هاوسەرۆکی هەدەپە: خۆمان بە میراتگری مەلا مستەفا بارزانی دەزانین

02-03-2021
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن مەلا مستەفا بارزانی هەدەپە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دەڵێ، مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی گرنگی کوردە و وەک هەدەپە خۆیان بە خاوەنی میراتی مەلا مستەفا بارزانی دەزانن.
 
میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوباتی2021 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا بەبۆنەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی و رۆژی لەدایکبوونی یاشار کەمال، باسی ئەو دوو کەسایەتییەی کرد.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "مەلا مستەفا کە 42 ساڵ بەر لە ئێستا لە مەنفا گیانی لەدەستدا، سەرکردەیەکی گرنگە، هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەتی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی گەلەکەی. مەلا مستەفا بەهۆی خەباتەکەی، ژیانی لە مەنفا و زیندانەکان بە خەبات و تێکۆشان بەسەر برد. لە چیاکانی بارزانەوە تاوەکو مهاباد، لە ئامەدەوە تاوەکو عەفرین شوێنپێی قوڵی جێهێشتووە". سانجار گوتیشی: "مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی گرنگی کوردە و وەک هەدەپە خۆمان بە خاوەنی میراتی مەلا مستەفا بارزانی دەزانین". 
 
میدحەت سانجار باسی لە کەمپەینی زمانی کوردی کرد کە لەگەڵ 9 پارتی سیاسی و ژمارەیەک پلاتفۆرم و رێکخراوی سڤیل لە ئامەد رایانگەیاندووە و داوای کرد کوردی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا بەگشتی پاڵپشتی لە کەمپەینەکە بکەن. هاوسەرۆکی هەدەپە، جارێکی دیکە داوای کرد زمانی کوردی بکرێت بە زمانی فەرمی و زمانی پەروەردە لە تورکیا. 
 
میدحەت سانجار لە چوارچێوەی گوتارەکەیدا وەڵامی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپەی دایەوە کە هەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی، دەبێ هەرچی ز‌ووە هەدەپە دابخرێ.
 
سانجار گوتی: "دەرەنجام هەدەپە دەبێتە بەشداری دەسەڵات لەم وڵاتەدا. دەرک بەوە دەکەین کە دەسەڵات لە رێگەی پیادەکردنی سیاسەتی دوژمنکارانەی دەیەوێت بە کوێ بگات، ناکەوینە نێو ئەو تەڵەیە و هەرگیز زمانی رق و کینە بەرکارناهێنین". 
 
باخچەلی لە گوتارەکەیدا گوتبووی: "ئەگەر تورکیا دەوڵەتی یاسایە، ئەوە داخستنی هەدەپە، بەپەلەیە، ژیانییە، مەرجە. تەنانەت نابێت دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت  بە ناوێکی دیکە لە ژێر چەتری رێکخراوی تیرۆر سەرلەنوێ درێژە بە بوونی خۆی بدات".  
 
هاوسەرۆکی هەدەپە لە وەڵامی باخچەلی گوتی: "ئەوانەی هەوڵی داخستنمان دەدەن خۆیان بچووک دەبنەوە و ئێمەش گەورەتر دەکەن. با بەردەوام بترسن، هەدەپە بە هیوا، باوەڕ و بڕیارەوە هەنگاو دەنێ. هەدەپە تادێت گەورەتر دەبێت و لەسەر رێچکەی خۆی بەردەوام دەبێت، دەرەنجام زۆری پێ ناچێت دەبێت بە هاوبەشی دەسەڵات لەم وڵاتەدا". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە