حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەنقەرە دەکات

01-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە "خۆکوژیی"ـەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا لە ئەنقەرە دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-10-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ئەنقەرە دەکات، "داوای بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رێگری لە تیرۆر و بیری تیرۆریستی لە جیهاندا و رێگریکردن لە چالاکییەکانیان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا پێشەوا هەورامانی گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و تووندڕەویی دووپاتدەکاتەوە. 
 
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویدا. 
 
عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە هێرشەکەیان کردووە و یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون."  
 
نزیکەی 10 کاژێر دوای رووداوەکە، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە "خۆکوژیی"ـەکەی ئەمڕۆی بەردەم وەزارەتی نێوخۆی تورکیا راگەیاند. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنکەرە دەکات
 
ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنکەرە
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دژی هەر کارێکی تیرۆریستی و تووندڕەویی دووپاتدەکاتەوە.
 
هەروەها داوای بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕێگری لە تیرۆر و بیری تیرۆریستی لە جیهاندا و ڕێگری لە چالاکییەکانیان.
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە