د. عەبدوڵڵا وەیسی: زانایان کۆدەنگن کە کریستیانەکان مافی خۆیانە یاسای باری کەسێتیان هەبێت

29-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەبدوڵڵا وەیسی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەبدوڵڵا وەیسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئایینی ئیسلام بنەمایەکی جێگیری هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و شتێکی ئاساییە ئەگەر کریستیانەکان یاسای باری کەسێتیی تایبەت بە خۆیان هەبێت. 
 
کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لە هەولێر کۆبوونەتەوە و داوای ئەوە دەکەن یاسایەکی تایبەت بە باری کەسێتی کە پەیوەندی بە هاوسەرگیری، میرات و جیابوونەوە هەیە، تایبەت بە ئەوان دابنرێت.  
 
ئەوان دەڵێن، یاسای باری کەسێتی کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام دانراوە و لەگەڵ دەستوور و ئایینەکەی ئەوان یەکناگرێتەوە. 
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان گوتی: لە هاوسەرگیری، تەڵاق و میرات کریستیانەکان دەتوانن بەپێی ئایینی خۆیان بڕیار بدەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان ئازادیی سیاسی و ئایینیی کریستیانەکان پارێزراوە. 
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: زانایان کۆدەنگن کە کریستیانەکان مافی خۆیانە یاسایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بەڵام دەڵێت، هەر یاسایەکی باری کەسێتی کە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق گونجاو نەبێت، سەرکەوتوو نابێت. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان: 
 
رووداو: چۆن دەڕوانیتە داوای کریستیانەکان کە دەڵێن با یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە خۆمان هەبێ؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئایینی ئیسلام بنەمایەکی گشتگیری هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناموسڵمانان، دەستووری مەدینە کە یەکەمین بەڵگەنامەی مێژوویی نووسراوە و پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت لەسەر ئەو دەستوورە کۆمەڵگەی نوێی موسڵمانانی دروستکرد کە ناموسڵمانانیش بەشێک بوون لەو کۆمەڵگە نوێیە. لەسەر بنەمای هاونیشتمانیبوون و مرۆڤایەتی نووسراوەتەوە. ناموسڵمانەکان وەکو هاونیشتمانی سەیر دەکرێن. بۆیە لە مەسەلەی بابەتە کەسییەکان یان یاسای باری کەسی، ئەگەر هاتوو ئەوان بە ئارەزووی خۆیان بە یاسای موسڵمانان رازی بوون ئەوا بە یاسای موسڵمانان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر رازی نەبوون، زۆربەی زانایان دەڵێن لە هەموو بابەتەکانی کاروباری کەسیی خۆیان بەپێی ئایینی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئیمامی مالیک زۆر بە روونی دەڵێ: لە کاروباری کەسیی خۆیان مافێکی دیاریکراویان هەیە. تەنانەت ئیبن قەییم کە حەنبەلییە و لایەنێکی تووندی وەرگرتووە دەڵێ: "لهم الحرية كاملة في مسائلهم الأحوال الشخصية." کەواتە ئێمە کۆدەنگییەکی زانایانمان لەبەردەستە کە مافێکی سرووشتی و ئاسایی خۆیانە لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کاروباری کەسی، یاسایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێ. وەکو بەڵگەنامەی مێژوویی، سەڵڵابی باسی دەکات و دەڵێ: ئیمامی عومەر کە قودسی فەتح کرد و چووە ئەوێ، ژمارەیەک ناموسڵمانی لێبوو، مەسیحی و جوولەکە بوون، قازی تایبەتی بۆ دانان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانیان. بۆیە بوونی یاسایەکی تایبەت بە کاروباری کەسیی مەسیحییەکان و هەر ئایینێکی دیکە، شتێکی زۆر زۆر ئاساییە و حەقێکی سرووشتی خۆیانە.
 
رووداو: کەواتە هیچ گرفتێکی تێدا نییە بە یاسایەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: بە دڵنیاییەوە وایە، باشە ئێمە مسوڵمانین؛ چۆن دەبێ یاسای باری کەسیی خۆم بسەپێنم بەسەر کەسێکی مەسیحی بۆ هاوسەرگیری لەسەر رێنماییەکانی ئیسلام؟ ئەوە ناگونجێ، ئەویش ئایینێکی تایبەت بەخۆی هەیە. 
 
خۆی دوو جۆرە حوکممان هەیە: حوکمی گشتی و حوکمی تایبەت. حوکمە گشتییەکە بابەتی تاوان و کوشتن و ئەو بابەتانە دەگرێتەوە. ئێمە لەگەڵ نامسوڵمانان ئەرک و مافمان هەیە، یەکێک لەو ئەرکانە کە دەکەوێتە سەر شانی نامسوڵمان لەنێو کۆمەڵگەی مسوڵمان، پابەندبوونە بە یاسا، بەڵام  چ جۆرە یاسایەک؟ ئەو یاسایانەی کە گشتین. بەڵام لە ژیانە تایبەتەکەی خۆی؛ بەپێی ئایینی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەگەر تەماشای فراوانی ئایینی ئیسلام بکەین دەڵێ: ئەگەر کەسێکی مەسیحی مرد و کەس نەبوو بینێژێت، واجبە مسوڵمانان بیشۆن، کفنی بکەن و بەخاکی بسپێرن. ئیسلام دەڵێ: کە ئەوان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستان، مسوڵمان ئیشی ئەوانیش بکات.
بۆیە لە مەسەلەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و میرات، ئەوانە چەند دەقێکی ئایینییان هەیە؛ ئەو پرسانە ئایینین. مسوڵمان ئەو مەسەلانە بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێکدەخات، مەسیحیش بەهەمانشێوە بەپێی ئایینی خۆی و جوولەکەش بەهەمانشێوە.
 
رووداو: کەواتە ئەم یاسایەی ئێستا کە کرۆکەکەی شەریعەتی ئیسلامە، لە رووی شەرعەوە ناکرێ بەسەر ئەواندا بسەپێنرێت؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: بوونی نامسوڵمان لە کۆمەڵگەی مسوڵمان ئێستا نییە و دەمێکە هەیە، لە سەرەتای دروستبوونی مسوڵمان، نامسوڵمان لەگەڵیدا ژیاوە، بۆیە لەوکاتەوە رەچاو کراوە و پێویستە لە داڕشتنەوەی یاساکانیش (بەتایبەت ئەوانەی رەهەندێکی ئایینییان هەیە) رەچاوی هەموو ئایینەکان بکرێ. 
 
رووداو: چۆن دەڕواننە بابەتی منداڵان، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش باسی کرد. دەڵێن: ئەگەر دایک یان باوک بوونە مسوڵمان، منداڵەکانیان راستەوخۆ نەکرێنە مسوڵمان، کە ئێستا یاسا وا مامەڵە دەکات. نەرینی ئێوە؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەمە بابەتێکی تایبەت نییە بە کوردستان، دەبێ دەرچەیەکی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە لە عێراقدا دەژین، ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، دەبێ دەرچەی شەرعی بۆ بدۆزرێتەوە. پێویستە گەورە زانایانی سوننە تەنانەت شیعە و یاساناسەکانیش، ئێمە لە کوردستانەوە هاوکار دەبین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بگەینە داڕشتەیەک. دەبێ کەسانی تایبەتمەند کاری لەسەر بکەن.
 
رووداو: تایبەتمەندەکان کێن؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: فوقەهای شەریعە لەگەڵ فوقەهای قانوونی ئیسلامی. ئەوانە لەگەڵ یەکدی، لەگەڵ برا مەسیحییەکان دابنیشن. ئێمە نەسی شەریعەت و رووحی شەریعەتمان هەیە، شتێکی وا بدۆزنەوە لەگەڵ رووحی شەریعەت بگونجێت، بۆ ئەوەی تەبایی ناو کۆمەڵگە پتەوتر بێت و لەگەڵ یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان ئیسلام بگونجێت.
 
رووداو: لە قورئاندا هاتووە دەڵێ: " لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ" ...
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: لێرەدا مەسەلەکە " لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ " نییە و نامەوێ زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم. هەموو مەسیحییەک بیروباوەڕی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا پارێزراوە، ئازادی ئایینی و سرووشە ئایینییەکانیش پارێزراوە. مافی سیاسی لە کۆمەڵگەی موسڵمانان بۆ ناموسڵمانان پارێزراوە. لێرە قسەکردنە لەسەر ئایندەی منداڵێک، کە ئەو منداڵە موکەلەف نییە و توانای بڕیاری نییە، چونکە لە رووی شەرعی و یاساییەوە منداڵ توانای بڕیاری نییە، دەکرێ مافی بپارێزرێ، بەڵام توانای بڕیاری نییە تاوەکو دەگاتە تەمەنی بلوغ، ئەمە قسەکردنە لەسەر کەسێک کە ئەو شتەی نوقستانە. بە دڵنیایی ئێمە وەکو مامۆستایانی ئایینیی کوردستان، چۆن لە رابردوو هاوکاربووینە بۆ دابینکردن و پاراستنی مافی هەموو ئایین و پێکهاتەکان کە وەکو برا لەگەڵمان دەژین، لە داهاتووش هاوکار دەبین بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.
 
رووداو: من لەگەڵ دادوەرێک لە بەغدا قسەمکرد و گوتی: هەموو منداڵێک تا دەگاتە 18 ساڵ بە موسڵمان حساب دەکرێ، بەڵام کە گەیشتە 18 ساڵ، دەتوانێت ئایینێکی دیکە هەڵبژێرێت. ئەمە دەرچەیەکی دروستە؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: من دەڵێم، ئەو دەرچانە دەرچەی ئیعلامی نین. نامەوێ لە ئیعلام ئەو بابەتە بورووژێنرێ. دەرچە زۆرن گەر بەدوایدا بگەڕێین. فیقهی ئیسلام چییە؟ بە مانای تێگەیشتنە. ئەو خەڵکەی ئێستاش بووەتە سیمبولی دینی چ لە کوردستان یان عێراق، زیاتر بەرەو عەقڵیەتێکی کراوە دەڕۆن، زیاتر بەرەو تێگەیشتن لە رووحی شەریعەت دەڕۆن و دەرچە دەدۆزنەوە. بۆیە زۆر زۆر ئاساییە دانیشتنێک لەگەڵ خەڵکی تایبەتمەند بکرێت. ئێستا زۆر زۆر گرنگە ئێمە بزانین برا مەسیحییەکان جگە لە بابەتەکانی میرات، تەڵاق و هاوسەرگیری، چ گرفتێکی دیکەیان هەیە؟ تائێستا ئەوان راشکاوانە ئەو بابەتانەیان لەگەڵ ئێمەدا نەورووژاندووە. ئەگەر بێتو ئێمە لە کوردستانیش چارەسەری بکەین، مادام لە عێراقدا دەژین، کەسێک گرفتی هەبێ، پەنا بۆ یاسای عێراقی دەبا. بۆ نموونە: ئێستا لە یاسای هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مەرجی زۆر تووند بۆ هاوسەرگیریی دووەم دانراوە، تەقریبەن برای قەدەخەیە، بەڵام ئەوەی دەیەوێ هاوسەرگیریی دووەم بکات، لە هەرێمی کوردستانیش بێت، دەچێتە دادگەیەکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کەوابوو هیچ نەکرا. بەدڵنیاییەوە دەیڵێم: ئیسلام ئەوپەڕی رێز لە ناموسڵمان دەگرێت و مافیشی دەپارێزێ، هەر گرفتێکی هەبێ بۆی چارەسەر دەکات. ئەو بابەتە ئەوەندە گەورە نییە دەرچەی بۆ نەدۆزرێتەوە، گرنگ ئەوەیە تێکنەدرێ. راگەیاندن با بە ناڕێکی نەیورووژێنێت. خەڵکی ناشارەزا قسەی لەسەر نەکات. 
 
رووداو: بۆچی لە کۆنفرانسەکە ئامادە نەبووی؟ باجەکەتم بینی بەڵام خۆت لەوێ نەبووی!
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەو برا بەڕێزانە خۆیان دەزانن، ئێمە پێشتریش ئاگادارمان کردبوونەوە، ئەوکاتە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک دکتۆر سیمپۆزیۆمێکمان هەبوو لەبارەی کۆمەڵێک بواری فیقهی، لەسەر منداڵی بلووری، دکتۆری پسپۆڕمان لە ئوردن و میسر بانگکردبوو، بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، ئەوەش تا دوای عەسر بەردەوام بوو. 
 
رووداو: هەڵوێستت هەیە بەرامبەریان؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: نەخێر! هەموویان برای منن، بەڵام پێشتریش بە کاک ئەمیرم گوت کە راوێژکاری ئایینی مەسیحییەکانە لە وەزارەتی ئەوقاف، کە داوای لێبوورن دەکەم و ناتوانم ئامادەبم. زۆرم پێخۆشبوو ئامادەبم و لە زۆربەی زۆری مەراسیمی برا مەسیحییەکان ئامادە بوومە.
 
رووداو: دوێنێ لویس ساکۆ قسەیەکی کرد، پێمخۆشە بۆچوونی بەڕێزت لەبارەیەوە بزانم. گوتی، داوا دەکەم هاوسەرگیریی مەدەنی هەبێت. رای ئێوە؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەمە رای کەسیی خۆیەتی. رێزی لێ دەگیرێ و زۆر ئاساییە، بەڵام لای ئێمەی موسڵمان زەواج وەسیقەیەکی زۆر زۆر پیرۆزە. پرۆسەیەکی ئایینییە، مەسەلەی میراتی دێتە ناو، مەسەلەی نەسەبی دێتە ناو. خوای گەورە مەسەلەی هاوسەرگیری بە گرێیەکی تووند لە قەڵەمداوە. بۆیە کۆمەڵگە جگە لە زەواجی شەرعی هیچی دیکەی قبووڵ نییە. زەواج پرۆسەیەکی ئایینییە. زەواجی نائایینی رەتکراوەیەوە و قبووڵ ناکرێ.
 
رووداو: بۆچی شەرعی نییە؟
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی: زەواجی شەرعی، بریتییە لەو کۆمەڵە مەرجانەی کەوا ئیسلام دایناون. رازیبوونی دایک و باوک، بوونی دوو شاهێد، خوێندنی سرووت لەلایەن مامۆستایەکی ئایینی. ئێمە تەنانەت لەگەڵ زەواجی میسیاریش نەبووین، چونکە لەگەڵ عورفی کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێ. زەواج لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە، دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی خێزان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە