کەشناسی: یەکەم رۆژی جەژن نمەباران دەبارێت

01-05-2022
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بارانبارین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، کە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی نمەباران دەبارێت.
 
رۆژی یەکشەممە 1ی ئایاری 2022، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت، لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارینی ناوبەناو بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەت ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و شەپۆلەکە دەگاتە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دووشەممە 02-05-2022 کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا؛ شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکە بە گشتی دەگرێتەوە و گوتیشی: "بارانبارینی وەرزی بەهارە، پچڕپچڕ و ناوبەناو دەبێت".
 
بەگوتەی ئاسۆ کەمال، لە عێراق خۆڵبارین دەستیپێکردووە و کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستانیش. گوتیشی: "خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان وەکو عێراق نابێت و کاریگەریی کەمی دەبێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رۆژی یەکشەممە 1-5-2022ی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران بووە، کە  9 پلەی سیلیزی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای رۆژی دووشەممە خستووەتەڕوو:
 
هەولێر:
ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بارینى کەمێک نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 16 پلە و بەرزترین 26 پلەى سیلیزی دەبێت.
 
سلێمانی:
ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێک ناوچە و لەکاتى جیاوازدا، نزمترین پلەى پێشبینیکراو 16 پلە و بەرزترین پلەش 25 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
دهۆک:
ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینى کەمێک نمەباران، نزمترین پلەی پێشبینیکراو 16 پلە و بەرزترین 28 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
کەرکووک:
ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 20 پلە و بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراویش 31 پلەى سیلیزی دەبێت.
 
هەڵەبجە:
ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بارینى نمەباران و هەندێک کات هەورە بروسکەشى لەگەڵ دەبێت، نزمترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 15 پلە و بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو 26 پلەى سیلیزی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە