رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی کەرکووک دۆزرایەوە، کە لە دوێنێ نیوەڕۆوە دیار نەمابوو؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''کوژراوە و تەرمەکەی لەنێو خانوویەکی تەواونەکراودا لە گەڕەکی شۆراو دۆزراوەتەوە.''
هاونیشتمانییەکە ناوی عەلی حەمەد ئیسماعیلە و تەمەنی 57 ساڵە، خەڵکی گەڕەکی کوردستانە لە کەرکووک، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە 01-05-2025، بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵ دەرچووە و دواتر دیار نەماوە.
وەک هەردی محەممەد گوتی، عەلی حەمەد کە شۆفێری تاکسی بووە، کوژراوە و ئەمڕۆ تەرمەکەی لەنێو خانوویەکی تەواونەکراودا لە گەڕەکی شۆراو دۆزراوەتەوە.
نیگەرانی کەسوکارەکەی لەوکاتەوە دروستبوو کە هەواڵیان پێدرا ئۆتۆمبێلەکەی براوەتە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل و کەسێک ویستوویەتی بە هەرزان بیفرۆشێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی ئۆتۆمبێلەکەی بە ناوەوە نەبووە، لێیان نەکڕیوە.
محەممەد عەلی، کوڕی کوژراوەکە بە رووداوی گوت، ''باوکم کەسێکی کاسب و بێ کێشە بوو، نیوەڕۆ (پێنجشەممە) تەلەفۆنی بۆ دایکم کرد، گوتی کەسێک هەیە دەگەیێنمە جێ، لەدوای ئەو تەلەفۆنەوە تاوەکو کاژێر 13:30 خولەک تەلەفۆنی بۆ دەڕۆیی، بەڵام دواتر تەلەفۆنەکەی داخرا.''
وەک محەممەد عەلی دەڵێت، ''برادەرێکی باوکم کاژێر 17:00ـی ئێوارە (پێنجشەممە) لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی باوکمی بینیبوو و ناسیبوویەوە کە کەسێک وسیتوویەتی بیفرۆشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئێمەی ئاگادار کردەوە، ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلەکەوە هەڵات''.
بکوژ بە بیانووی کڕینی خانوو، شۆفێرەکەی بردووەتە گەڕەکی شۆراو و دەگوترێت بەر لە دیارنەمانی، ئەو بابەتەی بە تەلەفۆن بە ماڵەوە راگەیاندووە. بەگوتەی کەسوکارەکەی، عەلی حەمەد دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی لەو کەلاوەدا کردووە.
کەسوکارەکەی سەرجەم کەلاوەکانی گەڕەکی شۆراو گەڕاون و تەرمی عەلی حەمەد ئیسماعیلیان، لە یەکێک لە کەلاوەکاندا دۆزیوەتەوە.
وردەکاریی کوژرانی هاونیشتمانییەکەی کەرکووک و دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی pic.twitter.com/zapCa3p3CL
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 2, 2025
دوای چەند کاژێرێک لە دۆزینەوەی تەرمەکەی، پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارەکەی دەستگیر کرد و ئۆتۆمبێلەکەیشی دۆزییەوە. تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ