رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری تەنیا لە یەک کۆنفرانسی جەماوەری حیزبەکەی دەرکەوتووە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری رەتیکردەوە سەرۆکی کۆمەڵەکە کەم دەرکەوتبێت و دەڵێت: "دەرکەوتنەکانی بەپێی پلانی خۆمانە، رۆژی 5ـی مانگ لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بانگەشە دەکەین".
رۆژی شەممە، 18-10-2025، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا بە فەرمی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە گوتارێکدا داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر هەست بکەین هەڵبژاردنی عێراقیش دیزاین کراوە، بایکۆتی دەکەین."
بێستوون ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی پلانی خۆمان مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، 3 جار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت، جاری یەکەم کە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، جاری دووەمیش میوان بوو لە کەناڵێکی ئاسمانی، سێیەم جاریش لە دواین کۆنفرانسی جەماوەری دەبێت، لە هەولێر."
بە گوتەی بێستوون حەمەساڵح، رۆژی 5ی ئەم مانگە کۆنفرانسێکی جەماوەری لە شاری هەولێر رێکدەخەن، لەبەردەم مەڵبەندی کۆمەڵ لە پارکی کانیاو.
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری باسی لەوەش کرد: "مامۆستا عەلی باپیر، بۆ بەشداریکردن لە هەندێک کۆنفرانسی دیالۆگی کوردی، ئیسلامی و بواری فیکری لە تورکیایە."
لە یەکەمین کۆنفرانسی بانگەشەی هەڵبژاردندا، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە گوتارێکدا گوتی: "ئەگەر بزانین پەرلەمانێک دیزاینی بۆ کراوە، ناچینە ناوی و بایکۆتی دەکەین. ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام زوڵممان لێ کرا و گوتمان ناچینە ناو پەرلەمانەوە، ئێستا بڕیارمان داوە لە پەرلەمانی عێراق بەشدار بین،بەڵام هەرکاتێک بۆمان دەرکەوت وەکو جاری پێشوو دیزاینی بۆ دەکرێت و فێڵی تێدا دەکرێت، هەمان هەڵوێست دووبارە دەکەینەوە و رەچاوی ئەوە ناکەین چەند زیانی حیزبی و کەسی دەکەین."
کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق 1 کورسیی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 3 کورسیی بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ