لە هەفتەیەکدا 12 بەنزینخانە لە هەولێر بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزین داخراون

01-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینی بەنزینی 48 بەنزینخانە، 12یان بەهۆی دەستکاریکردنی بەنزینەکەیان و خراپیی کوالێتیی بەنزین سزادراون، سێ بەنزینخانەش داخراون. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1-9-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا لە کۆی پشکنینی بەنزینی 48 بەنزینخانە 12یان لە لایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر، سزادراون و سێیان بۆ ماوەیەک داخران."
 
لە سەرەتای مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر 254 بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنی کوالێتیی بەنزین سزادراون. 
 
ئێستا رێکارەکان لە پارێزگای هەولێر تووندتر کراون، هەر بەنزینخانەیەک دوو سێ جار ئاگادار بکرێتەوە و دووبارە بەنزینی کوالێتیی خراپ بە هاونیشتمانییان بفرۆشێت، بەنزینخانەکەی بە یەکجاری دادەخرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 24-8-2022 ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزای هەولێر لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "هەندێک بەنزینخانە بەردەوام بەنزینی خراپ دەفرۆشن و بەردەوامیش سزادراون، بەڵام دووبارەی دەکەنەوە، بەڵام حکومەت چیدیکە رێگە نادات ئەوان ئەو جۆرە بەنزینە بفرۆشن، ئەگەر چاکی نەکەن ئەوە بەیەکجاری بەنزینخانەکانیان دادەخەن. تەنانەت رەنگە لە داواکاریی گشتی سکاڵاشیان لەسەر تۆمار بکرێت."
 
هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای ھەوڵێکی زۆر، بەرھەمی بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە کوالێتییەکی زۆر باشتر گەیشتە بەنزینخانەکان؛ لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێریی بەنزینخانەکان ھەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزینەکە."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژانە 2 ملیۆن 500 هەزار لیتر بەنزین بە کوالێتیی "زۆر باش" دەخەنە بازاڕەوە و هەوڵەکانیشیان بۆ زیاترکردنی بڕەکە بەردەوامە. 
 
بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە؛ جگە لەو بەنزینەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەیخاتە بازاڕەوە، زۆرینەی بەنزینەکەی دیکە هاوردە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە