رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی هیچ سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکانی بەردەڕەش، شێخان و سێمێل هاونیشتمانییانی ئەو ناوچانەی نیگەرانکردووە، باوکێک کە منداڵێکی ئۆتیزمی هەیە دەڵێت، "ئیدی فرمێسکیش نەما بیرژێنین."
خێزانێکی دانیشتووی کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری قەزای شێخان کە سێ منداڵیان بە هۆکاری جیا جیا گیانیان لەدەستداوە دەڵێن، ئەرکیان قورسە. سالار رەدوان لە ماوەی سێ ساڵدا سێ منداڵی مردوون، یەکێکیان بەهۆی نەخۆشی دڵ، منداڵێکی دیکەشی کە تەمەنی چوار ساڵ بوو بەهۆی تەنگەنەفەسی مردووە، هەروەها منداڵێکی دیکەشیان لە نێو بێشکەدا بەهۆی قووتدانی شتێکەوە گیانی لەدەستداوە. ئێستا تەنیا یەک منداڵیان بۆ ماوەتەوە کە ئەویش تووشبووی ئۆتیزمە.
سالار رەدوان بە رووداوی گوت، "نازانم بۆ کام لە منداڵەکانم بگریم، ئیدی فرمێسک لە چاوەکانم نەما، سوپاس بۆ خوا، بەڵام مرۆڤ بەرگەی یەک ناخۆشی بگرێت یان دوو یان سێ."
دایکی سامی خەڵکی موسڵە، ئەو هێشتا شۆکی لەدەستدانی سێ منداڵەکەی بەری نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشی دڵی هەیە و ناتوانێت وەکو پێویست کوڕەکەی بەخێو بکات. ئەو دەڵێت لەبەر نەبوونی ناتوانن منداڵەکەیان بنێرنە سەنتەرەکانی ئۆتیزم.
زەینەب عومەر باسی لەوە کرد، "زۆر زۆر زەحمەتە، هیچم نییە بیڵێم."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی لە دهۆک رایدەگەیێنێت، ئەوان زەوییان بۆ دروستکردنی سەنتەری ئۆتیزم لە بەردەڕەش و شێخان داناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە بینا کراوە و نە ستافی پێویستیش هەیە.
د. شێرزاد هرووری، بەڕێوەبەری چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو توانایەمان نییە و ئەو ستافە پێویستەشمان نییە لە قەزاکان. کردنەوەی سەنتەرەکان هەندێک رێکار و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، نەوەک هەر بەڕێوەبەرایەتییەک یان وەکو هەر سەنتەرێکی ئاساییە."
لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک تەنیا یەک سەنتەری حکومەیی تایبەت بە ئۆتیزم هەیە، لەگەڵ ئەوەش دا شەش سەنتەری دیکەی ئەهلیی هەن، بەڵام لە قەزاکانی بەردەڕەش، شێخان و سێمێل تاوەکو ئیستا هیچ سەنتەرێکی ئۆتیزم بوونی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ