کۆمیسیۆن: سەرجەم پێداویستییەکانی دەنگدان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان

01-11-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرجەم پێداویستییەکانی رۆژی دەنگدان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لە رۆژی 6ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنیان بەسەر بنکەکاندا دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم پێداویستییەکانی رۆژی دەنگدان کە پێکهاتوون لە ئامێرەکانی دەنگدان، سندووق، فۆرمی دەنگدان، پێنووسی تایبەت و کامێرای چاودێری گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
لە 6ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆن 1,500 قوتابخانە لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرێت. نەبەرد عومەر گوتی، "لەو رۆژەوە دەست بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان دەکرێت بۆ قوتابخانەکان."
 
فۆڕمەکانی دەنگدان بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کۆی گشتیی فۆرمە نێردراوەکانی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 497 هەزار و 650 کاخەزن.
 
ژمارەی ئەو فۆرمانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون:
 
- پارێزگای هەولێر: 1,257,650
- پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600
- پارێزگای دهۆک: 878,400
 
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2025 کۆتایی دێت.
 
بڕیارە رۆژی 9ی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. 
 
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە