رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت کە رۆژانە داتای داهاتی نێوخۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تۆماردەکات، داهاتی ئەم هەفتەیەی ئەو سنوورە سفر بووە و داهاتی مانگێکیش 50 ملیار دینار کەمیکردووە. سەرپەرشتیاری ماڵپەڕەکەش نەبوونی دەوام و دۆخی جەنگ بە هۆکاری دەزانێ.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردوەتەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە تاوەکو ئەمڕۆ 25ـی ئاداری 2006، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و باشماخ سفرە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، شوان جەبار، سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری یەکەم نەبوونی دەوامی فەرمانگە حکومییەکانە".
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی پێشووتر لە 20 بۆ 26ـی ئادار لە هەمان ناوچە، زیاتر لە 6 ملیار و 605 ملیۆن دینار بووە.
سەرپەرشتیاری شەفافیەت گوتی: "لە سنوورەکەمان 451 فەرمانگە هەن و داهاتی نێوخۆ کۆدەکەنەوە. دەوام نەبێ خەڵک ناچێتە فەرمانگەکان. بۆ نموونە، ناچنە تاپۆ یان هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو یان کارەبا و پارەی خزمەتگوزاری بدەن".
شوان جەبار هۆکارێکی دیکەی بۆ جەنگ لە ناوچەکە گێڕایەوە و گوتی: "ئەو دۆخی جەنگەی لە ناوچەکە هەیە بێگومان کاریگەری لەسەر داهات هەیە، بەتایبەت بۆ داهاتی نانەوتی، چونکە هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی دەروازە سنوورییەکانیش زۆر کەم بووەتەوە".
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
ماڵپەڕەکە داهاتی مانگانەی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە 26ـی شوبات بۆ ئەمڕۆ 25ـی ئادار، داهاتی مانگانە 17 ملیار و 474 ملیۆن و 776 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا مانگێک پێشتر 68 ملیار و 226 ملیۆن و 487 هەزار دینار بووە. بەمەش داهاتەکان لە ماوەی مانگێکدا 50 ملیار دینار کەمیکردووە.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند و لەلایەن نووسینگەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ