رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک و دۆستی کورد، لە بەشی چاودێریی چڕ دەرچوو و باری تەندروستیی جێگیرە. بەپێی پەیامێک کە لەلایەن یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانییەوە بڵاوکراوەتەوە، بێشکچی گواستراوەتەوە بۆ ژووری تایبەت و داوا لە خەڵک کراوە بۆ ماوەیەک سەردانی نەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیبراهیم گوربوز، سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسماعیل بێشیکچی کە هاوکات هاوڕێیەکی نزیکی بێشکچییە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "دەمەوێت هەواڵێکی خۆشتان پێبدەم. مامۆستامان ئیسماعیل بێشکچی لە چاودێریی چڕ دەرچووە و گواسترایەوە بۆ ژووری تایبەت. من، خالید شادینی، دکتۆر گەنجەددین و پرۆفیسۆر دکتۆر جەناب ئەکینجی پێکەوە گواستمانەوە بۆ ژووری تایبەت."
هاوڕێکەی بێشکچی دەڵێت، یەکەم پرسیاری ئەوە بووە کەی نەخۆشخانە جێدەهێڵێت؟ "منیش پێمگوت، پێویستە کەمێک ئارام بگریت، تۆ بەرخۆدانێکی گەورەیت'."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "پێمگوت، کورد زۆر خۆشی دەوێیت و خەڵک لە هەموو پارچە و چین و توێژەکانی کوردستان لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە'. هەروەها گوتم، 'ئیشاڵڵا ئەمە دەبێتە مایەی دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی کورد'."
هاوڕێ نزیکەکەی بێشکچی داوا لە خەڵک دەکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزییەوە بۆ ماوەیەک سەردانی نەکەن و دەڵێت، "هاوڕێیانی بەڕێز، ئەگەر ئیسماعیل بێشکچیتان خۆشدەوێت و دەتانەوێت بە تەندروستییەکی باشەوە هەستێتەوە سەرپێ، تکایە هەوڵمەدەن بۆ بینینی. ناچارین مامۆستا ئیسماعیل بۆ ماوەیەک داببڕێنین."
ئیبراهیم گوربوز رایگەیاند، بێشیکچی سڵاو و رێز و خۆشەویستی بۆ هەمووان هەیە و نوسیوویەتی: "کاتێک پێمگوت کە لە هەموو کوردستان و جیهانەوە سڵاو و خۆشەویستییان بۆت ناردووە، زۆر کاری تێکرد. لە ماوەی ئەم دیدارەدا رووی هەمیشە بە پێکەنین بوو."
ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناس و نووسەری تورک و دۆستی کورد، رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025 دوای ئەوەی لە کاتی نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی خۆی لە فێستیڤاڵی "فیلم ئامەد"، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو. بەهۆیەوە لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە ئامەد خرایە ژێر چاودێریی چڕ. دوای چارەسەرێکی زۆر، ئەمڕۆ لە چاودێری چڕ دەرچوو، چارەسەریی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ