رووداو - هەولێر
محەممەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی خۆی و براکەی دەکات و دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سڵاوی بۆ نێچیرڤان بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی هەبوو.
رۆژی دووشەممە 27-04-2020 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دوای 21 ساڵ بۆ یەکەمجار پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکەی ئەنجامدا.
محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری بولتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و سەبارەت بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە گوتی، "باسی ئەو بارودۆخەی گرانەی ئێستمان کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەیە، ئەو گوتی دۆخی تەندروستیم باشە و ئەو نەخۆشییە نەگەیشتووەتە ئیمرالی، واتە هیچ حاڵەتێک لەنێو ئیمرالیدا نییە".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ محەممەد ئۆجەلان
رووداو: کەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیوەندی پێوەکردن، بە دیاریکراوی لە کاژێر چەند بوو؟
محەممەد ئۆجەلان: کاژێر 1ی نیوەڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان کرد.
رووداو: ئۆجەلان پەیوەندی راستەوخۆی بە ژمارەکەی ئێوە کرد یان لە رێگەی دامودەزگاکانی حکومەتەوە پەیوەندییەکەتان وەرگرت؟
محەممەد ئۆجەلان: ئێمە چووینە رووها بۆ ئەوەی لە رێگەی تەلەفۆنێکی حکومەتەوە پەیوەندی لەگەڵ بکەین، ئەو لە زیندانی ئیمرالییەوە بۆ ماوەی 20 بۆ 25 خولەکە قسەی لەگەڵ کردین.
رووداو: لەگەڵ کێ و کێ قسەی کرد، کێ و کێ چووبوونە رووها تا قسەی لەگەڵ بکەن؟
محەممەد ئۆجەلان: من و کوڕێکم و پارێزەرێک و دوو کەسی دیکەی لێبوو، بەڵام تەنها لەگەڵ من قسەی کرد، رێگەیان بە ئەوانی دیکە نەدا.
رووداو: ئەو 25 خولەکە باسی چیتان کرد؟ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی پێ گوتی؟
محەممەد ئۆجەلان: باسی ئەو بارودۆخەی گرانەی ئێستمان کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەیە، ئەو گوتی دۆخی تەندروستیم باشە و ئەو نەخۆشییە نەگەیشتووەتە ئیمرالی، واتە هیچ حاڵەتێک لەنێو ئیمرالیدا نییە.
رووداو: لەسەر باشووری کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی بە تۆ گوت؟
محەممەد ئۆجەلان: عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی هەبوو، سڵاوی بۆ نێچیرڤان بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی هەبوو. یەکێک لە باسەکان پرسی قەندیل بوو. ئێمە گوتمان گرژییەک لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگە دروستبووە، ئەو گوتی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ئەو شتانە دروست بکەن، گوتیشی کورد پێویستیان بە یەکبوون هەیە، کوردانی هەر چوار پارچەکە پێویستیان بە یەکبوون هەیە.
ئەوەشی بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی گوت، کە ئەوان لە ساڵی 1982 لەگەڵ خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی پرۆتۆکۆلێکیان واژۆکردبوو بۆ ئەوەی خوێنی یەکدی نەڕێژین، هاوکات پەیامی بۆ هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و قەندیلیش ئەوەبوو کە هەوڵی یەکبوونی کورد بدەن و دانوستاندن ئەنجام بدەن و پێویستە خوێن لەنێوانیاندا نەڕژێت.
رووداو: دۆخی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چۆن بوو؟
محەممەد ئۆجەلان: ئەو گوتی تاوەکو ئێستا هیچ کێشیەکی تەندروستیان بۆ دروست نەبوو، هاوکات چەند هاوڕێیەکیشی لە زیندان لەگەڵە و یەکدی دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ