رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی پێشمەرگەی کوردانی ئێزدی چوونە بەغدا و رایانگەیاند، پەیوەندییان بە یەکەی 80ـی هێزەکانی پێشمەرگەوە نەماوە و پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە دەکەن. دادوەرێکی دادگەی سەربازیش رایدەگەیێنێت، ئەو بڕیارە بە "هەڵگەڕانەوە" هەژماردەکرێت.
کوردەوان نەقشبەندی، دادوەری دادگەی سەربازییە و بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری ئەو هێزە دیاریکراوەی پێشمەرگە بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای عێراقەوە، "بە هەڵگەڕانەوە هەژماردەکرێت و لە دیسپلینی سەربازیدا تاوانە،" ئەگەر سوپای عێراقیش وەریان بگرێت، ئەوا "گرفتێکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەسازێنێت."
دادوەر کوردەوان روونی دەکاتەوە، پەیوەندیکردنی پێشمەرگە بە سوپای عێراقەوە بەبێ رەزامەندی، پێچەوانەی یاسایە، ئەوانەی گۆڕەپانی تەحریر خۆیان بە پێشمەرگە ناساند، ئەگەر پێشمەرگە بن و داوای پەیوەندیکردن بکەن بە سوپای عێراقەوە، ئەوە پێچەوانەی یاسایە و پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەریان وەربگیرێت.
بەگوێرەی یاسا سەربازییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەو دادوەرە بۆ رووداوی روونکردەوە، ئەو کەسانە بەپێی مادەی 48 لە یاسای سزاکانی سەربازی ژمارە 19ـی ساڵی 2007ـی کارپێکراو، ئەو پێشمەرگانە لە دادگەی سەربازی رووبەڕووی دادگایکردن دەبنەوە.
ئەو دادوەرە جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بابەتە قبووڵ بکەن، سەرەتای گرفتێکی دیکەیە بۆ هەرێمی کوردستان و دەخوازێت کاربەدەستان و سوپای عێراق بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو گرووپەدا مامەڵە بکەن.
بەگوێرەی ئەوەی رایانگەیاندووە، هێزە جیابووەوەکە پێکهاتوون لە 10 بەتالیۆن کە پلەیان عەقید و 26 ئامر سریە بە پلەی موقەدەمن، جگە لەوە ئەوانەی دیکە ئەفسەر و پێشمەرگەن و ژمارەیان هەزار و 200 کەسە و سەر بە هێزەکانی 80ـی پێشمەرگەن کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە فەرمان وەردەگرن.
بەڵام قاسم شەشۆ، فەرماندەی لیوای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ژمارەیەی ئەوان بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە 1200 کەسن، هیچ بنەمایەکی نییە و 200 کەسیش نابن."
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کەسێک بە پلەی عەقید بەناوی پێشمەرگەکانەوە قسەی کرد. قاسم شەشۆ دەڵێت، "ئەوانەی چوونەتە بەغدا، هیچ ئەفسەرێکیان تێدا نییە، چ جای ئەوەی بگاتە پلەی عەقید."
لەبارەی ئەگەر گەڕانەوەی بەشێک لەو پێشمەرگانەشەوە گوتی، "بەشێکیان گەڕاونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش بگەڕێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ