رووداو دیجیتاڵ
دادگەی خورماتوو یەکەم دادبینیی سکاڵای ژمارەیەک عەرەب دەکات دژی 7 جووتیاری کورد داوا دەکەن زەوییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە کە زیاتر لە 170 دۆنمە.
ئەو دادبینییەی دادگەکە رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، دەکرێ و جووتیارەکان و پارێزەریان ئامادە دەبن.
ئەحمەد جومعە، نوێنەری جووتیارانی گوندی تەپەسەوز بە رووداوی راگەیاند: "سکاڵاکان لەلایەن 7 هاووڵاتی عەرەبەوە دژی 7 جووتیاری کورد تۆمارکراون و داوا دەکەن زەوییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە کە زیاتر لە 170 دۆنمە و لە ناوچەی تەپەسەوزە."
زیاتر لە 1800 دۆنم زەویی ناوچەکانی تەپەسەوز و حلێوە لە رۆژئاوای خورماتوو کێشەیان لەسەرە لەنێوان خاوەنە رەسەنەکانی کەرکووک لەگەڵ ژمارەیەک لە دانیشتووانی عەرەبی ناوچەکە.
ئەرکان حەمید، یەکێکە لەو جووتیارانەی سکاڵا لەسەری تۆمارکراوە و بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 1987ـەوە لە زەوییەکانمان بووین. عەرەبەکان لە 1990 بۆ 2003 گرێبەستیان بۆ کراوە و دوای 2003 ئێمە چووینەوە سەر زەوییەکانمان و ئێستا داوا دەکەن لێمان وەربگیرێتەوە."
ئەو گرێبەستانەی بۆ عەرەبەکان کراوە لەسەر زەویی کورد، لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردن بووە لەدوای دەرکردنی کورد لەسەر زەوییەکانیان لە ناوچە جێناکۆکەکان، لەوانە قەزای خورماتوو لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین.
بە گوتەی ئەرکان حەمید، زەوییەکەی 36 دۆنمە کە عەرەبەکان داوای دەکەنەوە و گرێبەستی کۆنیان داوەتە دادگە تاوەکو زەوییەکەیان وەربگرنەوە و گوتی: "جووتیار هەیە لەسەر ئەو سکاڵایانەی عەرەب بە زیاتر لە 50 ملیۆن دینار سزای پێ بژێردراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ