رووداو دیجیتاڵ
بۆ کۆچی دوایی کەریم عێراقی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانی دەکات و هاوبەشی خەم و ئازارەکانیانە.
رۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەوپەڕی خەم و پەژارەوە، هەواڵی کۆچی دوایی کەریم عێراقی، شاعیری نێوداری عێراقیم پێگەیشت. سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانی دەکەم و لەم شیوەنە بەئازارەدا هاوبەشی خەمیانم. نزا لە خوای گەورە دەکەم بەزەیی خۆی بەسەر کۆچکردوودا ببارێنێت و ئارامگری بە هەمووان ببەخشێت."
رۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 کەریم عێراقی، شاعیری دیاری عێراقی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئیمارات کۆچی دواییکرد.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، لە مزگەوتی عۆدە سوەیعدی لە ناوچەی زەییونەی بەغدا پرسەی کەریم عێراقی بەڕێوەبچێت.
کەریم عێراقی لە ساڵی 1955 لە ناوچەی شاکرییە لە گەڕەکی کەڕادە مەریەمی بەغدا لەدایکبوو، بڕوانامەی دیبلۆمی لە زانستی دەروونناسی و میوزیکی منداڵان لە پەیمانگەی مامۆستایانی بەغدا بەدەستهێناوە، چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە و دواتر بووەتە سەرپەرشتیاری نووسینی ئۆپەرێتی قوتابخانەکان.
کەریم عێراقی لە ساڵی 1997، خەڵاتی باشترین گۆرانیی مرۆیی رێکخراوی یونسێفی پێبەخشرا بەهۆی شیعرێکەوە کە کازم ساهیر کردوویەتییە گۆرانی و باسی منداڵانی عێراقی لە سەردەمی گەمارۆی ئابووری لە ساڵانی نەوەتەکان دەکات؛ هەروەها لە ساڵی 2019 خەڵاتی جیهانیی شا فەیسەڵی پێبەخشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ