تەڵعەت تاهیر: وشەی کتێب لە قورئانەوە فیربووین

30-04-2024
محەممەد عزەدین
تەڵعەت تاهیر، نووسەر شاعیر و محەممەد عزەدین، پێشکێشکاری رووداو
تەڵعەت تاهیر، نووسەر شاعیر و محەممەد عزەدین، پێشکێشکاری رووداو
نیشانەکردن تەڵعەت تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەڵعەت تاهیر بەهۆی شیعرەکانییەوە هۆگری زۆری هەیە و شیعرەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیان زۆرە. ئەو کە دەچێتە هەر چالاکییەکی ئەدەبی و رۆشنبیری، هۆگرانی لە دەوریدا کۆدەبنەوە و وێنەی لەگەڵ دەگرن، یا داوای لێدەکەن واژۆیەک لەسەر یەکێک لە کتێبەکانی بکات.
 
لە 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب پێشوازییەکی بەرچاو لە کتێبەکانی تەڵعەت تاهیر کرا. رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا کرد و لەبارەی چەند مژارێک گفتوگۆی لەگەڵدا کرا.
 
لە دەستپێکی گفتوگۆیەکەی رووداودا، گەنجان لە دەوری شاعیر کۆببوونەوە و داوای واژۆیان لەسەر بەرهەمە شیعرییەکانی دەکرد. لەبارەی بەرزی رێژەی خوێنەرانی گەنج بۆ شیعر گوتی: ئەدەبیاتی کوردی لە دوای نەمانی عەبدوڵڵا پەشێو لە حەفتاکان، پردی نێوان نووسەر و خوێنەر رووخا، بە بڕوای ئەو شیعرەکانی پەشێو دەچووە نێو نامەی دڵداری و ناو باس و خواسی پیرەمێرد و گەنجانەوە. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئەو ریفۆرمخوازییەی شاعیرەکانی هەولێر دەستیان پێکرد، شیعر کەمێک لە کۆمەڵگە دوورکەوتەوە، بۆ نموونە شاعیر هەبوو دەیگوت، بۆچی دەبێت تەماتەفرۆشێک و فیتەرێک لەو تێبگەن، بەهۆی ئەو تێگەیشتنەوە خوێنەریان لەدەستدا. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێستا تەماتەفرۆش و فیتەرێک زۆر لە رۆشنبیرێک گرنگترن، چونکە تەماتە فرۆشەکە پێویستی بە جوانییە".
 
تەڵعەت تاهیر خەڵکی قەزای مەخمووری پارێزگای هەولێرە و لە سلێمانی ژیان بەسەردەبات، بەڵام خوێنەر لە شیعرەکانیدا بۆن و بەرامەی هەولێر و دەشتی هەولێری تێدا بەدی دەکات، لە هەڤپەیڤینەکەدا شیعرێک لەمبارەیەوە دەخوێنێتەوە:
 
زۆر لە دار دەچیت چه‌ند كۆنتر بیت باشتر ئاگر دەکە‌یته‌وه‌.
كه‌ی شه‌راب زانی چ غه‌درێكی له‌ ترێ‌ كردووه‌ 
ئینجا ده‌مناسیت..
ئێستا له‌وه‌ به‌ ته‌مه‌نترم دۆستم هه‌بێ‌ 
ئێستا له‌وه‌ به‌ ته‌مه‌نتری دۆستت هه‌بێ‌
وه‌ك ژن و پیاوێكی پیر به‌یه‌ك ده‌گه‌ین،
به‌ دیار شۆربای مه‌راقه‌وه‌ له‌ غه‌دری دنیا ده‌ڕوانین و
هه‌رایه‌كی خۆش ده‌نێینه‌وه
تۆ پیره‌ژنێكی نورانی و بۆنی شلەی قەیسی بەرەبەیانی جەژنت گرتووە
منیش پیره‌مێردێكی عیناد.
تۆ خوات ده‌بێ‌ و منیش تۆ.
 
شاعیر لەبارەی سەرچاوەی هەستە شیعرەییەکانی دەڵێت، شتێکی دیارییکراو نییە، بەڵکو کۆلێکشنە، وەک پیاسەیەک وایە کە تۆ دەچیتە بازاڕ دیمەنی جیا جیا دەبینیت، ناچیت دووکاندارێک ببینیت و چاو بنووقێنیت، بەڵکو لوقم فرۆشێک و پیرەژنێک دەبینیت، گەنجێک دەبینیت مۆتە دەخوات و منداڵێک دەبینیت سواڵ دەکات، دیمەنەکان جیاوازن، لەو هەموو دیمەنانە، یەک دیمەن هەڵدەبژێری بۆ ئەوەی دۆخە دراماییەکە دروست بکەیت.
 
گوتیشی، کاتێک شیعرێکی رۆمانسی دەنووسێت بۆ کەسێکی دیاریکراو نییە، هێندەی بۆ دۆخە دراماییەکەیە.
 
لەدوای گفتوگۆیەکی کورت لە نێو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی فام، کە کتێبەکانی تەڵعەت تاهیری تێدا خرابوونە روو، بە پیاسەیەک بە نێو پێشانگەکەدا، درێژە بە گفتوگۆکە دەدرێت، لە بارەی پێشانگەکەش دەڵێت، پێشانگەیەکی زۆر نایابە و دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکات کە سازیان کردووە.
 
لەبارەی فرۆشی زۆری پەرتووکە ئاینییەکان لە پێشانگەدا، تەڵعەت تاهیر دەڵێت، پەرتووکە نا ئیسلامییەکان ناتوانن ململانێی پەرتووکە ئیسلامییەکان بکەن لە جوانی و بەهاکەی. 
 
لە نێو گفتوگۆکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سڵاو لە تەڵعەت تاهیر و پێشکێشکاری رووداو دەکات و شاعیر لە باوەش دەگرێت، دواتر تەڵعەت تاهیر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت، کورد وشەی "کتاب"ـی لە کتێبی "قورئان" فێربووە، شاعیرانی کلاسیکی کورد هەموویان مەلا بوونە، لە ئەحمەدی خانییەوە بگرە تاوەکو عەلائەدین سەجادی، قانیع، سافی هیرانی، حاجی قادری کۆیی و بێخود. 
 
گوتیشی، کورد زۆر قەرزاری پیاوانی ئایینییە و داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات دژایەتی شیعر نەکەن چونکە هی خۆیانە و هەموو شاعیرە کلاسیکییەکان پیاوی ئایینی بوونە، دروستکردنی لەمپەرێک لە نێوان ئایین و شیعر بە هەڵەیەکی کوشندە وەسف دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوەش دەکات، دەبێت مامۆستایانی ئایینی هانی خەڵک بدەن شیعر بخوێننەوە و رێز لە شیعر بگرن، چونکە بەو جۆرە رێز لە باپیران و مامۆستا ئاینییەکانی پێشە خۆیان دەگرن.
 
شاعیر بە نموونەیەک، بەراورد لە نێوان کتێبە ئاینییەکان و کتێبەکانی دیکە دەکات و دەڵێت، لە چێشتخانەیەکدا ئەگەر فەلافلێک لە فلافلێکی دیکە خۆشتر بوو، ئەو فەلافلە خۆشترەکە دەخوات، دیارە کتێبە ئاینییەکان خوێنەر لە مەعریفەییەک تێر دەکات کە ئەو پێویستی پێیەتی و کتێبەکانی دیکە تێری ناکەن.
 
تەڵعەت تاهیر مەبەستی بوو زیاتر لەسەر ئەو مژارە بوەستێت و پەیامی بۆ نووسەران و ئەدیبان هەبوو و روونیکردەوە، ئەوانەی کتێبی ئایینی نانووسن، گلەیی ئەوە دەکەن کە خوێنەر نەماوە، بەڵام بە بڕوای ئەو نووسەر نەماوە و خوێنەر بەردەوام هەیە، وەکو ئەوە وایە خەڵکی برسی هەیە، بەڵام چێشتخانەی باش نییە. 
 
لەبارەی نووسینی شیعر بۆ توێژ دیاریکراوە دەڵێت، شیعر تەنیا بۆ کەسە ئاقڵەکان نانووسرێت، شیعر دەبێت بۆ تاوانبارانیش بنووسرێت، کەسێک لە بەندیخانەی "مەحەتە" کەسێکی کوشتووە، رێگەپێدراوە لە رێگەی تێکستێکی شیعری بیری دایکی بکات. گوتیشی: "شیعر نابێت بۆ ئەوانە بێت لەگەڵ من گونجاون، بەڵکو دەبێت بۆ ئەوانەش بێت کە لەگەڵ منیش گونجاو نین، بۆیە دەبێت شیعر بچێتە سەرووی یاساوە، سەرووی شارچییەتییەوە و سەرووی ئایدۆلۆژیاوە".
 
لەبارەی شیعرەکانییەوە دەڵێت، ئەو حەز ناکات کەسێک کە شیعرەکانی دەخوێنێتەوە هەست بکات شاعیرێکی نێرینەیە، خوێنەر بۆ هەست ناکات مرۆڤە، بەر لەوەی نێرینە بێت؟ گوتیشی: "کاتێک کچێک شیعرێكی من دەبات زۆرم پێخۆشە، ئەو کچە چۆن هەستی نەکردووە نێرینەیەک شیعرەکەی نووسیوە".
 
بە بڕوای شاعیر، شیعری کوردی نەک تەنیا منداڵانی بەلاناوە، بەڵکو گەنجانی تەمەن 12 بۆ 18ـشی فەرامۆش کردووە. رووداو لەم رووەوە داوای پێشانیازی لێدەکات و ئەویش دەڵێت، دەبێت ئەقڵییەتەکە بگۆڕدرێت.
 
دوای پیاسەیەکی نێو پێشانگەی کتێب، بە دەم قاوەخواردنێکەوە لە کافتریای پێشانگەکە، درێژە بە گفتوگۆکە دەدرێت. تەڵعەت تاهیر بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت، ئەو تێڕوانینەی بڕوای وایە خوێنەر نەماوە و کتێب بێ نرخ بووە، ئەوە بە بوختان و قسەی نووسەرە خراپەکان دەبینێت. بە تێگەیشتنی ئەو نووسەری باش هیچ کات گلەیی لە خوێنەر ناکات و رێز لە خوێنەری خۆی دەگرێت.
 
بە بڕوای تەڵعەت تاهیر "بەشێک لە نووسەرانی کورد، خۆیان پێ ئاقڵە و خوێنەریش گەمژەیە و بە خوێنەران دەڵێن، بڕۆن دە کتێب بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کتێبەکانی ئەو بخوێننەوە". هەروەها گوتیشی "خوا بە خوایی خۆی، بە خەڵکی نەگوت بڕۆن دە کتێبی دیکە بخوێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن قورئان بخوێننەوە".   
 
کارمەندێکی کافتریاکە گفتوگۆکە دەبڕێت و قاوە پێشکێش دەکات و شاعیر هێشتا لەسەر ئەو بابەتە دڵپڕە و درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت، نەگوتراوە بۆ ئەوەی موسڵمان بیت، دەبێت دە کتێب بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی دواتر کتێبی "قورئان" بخوێنیتەوە.
 
رووداو پرسیار لەبارەی پەیوەندی نێوان قاوە و شیعر لە شاعیر دەکات، لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو یادەوەری زیاتر لەگەڵ چادا هەیە و بیرەوەری لەگەڵ دایکی و سەماوەردا زیاترە و شیعرێک لەمبارەیەوە دەخوێنێتەوە کە بۆ دایکی نووسیوە و بە قاوە بەراوردی دەکات:
 
توڕە بە، تۆ دەڵێی قاوەی
تا هەڵچیت، تامت خۆشتر دەبێت.
 
تەڵعەت تاهیر لەبارەی بەرهەمی نوێیەوە گوتی، سێ ساڵە کار بۆ کتێبێکی تازە دەکات و رەنگە سێ مانگی دیکە بڵاوی بکاتەوە. کتێبەکە شیعر، چیرۆک و گێڕانەوە لەخۆدەگرێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە