رووداو دیجیتاڵ
ئەندام پەرلەمانێکی کوردی ئەڵمانیا دەڵێت، سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران سیاسەتی پارتی AfDـیە و "کارێکی نامرۆڤانەیە". دەشڵێت، خەڵکی وڵاتەکە دژی کۆچبەران نین.
فەرهاد کۆچەک، پەرلەمانتاری کوردی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باس لە پرسە گرنگەکانی ئەڵمانیا و بەتایبەتیش ئەو پرسانەی بە کوردەوە گرێدراون، دەکات.
فەرهاد کۆچەک دژایەتی خۆی بۆ سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەمە سیاسەتی پارتی AfD بوو و ئێستا پارتەکانی CDU و SPD دەیسەپێنن.
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئەڵمانیا باس لە بۆچوونی خەڵکی ئەڵمانیا لەبارەی کۆچبەرانیشەوە دەکات و دەڵێت، خەڵکی ئەڵمانیا دژی کۆچبەران نین، بەڵکو دۆخیان خراپە، کرێی خانوو بەرزە و سیستمی تەندروستی کار ناکات، لە هەمان کاتیشدا مووچەکانیان بەرزناکرێنەوە. دەشڵێت، "ئەگەر دۆخی خەڵک باش بێت، ئەوا خەڵکی دیکە ناکەنە هۆکار بۆ ناخۆشییەکانی خۆیان."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەرهاد کۆچەک، پەرلەمانتاری کورد لە ئەڵمانیا:
رووداو: فەرات زۆر سوپاس کە لەگەڵماندایت، بۆچوونی تۆ و پارتەکەت، پارتی چەپ، چییە لەسەر هەموو ئەو رێکارانەی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا سەبارەت بە تووندکردنەوەی سیاسەتی کۆچبەران؟ لەم کاتەدا دەبینین سنوورەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و تەنانەت دیپۆرتکردنەوەش هەیە، ئێوە تاچەند لەگەڵ ئەمەدان و پارتەکەتان دەتوانێت چی بکات؟
فەرات کۆچاک: پارتەکانی CDU و SPD سیاسەتێکی کۆچبەران دەسەپێنن کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا جەختی AFD لەسەر بوو: داخستنی سنوورەکان و دیپۆرتکردنەوەی خەڵک، ئەمە کاریگەریی لەسەر کوردیش هەیە، بەتایبەتی ئێزدییەکان کە بەرەو شوێنی کۆمەڵکوژییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە، یان ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان وەرگرتووە، دیپۆرت دەکرێنەوە، ئەم سیاسەتە سنووردارکەرەی کۆچبەران نامرۆڤانەیە و دژی مرۆڤایەتییە، منیش کوردم، کوردیش تێکۆشەرن و منیش هەمیشە بۆ مافی مرۆڤ کار دەکەم و یارمەتیدەری خەڵکم، و پارتەکەی ئێمە دەتوانێت چی بکات؟ ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، دەتوانین یارمەتیی خەڵک بدەین و دەتوانین دەنگمان بەرز بکەینەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە دیپۆرتکردنەوەکان بکەین و یارمەتیی ئەو کەسانە بدەین کە لە دۆخێکی سەختدان.
رووداو: ئێوە بەتایبەتی دژی کام خاڵی سیاسەتی کۆچبەرانی حکومەتی ئەڵمانیان؟
فەرات کۆچاک: ئێمە لە بنەڕەتدا دژی ئەم جۆرە سیاسەتانەی کۆچبەرانین، من هەمیشە دەڵێم 'هیچ مرۆڤێک نایاسایی نییە'، مرۆڤەکان هۆکاریان هەیە بۆ هەڵاتن بەرەو ئەڵمانیا، جا شەڕ بێت، ستەم بێت یان برسێتی، ئێمەی کورد خۆشمان ئەم ئەزموونەمان هەیە، بۆیە ئەمە رەخنەیەکی سەرەکییە، کە لە بنەڕەتدا داوای سیاسەتێکی دیکەی کۆچبەری دەکات، و بەتایبەتی سەبارەت بە داخستنی سنوورەکان، وەک دەزانین ئەورووپا بەو مەبەستە دامەزرابوو کە سنوورەکان کراوە بن و مرۆڤەکان بگەنە یەک، ئەم پاشەکشێیە دژی یاسای ئەورووپایە، هەروەها شێوازی دیپۆرتکردنەوەکان، کاتێک خەڵک دەستگیر دەکرێن بۆ دیپۆرتکردنەوە، ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان و ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر هەڵاتوون، ئێمە دەمانەوێت رێگری لەمە بکەین، بە بڕوای من بەتایبەتی، دەستگیرکردن بۆ دیپۆرتکردنەوە هەڵەیە، ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نییە دەبێت بەپێی یاسا دیپۆرت بکرێنەوە، بەڵام من هەمیشە دەڵێم پێویستە یاساکە بگۆڕین، زۆر هۆکار هەیە بۆ هەڵاتنی خەڵک، بەڵام دەبێت ئێمە وەک ئەڵمانیا سەیری ئەوەش بکەین کاتێک چەک هەناردە دەکەین و دەکەوێتە دەستی داعش و بەو چەکانە ئێزدی و کورد دەکوژرێن، بۆیە ئێمە هاوبەشین لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەوەی کە ئەم خەڵکە هەڵدێن، لەبەرئەوەش پێویستە زۆر خاڵ پێکەوە گرێ بدەین، ئەڵمانیا دەڵێت پارەمان نییە، ئەڵمانیا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، بەڵام (سامانەکەی) بەهەڵە دابەشکراوە، تەنیا پێویستە باج لە دەوڵەمەندەکان وەربگرین تا پارە بۆ شارەکان، بۆ قوتابخانەکان، بۆ نەخۆشخانەکان، بۆ فەرمانبەرانی چاودێری و بۆ خەڵک هەبێت، ئەو کاتە خەڵکیش ئارام دەبێتەوە، ئەوەی CDU و SPD دەیکەن، هەوڵ دەدەن دەنگی تووندڕەوەکانی AFD بەدەست بهێنن، ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا هەڵەیە.
رووداو: حکومەت دەیەوێت بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵا، لیستی وڵاتە ئارامەکان درێژبکاتەوە، ئێوە ئەمە لە رووی دیموکراسییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فەرات کۆچاک: دیموکراسی نییە، رێکخراو هەن بۆ پاراستنی دیموکراسی لە ئەڵمانیا، لە بنەڕەتدا حکومەتی فیدراڵی بنەماکانی دیموکراسی پێشێل دەکات، با ئێمەی کورد خۆمان وەک نموونە بەکاربهێنین، ئەگەر تورکیا وڵاتێکی ئارام بێت و چالاکوانە سیاسییەکانی کورد، ئەوانەی دژی رەگەزپەرستی چالاک بوون، بۆ ئەوێ دیپۆرت بکرێنەوە، ئەوا لەوێ زیندانی و دەستبەسەر دەکرێن، ئەمە دژی مرۆڤایەتییە، ئێمە ماوەیەک لەمەوبەر، دیپۆرتکردنەوەی دوو ژنی کوردمان راگرت، ژنێکی بەتەمەن و کچێکی گەنج بوون، ئەوان دژی رژێمی ئێران راپەڕیبوون، بڕیار بوو هەردووکیان بۆ ئێران دیپۆرت بکرێنەوە، پێویست بوو دەنگمان بەرز بکەینەوە، لەگەڵ سیاسییەکان قسە بکەین، خەڵک ببەینە فڕۆکەخانە تا دیپۆرتکردنەوەکەیان رابگرین، ئەوەی روودەدات نامرۆڤانەیە، هەر بۆیەش پێویستە ئێمە لە سیاسەتدا، لە ئۆپۆزسیۆندا دەنگمان بەرز بێت و لەناو کۆمەڵگەی مەدەنیدا خۆمان رێکبخەین تا بتوانین ئەو کەسانە رزگار بکەین کە دەگەنە ئاستی دیپۆرتکردنەوە.
رووداو: باست لە دیپۆرتکردنەوە کرد، کابینە نوێیەکە دەیەوێت دابینکردنی پارێزەری ئۆتۆماتیکی بۆ ئەو کەسانەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە، هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە چەند کاریگەری لەسەر دادپەروەری، پرۆسەکە و مافی پەناخوازان دەبێت؟ ئێوە چۆن دەتوانن رێگری لەم پرۆسەیە بکەن؟
فەرات کۆچاک: کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە لە 50٪ـی ئەو کەسانەی بۆ دیپۆرتکردنەوە دەستگیر دەکرێن بە "نایاسایی" لەوێن، دادگاکان وا دەڵێن، نەک من، ئەگەر راوێژی یاساییان نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن خۆیان لەو دۆخە رزگار بکەن، ئێمە ناتوانین بەشداری لەوەدا بکەین، ئەو کەسانەی تووشی ئەم دۆخە دەبن، پێویستە راوێژی یاسایی وەربگرن.
رووداو: کورد و بەتایبەتی ئێزدییەکانیش دیپۆرت دەکرێنەوە؟ ئەوان پەیوەندیت پێوە دەکەن؟ چۆن یارمەتییان دەدەیت؟
فەرات کۆچاک: لە تیمەکەمدا، لەگەڵ مندا چوار کوردین، بەتایبەتی کەسێکی شارەزا و راوێژکارمان لە بواری سیاسەتی کۆچبەریدا هەیە، ئێمە لەگەڵ پارێزەران و لەگەڵ ئەنجوومەنی پەنابەران کار دەکەین بۆ ئەوەی خەڵک راستەوخۆ یارمەتی وەربگرێت، ئەو کارەی ئێمە وەک پەرلەمانتار دەتوانین بیکەین، ئاگادارکردنەوەی رای گشتییە، ئێمە دەزانین شوێنە پەیوەندیدارەکان لەکوێن، تا یارمەتی پێشکەش بکرێت، ئێستا جەختی ئێمە لەسەر بەرلینە، من لێرە شارەزام، چونکە من ئەندامی پەرلەمانی هەرێمیم و دەبێت بزانین لە هەرێمەکانی دیکەی چۆنە، ئەگەر لە بەرلین کەیسێک هەبێت، بە دڵنیاییەوە دەتوانم یارمەتیدەربم.
رووداو: چەند باش و گرنگە کورد لە پەرلەمانی فیدراڵی هەبن، ئێستا حەوت ئەندام پەرلەمانمان هەیە، کە دەیانەوێت بە جدی بۆ پرسی کورد کار بکەن، زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
فەرات کۆچاک: لەناو پارتی چەپ (Die Linke) پێنج کەسین، یەکێک لە پارتی سەوزەکان و یەکێکیش لە پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە، من داوا دەکەم، پێویستیمان بە کوردی زیاترە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، هەروەها لەناو CDUشدا، گرنگە بابەتەکانی خۆمان ببەینە ناو هەموو پارتەکانەوە، کێشەیەکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەڵمانیا نازانێت چەند کورد لە ئەڵمانیا هەن، و بۆچی؟ چونکە ئێمە وەک تورک، ئێرانی، عێراقی و سووریی پۆلێن دەکرێین، بەڵام ئەمە لاوازمان دەکات، چونکە ئێمە خاوەنی بنکەیەکی بەهێزین، دەرفەت هەیە دەنگمان ببیسترێت، ئەگەر ئەڵمانیا بزانێت چەند دەنگی دەنگدانمان هەیە، ئەو کاتە دەتوانین دەنگیشمان بەرزتر بکەینەوە، بۆیە بۆ من گرنگە بتوانین یاساکان بگۆڕین تا کورد وەک کورد بناسرێت و چیتر گرنگ نەبێت لە تورکیاوە، ئێرانەوە، عێراقەوە یان سووریاوە هاتووە، ئێمە کوردی کوردستانین.
رووداو: پلانتان بۆ ئەوە هەیە؟
فەرات کۆچاک: بێگومان، ئەمە یەکێکە لە پڕۆژەکانی من.
رووداو: دەتوانیت بڵێیت چۆن جێبەجێی دەکەی؟
فەرات کۆچاک: بۆ نموونە، مرۆڤ دەتوانێت پرسیاری زمانی دایک بکات، ئەگەر زمانی دایک کوردی بێت، تۆ وەک کوردێک دەناسێنرێیت، مەرج نییە لە کوێوە هاتبیت، ئەمە دەکرێت رێگایەک بێت، من لەگەڵ رێکخراوە جیاوازەکانی کورد لە گفتوگۆدام، تا پێش بکەوین و بزانین چەند کورد لە ئەڵمانیا دەژین.
رووداو: نزیکەی یەک ملیۆن؟
فەرات کۆچاک: ئەوانە هەمووی خەمڵاندنن، من پێشبینی دەکەم ژمارەکە زیاتریش بێت، زۆر کوردیش هەن کە ناڵێن کوردن.
رووداو: ئەو کاتە دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافەکانی خۆتان لە پەرلەمان بکەن؟
فەرات کۆچاک: بەڵێ.
رووداو: باشە، دێمە سەر سیاسەتی کۆچبەرانی کابینەکەی مێرتز، ئەو لەسەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی کۆچبەران سوورە، سەرەڕای بڕیاری دادگای بەرلین کە وتبووی کۆنترۆڵەکانی سەر سنوور "نایاسایین".
فەرات کۆچاک: وەزیری ناوخۆ دۆبرینت، کە پێشتریش وەزیری هاتووچۆ بوو، پێشتریش یاساکانی یەکێتیی ئەورووپای پێشێلکردبوو و پێویست بوو نزیکەی 300 ملیۆن یۆرۆ بداتە کۆمپانیایەک، کۆمپانیایەکی وەرگرتنی باجی هاتووچۆ (Mautunternehmen)، و ئەو دیسان یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا پێشێل دەکات، من پێش بڕیارەکەی دادگا لە پەرلەمانی فیدراڵی لێم پرسی، ئەگەر دیسان یاساکانی یەکێتیی ئەورووپات پێشێلکرد، دەست لە کارەکەت دەکێشیتەوە؟ وەڵامی نەدایەوە،زۆر ئاساییە، ئێمە یاسایەکمان هەیە و ئەگەر حکومەتێک پێوەی پابەند نەبێت، چۆن خەڵک پابەند بێت؟ لە لایەکی دیکەوە، دەبێت مرۆڤ سەیری ئەو خاڵەش بکات کە جگە لە یاسای پەناخوازان، کە لەسەر بنەمای هۆلۆکۆست، کوشتنی رۆمانییەکان و جوولەکەکان و جەنگی جیهانیی دووەم بنیات نراوە، کاتێک تۆ یاسای پەنابەری تووند دەکەیت، ئەوا بێڕێزی بەرامبەر مێژووی خۆت و کولتووری یادەوەریی خۆت دەکەیت و تێناگەیت کە ئەمە وانەی شەڕێکە کە ئەڵمانیا دەستی پێکردبوو و بە ملیۆنان کەس کوژرابوون.
رووداو: ئەڵمانیا دەیەوێت پرۆسەی یەکگرتنەوەی خێزان رابگرێت، ئەڵمانیا چیی تری دەوێت؟
فەرات کۆچاک: ئەڵمانیا دەیەوێت زۆر شت بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەیەوێت چ شتێکی مانادار بکات و زۆر شت بێمانان، پێدانی رەگەزنامە شتێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵک ببنە بەشێک لە کۆمەڵگە و بەشدار بن، سەبارەت بە یەکگرتنەوەی خێزانیش کارەساتە، چونکە ئەو کەسەی لە شەڕ هەڵدێت و دێتە ئێرە، خێزانەکەی بەجێدەهێڵێت، بە بڕوای من ئەوانیش لە مەترسیدان.
رووداو: ئەوان ناتوانن لێرە خۆیان بگونجێنن؟
فەرات کۆچاک: بەڵێ، لە روویەکی دیکەوە، ئەو کەسە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت، ئامانجەکەش هەر ئەوەیە، ئەوان دەیانەوێت ئەو خەڵکە بترسێنن تا نەیەن و کاتێکیش دێن، زوو بگەڕێنەوە.
رووداو: بە بڕوای ئێوە، تووندکردنەوەی ئەم یاسایە زیان بە ئابووریی ئەڵمانیا دەگەیەنێت، چونکە ئەڵمانیا پێویستی بە هێزی کارە و لە هەمان کاتدا ئەم رێکارانە خەڵکێک دەترسێنن کە نەیەنە ئەڵمانیا؟
فەرات کۆچاک: بەڵێ، من ئابووریم خوێندووە، بەڵام بابەتی هێزی کار سیاسەتی چەپەکان نییە، ئەگەر لەم رووەوە سەیری بکەین، ئەڵمانیا تەنیا پێویستی بە هێزی کار نییە، بەڵکو کەمیی هێزی کاری پسپۆڕیشی هەیە، ئەڵمانیا پێویستی بە خەڵکی گەنجیشە، چونکە سیستەمی خانەنشینی و تەندروستی لەسەر بنەمای هاوسۆزی بنیات نراوە، ئێستا کەم کەس هەن کە باج دەدەن تا سیستەمەکانی خانەنشینی و تەندروستی کار بکەن، دەبینین هەموو شتێک تێکدەچێت، بۆیە ئەڵمانیا پێویستی بە کۆچکردنە، هەر کۆمەڵگەیەک لە رێگەی کۆچەوە دروست دەبێت و دەگۆڕێت، کۆچکردن بەشێکە لە کۆمەڵگەی جیهانی، و هەر کۆمەڵگەیەک لە کۆچکردن دروست بووە، و بە بڕوای من لە بنەڕەتدا هەڵەیە کاتێک کۆچکردن وەک خراپییەک دەبینرێت، ئابووریش پێویستی پێیەتی، زۆر ئاشکرایە، بۆیە بە بڕوای من ئەمە کوشندەیە، ماوەیەک لەمەوبەر گەنجێکی 17 ساڵان بڕیار بوو دیپۆرت بکرێتەوە، ئەو تازە دەستی بە خوێندنی چاودێری کردبوو، بۆچی؟
رووداو: منیش هەندێک کەس دەناسم.
کۆچاک: راستە، چونکە بەڵگەنامەی لەدایکبوونی خۆی درەنگ رادەست کردبوو، من وتم، ئێمە پێویستیمان بە کارمەندی چاودێرییە، ئەو کەسە گەنجە، چاودێریی بەساڵاچووە ئەڵمانەکانیش دەکات، ئێمە پێویستمان پێیەتی، بۆچی دیپۆرتی دەکەنەوە؟
رووداو: بەڵام فەرات، مرۆڤ چۆن دەتوانێت سیاسەتێکی کۆچبەرانی دروست پەیڕەو بکات کە خەڵکی ئەڵمانیا ناڕازی نەبن تا دەنگ بدەنە AFD و لە هەمان کاتدا خەڵکی بیانیش لە ئەڵمانیا سوودمەند بن و هەست بە ترس نەکەن؟
فەرات کۆچاک: خەڵک لەبەر سیاسەتی کۆچبەری نیگەران نین، ئەمە بابەتێکە کە AFD، CDU و ئێستاش SPD دروستی دەکەن، خەڵک بە گشتی نیگەرانن، چونکە ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن و سیستەمی تەندروستی کار ناکات، چونکە قوتابخانەکان کار ناکەن، لەبەر گرانبوونی خەرجییەکانی ژیان و لەبەر ئەوەی مووچەکان بەرز نابنەوە، ئەگەر دۆخی خەڵک باش بێت، ئەوا خەڵکی دیکە ناکەنە هۆکاری نەخۆشییەکانی خۆیان، ئەوەی ئەڵمانیا ئێستا دەیکات، دابەشکردنی کۆمەڵگەیە، ئەمە چەواشەکارییە، تۆ کێشەی دیکەت هەیە، بەڵام دەڵێن دەزانین کێشەکە چییە، کێشەکە بیانییەکانن، بەڵام وا نییە، بیانییەکان کێشە نین، من توێژینەوەی دیپلۆمەکەم لەسەر کۆچی کار، بەتایبەتی لە تورکیاوە، نووسی، دواتر کۆچی نوێ لە پۆڵەندا هەبوو و من بەراوردم کردن، چونکە خەڵک دەیانوت "پۆڵەندییەکان دێن و کارەکانمان لێ دەبەن"، هێزی کاری هەرزان بوون، من بە توێژینەوەی دیپلۆمەکەم سەلماندم کە کۆچکردن لە درێژخایەندا سوودێکی باشی بۆ دەوڵەت هەیە، نەک تەنیا...
رووداو: ئەگەر هەمووان بەم شێوەیە بیبینن، تووشی کێشە دەبین.
فەرات کۆچاک: ئابووریش بەهێز دەکات، ئەگەر بە بیری CDU و SPD شیکردنەوەی بۆ بکەم، هەر بۆیەش گرنگە لەو بیرۆکەیە دوور بکەوینەوە کە کۆچکردن کێشەیە و بە ئاسایی تێبگەین، کە کێشەکان لە شوێنێکی دیکەن، هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک هەن، نەک کۆچبەران، خەڵکی خراپ لە هەموو شوێنێک هەن.
رووداو: راستە، سەبارەت بە کورد، وەک دەزانیت ژمارەیەکی بەرچاو لە هەر چوار پارچەی کوردستان کاریگەریی لەسەر کوردی دەرەوەی وڵات دەکەن، ئایا بە بڕوای ئێوە ئەم رێکارانە بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەرییەکی زیاتریان لەسەر دۆزی کورد هەیە؟
فەرات کۆچاک: بێگومان، چونکە کوردانی ئێران، عێراق، سووریا - با وشەی راست بەکاربهێنین - لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشوورەوە، بۆ تورکیا دیپۆرت دەکرێنەوە و کورد لە تورکیا رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێتەوە، گرنگ نییە چەند باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت، رەگەزپەرستی لەوێ زۆر دیارە، لەوێش دیپۆرت دەکرێنەوە، چونکە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەوەدا نییە ئەو کەسانەی لە ئێران شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرپاکرد، بۆ ئەوێ دیپۆرت بکات و لەوێ بکوژرێن.
رووداو: ئەمە خاڵێکی گرنگە، دوێنێ لەگەڵ چەندین بەرپرسی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان قسەمکرد، CDU، SPD، سەوزەکان و چەپەکانیش، هەندێکیان وتیان، رەنگە لە نزیکدا سوورییەکانیش دیپۆرت بکەنەوە، باشە، چۆن دیپۆرتیان دەکەنەوە؟ چونکە تا ئێستا رێککەوتنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لەنێوان سووریا و ئەڵمانیا نییە و لەنێوان عێراق و ئەڵمانیایش نییە،
فەرات کۆچاک: تاوەکو رێککەوتن نەبێت، دەتوانرێت بۆ تورکیا دیپۆرت بکرێنەوە.
رووداو: و چی روودەدات؟
فەرات کۆچاک: تورکیاش بۆ وڵاتانی دیکە دیپۆرتیان دەکاتەوە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە ئەڵمانیاوە نییە.
رووداو: بەڕاستی؟ ئامارت لەلایە؟
فەرات کۆچاک: زۆر لە بەرلین، ئامارم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەی دیپۆرتکردنەوە بۆ تورکیا لە بەرلین لە بەرزترین ئاستدایە.
رووداو: لە بەرلین؟
فەرات کۆچاک: لە بەرلین، لە ئەڵمانیا نازانم، بەڵام بۆ بەرلین دەزانم.
رووداو: کوردیشیان تێدا بووە؟
فەرات کۆچاک: ژمارەیەکی زۆری کورد دەگرێتەوە، خراپییەکەشی ئەوەیە ئێزدییەکانیشی تێدایە کە دیپۆرت دەکرێنەوە، ئەوان بۆ ئەو شوێنە دیپۆرت دەکرێنەوە کە لە کۆمەڵکوژییەک رزگاریان بووە، ئەڵمانیا جینۆسایدی ئێزدییەکانیشی ناساندووە، چۆن دەتوانیت ئەم خەڵکە بۆ ئەو شوێنە دیپۆرت بکەیتەوە، کاتێک دەزانیت داعش دەیان...
رووداو: ئەمە ناگونجێت.
فەرات کۆچاک: راستە، ئەوانەی کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە دیسان بەهێز دەبنەوە، داعش لە ئەڵمانیاش چالاکە، چەند رۆژ لەمەوبەر لە بیلەفێلد هێرشێک ئەنجام درابوو، ئەویش تیرۆریستی داعش بوو، و تۆ ئێزدییەکان بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێنیتەوە سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵکوژییەکەشت ناساندووە، ئەمە مرۆیی نییە.
رووداو: ئێستاش رەنگە ئەو کەسانەی دەبێت لە ئەڵمانیا بچنە دەرەوە، مافی پارێزەریشیان لێ بسەنرێتەوە، کە واتە ئەو کوردانەش دەگرێتەوە کە مافی مانەوەیان نییە، کەس ناتوانێت یارمەتییان بدات، تۆ دەتوانیت یارمەتییان بدەیت؟
فەرات کۆچاک: پێش هەموو شتێک من دەنگی خۆم بۆ خەڵک بەرزدەکەمەوە، بۆ هەموو ئەو کەسانەی نادادپەروەری دەبینن، چونکە ئێمەی کورد هەمیشە دژی نادادپەروەری شەڕ دەکەین، و دواتر داواکاری پێشکەش دەکەین و هێرش دەکەینە سەر دۆخی یاسایی تا ئەڵمانیاش تێبگات کە چیتر بەم شێوەیە نابێت، و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خەڵک لە دەرەوە تێبگەن، چونکە چوار ساڵی دیکە دیسان هەڵبژاردنمان هەیە، و گرنگە خەڵک لە ئەڵمانیا ئەم دۆخە بگۆڕن.
رووداو: باشە فەرات بەرپرسێک پێی گوتم سیاسەتی ئەم حکوومەتە بەرامبەر کۆچبەران زۆر تووندتر دەبێت، ناتوانرێت رێگری لە هەندێک بڕیار بکرێت؟
فەرات کۆچاک: لێرەدا وەرگێڕانی بەشە ئەڵمانییەکەش دەخرێتەڕوو SPD و CDU بەم شێوەیە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بەردەوام باسی کۆچیان دەکرد، پارتی چەپ تەنیا پارت بوو کە وتی: ئێوە تاکتیکێکی چەواشەکارانە بەکاردەهێنن، کۆچکردن لە ئەڵمانیا کێشە نییە، ئێوە ناتانەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەن کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن، کە پارە بۆ کرێی خانووبەرە نییە و پارە بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ نییە، و خەڵک خانوو نادۆزنەوە، دە ساڵە من خانوویەک بۆ خۆم نادۆزمەوە، هەرچەندە من ئەندامی پەرلەمانیشم، بەڵام خانوویەک بۆ خۆم نادۆزمەوە، من 46 ساڵم و لەگەڵ دایک و باوکم دەژیم، دایکە کوردەکەم بەمە دڵخۆشە، چونکە دەتوانێت خواردنم بۆ لێبنێت، بەڵام ئەمانە کێشە سەرەکییەکانن کە دەبێت چارەسەر بکرێن، ئەگەر تۆ ئەم کێشانە چارەسەر نەکەیت، هەمیشە ناڕەزایەتیت دەبێت، کاتێک ناڕازی دەبیت، دەتوانیت بڵێیت خەڵکی بیانی هۆکارن، دواتر چی روودەدات؟ دواتر کەمپی پەنابەران دەسووتێنن، خەڵک دەکوژرێن، کۆچبەر دەکوژرێن، نازییەکان دەیانەوێت بمانکوژن، من خۆم لەگەڵ دایک و باوکم لە هێرشێکی ئاگرتێبەردان، لەلایەن دوو نازییەوە، رزگارم بوو، یەکێکیان ئەندامی سەرۆکایەتیی AFDی گەڕەکی نۆیکۆلن بوو، ئەم دۆخە خراپتر دەبێت، بۆیە گرنگە بە خەڵکیشی بڵێین، و من وەک ئەرکی خۆمی دەبینم، رای گشتی تێبگەیەنم کە کۆچ، کۆچبەر، بیانی، کورد هۆکاری نەخۆشییەکانی خەڵک نین، بەڵکو سیاسەتێکی هەڵەیە.
رووداو: باشە پارتی چەپ بەرامبەر ئەم بڕیارانە دەتوانێت چی بکات؟ حکومەت دەیەوێت بەردەوام بێت.
فەرات کۆچاک: حکومەت زۆرینەی دەسەڵاتی هەیە و بڕیار لەسەر یاساکان دەدات، ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێک دەیکات، دەستنیشانکردنی برینەکانە و هۆشیارکردنەوەی رای گشتییە، هاندانی خەڵکە لەسەر شەقامەکان تا لە شەقامەکانەوە گۆڕانکاری بکەین، حکومەتێک پلانی "A" بۆ خەڵک رادەگەیەنێت، بەڵام دواتر پلانی "B" جێبەجێ دەکات و پاشان خەڵک لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سزای دەدات، ئەگەر بتوانین لەسەر شەقامەکان خەڵک بە کۆمەڵ هان بدەین، ئەوا سیاسەتێکی باشە، ئەگەر ئەم سیاسەتە حکومەت بگۆڕێت، ئەوە مانای وایە پارتی چەپ لەسەر رێگایەکی راستە.
رووداو: فەرات، دەمەوێت لێت بپرسم، پلان و پڕۆژەکانی تۆ لە پەرلەمان لە داهاتوودا چین؟ تۆ زیاتر لە چوار هەفتەیە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیت، گرنگترین پڕۆژەت چییە کە دەتەوێت کاری لەسەر بکەیت؟
فەرات کۆچاک: من ئەندامی لیژنەی ناوخۆم و لەوێ وتەبێژی دژە فاشیزم و دژە رەگەزپەرستیم، یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانم ئەوەیە کە دەمەوێت گەشتێک بۆ کوردستان بکەم و لەوێ سیستەمەکانمان بناسم، یارمەتیدەر بم بۆ کاری سیاسی و لێی تێبگەم، من هیچ کات نەچوومەتە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشووریش، دەمەوێت لەگەڵ بەرپرسە سیاسییەکان قسە بکەم، تا یەکێتیی کوردان بەهێز بکەین، وەک وتم، بۆ من کوردی کوردستان هەیە، نەک لە تورکیا، سووریا، ئێران یان عێراقەوە.
رووداو: باشە تۆ پێشتر ئاماژەت بە شتێک کرد و وتت، ئێمەی کورد لەگەڵ سیاسەت لەدایک دەبین و دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا زۆر گەورەیە، بە بڕوای تۆ کورد خاوەنی لۆبییەکی باشە لە ئەڵمانیا و دەبێت کورد ئێستا چی بکات؟ تۆ چییان پێ دەڵێیت؟
فەرات کۆچاک: بە بڕوای من، ئێمە لۆبییەکی بەهێزمان هەیە، ئەوەی پێویستە بیکەین، پێویستە کورد زیاتر پێکەوە گەورە بن و هەستێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، بە باوەڕی من، ئەم هەستە تەنیا لێرە نییە، لە وڵاتیش هەیە، و لەوێش زۆر هەوڵ هەن، من گەشبینم کە یەکێتییەکی کوردان دروست دەبێت و لێرەش گفتوگۆی باشتر لەنێوان خۆیاندا ئەنجام دەدەن، گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە کە ئەو گەنجانەی لێرە لەدایک دەبن، ناسنامەی خۆیان (کوردبوون) باش بپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکەوە بۆ مافە هاوبەشەکانمان چالاک بن، بۆ ئەوەش لە پارتەکانیشدا بەشدار بن، مەرج نییە تەنیا پارتی چەپ بێت، من بەوەش دڵخۆش دەبم ئەگەر کوردی زیاتر بچنە ناو پارتی چەپ و بە گشتی ناو هەموو پارتەکان و بەرگری لە مافەکانمان بکەن.
رووداو: بۆچی پارتی چەپ؟
فەرات کۆچاک: چونکە پارتی چەپ تەنیا پارتە کە شانبەشانی ئەو خەڵکەیە کە بە سەختی کار دەکەن و داوای گۆڕانکاری دەکات، چونکە ئێمە لە سیستەمێکدا دەژین کە مرۆڤ، ئاژەڵ و سروشت دەچەوسێنێتەوە، هەروەها چەک بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە دەکرێت کە شەڕ هەڵدەگیرسێنن و کورد دەکوژن، چەک بەردەوام لە ئەڵمانیاوە بۆ تورکیا هەناردە دەکرێت، بەم چەکانە کوردیش دەکوژرێن و ئەندامانی کورد لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە، ئەو چەکە هەناردەکراوە بەشێکە لە سیستەمێک، پارتی چەپ تەنیا پارتە کە ئەمە رەتدەکاتەوە، بەڵکو داوای سیستەمێک دەکات کە ئابووری خزمەتی خەڵک بکات نەک خەڵک بۆ ئابووری کار بکات.
رووداو: ئێوە و پارتەکەتان چۆن پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەڵدەسەنگێنن؟
فەرات کۆچاک: ئێمە پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی دەکەین، بۆ من ئاشتی گرنگە، کورد شایەنی ئەوەن کە چیتر ئاشتییەکیان هەبێت، بەڵام نابێت لەبیر بکەین، لە مێژوودا زۆر جار فریو دراون و بۆیە دەبێت ئەم کارە بە وریاییەوە بکەن و خۆیان بپارێزن، بەڵێ، بە چاوێکی رەخنەگرانەوە، من دڵخۆشم ئەگەر پرۆسەیەکی ئاشتی هەبێت و دەبێت ئێمە ئەو پرۆسەی ئاشتییەش بەرەوپێش ببەین، بەڵام نابێت متمانە بەو کەسانە بکەین کە ساڵانێکە دەیان کوشتین و سەریان دەبڕین.
رووداو: باشە پەیوەندیت لەگەڵ پەرلەمانتارە کوردەکانی دیکەی پارتەکانی دیکە چۆنە؟
فەرات کۆچاک: من ئەو کارە دەکەم، لەگەڵ پەرلەمانتارە کوردەکەی پارتی سەوزەکان، قاسم، لە پەیوەندیدام، هیوادارم پەرلەمانتارەکەی SPDیش بناسم، بێگومان، پێویستە ئێمە یەکگرتوو بین.
رووداو: فەرات، کاتێکی خۆش بۆ تۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ