رێکخراوی GCERF بۆ رووداو: ژنانی کەمپی هۆل بە کوڕی هەرزەکار خۆیان دووگیان دەکەن

28-09-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
دوو ژن و چەند منداڵێک لە کەمپی هۆل
دوو ژن و چەند منداڵێک لە کەمپی هۆل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی سندووقی جیهانی بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵگا و خۆڕاگری (GCERF)، ئاشکرای دەکات، دۆخی نێو کەمپی هۆل لە "ئاستی کارەساتدایە". دەشڵێت، ژنان سێکس لەگەڵ کوڕانی خوار 18 ساڵان دەکەن.
 
بەپێی راپۆرتەکەی GCERF، ژنانی تووندڕۆی نێو کەمپەکە، کوڕە هەرزەکارەکانی ناو کەمپەکە کە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵیدایە، بە خراپی بەکاردەهێنن و دەستدرێژیی سێکسییان دەکەنەسەر. ئامانجی ئەو ژنانە، وەک د. لۆگن جەختی لێدەکاتەوە، بریتییە لە "بەردەوامبوون لە خستنەوەی نەوە بۆ خەلافەت" و پاراستنی بیری تووندڕۆیی لەڕێگەی نەوەی نوێوە. 
 
دوای نزیکەی مانگێک لە سەردانیکردنی کەمپی هۆل، د. لیلا شمویکی لۆگن، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی سندووقی جیهانی بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵگا و خۆڕاگری (GCERF)، کە لە جنێڤ جێگیرە و لەلایەن دەیان وڵاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕۆیی دامەزراوە، لەڕێگەی رووداوەوە چەند نهێنییەکی نێو کەمپی هۆل ئاشکرا دەکات. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی نامۆ عەبدوڵڵا لەگەڵ د. لیلا شمویکی لۆگن:
 
رووداو: کەمێک پێش ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوویت. دەتوانیت باسی دۆخی کەمپی هۆلمان بۆ بکەیت؟ دۆخەکە چەندە خراپە؟
 
د. لیلا شمویکی لۆگن: زۆر خراپە، زۆر کارەساتبارە. کاتێک مانگێک پێش ئێستا لەوێ بووم، پلەی گەرمی 52 پلەی سەدی بوو. منداڵان و ژنان لە ژێر 52 پلەی سەدیدا دەژیان. لە ساڵی 2019ـەوە هیچ کارێکیان نییە بیکەن. ئەو سێ بەشەی کە لە کەمپی هۆل سەردانمان کرد: سوورییەکان، عێراقییەکان و، بیانییەکان بوون. هێشتا نزیکەی 6500 بیانی لە 42 وڵاتەوە ماونەتەوە. ئەوان ژنان و منداڵەکانیانن.
 
سێ شت هەن دەمەوێت باسیان بکەم: یەکەم، وەکو کەسێک کە منداڵێکی کوڕم هەیە، ئەمە زۆرترین شۆک بوو بۆم. لەو کەمپە دەبێت تەنیا ژن و منداڵ هەبن. نابێت هیچ کۆرپەیەک هەبێت، بەڵام، ئێمە لەوێ زۆر منداڵی زۆر کۆرپەمان بینی. ئەوەی ئێستا روودەدات ئەوەیە زۆرێک لە کوڕانی گەنج لەلایەن ئەو ژنانەی لەوێن بە خراپ بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی دووگیانیان بکەن و بەردەوام بن لە خستنەوەی نەوە بۆ خەلافەت. ژمارەیەکی زۆر ژنی دووگیان هەن. ژمارەیەکی زۆر کۆرپە هەن. ئەم کوڕە گەنجانەی تەمەنیان 12، 13، 14، 15 ساڵن، دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتەسەر بۆ ئەوەی نەوەی خەلافەتەکان بپارێزرێت. ئەمە گەورەترین دەستدرێژییە بۆ سەر منداڵان کە کەسێک بتوانێت بیری لێبکاتەوە.
 
رووداو: بۆچی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناتوانن هیچ  لەوبارەیەوە بکەن؟
 
د. لیلا شمویکی لۆگن: هێزەکانی سووریای دیموکرات باشترین هەوڵی خۆیان دەدەن. ئەوان سەلامەتی بۆ ئێمە لێرە لە رۆژئاوا و شوێنەکانی دیکەی جیهان دابین دەکەن. سەرچاوەیەکی زۆریان بۆ راگرتنی ئەو خەڵکە تەرخانکردووە. ئەوان کوڕانی گەنجیان لە دایکیان دوورخستووەتەوە کە لە تەمەنی پێگەیشتنی سێکسیدان، بەڵام زۆر بە تووندی رەخنەیان لێگیراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کە ئەمە دژی مافەکانی منداڵانە و ئەو شتانە. ئێستا ئەوان سەرچاوەی زیاتریان نییە و رەخنەیان لێگیراوە. بۆیە ئێستا ئەم کوڕە گەنجانە لە کەمپەکەدا بەجێدەهێڵن. 
 
بە درێژایی رۆژ تەنها دەسووڕێنەوە، پیلان دەگێڕن. لە چەند مانگی رابردوودا تێکدان و توندوتیژی سێ ئەوەندە زیادی کردووە، چونکە هیوا نەماوە. نازانن چی دیکە بەڕێوەیە. با دوو نموونەت بدەمێ: تەنها چەند رۆژێک پێش ئەوەی بچینە ئەوێ، کوڕانی بەشی بیانی سێ دامەزراوەی رێکخراوی ناحکومیی نێودەوڵەتییان سووتاندبوو کە خزمەتگوزاریی پاراستنیان پێشکەش دەکرد. لەو کاتەدا ئێمە لەوێ بووین، نەمانتوانی بچینە ژوورەوە. تەنها دەمانتوانی لە دەرەوەی بەشی بیانی بمێنینەوە. کوڕانی گەنج، هەر کە ئێمەیان بینی، بەردیان هەڵگرت. بە ئاماژە دەیانگووت "سەرتان دەبڕین"، نائومێدییەکی روون هەیە.
 
بەڵام، ئەوەی ئێمە بینیومانە ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر ژن هەن تۆبەیان کردووە. گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ئەمە هەڵە بووە. دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، تەنانەت بەبێ منداڵەکانیشیان. دەیانەوێت منداڵەکانیان بنێرنەوە ماڵەوە بۆ وڵاتەکانیان، بۆ خێزانە گەورەکە، یان حکومەت بۆ ئەوەی چاودێرییان بکات. ئامادەن رووبەڕووی دادگە ببنەوە ئەگەر پێویست بێت. کەواتە نائومێدی هەیە. دوای ئەوەی جێمانهێشت، زیاتر لە 20 ئیمەیڵمان پێگەیشت لە کەمپی نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە دەیانپرسی: "دەتوانن یارمەتیمان بدەن بگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان؟ ئامادەین رووبەڕووی دادگە ببینەوە، ئەگەر نەمانتوانی بڕۆین، لانیکەم منداڵەکانمان ببەنەوە ماڵەوە، چونکە هیچ ژیانێک بۆ منداڵەکانمان نییە لەو کەمپانەدا گەورە بن."
 
رووداو: ئەی ئەو وڵاتانە کامانەن کە ئامادە نین هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە؟ بۆچی وەریان ناگرن؟
 
د. لیلا شمویکی لۆگن: پێموایە ئەم پرسیارە زۆرجار بە سیاسی کراوە. نامەوێت ناوی هیچ وڵاتێک بهێنم، بەڵام بەپێی دەسەڵاتدارانی کورد کە قسەمان لەگەڵ کردوون، لە کۆی 42 وڵات، لانیکەم 20-25 وڵات ئامادە نین هاووڵاتیانیان وەربگرنەوە. ئەمە پێموایە بڕیارێکی سیاسییە، بەڵام ژیانی منداڵان نابێت بڕیارێکی سیاسی بێت. منداڵان دەبێت بگەڕێنەوە ماڵەوە. رێگەیەک هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە و نەهێشتنی تووندڕۆیی و ئێمە ئەمەمان سەلماندووە لە GCERF، کە مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە سێ هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتە جیاوازەکاندا دەکات؛ لە قیرغستان، لە باڵکان، لە عێراق، و هتد.
 
رووداو: باشترین سێ پێشنیازت چین کە پێتوایە دەبێت بکرێن بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی ئەم کێشەیە؟
 
د. لیلا شمویکی لۆگن: یەکەم: پێموایە، هەموو هەوڵێک بدەن بۆ گەڕاندنەوەی منداڵان بە زووترین کات بۆ وڵاتەکانیان. دووەم: بەردەوام بن لە هەوڵەکان لەنێو کەمپەکەدا بۆ قایلكردنی ئەوانەی نایەوێت بگەڕێنەوە تاوەکو بگەڕێنەوە. سێیەم: دەسەڵاتدارانی کورد پێویستیان بە سەرچاوە هەیە. کۆمەک لە ئاستی جیهان لە کەمبوونەوەدایە. ئەوانە دەبێت ئەو خەڵکە رابگرن. پێویستە هەندێک سەرچاوە دابین بکەین تا ئەو خەڵکەی ئەوێ ژیانێکی باشتریان هەبێت پێش ئەوەی بگەڕێنڕێنەوە وڵاتەکانیان، بەڵام ئامانجی کۆتایی ئەوەیە منداڵان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. عێراق ئەمە دەکات. عێراق زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتیی خۆی وەرگرتووەتەوە. هەر کە حکومەت بڕیاری لەسەر دا، ئەوان ئەوەیان کردووە و بەردەوامن لە کردنی و کارێکی سەرسامکەریان ئەنجامداوە.
 
هەموو وڵاتانی رۆژئاوا و باڵکان، جگە لە یەک وڵات، هاووڵاتیانی خۆیان وەرگرتووەتەوە. وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست خەریکن سەدان و هەزاران هاووڵاتیی خۆیان لە کەمپەکە دەبەنەوە. کەواتە، ئەمە داوایەکە، بانگەوازێکە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەش بۆ وڵاتەکانیان.
 
رووداو: زۆر سوپاس

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە