رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، خواستی یەکەمی پارتی ئەوەیە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکبهێنێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت یەکێتی لە دەرەوەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن داوای هەبێت. سەبارەت بە پۆستی وەزیری ناوخۆش دەڵێت: "ئەو وەزارەتە لای پارتی دەبێت و نوقتە."
ئەحمەد کانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەت و دانوستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی کرد.
"وەزارەتی ناوخۆ هێڵی سوورە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و داواکارییەکانی یەکێتی، ئەحمەد کانی بە راشکاوی رایگەیاند، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان وا دەخوازێت کە وەزارەتی ناوخۆ لەلای پارتی بێت. "پێویستە وەزارەتی ناوخۆ لای پارتی بێت، نوقتە. پێویست ناکات بچینە ناو وردەکارییەکانەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەر ئەو خاڵە یەکلایی بکرێتەوە، لەوانەیە زۆرینەی کێشەکانی دیکە چارەسەر بن.
پێکهێنانی حکومەت و مەرجەکانی پارتی
سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردندا، ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دوو خاڵی سەرەکی لا گرنگە: پاراستنی سەنگی کوردستان لە بەغدا و پێکهێنانی حکومەت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
ئەحمەد کانی گوتی: "پارتی تەمەننا دەکات و زۆر جیدییە لەوەی لەگەڵ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، چونکە مێژووی پێکەوەبوونی هەردوو حیزب دەستکەوتی گەورەی بۆ کوردستان هەبووە". بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "دەبێت یەکێتیش بێتە پێش و کەمێک لە داواکارییەکانی کەم بکاتەوە، ناکرێت حیزبێک پێداگیر بێت لەسەر هەموو شتێک کە لە دەرەوەی بەرکەوتەی خۆیەتی".
بەدیلی پارتی چییە؟
لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ یەکێتی، ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای کرد کە ئەوان بێ جێگرەوە نین.
ئەحمەد کانی گوتی: "لە سیاسەت و لە واقیعدا هیچ شتێک نییە نەکرێت، ئەگەر یەکێتی نەهات بەدیل هەیە، تەنانەت بەدیلی دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنیش هەیە، یان بەدیلی دیکە". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەست دەکەن هەندێک لایەنی دیکە کە پێشتر بڕیاری بەشدارینەکردنیان دابوو، ئێستا مەیلیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت.
گوشاری نێودەوڵەتی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەحمەد کانی دانی بەوەدانا کە دۆست و هاوپەیمانەکان نیگەرانن لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت.
گوتیشی: "دۆستەکانمان دەیانەوێت نێو ماڵی کورد کۆک بێت، بەڵام ئەوانیش دەزانن کە ناکرێت مامەڵە لەگەڵ حیزبێک کە 100ی هێناوە و حیزبێک کە 40ی هێناوە وەک یەک بکرێت، چونکە ئەوە ناعەدالەتییە و گورز لە پرۆسەی دیموکراسی دەدات".
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ
ئەحمەد کانی گەشبینی خۆی نیشاندا بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی و هیوای خواست کە زەوینە خۆش بکرێت بۆ رێککەوتن، بەو مەرجەی رێز لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بگیرێت.
پۆستی سەرۆککۆمار و بەغدا
سەبارەت بەوەی ئایا پارتی پۆستی سەرۆککۆمار وەک مەرج یان بەشێک لە دانوستانەکان دەبینێت، ئەحمەد کانی جەختی کردەوە کە نامانەوێت دۆسیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستەکانی بەغدا تێکەڵ بکەین.
ئەو گوتی: "ناکرێت ئەو دوو دۆسیەیە ببنە یەک پاکێج، چونکە کێشە دروست دەکات. ئێمە دەمانەوێت کورد لە بەغدا یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی بەدەستهاتوون بەفیڕۆ نەچن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ