هۆشیار زێباری: ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە

20-11-2025
پەیمان محەممەد
هەڤپەڤین لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەڤپەڤین لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی پارتی دەڵێت، داوایان لە یەکێتی کردووە لە هەندێک لە ناوچەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا نەکرێتەوە، ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە.
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 20-11-2025 لە بووڵتەنی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد پەخشکرا، کۆمەڵێک مژاری گرنگی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق خستە بەرباس.
 
هۆشیار زێباری رایگەیاند، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەستیان پێکردووە و ''چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لیژنەیان پێکهێناوە. لیژنەیەک دانوستاندن لەگەڵ کورد و سوننە دەکات، لیژنەیەکیش فۆرمی بەربژێرەکان وەردەگرێت بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت.''
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی تاکە بەربژێری شیعە نابێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، بەڵکو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی بەربژێرانی دیکەش دەخاتەڕوو. 
 
هۆشیار زێباری لەبارەی ئەگەری هەبوونی بەربژێر لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دەڵێت، "ئەمە بڕیاری سەرکردایەتییە. لەوانەیە لەم نزیکانەدا کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و جەنابی سەرۆک هەبێت و تێیدا باسی ئەو بابەتە بکرێت.''
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لە پرسی مووچەش کرد و گوتی، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ حکومەت ''نادادپەروەرانە"یە، پرسی مووچە بە سیاسی کراوە و وەک کارتی گوشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
 
11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام کورسیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کەمی کرد. هۆشیار زێباری ئاماژەی دا، ''بەر لە هەڵبژاردن دەستپێشخەرییەکمان هەبوو و بە لایەنەکانی دیکە و یەکێتیمان گوت لانیکەم با لە هەندێک شوێن پێکەوە [بە یەک لیست] دابەزین، بەڵام وەڵامێکی ئەوتۆیان نەبوو.''
 
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە. ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، لە ئەگەری کارانەکردنەوەی پەرلەمان، ''بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەبێ لە رێگە چارەیەک بگەڕێین. لە هەموو چارەسەرەکان گونجاوتر لەوانەیە هەرڵبژاردنێکی پێشوەختە بێت.''
 
دەقی قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
 
رووداو: بەخێربێیت کاک هۆشیار
 
هۆشیار زێباری: سەرچاو کاک سەنگەر، لەمێژە یەکدیمان نەبینیوە، وانییە؟
 
رووداو: چاوم روون کە دەتیبینمەوە. زۆر بەخێربێیت.
 
هۆشیار زێباری: چاومان روون. سەرکەوتوو بن.
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە حکومەتی عێراق زوو پێکدەهێنرێت؟
 
هۆشیار زێباری: پرسیارێکی زەحمەتە. واتا پێشەکی هەڵبژاردنەکانی 11-11-2025 ـی عێراق سەرکەوتوو بوو. لە بواری تەکنیکییەوە، لە بواری بەشداربوونی خەڵک، ئەو رێژەیەی راگەیێندرا زۆر گونجاوە. پڕۆسەی دانوستاندن دەستی پێکردووە ئەنجامی کۆتایی راگەیێنراوە. گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. چەند رۆژێک هەیە بۆ تانەلێدان و ئەو کەسانەی گلەییان لە ئەنجامەکە هەیە، بەڵام پێموایە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکی گرنگدا کرا بۆ عێراق و داهاتووی عێراق. بۆ سەقامگیریی سیاسیی ئەم وڵاتە. ئایا ئەمە جێبەجێ دەبێت؟ پرسیارێکی کراوەیە. ئێمە وەکو پارتی لەم هەڵبژاردنە جیا لە یەک ملیۆن (دەنگ)، لە بردنەوەی موسڵ کە پارێزگایەکی گەورەی عێراقە، پاڵپشتیمان بۆ کۆتاکان سەرکەوتنێکی گەورە بوو کە پارتی خاوەنی یان پارێزەری هەموو نەتەوە و ئایینەکانە لە کوردستان و عێراق.
لیستی ئێمە بۆ عێراقییەکان و جیهان دەریخست کە لیستێکی نیشتمانیی عێراقییە و هەموو لایەکی تێدایە. هەموو لایەک تێیدا کۆبوونەتەوە. ئەمە زۆر بە کەمی لە حیزبەکانی دیکەی عێراقیدا هەیە. ئەوە شانازییە بۆ ئێمە. ئەنجامەکان هەندێک لێی رازین و هەندێک رازی نین. بێگومان ئەم هەڵبژاردنە راستییەکی دەرخست بۆ عێراقییەکان و جیهانی دەرەوەش کە ئەم یاسایەی هەڵبژاردن دادپەروەری تێدا نییە، دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە و پەیامی هەرە بەهێز ئەوە بوو بە نیسبەت ئێمە کە دەبێ کاری لەسەر بکەین. ئەنجامەکان لەوانەیە بەدڵی هەموو کەسێک نەبووبێت، چونکە خەڵکێکی زۆر هاتووەتە نێو پەرلەمان کە سەر بە گروپە چەکدارەکانن، سەر بە حیزبە تووندڕەوەکانن و هەندێک لایەنن کە لەنێو لیستی تیرۆر و سزاکاندان. ئەی ئەمە دەبێتە پرسێک لەنێوان حکومەتی داهاتووی عێراق و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرەوە، لەگەڵ جیهان، ئەمریکا و عەرەبەکان. ئایا ئەمە چۆن لێی دەردەچین. ئێستا هەر وەکو جەنابت باست کرد، بێگومان دوای هەفتەیەک دانوستاندنەکان دەستپێناکەن ئەو دانوستاندنانە دەستی پێکردووە. دوێنێ لێرە (دهۆک) بووین، ئەو هەموو کەسایەتییە، ئەو هەموو بەرپرسە عێراقییە هەموو لێرە بوون.
 
رووداو: باسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان باسی هەنگاوەکانی داهاتوو کرا لەگەڵ هەموویان. چەندین بەرپرسی گەورە و سەرۆک کوتلە، وەزیر و تەنانەت نوێنەری عەسائیبی ئەهلی حەق لێرە بوو. وەزیری خوێندنی باڵا کە یەکێکە لە سەرکردەکانی ئەوان لێرە بوو. لەبەر ئەوە ئەم دیدارەی مێپس دەرفەتێکی باش بوو کە ئەم خەڵکەی هەموو کۆکردووەتەوە. ئەمە بە بۆچوونی من یەکەم جارە ئەوەندە بەرپرسی عێراقی بەشداری دەکەن. کاتەکەی زێڕین بوو و دەرفەتێکیش بوو بۆ سەرکردایەتیی خۆمان و جەنابی سەرۆک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و ئێمە کە ئەو خەڵکە ببینین، بەڵام پڕۆسەکە دەستیپێکردووە.
 
رووداو: دەستی پێکردووە. درێژە دەکێشێت؟
 
هۆشیار زێباری: درێژە دەکێشێت. ئایا زوو پێکدەهێنرێت ئەو حکومەتە یان درەنگ، هەردوو ئەگەر هەن. بەپێی خشتەی زمەنی دەبێ ئەو حکومەتە لە مانگی سێ کۆتایی پێبهێنرێت و جێبەجێ بکرێت، بەپێی ئەو (سیاقاتە) دەستووری و یاساییانەی کە هەن. ئایا دەکرێت ئەوە رووبدات یان نا پرسیارێکی کراوەیە. بۆچی؟ ئیستا لەم نەخشەیە نوێیەی دوای هەڵبژاردن دەرچوو ئەو هێزانەی براوەن، لەڕاستیدا هێزی گەورە نین، یان ژمارەیەکی زۆریان نەهێناوەتەوە. واتا هەموو هێز و قەبارەیان ناوەندییە، بچووکە، بچووکترە و وەک جاران نەبوو کە لایەنێک ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکان بهێنێتەوە، بۆیە لەوانەیە پێکهێنانی حکومەت لەبەر ئەو پەرتەوازەییە زەحمەت بێت. 
 
رووداو: ئەوەندەی کوردستانی پێدەچێت یان زووتر پێکدەهێنرێت؟
 
هۆشیار زێباری: نازانین بڕوا بکە. ئێمە ئەزموونمان هەیە بەر لە ئێستا حکومەتەکانی عێراق دواکەوتن. حەوت مانگ، هەشت مانگ، نۆ مانگ، بەڵام بەداخەوە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرا. زۆر جێگەی داخە، خەڵکی ئێمە و دۆستانی ئێمە زۆر نیگەرانن. نیگەران بوون و نیگەرانیشن. ئێمە کە ئەم دانوستاندنانەمان کرد، هەست بەوە دەکەین هەلێکی زێڕین لە دەست ئێمە چوو. تەماشا بکە ئەگەر دوای هەڵبژاردن (پەرلەمانی کوردستان)حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێکهێنابووایە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە (پەرلەمانی عێراق) وەک پارتی و یەکێتی کاری خۆیان کردبووایە، رکابەرایەتیی خۆیان کردبووایە لەسەر دەنگ و ئەوانە، تەسەور بکە ئێمە و یەکێتی لە بەغدا 48 بۆ 50 کورسیمان هەبووایە وەک لایەنی کوردی، ئەگەر ئەو برادەرانەی دیکەیش هاتبان هێشتا باشتریش بوو، بەڵام پارتی و یەکێتی دەڵێم، ئێمە دەبووینە گەورەترین لایەن (کوتلە). رێڕۆی ئەم حوکمڕانییەمان (دیاری دەکرد). چەندین جار هاوارمان کرد.
 
رووداو: ئێستا دەرفەتی تێدا نییە پێکەوە بن؟
 
هۆشیار زێباری: بێئومێد نین، ئەگەر راستیت دەوێت، بەردەوام ئێمە لە سیاسەت دا دەبێ بە ئەرێنی تەماشای شتەکان بکەین. دۆخێک هەبوو، نەیانویست یان نەهاتنە پێشەوە کە ئەو حکومەتە جێجەجێ بکرێت و زۆر شتیشی تێدا بوو. بەڕاستی برادەرانی یەکێتی بە سەربەرزییەوە دەیانتوانی؛ هەوڵمان دا زۆربەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن. واتا بە بەرپرسیارێتییەوە ئەم قسەیە دەکەم با برادەران و سەرکردایەتیی یەکێتیش گوێیان لە من بێت، هەوڵێکی زۆرمان دا کە هەموو نیگەرانییەکان بە گرنگ وەربگرین، لە بەرنامە، لە کەموکورتییەکانی حوکمڕانی، دیدگای هاوبەش و تەنانەت لە پۆستەکانیش. هەوڵێکی زۆر درا، بەڵام ئیدی ئەمە سیاسەتە با بزانین.
 
رووداو: پێتوایە لە عێراق شیعەکان کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکەن؟
 
هۆشیار زێباری: ئەو گەنگەشەیە لەنێوانیان تووندە. واتا بەپێی قسەکانی زۆربەی زۆری چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەم هەڵبژاردنە، نەوەک بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کە 54 بۆ 56 کورسی بەدەستهێناوە، مانای ئەوەیە کە ئێمە دەستنیشانی دەکەین و تۆ ناتوانیت خۆت دەستنیشان بکەیت.
 
رووداو: شیعەکان؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ. پەیامەکە بەو شێوەیەیە. دوو لیژنەیان پێکهێناوە. زانیارییەکانت دروستن سەنگەر. لیژنەیەک کە دانوستاندن لەگەڵ کورد و سوننە بکات، لیژنەیەکی دیکەیان داناوە کە فۆرمی بەربژێرەکان وەربگرن بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت. ئەوە واتای چییە؟
 
رووداو: واتاکەی ئەوەیە کە سوودانی تاکە بەربژێر نییە؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان. ئینجا روونە ئەم ناکۆکییە لەنێوانیاندا هەیە.
 
رووداو: ئەو ژمارە زۆرەی سوودانی هێناویەتی کێشە دروست ناکات بۆ دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ سەرۆکوەزیران؟
 
هۆشیار زێباری: نا. ئەوان دەڵێن ئێمە زۆرینەین وەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئێمە دەچینە پەرلەمان، دەڵێن ئێمە کوتلەی گەورەترین، لەبەر ئەوە مافی ئێمەیە سەرۆکی حکومەت دەستنیشان بکەین. واتا بەرنامەکەیان بەو شێوەیەیە.
 
رووداو: سوودانیش قبووڵی دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: چووە و ئامادە بووە، واتای ئەوەیە کە قبووڵی کردووە.
 
رووداو: لێکتێگەیشتنەکەشی واژۆ کردووە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ. وابزانم مەرجی بەشداربوونی لەو کۆبوونەوەیە و بانگەشەکردنی بەو شێوەیە بە واتای ئەوەیە کە رازییە بەو بڕیارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
 
رووداو: پارتی بەربژێری دەبێ بۆ پۆستی سەرۆککۆماری؟
 
هۆشیار زێباری: هێشتا زووە ئەگەر راستیت دەوێت. هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو پردە کە لێی دەرباز ببین، بەڵام ئەم حکومەتە یان هەر حکومەتێکی دیکە بێت، دەبێ گەرەنتیی دوو لەسەر سێی دەنگدانی پەرلەمانی هەبێ. ئەگەر نا نە سەرۆکی حکومەت دیاری دەکرێت نە سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکرێت و نە حکومەت پێکدەهێنرێت. تاوەکو گەرەنتییەک نەبێت کە ئەم 220 دەنگە دەستەبەر دەکرێت، زۆر زەحمەتە مرۆڤ بڕیار بدات.
 
رووداو: بیرتان لەوە کردووەتەوە بەربژێرتان هەبێ بۆ سەرۆککۆمار؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمە بڕیاری سەرکردایەتییە. باوەڕ بکە لەوانەیە لەم نزیکانەدا کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و جەنابی سەرۆک [بکرێت و تێیدا] باس بکرێت. چونکە ئێمەش بەشێکی سەرەکین لە پڕۆسەکە. بەپێی ئەنجامەکانی خۆمان لە هەڵبژاردن دەنگمان دەبێ لەسەر مێزەکەش دادەنیشین، ئەوەی بڕیار دەدات لەسەر ئەم کێشانە، بەڵام دیسان لەوانەیە ئێستا نەتوانم وەڵامی تۆ بدەمەوە.
 
رووداو: پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت چارەسەرکردنی پرسی مووچە دەکاتە مەرج؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان. ئەم مامەڵەیەی حکومەتی بەغدا بەداخەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانە و ناحەقە و، سەتەمیش لە میللەتی ئێمە و مووچەخۆرانمان دەکات، جیاکاری تێدا هەیە. بەڕاستی هەستی ئەو خەڵکە لە جێگەی خۆیەتی. دوێنێش گوێمان لە چەندین گوتار بوو، بەتایبەتی گوتاری نوێنەری یوئێن کە زۆر بەرز بوو، کە نابێ کێشەی مووچەخۆران بە سیاسی بکرێت. 
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە کراوە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، 100٪ کراوە بۆ ئەوەی وەکو کارتێکی گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن و خەڵک ناڕازی بێت لە ئەدای حکومەت، واتا بە بەرنامە بووە.
 
رووداو: نەناردنی پارە بە بەرنامە بووە؟
 
هۆشیار زێباری: بە بەرنامە بووە.
 
رووداو: ئەوان دەڵێن کێشەی تەکنیکییە.
 
هۆشیار زێباری: کاکە راست ناکەن. خۆ من لەوبارەوە کارم کردووە. لە حکومەتەکانی زۆری عێراق، لە دارایی، دەزانم ئەم کێشانە تەکنیکی نین، سیاسین.
 
رووداو: بەڵام لە سەرەتاوە محەممەد شیاع سوودانی دۆستتان بوو و پەسندتان کرد.
 
هۆشیار زێباری: ئێمە تەبیعەتێکمان هەیە گریمانەیی نیازپاکی (ئیفترازی حوسن نییەت) دەکەین لە لایەنی بەرامبەر. ئەوە بنچینەی هەموو یاساکانە. 
 
رووداو: بەڵام سیاسەت بەو شێوەیە دەکرێ؟
 
هۆشیار زێباری: تەماشا بکە. گریمانەیی نیازپاکی دەکەین [لە لایەنی بەرامبەر]، دەرفەتیش بە لایەنی بەرامبەر دەدەین. ئێمە دانبەخۆداگرتووش بووین، راستە وەک جەنابت دەڵێیت کەس بە رادەی پارتی و سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی محەممەد شیاع سوودانی نەکرد. لە کاتێکدا کە زۆربەی هاوبەشەکانی دژی بوون. نەوەک تەنیا لەنێو عێراق، بەڵکو لە دەرەوەی عێراقیش، بەڵام بەداخەوە بەڕاستی تووشی کردەوەی خراپ بوو (خەیبەت ئەمل) و من چەند مانگ لەمەوپێش لە هەڤپەیڤینێکی خۆمدا باسی ئەوەم کرد. کە ئەو رۆژە دێت حەق و حیسابێک هەبێ.
 
رووداو: کاتیەتی ئێستا؟
 
هۆشیار زێباری: دوێنێ بوو.
 
رووداو: حەق و حیسابتان لەگەڵ کرد؟
 
هۆشیار زێباری: نا نا دوێنێ بوو، گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە.
 
رووداو: گەیشتوونەتە چی؟
 
هۆشیار زێباری: ئەو قۆناخەی کە ناچار دەبێت، هاوکاریی ئێمەی پێویست بێت جارێکی دیکە، دوێنێ بە چاوی خۆمان بینیمان. 
 
رووداو: بە ناچاری هاتبوو بۆ دهۆک؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر دەرفەتێکی باش بوو، ئەم کۆنفرانسە هەبوو، لە لایەکی دیکەوە هەموو سەرکردایەتیی پارتی لەوێ بوو.
 
رووداو: رۆژی حەق و حیسابە لەگەڵ سوودانی؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر حەق و حیساب نا، بەڵام ئەو رۆژەمان بینی.
 
رووداو: پاڵپشتی دەکەنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: راستییەکەت دەوێت دیسان لە سیاسەت بابەتێک هەیە. هەفتەیەک زۆرە لە سیاسەت و ئینجا ئێوە بەپەلەن، (ئەوکات) هەموو وەڵامێک وەربگرن هێشتا زووە.
 
رووداو: پێنەگەیوە یان ناتەوێت وەڵاممان بدەیتەوە؟
 
هۆشیار زێباری: نا دەبێ بگات، شتەکە تاوەکو نەگات، زۆر زۆر زەحمەتە. دانوستاندنە، ئاسان نییە کارەکە. بۆ ئێمەش ئاسان نییە راستییەکەت بوێت.
 
رووداو: پارتی لیژنەی بۆ دانوستاندن دروست کردووە؟
 
هۆشیار زێباری: هێشتا ماویەتی، بەڵام دەبێ دروست بکات. واتا مەرجێکی سەرەکییە ئەگەر بتەوێت بەشدار بیت، دەبێ لیژنەیەکی سیاسی بەهێزت هەبێ و ئەو گفتوگۆیانە بکات لەگەڵ بەغدا.
 
رووداو: ئەم خولەی پەرلەمان دەستوور جێبەجێ دەکرێ؟
 
هۆشیار زێباری: هەوڵمان داوە دەستوور وەکو گەرەنتییەکی (وەسیقە) مێژوویی بپارێزین و تاوەکو ئێستا پاراستوومانە، رێگەمان نەداوە بیگۆڕن. زۆر شتی دەستوور جێبەجێ نەکراوە، ئەمە پڕۆسەیەکە و بە شەو و رۆژێک نابێ، بەڵام هەندێک بنەما هەن دەبێ جێبەجێ بکرێن. دوێنێ گوێمان لە چەندین شارەزای دەستوور و یاسازانی نێودەوڵەتی بوو، تەنیا گوێ لە قسەکانی ئەوان بگرە، بزانە ئێمە چەند ستەملێکراوین، چەندە ستەممان لێ دەکەن. چونکە پابەندی ئەو دەستوورە نابن.
 
رووداو: پێتوایە مادەی 140 جێبەجێ بکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: دەبێ جێبەجێ بکرێت.
 
رووداو: کەی؟
 
هۆشیار زێباری: ئاخر دووبارە دەڵێم تەماشا بکە هەندێک شت هەیە دیار نییە، بەداخەوە لە ناوچەکانی مادەی 140 هەندێک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن (تەعزیز) دەکات کە بمێنێتەوە. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە نەینەوا حەقە لە ناوچەی شنگال، مەخموور، دەشتی نەینەوا و ئەوانە. بەداخەوە ئێمە چونکە کورد یەکگرتوو نەبوو، لە کەرکووک زەرەرمان کرد. لە خانەقین و ئەوانە ئەنجامەکان بەو شێوەیە نەبوون، چونکە یەک نەبووین. بەڵام یەکێک لە [هۆیەکان بۆ] پاراستنی ئەو مادەیە کە بە ساخی بیهێڵینەوە، دەنگی خەڵکە. ئەوە تاوەکو رادەیەکی بەرچاو وابزانم جێگیرمان کردووە جارێکی دیکە.
 
رووداو: کەمکردنی دەنگی کورد لە کەرکووک کاریگەریی لەسەر داهاتووی کورد نییە؟
 
هۆشیار زێباری: هەوڵ دەدەین کاریگەری نەبێ، بەڵام چاوەڕوانیمان هەبوو باشتر بێت. واتا لانیکەم کورد ئەو رێژەیەی خۆی بپارێزێت لە کەرکووک، بەڵام لەبەر ئەم پەرتەوازەیی و یەکنەبوونی هەڵوێست و بەشدارنەبوون بە لیستی هاوبەش، بەداخەوە دەنگی کورد کەمی کردووە.
 
رووداو: یەکێتی خەتاکە دەخاتە سەر ئێوە و حیزبەکانی دیکە.
 
هۆشیار زێباری: من شایەتی دەدەم پارتی دەستپێشخەرییەکی هەبوو بەر لە هەڵبژاردن، بە لایەنەکانی دیکە و یەکێتیشمان گوت، لانیکەم با لە هەندێک شوێن پێکەوە دابەزین، لە هەمووی نا.
 
رووداو: قبووڵیان نەکرد؟ 
 
هۆشیار زێباری: ناوەڵا. ئەم پەیامە خۆم گواستوومەتەوە بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی لەو دانوستاندنانەی ئێمە و یەکێتی.
 
رووداو: یەکێتی رەتی کردەوە؟
 
هۆشیار زێباری: وەڵامێکی ئەوتۆ نەبوو لە راستی دا.
 
رووداو: ئەگەر پارتی بەربژێری هەبێ بۆ سەرۆککۆمار ئەوە بە واتای ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون؟
 
هۆشیار زێباری: دەبێ هەموو شتەکان بە پاکێج بن. بۆ حوکمڕانیی عێراق و بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان، بۆ جەنابتم باس کرد چونکە من لە نێویدا دەژیام و ئێستاش دەژیم، ئەوەش دەبێ پاکێجێک بێت. واتا لەگەڵ یەکێتیش بێگومان هەموو هێڵەکانی پەیوەندی و ئەوانە نەپچڕاون.
 
رووداو: پەیوەندیتان هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: نەپچڕاوە. بێگومان دەبێ هەموو لایەنێک دوای ئەم هەڵبژاردنە پێداچوونەوەیەک بە خۆیدا بکات. واتا بۆ دۆخی کورد، رۆڵی کورد لە بەغدا و جێبەجێکردنی دەستوور، بەشداربوون لە حکومەتدا و دابەشکردنی پۆستەکان و زۆر شتی دیکە، ئەمانە هەموو دەبێ لەسەریان بوەستین.
 
رووداو: بەغدا و هەولێر یەک پاکێج دەبن؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر ئەوە جیان. ئەوەی بەغدا ئێستا جیایە. ئەوەی خۆمان جیا بوو. تەماشا بکە کاکە، پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی جیاوازە بە تەواوی. ساڵێک لەمەوپێش کرا و ئەنجامەکانی راگەیێندران و خەڵک هەیە بە زۆر بەشدار بوون، بە دڵگەرمی چوون، بەداخەوە نەهاتنە پێشەوە. هەوڵمان دا بە هەموو جۆرێک کە ئامادە بین بۆ هەڵبژاردنی عێراق کە پێکەوە بین، حکومەتی خۆمان پێکبهێنین، جارێکی دیکە رەوایی بە دامەزراوەکانی خۆمان بدەینەوە، وەک پەرلەمان، حکومەت و دادگەکان. بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبووین. واتا بەداخەوە وێنە گەورەکەمان بزر بوو بەهۆی ناکۆکییەکانی ناوخۆ. ئاگاداریشمان کردبوونەوە ئەو کات، بەڵام دوو پڕۆسەکە پێکەوە نەبەستراونەتەوە.
 
رووداو: پڕۆسەکان نابن بە یەک پاکێج؟
 
هۆشیار زێباری: کامە؟
 
رووداو: بەغدا و هەولێر
 
هۆشیار زێباری: نەخێر، ئەوەی هەولێر جیاوازە، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بووە جیاوازە لەوەی بەغدا کە هەموومان بەشداریمان تێدا کردووە، دوو پڕۆسەی جیاوازن. پێکەوە نەبەستراونەتەوە.
 
رووداو: ئەگەر یەکێتی نەهاتە پێشەوە چارەنووسی پەرلەمان چی دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: چارەنووسی پەرلەمان بەداخەوە، ئەم هەڕیمە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە بێگومان بەو بۆشاییەوە نابێت. واتا هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچێت ئەگەر حکومەتێکی یاسایی نەبێت، بە دەسەڵات نەبێت، دانپێدانراو نەبێت لەلایەن خەڵکەوە، لەلایەن دەرەوە، ئەم بۆشاییە هەتاهەتایە سەرناگرێت. جێگرەوەکان چین؟ هێشتا دەرفەت ماوە کە هەوڵێک بدرێت بۆ پێکهێنانی ئەم حکومەتە.
 
رووداو: لەگەڵ یەکێتی؟
 
هۆشیار زێباری: لەگەڵ یەکێتی و تەنانەت لەگەڵ لایەنی دیکەش. تەماشا بکە هەوڵی هەموو شتێکمان داوە، ئەو لایەنەی یەک کورسیشی هەبووە چووینەتە لایان.
 
رووداو: دەچنەوە لایان جارێکی دیکە؟
 
هۆشیار زێباری: ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەو ویستەی کە هەیانە.
 
رووداو: چونکە پەیامی جەنابی سەرۆک روون بووە لە مێپس و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بێن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هۆشیار زێباری: زۆر روون بوو.
 
رووداو: پارتی هەنگاوی کردەیی بۆ ئەو بابەتە دەنێت؟
 
هۆشیار زێباری: هەنگاوی کردەیی، بێگومان هەوڵمان داوە. هەموو جارێک دەستپێشخەر بووین بۆ ئەم بابەتە، چونکە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان زیاترە، بەڵام بۆ وەڵامی پرسیاری جەنابت کە داهاتووی هەرێمی کوردستان چی دەبێت بەو بۆشاییە، ئەگەر نەبێ، بێگومان لەوانەیە هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت.
 
رووداو: دووبارە بکرێتەوە؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان ئەگەر ئەمە سەرنەگرێت چی دەکەیت؟
 
رووداو: کێ بڕیاری ئەوە دەدات؟
 
هۆشیار زێباری: حیزبە کوردستانییەکان بڕیاری ئەوە دەدەن.
 
رووداو: ئەگەر یەکێتی نەیەتە پێشەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا ناکەنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: مافێکی رەوایە ئەو کەسانەی براوەن، ویستیان هەبێ بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەت، ئێمە رەچاوی ئەوەمان کرد، هەر لەدوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دانوستاندنمان هەبوو لەگەل هەموو براوەکان، بە ئیسلامییەکان، نەوەی نوێ، گۆڕان، کەس نەما، کە وەرن با ئەم حکومەتە بنکە فراوانە پێکبهێنین، ئەوان نەهاتن، زۆربەیان نەهاتن.
 
رووداو: ئەوان وایان کرد هەڵوێستی یەکێتی بە‌هێز بێت؟
 
هۆشیار زێباری: مایەوە لایەنی یەکێتی. هەوڵمان دا و گریمانەیی نیازپاکیمان کرد (افتراز حسن نیت) کە لەگەڵ یەکێتی دوو هاوبەشی کۆنین لە خەبات و لە دروستکردنی ئەم کیانە پێکەوە بووین و پێکەوە کارمان کردووە، بەڵکو بتوانین شتێکی وا دروست بکەین کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵی خەڵکەکەی خۆمان خۆش بکەین و هەڵوێستمان لە بەغدا بەهێزتر بێت و پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەین، ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێ. ئەمە بۆچوونی ئێمە بوو، بەداخەوە ئەوە جێبەجێ نەبوو.
 
رووداو: لەنێوان دوو ئەگەردا یەکیان هەڵبژێرە، کاراکردنەوەی پەرلەمان، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن. کامیان بەهێزترە؟
هۆشیار زێباری: ئێمە بڕیارمان هەبوو لەگەڵ یەکێتی لە مانگی هەشتەوە کە پەرلەمان کارا بکەینەوە. راگەیێنراویشمان دەرکرد، بەڵام جێبەجێ نەبوو.
 
رووداو: ئەگەری بەهێز دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە؟
 
هۆشیار زێباری: بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەبێ لە چارەسەرێک بگەڕێین. لە هەموو چارەسەرەکان گونجاوتر لەوانەیە هەرڵبژاردنێکی پێشوەختە بێت. 
 
رووداو: خەڵک ماندوو نییە؟
 
هۆشیار زێباری: بەرێوەڵڵا ماندوومان کردوون. بەڵام ئەمەش مەرجێکە دەبێ لەم عێراقە نوێیە، لە هەرێمی کوردستان دەبێ بەو پڕۆسانەدا تێپەڕین، بەداخەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

هۆشیار زێباری: سەرچاوان.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا

جەم ئۆزدەمیر بۆ رووداو: تێناگەم بۆچی ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە و نەتەوەپەرستەکان دەمێننەوە

جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە شتوتگارتەوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پەیام ئاراستەی کورد دەکات و بەشداریکردنی لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکەدا بە "دەربڕینی رێز بۆ قوربانیانی دەستی داعش" ناودەبات.