رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دەستی سیاسی لەپشت خۆپێشاندانی تورکمانەکانە لە پردێ. ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە پۆستی پارێزگار لە یەکێتی وەربگیرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 02-07-2025، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ''رۆژی هیوا جەمال''ـی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی خۆپێشاندانی تورکمانەکان لەسەر وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە پردێ رایگەیاند، ''لەو کاتەدا کە هەڵبژاردن نزیکە، کۆمەڵێک لە سیاسییەکان دەست دەخەنە ئەم کارانەوە.''
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، ''تورکمان، کورد و عەرەب وەکو نەتەوە هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام حیزبەکان هەندێکجار بۆ دەستکەوتی خۆیان ئەم بابەتانە دەورووژێنن''.
30ـی حوزەیران بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی، لە دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ خۆپێشاندانیان کرد، تەنانەت بە کردنەوەی ئاگر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووکیان داخست.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: ''هەندێک لایەنی سیاسیی تورکمانی کارێکیان لە ناحیەی پردێ کرد کە نە مەدەنی بوو، نە یاسایی، چونکە مۆڵەتیان نەبوو و تەنانەت جام و پەنجەرەی باڵەخانەی شارەوانیشیان شکاند''.
بڕیار بوو ئەمڕۆ بەشێک لە تورکمانەکان دووبارە خۆپێشاندان بکەن. عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت، ''تاوەکو ئێستا مۆڵەتیان نییە، بەڵام بەداخەوە هەموو کات ئەم کێشانە زیاتر بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردن دەقۆزنەوە. ئێستا کە هەڵبژاردن نزیکە، رەنگە کۆمەڵێک خەڵک هەندێک کاری نالۆژیکی بکەن.''
عەبدوڵڵا میروەیس لەبارەی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لەوانەیە لەپشت خۆپێشاندانەکان بن گوتی، ''بێگومان ئەو حیزبە تورکمانییانە لەپشت ئەم کارەن کە بڕوایان بە پێکەوەژیان نییە. لە وێنەکاندا دیار بوو، وەکو ئەنجوومەن، برای بەڕێزمان کاک ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی تورکمانی لەوێ دەردەکەوێت.''
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی پردی، لە کۆی 17 پۆستی ئیدارەی ناحیەی پردێ، نزیکەی 12 پۆستیان لای تورکمانە.
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت: "'کورد لە پردێ زۆرینەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کاتێک نەرمیمان نواندووە، کەچی هەندێکجار بەداخەوە هەندێک لە سیاسییەکان، ئەم نەتەوەیە (تورکمان) بە لاڕێدا دەبەن، چونکە ئێمە تەواو بڕوامان بە پێکەوەژیان و برایەتیی کورد، تورکمان و عەرەب هەیە، بۆیە زۆربەی پۆستەکان لای ئەوانن.''
عەبدوڵڵا میروەیس باسی لەوە کرد، سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییە تەنیا لەسەر پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ بووە، ''پۆستەکە پێشتریش لای کورد بوو، واتا کوردێک لابراوە و کوردێکی دیکە دانراوەتەوە، ئەوە نییە کە تورکمانێک لابرابێت و کوردێک جێگەکەی پڕ کردبێتەوە، بۆیە ئەمە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی کورسیی داهاتووە، زیاتر بابەتەکە هەڵبژاردنە.''
بەڕێوەبەری نوێی شارەوانیی پردێ، ژنێکی کوردە و خەڵکی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووکە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ بە مافی کورد دەزانین، کورد لە کەرکووک زۆرینەیە و حەوت کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی هەیە، بەڵام هیچ کاتێک نکۆڵیمان لەوە نەکردووە داوایەک کە رەوا بێت، بۆیان جێبەجێ بکەین، هەموو شتێک بە گفتوگۆ دەکرێت نەوەک بە ئاڵۆزی.''
شارۆچکەی پردێ سەر بە قەزای دووبزە لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووکەوە دوورە.
''دابەشکردنی پۆستەکان بە رێککەوتنە''
بەگوتەی عەبدوڵڵا میروەیس، لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا، دابەشکردنی پۆستەکان بە رێککەوتنە و دەشڵێت، ''هەندێک جار لەبەر برایەتی، پێکەوەژیان و بۆ ئەوەی ئاژاوە دروست نەبێت، رەنگە هەندێک پۆست بدەین بە لایەنی بەرامبەر، بەڵام ناتوانن بە زۆر وەریبگرن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتیکردەوە کە رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە عەرەبییەکان هەبێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ و گوتی، ''رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە پارێزگار کورد بێت، نەک دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ