بەشی سێیەم و كۆتایی
رووداو – سلێمانی
لە كۆتاییەكانی ئۆكتۆبەری 2016 هەواڵێك میدیای كوردیی تەنی، هەواڵی ئەوەی گوایە مولازم موحسین كە كۆنە ئەفسەرێكی ئەمنی بەعس بوو لە سلێمانی، لەلایەن هێزێكی تایبەتی كۆسرەت رەسوڵەوە لە یەمەن كوژراوە. هەواڵەكە بەتایبەتی بۆ خەڵكی سلێمانی مایەی دڵخۆشی بوو، بەڵام دارای حاجی برایمی چەرمەگا كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ مولازم موحسین هەیە، ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت مەگەر لە خەویاندا كوشتبێتیان. دەشڵێت ئێستاش پەیوەندییان هەیە و مولازم موحسین زوو زوو هەواڵی خەڵكی سلێمانی لێ دەپرسێت. ئەگەرچی دەگوترا مولازم موحسین بە رەچەڵەك فەڵەستینییە، بەڵام دارای حاجی برایمی چەرمەگا دەڵێت دایكی كوردە و خەڵكی خانەقینە.
رووداو: ئەو ماوەیەی كە لە ئێران بووی، هیچ پەیوەندییەكت لەگەڵ كاك مەسعوود هەبوو؟
دارای حاجی برایم: ئەو ماوەیەی كە شەڕی خواكوڕك بوو، خاڵە نەجم و كاك عوسمانی قادر منەوەر و كاك فازڵ رەئوف هاتن بۆ لام. گوتیان رات چییە لەبارەی ئەو شەڕە. گوتم ئەگەر كاك مەسعوود و مەكتەبی سیاسی قبووڵی بكەن دێم. نامەیەكم بۆ كاك مەسعوود نووسی كە حەز دەكەم بەشداری ئەو شەڕە بكەم. كاك مەسعوود وەڵامی نامەكەی دایەوە و گوتی ئێستا حاڵ و وەزعمان باشە. حەزیش دەكەین بەشداری بكەی، لە حاڵێكدا ئەگەر پێویستمان پێت هەبێ. ئەوە شتێكی زۆر بوو تۆ لە حیزبێكی دیكە بیت و بچی شەڕ بۆ حیزبێكی دیكە بكەی. هەتا رۆژێكیان كاك مەسعوود پێیگوتم كە نامەكەی تۆم خوێندەوە وام هەست دەكرد هەموو كوردم لەگەڵە.
رووداو: ئێرانییەكان جگە لە حیزب، پەیوەندییان لەگەڵ كەسایەتییەكان و سەرۆك عەشیرەتەكانیش دروست دەكرد، مەبەستیان لەمە چی بوو؟
دارای حاجی برایم: ئێران بەردەوام وایە. كۆمەڵێك خەڵك پەیدا دەكات. هەندێك حیزبی لە ئێران دامەزراندبوو هیچ نەبوون. هەندێك پارەی دەدانێ، بۆ ئایندە ئەگەر پێویستی پێ بن ئیشێكیان پێ بكات. تەنانەت حیزبە عێراقییەكانیش وا بوون. دوای تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق بانگیان كردین بۆ تاران. ملازم كەریم بەناوی پاسۆك. رەسوڵ مامەند لە سۆسیالیست، سامی عەبدولڕەحمان لە پارتی گەل. مەلا عەلی لە بزووتنەوە. كاك نەوشیروان و د.كەماف فوئاد لە یەكێتی، كاك نێچیرڤان و عەلی عەبدوڵڵا لە پارتی بەشدار بوون. لەوێ ئێرانییەكان سەرەتا باسی كاك ئیدریسیان كرد كە ساڵێك بوو كۆچی دوایی كردبوو، گوتیان ئێمە موتەئەسیرین بە لەدەستدانی ئەو، پاشان گوتیان ئێمە چیتان بۆ بكەین. مەلا عەلی هەستایەوە و گوتی: هیچ بۆ من مەكەن، من بچمەوە هەڵەبجە چی وەڵامی ئەو خەڵكە بدەمەوە كە كیمیاباران كراون. ئێرانییەكان گوتیان ئێمە لەگەڵ عێراق رێككەوتووین. ئێوە دەتوانن وەكو پەنابەر لێرە بمێننەوە هەتا بزانین بارودۆخەكە چی لێدێت. ئێران كە یەكێكی بانگ دەكرد سینگی بۆ دەكردەوە، بەڵام داواكارییەكانی جێبەجێ نەدەكرد.
چەند جارێك داوایان لە من كرد ماڵەكەم ببەم بۆ كرماشان. ئێ منیش لەسەر سنوور نەبێ ناژیم.
رووداو: ئێوە كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكەن لە كرماشان، لەوێ باسی چی كرا؟
دارای حاجی برایم: ئەوە دوو كۆبوونەوە بوو. یەكێكیان هەموو حیزبەكانیان كۆكردبووەوە لە قەرارگەی رەمەزان. گرووپی موجاهدینی خەڵق لە عێراق مانۆڕێكی سەربازییان كردبوو. گوتیان دەبێ ئێوەش شتێكی وا بكەن. هەر یەكێكتان بە گوێرەی توانا و قەبارەی خۆی خەڵك بهێنێ. من رووبەڕوو پێمگوتن ناكرێ. گوتیان بۆ ناكرێ؟ گوتم ئەوە راهێنانی دەوێت. تۆ ئەگەر داوای 3000 چەكدار لە پارتی بكەی، نایهێنێ یان پەیدا نابێ. دەتوانن بەشێوەیەكی بچووكراوەیی بیكەن. ئیدی نەیانكرد. من دەمم لەگەڵیان تێكگیرا و پێمگوتن ئێمە بە حیساب هەردوو لامان لە دژی سەددام شەریكین. ئەوانیش گوتیان: نەخێر شەریك نین. ئێمە تەنیا دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە. پێمگوتن رێككەوتنێكمان نییە كە ئەگەر سلێمانیتان گرت تەسلیممان بكەن. گوتیان نەخێر نیمانە. هەموو شتەكان بە زارەكی و هاوڕێیەتی بوو.
رووداو: كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێ، كۆمەڵێك كەس دەبینن كە تاوانبار دەكرێن بە تیرۆركردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو. ئێوەیان بۆچی بانگ كردبوو بۆ لای محەممەد جەعفەری سەحراروودی؟
دارای حاجی برایم: من جەعفەری بە شەخسی دەناسم. حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق دەناسم. برادەرایەتیم لەگەڵیان هەبوو. كە گوتیان قاسملوو كوژراوە، پێم ناخۆش بوو. رۆژێك برووسكەیەكم بۆ هات گوتیان حەز دەكەین سەردانمان بكەی لە قەرارگەی رەمەزان. هەر من نەبووم، نوێنەری حیزبەكانیش بوون. لەوێ بردیانین بۆ ماڵی كەسێك لە كۆمەڵگەی قەرارگەی رەمەزان ناوی رەحیمی بوو. لەسەر زەوی جێگەیان بۆ راخستبوو، بریندار بوو. گوتی من لەو رووداوەدا بووم، من چووم دەستم بشۆم، بوو بە تەقە، هاتمە دەرەوە كەسێك گوللەیەكی پێوەنام.
نەمناسی. ئێستا حیزبی دیموكرات ئێمە تۆمەتبار دەكات. ئێمە دەنگی قاسملوومان لایە كە چی بە ئێران دەڵێت. هیوادارم ئێوە بتوانن لەگەڵ دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكرات قسە بكەن بۆ ئەوەی هەڵەی وا نەكەن بەسەرماندادەن، ئەگینا شتەكانی قاسملوو بڵاودەكەینەوە.
رووداو: جا ئێوە پەیامەكەتان گەیاندە حیزبی دیموكرات؟
دارای حاجی برایم: من پەیوەندیم لەگەڵ دیموكرات نەبوو.
رووداو: چ زانیارییەكت لەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجە هەیە، بە تایبەتی پێش بۆردومانەكە؟
دارای حاجی برایم: ئەوكات ماڵەكەم لە سەقز بوو، ئێوارەیەك كاك شەوكەتی حاجی موشیر هاتە لام و گوتی برسیمە. منیش پێمگوت كەبابخانەیەك تازە كراوەتەوە با بچین لەوێ شتێك بخۆین. كە چووین بۆ ئەوێ نامەیەكی دەرهێنا و گوتی بیخوێنەوە. منیش نامەكەم خوێندەوە نووسرابوو: بەڕێز شەوكەتی حاجی موشیر، ئێمە و خزمان بڕیارماندا حەوزی شارەزوور بگرین. تۆش سەرپەرشتیاری ئەو ئیشەی. لە ژێرەوە نووسرابوو فوئاد مەعسووم. گوتی ئێستاش دیعایەم بۆ دەكەن كە دەستی ژنم بۆ زێڕ بڕیوەتەوە. خەڵكم وا لێكردووە. ئەو پارەیەی بانك كە باسی دەكەن، من تەسلیمی مەكتەبی سیاسیم كردووە. كە دەشڵێن بەهۆی تۆوە خەڵك لە هەڵەبجە تێداچووە گوناهی من نییە. من فەرمانم پێكرابوو نەهێڵم خەڵك لە هەڵەبجە بچێتە دەرەوە.
رووداو: ئەوكاتە زۆربەی سەركردایەتی یەكێتی لە سەقز بوون. چۆن باسی شۆڕشیان دەكرد، بۆ نموونە دەڵێن كاك نەوشیروان گوتوویەتی شتێك نەماوە بەناوی بەرەنگاری. شتی وا هەیە؟
دارای حاجی برایم: بەڵێ راستە. چونكە هەموومان دەربەدەر بووین. ئێرانیش وەكو جاران یارمەتی نەدەداین. دێهات نەمابوو، بۆیە هیچ ئومێدێك نەمابوو.
رووداو: تۆ هەتا كەی پەیوەندیت لەگەڵ ئێرانییەكان ما؟
دارای حاجی برایم: تا پێش ساڵی 1990 پەیوەندیمان مابوو، تەلەفۆنیان بۆ دەكردم. ئێستاش جاروبار سەردانم دەكەن.
رووداو: بۆچی لەندەنت هەڵبژارد؟
دارای حاجی برایم: خۆم لە حەفتاكاندا چووبووم بۆ لەندەن، ئەوێ دڵگیرە. زۆربەی برادەرانیشم دەچوونە لەندەن. بۆیە حەزم لە لەندەن بوو.
رووداو: واتە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبوو كە پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەكان دروست بكەی؟
دارای حاجی برایم: نەخێر. بەڕاستی وام لێهاتووە نەفرەت لە سیاسەت دەكەم. ئێستا بە سیاسەتمەدار دەڵێن رێوییەكی باش. ئێمە كە لە دیوەخان گەورە دەبووین، لە هەموو دیوەخانێك درۆزنێكی تێدا بوو. جیاوازی هەبوو لەگەڵ درۆزان. ئەو سیاسییە گەورانەی كە باسیان دەكەن درۆزانن.
رووداو: كە لە لەندەن گەڕایتەوە تێكەڵی سیاسەت نەبووی؟
دارای حاجی برایم: نەخێر، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ سیاسییەكاندا هەیە، بۆ نموونە لە پارتی: كاك زەعیم عەلی، كاك فازڵ میرانی، كاك عارف تەیفوور، كاك عیزەددین بەرواری برادەرمن. لە یەكێتی: كاك مەلا بەختیار زۆر برادەرمە، كاك حاكم قادر.
رووداو: دوای 1991 تاوەكو رووخانی بەعس، سەددام هیچ جارێكی دیكە پەیوەندی پێوە نەكردیتەوە؟
دارای حاجی برایم: هیچ شتێكی رەسمی نەبوو. بەڵام وەكو ئەوەی فڵان سەلامی بۆ دەناردم. ئەوە هەبوو.
رووداو: لە شەڕی نێوان حیزبەكانی باشوور و پەكەكە، تۆ داڵدەی كۆمەڵێ سەركردەی پەكەكە دەدەی، ئەمە چۆن بوو؟
دارای حاجی برایم: ئەو كاتە من پەیوەندیم بە پەكەكەوە نەبوو. پێش پەكەكە بڕیاریان دابوو حەمەئەمین پێنجوێنی بگرن. كاك سابیر خزمی خۆمانە كاك حەمەئەمینی هێنا و گوتی دەتوانی لە ماڵەكەی خۆت دایبنێی؟ گوتم: بۆ نا، برادەرمە. لەو ماوەیەی كە ئەو لەلای من بوو، ئەو برادەرانەی پەكەكەم ناسین. رۆژێكیان حەمەئەمین گوتی كۆمەڵێك كوڕ و كچی پەكەكە لێیان قەوماوە و خەریكە دەیانگرن. منیش گوتم جا چییە با بێن بۆ ئێرە. من شتەكەم بە ئاسایی وەرگرت، بەڵام شتەكە گەورە بوو. ویستیان بێنە سەرم بیانبەن. منیش بەو پیاوانەی لای خۆم گوت دەبێ بەرگرییان لێ بكەن، دۆشكەیەكیشم دانا. كاك مولازم عومەر هات پێیخۆشبوو كە داڵدەی ئەوانەم داوە. ئەوان كچێكیان لە ئاسایش گیرابوو، تەكلیفم لە كاك عومەر كرد ئازادیان كرد، ئەویشیان هێنا بۆ لای من. كاك قادری حاجی عەلی هات گوتی مام جەلال داوات دەكات. چووم بۆ خزمەتی. گوتی دارا تۆ دەزانی دژی حكومەتی؟ گوتم بۆ؟ گوتی تۆ ئەو خەڵكەت لەلای خۆت داناوە، ئەوە دژایەتی نییە! گوتم مام جەلال من كەسێكی عەشایەرم، هەزارانی وەكو ئەوانە هاتوونەتە ماڵی من. ناتوانم خەڵك تەسلیمی حكومەت بكەم. ئەوانە وەكو پەنابەر لەلای منن و كەسیش بۆی نییە دەستیان بۆ ببات. لەسەر ئەوە لەگەڵ مام جەلال بوو بە دەنگە دەنگمان.
رووداو: ساردییەك لە نێوان تۆ و مام جەلال دروست بوو، دوایی ئاشتی كردیتەوە؟
دارای حاجی برایم: وا بوو. من و مام جەلال رێك بووین. قەت رۆژێك لە رۆژان خوانەخواستە قسەی خراپی نەكردووە. ئاشتبوونەوەكەش چۆن بوو؟ بۆ نموونە جوابی دەنارد كە ئەم نیوەڕۆیە لەلای ئەو نان بخۆم. مام جەلال پیاوێكی سیاسەتمەدار بوو، وەكو ئەوانەی ئێستا نەبوو. منیش و تۆیشی رازی دەكرد بەبێ ئەوەی هیچیشمان بۆ بكات.
رووداو: لە نەوەتەكان سەردانی كاك مەسعوود بارزانی دەكەیت، هۆكاری ئەو سەردانە چی بوو؟ ئەو تەنگژە و ناخۆشییەی پێشتر هەبوو رەوییەوە؟
دارای حاجی برایم: حەزم كرد كاك مەسعوود ببینم. چونكە ئەو تەنگژەیەی تۆ باسی دەكەی پێویستی بە دانیشتن و كۆبوونەوە هەبوو. بە خزمەتی گەیشتم. باسی هەموو شتێك كرا. لەگەڵ كاك مەسعوود لەسەر سیغەیەك رێككەوتین كە نە من و نە ئەو ئاگامان لە هیچ شتێك نییە. شتەكان وەكو مێژوو رۆیشتن. لەو ماوەیەی پێشوو داوای كردبوو بچم بۆ لای.
رووداو: لەو كۆبوونەوەیەی دوایی زیاتر باسی چیتان كرد؟
دارای حاجی برایم: زیاتر باسی ریفراندۆم كرا. كاك مەسعوود گوتی بۆیە حەزم كرد بتبینم، هەندێك حەقیقەت هەیە بۆت بگێڕمەوە. گوتی ئەمریكییەكان نامەیەكیان ناردبوو نووسیبوویان: ئێمە حورمەتی رای ئەو گەلە دەگرین. منیش پێمگوتن نەخێر. بڵێن ئێمە یارمەتی گەلی كورد دەدەین.
ئەوان گوتبوویان نایكەین. كاك مەسعوود گوتی بابەتەكە دوو شت بوو. یەكێكیان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا و كونسوڵی ئەمریكا خیانەتیان لە بابەتەكە كرد. ئەگینا ئێمە هەموو شتەكانمان بۆ پێش چووبوو. ئەوان گوتبوویان وەرە بۆ لای ترەمپ و لەوێ رایبگەیەنە كە ریفراندۆم ناكەی. ئەویش گوتبووی گەرەنتی چییە؟ گوتبوویان هیچ گەرەنتییەك نییە.
شتێك هەیە حەز دەكەم لێرە باسی بكەم. من خانووم رووخاوە لە سلێمانی. 56 دۆنم زەویم لێ داگیركراوە. لە سلێمانی زەوییەكم هەبوو بەعس فرۆشتوویەتی تا ئێستا قەرەبوو نەكراومەتەوە. بە كاك مەسعوودم گوت ئەو غەدرەم لێكراوە، ئەگەر بتوانی شتێكم بۆ بكەی. ئەویش گوتی جارێ بوەستە بزانین لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین یان نا. با بمێنێتەوە. من تا ئێستا بستێك زەویم لە سلێمانی نییە.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبوو؟
دارای حاجی برایم: جارێكیان بینیومن. لەگەڵ كابرایەكی عەرەب هاتن. بۆ ئەوە هاتبوون بزانن ئەو ناوچەیە كێی تێدایە.
رووداو: ساڵی 2014 كۆمەڵێك لە خزمانی سەددام دێنە لای تۆ و تۆ دەیانحەوێنیتەوە. ئایا حكومەت و یەكێتی ئاگادار بوون؟
دارای حاجی برایم: من پەیوەندی شەخسیم لەگەڵ ئەوانە هەیە، كاتێك تكریت و عۆجە گیرا هاتن بۆ ئێرە. خۆم تەلەفۆنم بۆ كردن و پێمگوتن بارودۆختان خراپە و ماڵ و منداڵەكانتان بنێرن بۆ ئێرە. شەش حەوت ماڵیان هاتن. دوایی پیاوەكانیشیان هاتن، بەڵام بە كەسم نەگوت ئەوانە لێرەن. رەنگە زانیبێتیشیان، بەڵام هیچیان نەگوت.
رووداو: لەگەڵ رەغدی سەدام حوسێن پەیوەندیت هەیە؟
دارای حاجی برایم: نەخێر.
رووداو: ئەی پارێزەرەكەی سەددام زۆر برادەرتە؟
دارای حاجی برایم: بەڵێ زۆر.
رووداو: ئەو شتێكی بۆ باسكردووی لە شوێنی دیكە نەیگوتبێ؟
دارای حاجی برایم: باسی كلاركی دەكرد كە پارێزەر بوو. گوتبووی سەددام بگوازینەوە بۆ قەتەر، چونكە دەیانزانی لێرە لەسێدارەی دەدەن. گوتی چووینە لای سەددام پێمانگوت ئێمە بەنیازی شتێكی واین. دەستی كرد بە پێكەنین و گوتی: ئەوە بەڕاستتانە؟ گوتی من لەو خاكە لەدایكبووم و دەبێ لەو خاكەش بمرم. خۆشم یاسام تەواو كردووە، دەبێ دادگای عێراقی حوكمم بدات. جارێكی دیكەش باسی ئەو بابەتە نەكەن.
رووداو: ئەی چۆن باسی حاكم رزگاری دەكرد؟
دارای حاجی برایم: جارێكیان پەیوەندی پێوەكردم و گوتی حاكم رزگار دەناسی؟ منیش گوتم نایناسم. بەس كەسوكاری سەددام زۆر رێزی حاكم رزگار دەگرن، چونكە نەرم بوو لەگەڵی. هەتا محەممەد دەبدەب هەیە كە بەعسییەكی گەورە بووە. باسی رزگاری كرد و گوتی لەلای ئێمە بەڕێزە.
رووداو: دوای رووخانی حیزبی بەعس. ئەو حیزبە كە لەلایەن عیزەت دوورییەوە سەرپەرشتی دەكرێ، هیچ پەیامێكیان بۆ ناردووی؟
دارای حاجی برایم: نەخێر. تەنیا سەفەرێك محەممەد دەبدەب (سكرتێری پێشووی یەكێتی قوتابیانی عێراق – رووداو) هاتە ئێرە، لێرە هەوڵیدا یەكێتی ببینێ. عادل موراد مابوو چووینە ماڵەكەی، نەجمەددین كەریم و عەدنان موفتیش لەوێ بوون. باسی كۆنیان كرد، بە عادلی گوت دەمەوێ یەكێك لە بەرپرسە گەورەكانی یەكێتی ببینم. بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، رۆیشت.
رووداو: تۆ تا ئێستا لەگەڵ مولازم موحسین پەیوەندیت هەیە؟
دارای حاجی برایم: بەڵێ.
رووداو: كەواتە دەزانی لە كوێیە؟
دارای حاجی برایم: بەڵێ دەزانم لە كوێیە. موحسینیش پیاوێكی بە وەفا بووە.
رووداو: بۆ تۆ یان بۆ كێ؟
دارای حاجی برایم: هەندێك شتی شەخسی هەیە پەیوەندی بە بابەتی دیكەوە نییە. ئەوەی موحسین كردوویەتی ئەوانە چوار قاتی موحسینیان كردووە. من بەرگری لێ ناكەم، ناڵێم خەڵكی نەكوشتووە. بەڵام وەكو پەیوەندی كەسی تاوەكو ئێستاش پەیوەندی تەلەفۆنیم لەگەڵی هەیە.
رووداو: پەشیمان نییە لەو شتانەی كردوویەتی؟
دارای حاجی برایم: باسی لەگەڵ ناكەم.
رووداو: پێشتر شتێك بڵاوبووەوە گوایە جەماعەتی كاك كۆسرەت لە یەمەن كوشتوویانە؟
دارای حاجی برایم: مەگەر لە خەویاندا كوشتبێتیان. من دەڵێم ئێستاش تەلەفۆنم لەگەڵی هەیە. لەگەڵ شێخ جەعفەری موحافزیش.
رووداو: دوای ئەوە نەتبینیوە؟
دارای حاجی برایم: نەمبینیوە، ژمارەكەی منی لە ئەوروپا لە هەندێك برادەر وەرگرتبوو تەلەفۆنی بۆ كردم.
رووداو: باسی چی دەكەن؟
دارای حاجی برایم: باسی سلێمانی دەكات و دەڵێت خەڵكەكەی چۆنن؟ من خۆم بە خەڵكی سلێمانی دەزانم. خۆی شتێكی بۆ گێڕامەوە. من چووم بۆ كوێت، كە گەڕامەوە ئەو بەرپرسی هێزی تەواریی بەسرە بوو. بەسەرهاتێكی بۆ گێڕامەوە و گوتی هەواڵیان پێدام كە لە یانەیەك شەڕە. منیش چووم كۆمەڵێك عەرەبی بەسراوی شەڕیان بە كۆمەڵێك كورد فرۆشتبوو. كوردەكان خەڵكی سلێمانی بوون، كە منیان بینی گوتیان ها كاكە موحسین چۆنی! گوتم لە بەسراوییەكان هەڵدەن. ئەفسەرێك گوتی كاكە خەتای كوردەكان بووە، منیش گوتم ئەوانە خەڵكی سلێمانین، من بەرگری لە میللەتی خۆم دەكەم. موحسین بە دەیان كەسی بۆ ئازاد كردووم. بۆی گێڕامەوە كە خەڵكی گرتووە، لێی پرسیوە خەڵكی كوێی؟ گوتوویەتی خەڵكی فڵان گەڕەكم، گوتوویەتی: كاك دارا دەناسی؟ ئەویش گوتوویەتی: بەڵێ پوورزامە. یەكسەر ئازادی كردووە. من لە موخابەرات و هیچ شوێنێك ئیشم نەكردووە و پەیوەندییەكەم تەنیا شەخسی بووە. ئێستا لە رومادی یان لە تكریت خۆم بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرم دەردەچم. تا ئێستاش هەر عەرەبێك كێشەیەكی هەبێ لێرە دێن بۆ لای من و من كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكەم.
رووداو: راستە دەڵێن مولازم موحسین فەڵەستینییە؟
دارای حاجی برایم: نەخێر، دایكی كوردە و خەڵكی خانەقینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ