رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کاروباری یونامی بڵاویکردەوە، کۆتاییان بە ئەرکەکانیان لە عێراق هێنا. دەشڵێت، وەکو جێگری نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەستبەکاردەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، کلاودیۆ کۆردۆنی، بەرپرسی یونامی لە ئێکس بڵاویکردەوە، دەرگای نووسینگەی سەرەکی یونامی لە بەغدا "داخرا" و "بەغدام بەجێهێشت". دەشڵێت، "ئەمڕۆ دەستبەکاردەبم وەکو جێگری نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا".
پێش داخستن و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان، کۆردۆنی سەردانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک دامەزراوەی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق کردبوو.
رۆژی 20ی ئەم مانگە، کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن، لەبری یونامی و محەممەد بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکان، لەبری حکومەتی عێراق واژۆی بەڵگەنامەیەکیان کرد. بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، یونامی بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری بەغدا داخست.
8ى نیسانی 2024 حکومەتى عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد تاوەکو کۆتایی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یونامى لە عێراق بهێندرێ.
یونامى لە ساڵى 2003 لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى و بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 1500ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێکهێندرا؛ لە ساڵى 2007 بە بڕیارى ژمارە 1770 سنوورى کارەکانى لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق فراوانتر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ