رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر ژمارەیەک گۆڕانکاریی کارگێڕیی لە سنووری پارێزگاکە راگەیاند، کە هەریەک لە قایمقامەکانی پیرمام و شەقڵاوە و بەڕێوەبەری ناحیەکانی بەحرکە و رزگاری دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1-12-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و قایمقامەکانی ناوەندی هەولێر و خەبات، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە دیوانی پارێزگا کرد و تێیدا بڕیاری گۆڕانکارییەکان درا.
گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن:
قەزای پیرمام: حامد مستەفا محەممەد ئەمین لە پۆستی قایمقامی قەزای پیرمام خانەنشین کرا و لە شوێنی ئەو کاروان کەریمخان بە وەکالەت بووە قایمقام.
قەزای شەقڵاوە: سوارە ئەکرەم ئەحمەد وەک قایمقامی قەزای شەقڵاوە دەستنیشان کرا.
ناحیەی بەحرکە: تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە لە ئەرکەکەی بەخشرا و گواسترایەوە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ؛ ئەرکی بەڕێوەبردنی ناحیەکەش بە وەکالەت بە ئەفسەری بنکەی پۆلیسی ناحیەکە سپێردرا.
ناحیەی رزگاری: رابەر ساڵح شێرە، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە ئەرکەکەی بەخشرا و گواسترایەوە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ؛ ئەرکی بەڕێوەبردنی ناحیەکە بە وەکالەت بە ئەفسەری بنکەی پۆلیسی ناحیەکە سپێردرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو ئامانجی گۆڕانکارییەکانی بۆ "نوێبوونەوە و بەخشینی گڕوتینی زیاتر بە کارە ئیدارییەکان" گەڕاندەوە. هەروەها رێنمایی دایە بەرپرسە نوێیەکان خۆیان لە "مەحسوبیەت و مەنسوبیەت" بەدوور بگرن و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەو بەرپرسانە کرد کە ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە و ستایشی ئەرک و ماندووبوونیانی کرد لە ماوەی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ