بڕانی ئاو لە 12 گەڕەکی ورمێ ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

02-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
بەلوعەی ماڵێک ئاوی لێنایەت
بەلوعەی ماڵێک ئاوی لێنایەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرئێشەی بڕانی ئاو یان کەمیی ئاو لە ورمێ، زۆرجار دووبارە دەبێتەوە؛ ئەو کێشەیەش پەیوەندیی بە وەرزێکی دیاریکراوەوە نییە.
 
هاونیشتمانییەک دەڵێت، "لە گەڕەکی ئیسار، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی دوێنێوە ئاو بڕاوە. بەرپرسان ئاگاداریان نەکردووینەتەوە کە ئاو دەبڕێت. هیچ بەرپرسێک نەهاتووە ئاگاداری دۆخمان بێت و هیچ تانکەرێکی ئاویش نەهاتووە، لێرە و لەوێ خەڵک بە دەبە ئاو دەهێنن."
 
لە رۆژانی رابردوودا ئاوی زیاتر لە 3000 هاوبەش بڕا، کە دەکاتە لانیکەم 12 گەڕەک. هۆکارەکەیشی بۆ شکانی بۆریی سەرەکیی ئاو گەڕێندرایەوە. بابەتێکی هاوشێوە کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەریش روویدا.
 
سەعید کامیاب فەڕ، بەرپرسی یەکەی ئاو و ئاوەڕۆی ورمێ رایگەیاند، "دامەزراوەی ئاو و ئاوەڕۆ بەدەم داواکاریی خەڵکەوە چووە، کاتێک گوتوویانە لە لووتکەی بەکارهێنانی ئاودا ئاو کەم بووەتەوە؛ بۆیە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەمان خستووەتە بەرنامەی کارەوە."
 
بەشێک لە هۆکاری کێشەی بڕان یان کەمیی ئاو بۆ بڕانی کارەبا دەگەڕێتەوە، ئەمە وادەکات ئاو لە باڵەخانە بەرزەکاندا سەرنەکەوێت و خەڵک کێشەی بۆ دروست ببێت. بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا دەڵێن، شەوانە کێشەکانی پەیوەندیدار بە کارەباوە چارەسەر دەکەن، بۆیە کارەبا دەبڕێت.
 
لەگەڵ ئەوانەشدا، هاشم ئەمینی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانبارین بوونەتە هۆی نەبوونی هاوسەنگی لە سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانیدا؛ بەو هۆیەوە 269 شاری ئێران کێشەی قووڵی ئاویان هەیە.
 
کێشەی ئاو، تەنیا ئەمساڵ نەبووە; بەڵکو ئەمە گلەیی پاری خەڵکیشە. پار بڕانی ئاو تەنانەت ناڕەزایەتیی خەڵکیشی لێکەوتەوە. کێشەکە بەو جۆرە چارەسەر نابێت کە لە هەر جێگایەک بۆرییەکە شکا، چاک بکرێتەوە. هێڵەکانی گواستنەوەی ئاوی گەڕەکە جیاوازەکانی شاری ورمێ کۆنن، بەشی زۆریان رزیون، بەو پێیەش دەبێت هەموو نۆژەن بکرێنەوە.
 
بەرپرسان بەڵێنی زۆریان داوە نۆژەنیان دەکەنەوە، بەڵام لە کردەوەدا هەوڵێکی بۆ نەدراوە، تەنیا کۆبوونەوەی لەسەر دەکەن و دەڵێن، چاکی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.