رووداو دیجیتاڵ
دیوانی دادپەروەریی ئیداریی ئێران سزای دەرکردنی مامۆستایەکی قوتابخانەی لە مەریوان پەسند کرد، بڕیارەکەش کۆتاییە و چیدیکە تانەی لێنادرێت.
بڕیاری دیوانی دادپەروەریی ئیداریی ئێران لەبارەی دۆسیەی دەرکردنی، بە سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای قوتابخانەی مەریوان راگەیێندرا و تانەی ئەو مامۆستایە لە بڕیاری لیژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنەی وەکو خۆی پەسند کردووە.
سومەیە ئەختەرشومار، تەمەن 37 ساڵ و مامۆستای زمانی ئینگلیزی یەکێک لە دیارترین مامۆستایانی قوتابخانەیە لە شاری مەریوان. ئەو لە پۆلەکاندا زیاتر بە زمانی کوردی وانەی گوتووەتەوە و لە چالاکییە پیشەییەکانی مامۆستایاندا رۆڵی بەرچاوی هەیە. دژی دەستبەسەرکردنی چالاکڤانی پیشەیی مافی مامۆستایان و سەرکوتی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایی دەربڕیوە. بەو هۆکارانە، لیژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە لە 17-03-2024 ئەو مامۆستایەی بە دەرکردن سزا دا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە مامۆستا سومەیە ئەختەرشوماری بە هاوکاریکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار کردووە. ئەو مامۆستایە لە نامەکەیدا بۆ دیوانی دادپەروەریی ئیداریی ئێران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی وێنەی کوڕەکەی بە جلوبەرگی کوردی لەسەر پرۆفایلی تێلیگرامەکەی داناوە، بە هاوکاریکردنی حیزبەکان تۆمەتبار کراوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران پێشتر سەرکۆنەی سزادانی سومەیە ئەختەرشوماری کردووە و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سنە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ دروستکردنی دۆسیە و سزادانی مامۆستایان لەو پارێزگایە بێ ئەوەی تاوان یان کارێکی نایاساییان کردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ