رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە شاری کۆبانێ. سەرۆکی لقی ئەنەکەسە لە شارەکە دەڵێت، بە دار "دەیان کەس"یان بریندارکراون. گوتیشی، "سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و کەسایەتییەکانی کورد کراوە".
عەدنان بۆزان، سەرۆکی لقی کۆبانێی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە، لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئاداری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە چۆنییەتی رووداوەکە کرد.
عەدنان بۆزان گوتی: "نزیکەی کاژێر 11:30 سەرقاڵی دەستپێکردنی چالاکییەک بووین، زیاتر لە 50 کەس لە جوانێن شۆڕشگێڕ دەموچاویان داپۆشیبوو و داریان بەدەستەوەبوو دایان بەسەرماندا، گوتمان چیتان دەوێت، بەبێ ئەوەی هیچمان پێ بڵێن بە دار لێیانداین".
ئەو کەسانە چوونەتە سەر نووسینگەکە داریان پێ بووە و لە رووداوەکەدا چەک بەکارنەهێندراوە. بە گوتەی عەدنان بۆزان، ژن و بە تەمەنیش لەنێو نووسینگەکەیاندا بوون لەلایەن ئەو گەنجانەوە بە دار لێیاندراوە.
لە هێرشەکەدا کە جوانێن شۆڕشگێڕی پێ تۆمەتبار کراوە، هەرچی ئۆتۆمبێل لەبەردەم بارەگاکەدا بووە هێرشی کراوەتەسەر و زیانی پێگەیێندراوە.
سەرۆکی لقی ئەنەکەسە لە کۆبانێ گوتی، "هەرچی لە ئۆفیسەکەماندا هەبوو سووتاندیان، ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی کۆبانێیان سووتاند، سووکایەتییان بە رەمزەکانی کورد و ئاڵای کوردستان کرد".
چالاکییەکەی ئەنەکەسە ئەمڕۆ بڕیاربوو لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) بەڕێوەبچێت، کە یەکێک لە پارتە سەرەکییەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا - ئەنەکەسەیە.
بە گوتەی سەرۆکی لقی ئەنەکەسە لە کۆبانێ "جوانێن شۆڕشگێڕ مۆبایلیان لە خەڵک وەرگرتووە".
عەدنان بۆزان دەڵێت: "جوانێن شۆڕشگێڕ سەر بە پەکەکەن، ئیدارەی پەیەدە بەرپرسن لەو گەنجانە، ئەوەش جاری یەکەم نییە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی هۆڤانە هێرشیان کرد. ئەمڕۆش دروشمی پەکەکەیان دەگوتەوە".
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان باسی لەوەشکرد، هێرشەکە بۆ تێکدانی نێوماڵی کوردە و بۆ ئەوەش پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی تۆمەتبار کرد.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، جوانێن شۆڕشگێڕ لە رۆژئاوای کوردستان و میدیاکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هیچ روونکردنەوە و زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ