یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش: دەبێت شتێک بکرێت

01-10-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، دەستووری تورکیا پابەند دەکەن. سەبارەت بە چاوەڕوانییەکان بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی، "تاوەکو ماددەی 90ـی دەستوور لەوێ بێت، بێگومان پێموایە دەبێت هەندێک شت بکرێن." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ، سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە 9 ساڵە لە زیندانی ئەدیرنەیە، بە کەناڵی CNN Türkی رایگەیاند، "ئاگاداری دۆسیەکە نیم. ئەوەی من دەیبینم بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایە. بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا راستەوخۆ پەیوەندییان بە دەستووری ئێمەوە هەیە. ماددەی 90ـی دەستوورەکەمان دەڵێت، 'دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە بین کە بەپێی رێکارەکان پەسندکراون'. واتە تاوەکو ماددەی 90ـی دەستوور لەوێ بێت، بێگومان پێموایە دەبێت هەندێک شت بکرێت." 
 
سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش لە رێگەی لێبووردنی گشتییەوە، فەتی یڵدز گوتی: "لە تورکیا مەرجەکانی لێبووردنی گشتی نین. لێبووردنی گشتی نابێت، بەڵام پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزاکان، رێکخستنەوەی جێبەجێکردنیان و یەکسانی لە جێبەجێکردنیاندا. دەبێت لەم خولەدا هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنرێت." 
 
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM) لەبارەی سکاڵای سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە ساڵی 2016ـەوە دەستبەسەرە، بڕیاری پێشێلکاریی دابوو و رایگەیاندبوو کە "بە مەبەستی سیاسی دەستگیرکراوە." 
 
مەحسونی کارامان، پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2025، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دوایین بڕیاری پێشێلکاریی دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا کرد و رایگەیاند کە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025 رۆژێکی چارەنووسسازە.
 
کارامان، داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد و گوتی، "پێویستە فەرمانگەی پێداچوونەوە دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات و بەڕێز دەمیرتاش و هاوڕێکانی ئازاد بکات، کە ئەمە داواکاریی یاسایە." 
 
پارێزەرەکەی دەمیرتاش گوتی: "وەک پێویستییەک بۆ متمانەکردن بە پرۆسەی چارەسەری کە بە گەرموگوڕی بەڕێوەدەچێت و بە وریاییەوە چاودێری دەکرێت، ئازادکردنی گیراوانی کۆبانێ پێویست و تەنانەت ناچارییە." گوتیشی: "هەروەک چۆن مەهەپە تانەی لە دۆسیەی کۆبانێ نەدا، مانادار دەبێت ئەگەر حکومەتیش تانە لە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەدات کە وادەی تانەلێدانی لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت. پێشتریش بە بڕیاری فەرمانگەی باڵای دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەلمێندراوە کە تانەی هاوشێوە هیچ ئەنجامێکیان نابێت.
 
دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی 16ـی ئایاری 2024، سەلاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن، سزادا. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش بە 47 دۆسیەی تاوان؛ تۆمەتەکانی (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەرکارەکان) و (پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر) خرایە پاڵ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.