەران خەرج دەکات

19-01-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
د. بێرند باومان، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD)
د. بێرند باومان، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD)
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری پەرلەمانتارانی پارتی جێگرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت، پارتەکەی دەیەوێت پرسی کۆچبەران چارەسەر بکات، پشتیوانی لەو کۆچبەرانە دەکەن بە رێگەی یاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کۆچبەرە نایاساییەکان بنێردرێنەوە. دەشڵێت، وڵاتەکەی ساڵانە 70 ملیار یۆرۆ لە کۆچبەران خەرج دەکات، لە هیچ وڵاتێکی دیکە ئەوە نییە.
 
د. بێرند باومان، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لە سیاسەتی پارتەکەی کرد لەبارەی کۆچبەران و دیدگای ئەوان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە. 
 
باومان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتەکەی پێشوازی لەو کەسانە دەکات کە بەشێوەی یاسایی دەچنە ئەڵمانیا، کاردەکەن، باج دەدەن و خۆیان لەگەڵ کولتووری وڵاتەکەدا دەگونجێنن، بەڵام دژی ئەو کۆچکردنەن کە لە رێگەی سنوورە کۆنترۆڵنەکراوەکانەوە دەکرێت.
 
سەبارەت بە پەنابەرانی سووریا، باومان پێیوایە، دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەو پەنابەرانەی بەهۆی شەڕەوە چوونەتە ئەڵمانیا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام ئەوانەی پیشەی گرنگیان هەیە وەکو پزیشک، دەتوانرێت لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە بمێننەوە.
 
پارتەکەی باومان پێیانوایە کە هاوکاریکردنی پەنابەران لە وڵاتی خۆیان یان وڵاتێکی دراوسێی نزیکیان، زۆر بەسوودترە لە هێنانیان بۆ ئەڵمانیا. بە بۆچوونی ئەو، بەو پارەیەی لە ئەڵمانیا بۆ یەک پەنابەر خەرج دەکرێت، دەتوانرێت یارمەتی 20 بۆ 30 کەس لە وڵاتی خۆیان بدرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. بێرند باومان:
 
رووداو: یەکەم شت دەمەوێت بزانم ئەوەیە، بۆ پارتەکەتان چەند گرنگ بوو کە سەرۆکی پارتەکەتان ڤایدل لێرە بەشداربوو؟
 
باومان: زۆر گرنگ بوو. ئاخر ئەو سەرۆکی پارتەکەمانە و وەکو لێرە بینیتان هۆڵەکە پڕ بوو. دوو هۆڵی دیکەش کە لە پەنای ئەم هۆڵەن، ئەوانیش پڕبوون. باوەڕم وایە پێشتر هۆڵی شارەوانی بەم شێوەیە هەرگیز پڕ نەبووە. ئەوە نیشانی دەدات کە هاووڵاتییان چەندە تامەزرۆن ڤایدل لە نزیکەوە ببینن، نەوەک تەنیا لەڕێگەی میدیاکانەوە کە شێوەی دەشێوێنن.  
 
رووداو: بەپێی راپرسییەکان بێت، ئێوە دەبنە دووەم بەهێزترین پارت لە ئەڵمانیا. هۆکاری ئەم بەهێزبوونە چییە؟ 
 
باومان: ئێمە تەنیا حیزبین کە دەمانەوێت کۆتایی بە پێشهاتەکانی ئێستا بێنین کە شتێکی جیاوازمان دەوێت. ئێمە تاکە وڵاتین سنوورەکانمان تەواو کراوەن. مانگانە 20 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاوە دێن. تەنانەت هەر نازانین لە کوێوە دێن. ئەوان بێ پاسپۆرت سنوور دەبڕن. ئەوەش ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. تاوان لێرە ئەوەندە زۆر بووە لە تەقینەوەدایە. ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی سیاسیی گەورەیە؛ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئابووری، لە سیاسەتی پەروەردە، بە راستی پێویستیمان بە گۆڕانکارییەکی گشتی هەیە، هاوشێوەی ئەوەی کە ترەمپ بەدوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێت لە ئەمریکا، مێلۆنی لە ئیتاڵیا، کیکل لە نەمسا، یان گێرت ڤیلدەرز لە هۆڵەندا. دەتوانین بڵێین ئێمە هاوشێوەی حیزبی ماری لۆپێنن لە فەرەنسا. ئێمە دەتوانین بڵێین وەک دژە بزووتنەوەیەک بۆ رەوتی سەرەکی چەپ-سەوز. ئەم سیاسەتەی ئێستا چی دیکە ناتوانێت زیاتر بەردەوام بێت.
 
رووداو: بەرێزتان ئاماژەتان بە پرسێکی گرنگ دا، ئەویش پرسی کۆچبەرانە. دەتوانیت سیاسەتی کۆچبەرانی پارتەکەتم بۆ بخەیتەڕوو؟ هەروەها دەمەوێت بزانم مەبەستتان لە وشەی کۆچی پێچەوانە چییە؟ باشە بە هەزاران هاووڵاتیی ئەڵمانی هەن کە بە رەچەڵەک ئەڵمان نین و لێرە کاردەکەن بۆ ئەڵمانیا و زۆر گرنگن. ئێوە مەبەستتان چییە لەو وشەیە؟ 
 
باومان: هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە لای ئێمە، کە پیشەیەکی گونجاویان هەیە، باج دەدەن، منداڵەکانیان بە باشی پەروەردە دەکەن، دەیانەوێت ببنە ئەڵمانی، دەیانەوێت وڵاتەکە پێشبخەن، خۆیان لەگەڵ کولتوورەکەماندا دەگونجێنن، لێرە بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرێت. بەڵام ئەوەی ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، کۆچکردنە لەڕێگەی سنوورە کۆنترۆڵنەکراوەکانەوە، بە ملیۆنان کەس لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هاتوون کە خۆیان نەگونجاندووە و کۆمەڵگەی هاوتەریبیان دروستکردووە و تاوان دوای تاوان ئەنجام دەدەن و هەڕەشە لە ژنەکانمان دەکەن. ئەمانە هەموویان ژمارە و داتا و راستین. بەڕاستی ئەمە قبووڵنەکراوە و نابێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵام هەر کەسێک بەشێوەیەکی یاسایی هاتبێتە ئەڵمانیا و پشتگیریمان بکات و بیەوێت ببێتە ئەڵمانی و خۆی لەگەڵ کولتوورمان بگونجێنێت، لێرە بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت.
 
رووداو: کەواتە دەتانەوێت هەمو ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە دێپۆرتیان بکەنەوە؟ 
 
باومان: ئێمە سەروەریی یاسامان هەیە، ئەگەر بڵێین- ئەوان لێرە بە پرۆسەی پەنابەریدا تێدەپەڕن. ئەگەر داواکارییەکەیان رەتکرایەوە و هیچ زەوینەیەک بۆ پاراستن و مانەوەیان نەبوو، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هەروەها چەندین پەنابەرمان هەن کە لە شەڕ هەڵاتوون و لێرە پارێزگارییان لێدەکرێت تاوەکو شەڕەکە بەردەوام بێت، لێرە دەبن، بەڵام کاتێک شەڕەکە تەواو بوو، ئەوانیش دەبێ بگەڕێنەوە. ئەوەش سەدان هەزار کەس دەگرێتەوە. ئێمە پارێزگارییەکی کاتیمان پێبەخشیون، بەڵام دواتر دەبێت بگەڕێنەوە.
 
رووداو: باشە ئەمە لەڕێگەی یاساوە جێبەجێ دەکرێت؟
 
باومان: بەڵێ، ئەمە لەڕووی یاساییەوە دەکرێت، بەڵام حکومەتی ئێستا ویستی سیاسی نییە.
 
رووداو: باشە ئێوە هیچ پلانتان هەیە بۆ هاوکاریی ئەو وڵاتانە تاوەکو خەڵکی ئەو وڵاتانەی شەڕی تێدایە پێویست نەکات هەڵبێن؟
 
باومان: بێگومان پلانمان هەیە. لە روانگەی ئێمەوە لەڕووی ئابوورییەوە زۆر عەقڵانیترە ئەگەر ئێمە بە تێچووی مانگانەی کەسێک، بۆ نموونە کە لێرە لە ئەڵمانیا بۆ ماوەی مانگێک- خانووبەرە، خۆراک، هەموو ئەو شتانەی کە پێویستیان پێیەتی بۆ منداڵەکانیان خەرج دەکرێت، بەو پارەیە دەتوانین یارمەتی 20 یان 30 کەس بدەین لە زێدی خۆیان. بە لەبەرچاوگرتنی بەرزیی نرخەکان لە ئەڵمانیا بە کرێشەوە، ئەوەندە گرانە کە دەتوانین بەو پارەیەی کە لێرە خەرجی دەکەین بۆ یەک کەس، پشتگیری لە 20 بۆ 30 کەسی پێبکەین لە وڵاتی خۆیان. ئەوە بۆ ئەو کەسانە زۆر باشترە. دەتوانن لە کولتووری خۆیاندا بمێننەوە، لەناو وڵاتی خۆیاندا یان لە وڵاتێکی دراوسێیاندا بەدوای پارێزگاریدا بگەڕێن. ئەوە ئامانجی ئێمەیە. 
 
رووداو: باشە چۆن تەماشای دۆخی سووریا دەکەن؟
 
باومان: ئێستا سووریا بابەتێکی سەرنجڕاکێشە. دیکتاتۆر نەماوە، بەڵام پێویستە ئەوە بەلایەنی کەمەوە پاراستنی کەمینەکانی وەکو کریستیان و ئەوانی دیکە دابین بکرێت- ئێستا هیچ نازانین و هیچ دڵنیا نین کە فەرمانڕەوا نوێیەکە چەندە لێبووردە دەبن بەرامبەر بە کریستیان، جوو و عەلەوییەکان و ئەوانی دیکە. جارێ چاوەڕێ دەکەین بزانین چۆن دەبێت. هەروەها روون نییە کە ئایا تەنانەت سەرکەوتوو دەبن لە گەڕاندنەوەی دڵنیایی یاسایی و ئاسایش لە وڵاتدا. هیواخوازم بۆیان.. هیوادارم سوورییەکان بتوانن ئەوە بەدەست بهێنن، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین و بۆ ئێستا هیچ دیار نییە.
 
رووداو: ئێوە پلانتان چیە بۆ هاووڵاتییانی سووریایی کە چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین و کار دەکەن، زۆربەیان لە نەخۆشخانەکان پزیشکن یان کاری دیکە دەکەن. ژمارەیەکی کەمیان بێکارن. پلانتان چییە؟
 
باومان: بەداخەوە هێشتا بێکار زۆرن. لەو کەسانەی توانای کارکردنیان هەیە، تەنیا نزیکەی یەک لەسەر سێیان دامەزراون و کاردەکەن. بەدڵنیاییەوە ئەوە دەتوانێت زۆر باشتر بێت، بەڵام دۆخەکە ئەوەیە کە مەبەستی مافی پەنابەرییان و پاراستنیان لێرە کاتی بووە. ئێستا کە ئەو دیکتاتۆرە نەماوە و ئەوان بەهۆی ئەوەوە هەڵهاتبوون، کەواتە لە راستیدا دەبێ بگەڕێنەوە. سووریا پێویستی بەو گەنجانەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. ئەوانەی لێرە کارێکی گەورەیان هەیە و پۆستە پێویستەکان پڕدەکەنەوە، وەکو لە نەخۆشخانەکان یان شوێنەکانی دیکە، دەتوانرێت لەڕێگەی بەرنامەی تایبەتەوە پاڵپشتییان بکرێت. بۆ نموونە جارێک 30 هەزار چاودێرمان لە رۆژهەڵاتی ئاسیا هێنا و ئەوەش زۆر باش بوو. ئەم جۆرە بەرنامانە مانای خۆیان هەیە، بەڵام مافی پەنابەری نابێت رێگایەک بێت بۆ چوونە ناو بازاڕی کار. پەنابەری پەنابەرییە- جۆرێکی کاتیی پاراستنە. پێویستە دوای ئەوە خەڵک بگەڕێنەوە. پاشان ئەگەر کەسێک بیەوێت وەک کرێکارێکی لێهاتوو بێتە ئێرە، بۆ ئەوە بەرنامەی دامەزراندنی کارمەند هەیە، بەتایبەتی لەو پیشانەی کەمیمان هەیە. دەبێت لەو رێگەیەوە بێتەوە ئەڵمانیا.
 
رووداو: ئێوە سیاسەتی پارتەکەتان بەرامبەر بە کۆچبەران، ئەوانەی کاردەکەن بە دادپەروەر دەبینن؟ 
 
باومان: لەمە دادپەروەرتر نابێت. لە جیهاندا وڵاتێکی دادپەروەرتر نییە. ئەڵمانیا ساڵانە 70 ملیار یۆرۆ بۆ پەنابەران خەرج دەکات. پێم وایە ئەوە زیاترە لە بودجەی دەوڵەتی سووریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە یەکەوە. لە سەرانسەری جیهاندا هیچ شتێکی لەم شێوەیە نەبووە- رێگەدان بە ملیۆنان پەنابەر و دابینکردنی پێداویستیەکانیان لە ئاستێکی وا بەرزدا. لە تورکیاش بە ملیۆنان پەنابەر هەن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی دەکرێن و لەژێر خێوەتدا دەژین. بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت ئەوە بەراورد بکەیت.
 
رووداو: پێمبڵێ دەتانەوێت چۆن ئابووریی ئەم وڵاتە بەهێز بکەن؟
 
باومان: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیگۆڕین ئەوەیە کە ئەو پارەیەی حکومەتی ئێستا بەفیڕۆی دەدات چی دیکە ئیمە نایەڵین پارەی وڵاتەکەمان بە فیڕۆ بدرێت. یەکێک لە پرسەکان کە دەمانەوێت بیگۆڕین سیاسەتی شکستخواردووی کۆچبەرییە. پێویستە سنوورەکان بپارێزین بۆ ئەوەی هەر کەسێک نەتوانێت بێتە ژوورەوە، بێتە ناو وڵاتەکەمان، بەو کارە دەتوانین ملیاران دۆلار لە سیاسەتی کۆچکردندا پاشەکەوت بکەین، هەروەها لە سیاسەتی ئابووری و وزەدا. ئێستا ئێمە لەسەر رێگەی هەڵەین. حکومەتی ئێستا هەوڵدەدات دۆخی جیهان لە ئەڵمانیا رزگار بکات، دەردانی CO2 بە رادەیەک کەم دەکاتەوە کە پیشەسازیی ئەڵمانیا لەنێودەبات، بەڵام هەموو وڵاتانی دیکە بەشداری ناکەن. بەکارهێنانی CO2 لە جیهاندا کەم نابێتەوە بەم شێوەیەیە. ئەم رێگە تایبەتە کە ئەڵمانیا گرتوویەتەبەر، دەبێت کۆتایی بێت و بەو کارەش پارەیەکی زۆر پاشەکەوت دەکەین.
 
رووداو: پەیامتان چییە بۆ ئەو کەسانەی بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین و لێرە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لاوازتر نەبێت؟
 
باومان: گوتوومە ئەوانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە ئێرە، کار دەکەن، پشتیوانییان لێدەکەین، تاوانبار نین- زۆریان وا نین. منداڵەکانیان بە باشی پەروەردە دەکەن، پەروەردەیان دەکەن و پشتگیرییان دەکەن، دەیانەوێت ببنە ئەڵمانی و لەگەڵ دابونەریتی ئێمە خۆیان دەگونجێنن و کۆمەڵگەی هاوتەریب دروستناکەن.  ئێمە هیچمان لە دژی ئەوان نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە