شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بۆ رووداو: چەکی داعش لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە

01-05-2021
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت چەکی داعش لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە، لە دوورەوە پێشمەرگە دەبینن و بە نیشانە دەیکەنە ئامانج. شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها دەڵێت "بەداخەوە ئێمە حکومەتێكین بیرمان لەوە نەکردووەتەوە هەندێک پێویستیی وەکو دووربینی حەراری بۆ پێشمەرگە دابین بکەین".
 
پشتیوان زراری، پێشمەرگە بە پلەی نەقیب و دوو هاوڕێی دیکەی بوونە شەهیدی یەکەم هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە دوای چەندین مانگ، ئەو دۆخە هەرزوو پێشمەرگەی هێنایە حاڵەتی ئامادەباشی و  لە راگەیێنراوێکدا دەڵێ"ساز و ئامادەین." 
رووداو پرسیار دەکات؛ ئایا سەنگەرەکانی پێشمەرگە تووندوتۆڵن بۆ رێگری لە هێرشی دیکە؟ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "سەنگەرەکانی پێشمەرگە تووند و تۆڵن، بەڵام ناوەند و هێزی هاوبەش نەبێت ئەو هێرشانەی داعش بەردەوام دەبن."
 
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداری لە نیوڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند: "داعش خۆی رێکخستووەتەوە، جیاوازترە لە جاران و ئێستا هێزێکی نادیارە، نە شوێن نە هێڵی بەرگری دیارە، دزە دەکات لە هێڵی بەرگریی سوپای عێراق و جموجۆڵی خۆی دەکات و دەگەڕێتەوە ناوچەکانی."
 
جەعفەر شێخ مستەفا کە پێشتر فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگەش بوو هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ نەبوونی هاوئاهەنگیی سەربازی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت : "تاوەکو هێزی هاوبەش دروستنەکەین و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان نەبێت، ئەو هێرشانەی داعش بەردەوام دەبێت."
 
لە هاوینی رابردووەوە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد بۆ دروستکردنی 6 ناوەندی هاوئاهەنگی، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە نەگەیشتە ئەنجام، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئۆباڵەکەی دەخاتە ملی لایەنە عێراقییەکان و دەڵێ: "لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر کۆمەڵێك شت رێکدەکەوتین، بەڵام کۆبوونەوەی دووەم نەدەکرا و لایەنی عێراقی پەشیمان دەبوونەوە."
 
جەعفەر شێخ مستەفا نەبوونی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە دەخاتە بەرژەوەندیی هەندێک گرووپی چەکدار، دەڵێ:" ئەمڕۆ عێراق هێزێکی گەورەی هێناوەتە بەرامبەر پێشمەرگە، لە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، پێویستە ئەو هێزانە ببرێنە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە، بۆیە من دەتوانم بڵێم پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە بەرژەوەندیی هەندێک هێز و گرووپی چەکداری عێراقی نییە." 
 
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، "ئەو چالاکییانەی داعش ئێستا بەو چەکانە دەیکات، چەکی پێشکەوتوون، چەکی دەستیان لە چەکی دەستی پێشمەرگە باشترە، بەداخەوە ئێمە حکومەتێكین بیرمان لەوە نەکردووەتەوە هەندێک پێویستیی وەکو 'دووربینی حەراری' بۆ پێشمەرگە دابین بکەین." هەروەها دەشڵێت: "بە تەئکید چەکی ئەوان لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە، لە دوورەوە پێشمەرگە دەبینن و بە نیشانشکێن دەیکەنە ئامانج."
 

"ئاستەنگی سیاسی لێناگەڕێ پێشمەرگە یەکبگرێتەوە" 

 سەنگەر عەبدولڕەحمان ،پێشکێشکاری نیوڕۆژ پرسیاری لە ئاستەنگەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کرد، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێ: "شەڕیش نەبێت هەر پێویستمان بە سوپایەکی یەکگرتوو و مەشق پێکراو هەیە بۆ ئەوەی گەرەنتی و دڵنیایی داهاتووی ئەو هەرێمە بێت، سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگەمان هەبووایە، دەمانتوانی باشتر رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە".

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پێشتر هیچ رێگرییەک نەبوو لەبەردەم یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، هاتنی داعش بووە ئاستەنگێكی بەردەم  ئەو پرسە، ئێستا رێگرییەکان سیاسین، بەڵام هاوپەیمانان بە هێزەوە هاتوونەتە مەیدان".

لەبارەی ئەوەی کێ هۆکاری سەرنەگرتنی ئەو یەکگرتنەوەیە، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێ: "تەنیا لایەنێک نییە ، چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت، ئەگەر تەنیا لایەنێک بووایە بۆ هەموو خەڵکم دەستنیشان دەکرد ، هاوپەیمانان دەڵێن سوپایەکی یەکگرتووتان بۆ دروست دەکەین، بەڵام خۆمان وەڵامێکی ئەوتۆمان نییە، ئەوەش لێدانی لەقەیەکە لە بەخت و خێری خۆمان".

 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: هۆکاری هێرشەکەی داعش و گورز وەشاندن لە هێزی پێشمەرگە بۆچی دەگەڕێننەوە و داعش بۆچی ئەو هێرشەی کرد؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: دیارە مەترسیی داعش بەردەوامە، مەترسییەکە کە دەبێت ئێمە هەمیشە ئاگاداری بین و لە ئامادەباشیدابین، چونکە داعش بە هێزەوە خۆی رێکخستووەتەوە لە هەموو ناوچەکان و ئامادەیە بۆ کاری تیرۆریستی و هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە. داعش سوودی وەرگرتووە لەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە هەم لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، هەم ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
 
هێرشەکەی سەر پێشمەرگەش تاوانێکی گەورەیە لەلایەن داعشەوە، ئەم مەترسییەش مەترسییەکی گەورەیە، داعش ئەمڕۆ وەکو جاری جاران نییە هێزێک بێت وەک لە سەرەتای هاتنی بۆ ناوچەکە هێڵێکی بەرگری هەبێت و شوێنەکەی دیار بێت. داعش ئێستا هێزێکی نادیارە، بە تایبەتی لە هەندێک جێگا لە هێڵی بەرگریی سوپای عێراقییەوە دزە دەکات و دەتوانێت کردەوەکەی بکات و لە هەمان کاتیشدا بگەڕێتەوە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پشتی عێراق کە بووەتە پێگەی بەهێزی داعش.
هۆکاری ئەو هێرشانە و سەرکەوتنی کردەوەکانی داعش دەگەڕێنمەوە بۆ نەبوونی هێزێکی هاوبەش و لیژنەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
 
تاوەکو ئەو هاوئاهەنگییە دروست نەکرێت و ئەو هێزە هاوبەشە دروست نەکرێت و ژووری ئۆپەراسیۆنمان نەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو کردەوانە بەردەوام دەبن، داعش بەئاسانی دەتوانێت ئەو هێرشانە لە بەرامبەر هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام بدەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم عێراقییەکان زیاتر بێنە پێشەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕ بکەینەوە و بتوانین لەو ناوچانەی کە بووەتە پێگەی و شوێنی خۆڕێکخستنەوە و دانانی بەرنامە بۆ ئەو کردەوانە لەلایەن داعشەوە، ئەو ناوچانە پاک بکرێنەوە و رێگە نەدەین ئەو کردەوانە ئەنجام بدەن.
 
رووداو: حکومەتی عێراق بۆ نایەتە پێشەوە بۆ دروستکردنی ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش؟ لە کاتێکدا هێرشەکان چەندی بۆ سەر پێشمەرگەیە چەند هێندە بۆ سەر سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵییە، زیانەکان بۆ ئەوان زۆرتریشە.
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەی من زانیاریم هەبێت لە راستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە هەموو ئامادەییەکیان تێدایە بۆ هەموو چوونە پێشەوەیەک بۆ دروستکردنی ئەو ناوەندە هاوئاهەنگییە هاوبەشانە و دروستکردنی هێزی هاوبەش و ژووری ئۆپەراسیۆن و لیژنەی هاوئاهەنگی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە نەهاتووەتە پێشەوە.
 
هەندێکجار کۆبوونەوەیەک دەکرێت، لە کۆبوونەوەکاندا بڕیاری باش دەدرێت، بەڵام کە عێراقییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوەند جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی داویانە. جاری وا هەیە کۆبوونەوەکان 6 مانگی پێدەچێت ئینجا دێنەوە بۆ کۆبوونەوە، هۆکاری دروستنەبوونی ئەو هێزانە خەتاکەی کەوتووەتە لای هێزە عێراقییەکان.
بە داخەوە ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە بینینین و تەماشای بەرەکان و سەنگەرەکان و هێڵەکانی بەرگری بکەین، عێراق هێزێکی گەورەی لە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵ هێناوە بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دایناوە، لە بری ئەوە دەبوو بەو هێزانە ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی پێ پڕبکاتەوە، بەلایەوە گرنگ بێت ئەمنییەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دابین بکات و هێزەکانی خۆی بپارێزێت، کەچی هێزی هێناوە بەرامبەر بە هێزێ پێشمەرگە دایناوە! بۆیە دەبێت چ ئومێدێکت پێ هەبێت کە رۆژێک لە رۆژان ئەو هەنگاو بنێت و بێت و هاوئاهەنگیت لەگەڵدا بکات.. پێموایە لە هەندێک کاتدا دەتوانم بڵێم نەمانی داعش یان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە لە بەرژەوەندیی هەندێک لە هێزە عێراقییەکاندا نییە.
 
رووداو: ئەو هێزانە چ سوودێک لە هەبوونی داعش لەو ناوچانە دەبینین؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: هەندێک لە گرووپە چەکدارییەکان کە بەناو هێزی عێراقین، سوودمەندن. بۆ نموونە ئێمە ناوچەیەکمان هەیە لە خورماتوو لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە داعش چووەتە ئەو ناوچانە، سەتان جار لەرێگەی ئەمریکییەکانەوە داوامان لە عێراقییەکان کردووە، یان عێراقییەکان بە تەنیا بێن ئەو ناوچەیە بگرن یان ئێمە و ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنێک بکەین، یان رێگە بدەن ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکە بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەداوین، لە کاتێکدا دەتوانین لە ماوەی چەند کاژێرێکدا کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەین و جێ پێی داعش لەو ناوچەیە نەهێڵین کە بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر خەڵکی ناوچەکە. کاتێکیش کە لایەنی عێراقی نایەتە پێشەوە بۆ نەهێشتنی جێ پێی ئەو هێزانە لەو ناوچانە، دیارە بەرژەوەندییەکی تێدایە بۆ هەندێک لە هێزە عێراقییەکان بۆیە رێگە نادەن یان نایانە پێشەوە یانیش رێگرن لەبەردەمی دروستکردنی هێزی هاوبەش و ژووری ئۆپەراسیۆن و ناوەندی هاوبەش.
 
رووداو: رۆڵی هاوپەیمانان لەو نێوەندەدا چییە؟ بۆ ناتوانن سوپا و پێشمەرگە لە یەک نزیک بکەنەوە بۆ ئەوەی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە دروست بکرێت؟

جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا هاوپەیمانان گوشار دروست ناکەن، بەڵام توانایەکی زۆر دەخەنەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک یان هاوپەیمانێتییەک لەنێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە.
ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە توانایەکی زۆر دەخەنەگەڕ، زۆریش بەلایانەوە گرنگە ئەو هێزە هاوبەش دروست ببێت لەو ناوچانە و شەڕی داعش بکەن، ئەوانیش ئامادەن بە هەموو توانایەکی خۆیانەوە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی بتوانین داعش بشکێنین و ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکەین و هێزەکانمان بپارێزین.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستانیش ماوەیەکی زۆرە هەوڵی دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی دەدرێت، هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی فەرمی کە سەر بە هەرێمی کوردستانە، هەنگاوەکان بە کوێ گەیشتوون؟ بۆچی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە سوپایەکی هاوبەشی نیشتمانی لە زاخۆوە بۆ خانەقین دروست بکرێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: بەداخەوە ئەگەر هیچ شەڕێک نەبێت و ئەمنییەتمان هەبێت و هیچ هەڕەشەیەکیشمان لەسەر نەبێت، پێویستیمان بە سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتووی پڕمەشق و پڕچەکی بە توانا هەیە بۆ ئەوەی ئامادەبێت رووبەڕووی هەموو ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە دەکرێتە سەر ئەو هەرێمە و گرەنتیەک بێت بۆ ئەمنیەت و داهاتووی ئەو هەرێمە. بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکرێت، ئێستا لە سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر ئەو بابەتە سەرلەنوێ دەست بە کۆبوونەوە دەکرێت لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەو یەکەکانی 70 و 80 یەکەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو سوپایە دروست بکرێت.
 
لە راستیدا ئێستا هەموو هێزی پێشمەرگە لەو بەرەو سەنگەرانە هەیە، لەسەرتاسەری بەرەکان هەر لە خانەقینەوە تاوەکو دەگاتە شنگال و موسڵ هەمووی لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدایە لە رووی جموجۆڵەوە. ئەو میحوەرانەی دروست بوونە کە 8 میحوەرە، تاوەکو ئێستا میحوەرەکان وەکو خۆیان ماون و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن بۆ شەڕی داعش، بەڵام ئەگەر بهاتبووایە سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوومان هەبووایە، من پێموایە زۆر بە باشی و زیاتر دەمانتوانی رووبەڕووی هەموو ئەو هەڕەشانە ببینەوە.
 
رووداو: چی رێگرە لەبەردەم سوپایەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا لە کاتی شەڕی داعش و دوای شەڕی داعشیش هەنگاوی باش نرا بۆ یەکخستنەوەو دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگە، هیچ رێگرییەکیش نەبوو لەبەردەمی ئەو یەکخستنەوەیە، جیا لەو کێشانەی دەهاتە بەردەممان، بۆ نموونە یەکێک لەوانە هاتنی داعش کە لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، ئەمە یەکێکە لە رێگرییە هەرە گەورەکان. یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دروستبوونی ئەو سوپایە پێویستی بە پێداویستی خۆی هەیە، بە داخەوە لەو ماوەیەدا ئەو پێداویستیانە نەبوون، میزانیەک نەبوو کە بتوانرێت هەنگاوی بۆ بنرێت.
 
بەڵام لە راستیدا ئێستا رێگرییەکان رێگری سیاسین، ئەوسا هیچ رێگرییەک نەبوو، تەنیا رووداوەکان نەبێت کە دەبوونە رێگر، بەڵام بەداخەوە ئێستا رێگرییەکان رێگری سیاسین، ئومێد دەکەین کە هاوپەیمانان بە هێزەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە لە رێێگەی فەرماندەکان و باڵیۆزخانەو کۆنسوڵخانەکانیانەوە هەوڵ لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی دەدرێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک و هەنگاو بنرێت بۆ دروستکردنی ئەو سوپایە، من ئومێدم زۆرە کە بەم نزیکانە ئەو رێگریە سیاسییەش نەمێنێت و هەنگاوەکان بنرێن.
 
رووداو: دوای ئەو هەموو قوربانییە هێشتا هێزێکی سیاسی هەیە رێگربێت لەبەردەم دروستکردنی ئەو سوپا نیشتمانییە لە کوردستان؟

جەعفەر شێخ مستەفا: تەنیا لایەنێک نییە، ئەگەر یەک لایەن بووایە ئێستا بۆ هەموو خەڵکم دەستنیشان دەکرد و دەمگوت فڵان لایەن رێگری سەرەکی و بنچینەییە لە دروست نەکردنی ئەو سوپایە. کوردەواری خۆمان دەڵێ چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت. هاوپەیمانان دەڵێن ئێمە ئەو سوپایەتان بۆ دروست دەکەین، مەشقیان پێدەکەین و بۆتان پڕ چەکیان دەکەین، دەیکەن بە سوپایەک کە بتوانێت پارێزگاری لەم هەرێمە بکات، گرەنتییەک بێت بۆ ئەو هەرێمە، بۆ ئەمنیەت و ئاسایش  و جێگای ئومێدی خەڵک و هێزی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. ئەوەی کە ئەوان بە ئێمەی دەڵێن و دەیانەوێت بۆ ئێمە بیکەن، لە راستیدا ئەمە لای ئێمە لەقەدانە لە خێرو بەرەکەت.
نازانم بۆ و لەبەرچی، دەبێت لەو کەسانە بپرسیت کە خاوەنی بڕیارن لەو پرسانە کە بڕیار نادەن و دەسەڵات نادەن بە وەزارتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هەستن بەو کارە.
 
رووداو: هیچ زانیارییەک لەبەردەستی هێزی پێشمەرگە هەیە، لەبارەی شوێن و ژمارەی چەکدارانی داعش و جموجۆڵەکانی داعش.
 
جەعفەر شێخ مستەفا: داعش خۆی رێکخستووەتەوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەن و زیاتر خۆیان رێکدەخەنەوە، ماوەی دوو ساڵیش دەستیکردووەتەوە بە ئۆپەراسیۆن لە هەموو ناوچەکان، رۆژ نییە لە دیالە، کەرکووک، مەخموور و خوارووی هەولێر و دەشتی هەولێر و ناوچەکانی دیکە کردەوە ئەنجام نەدات. داعش لە هەموو شوێنک هەڕەشەیە و بە باشی خۆی رێکخستووەتەوە و رۆژ بە رۆژیش بەهێز دەبێت، رۆژ بە رۆژیش لە رووی ژمارەو هێزەوە بەرەو زیادبوون دەچن، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان لەنێوان سووریا و عێراق هەیە و هێزەکانیان زۆر بە ئاسانی دەتوانن سنوورەکان ببڕن، لە زنجیرە شاخی حەمرین و قەرەچووچ تونێل و بارەگایان هەیە و ئێستا جۆرەها چەکی پێشکەوتوویان کە لە رێگەیەوە دەتوانن پێشمەرگە شەهید بکەن، بەداخیشەوە تاوەکو ئێستا ئێمە بیرمان لەوە نەکردووەتەوە حکومەتێکین بتوانین لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کە هەندێک پێداویستی هەیە وەکو دووربینی حەراری بۆ ئەو سەنگەرانەی دابین بکەین تاوەکو بتوانین ژیانی پێشمەرگەو سەنگەرەکانی پێشمەرگە بپارێزین. کە دەبێت لەمەوە دەرس وەربگرین ئەوەی کە پێویست دەکات بۆیان دابین بکەین.
 
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە ئەو هێرشانەی داعش پێشبینیکراوە و داعش خۆی رێکخستووەتەوە، کە پێشبینیکراوە بۆ باشتر سەنگەرەکانی پێشمەرگە تووندوتۆڵ ناکرێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: سەنگەرەکانی پێشمەرهە تووندوتۆڵ کراون، ئەو پێشمەرگانەی کە شەهید بوونە لە دەرئەنجامی ئەوە نەبووە داعش بێتە نێو سەنگەرەکانەوە، بەڵکو لە دوورەوە بە چەکی پێشکەوتوو پێشمەرگەکانیان شەهید کردوون، بە دڵنیاییەوە چەکەکانی ئەوان لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە.
 
رووداو: ئەو چەکانە هی کوێن کە لە دەستی داعشن و پێشمەرگە نییەتی؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: رەنگە هەمان چەک بێت، بەڵام دووربینێکی حەراری بەسەرەوەبێت لەو رێگەیەوە دەتوانن ئامانجەکە بە باشی بپێکن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە