رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵای تایبەت بە گۆڕینەوەى 550 ملیۆن دینارى سویسرى رەتکردەوە و سکاڵاکاران پەنا بۆ دادگەى کارگێڕى دەبەن.
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولڕەحمان عومەر بە نوێنەرایەتیى 12 هەزار خێزان لە سلێمانى پێشکێش کرابوو، بۆ یەکلاکردنەوەى چارەنووسى 550 ملیۆن دینارى سویسرى جۆرى 25 دینارى، کە لەلایەن حکومەتى پێشووى عێراق کشێنرابووەوە بەبێ ئەوەى خاوەنەکانیان قەرەبوو بکاتەوە، کە بە گوتەى ئەوان، بەهاکەى بە دراوى ئێستا دەگاتە 82 ملیار دینار.
دادنیشتنیى دادگە لەبارەى ئەو سکاڵایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکى تشرینى یەکەمى 2025 کرا، دادگە سکاڵاکەى رەتکردەوە، بە پاساوى ئەوەى لە پسپۆڕیى ئەودا نییە.
عەبدولڕەحمان عومەر کە ئامادەى دانیشتنەکەى دادگە بووە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دواى رەتکردنەوە سکاڵاکە لە رێگەى پارێزەرەکەمانەوە لە دادگەى کارگێڕى سکاڵا تۆمار دەکەین".
لە 4ـی ئایارى 1993، ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕشى پێشوو بە بڕیارێک دراوى کاخەزى جۆرى 25 دینارى کە لەنێو خەڵک بە سویسرى ناسرابوو، کشاندەوە و مافى بەو کەسانە داوە کە ئەو پارەیەیان هەیە بیگۆڕنەوە بە جۆرى دیکەى دراو و لە 10ـى ئەو مانگەوە ماوەى هەفتەیەکیان پێدرابوو، دراوەکە لەڕێگەى بانکەکانەوە بگۆڕنەوە.
بەگوتەى نوێنەرى سکاڵاکاران، بەهۆى داخستنى رێگەى هاتووچۆ بۆ ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى حکومەتى ئەو کاتى عێراق، نەیانتوانیوە ئەو 25 دینارییانە بگوێزێنەوە بەمەبەستى گۆڕینەوەى.
لە ساڵى 2003 پارەى چاپکراوى ئەو کاتى عێراقى گۆڕدرا بە جۆر و چاپى نوێ، کە هەر دینارێکى بەرامبەر بە 150 دینارى چاپى نوێ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ