حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بیانوویەک نەماوە حکومەتی عێراق لەمە زیاتر شایستە داراییەکان دوابخات

02-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و "هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدراڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-08-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لەبارەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییان، جێبەجێکردنی یاسای بودجە، شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کێشەی کارەبا و بەنزین گفتوگۆ کراوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان "داوا لە هێز و پارت و لایەنە کوردستانییەکان دەکات کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ناو بودجەدا جێگیرکراوە."
 
لەبارەی کۆمەڵکوژیی شنگال، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەمان کردەوە و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشمان لە پشتیوانیکردنی مافی ئێزدییەکان دووپات کردەوە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشمان کرد بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم کۆمەڵکوژییانە بگیرێت، جەختیشمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە کردەوە."
 
لەبارەی دۆخی کارەبا و بەنزین، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی بە وەکالەت راسپارد کە "لە رێکار و هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانکارییەکيش لەم رووەوە بخەنەڕوو."
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد و رایگەیاند، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا پشتیوانیی لەو ھەنگاوە بکەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، لەم رووەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ پێشکێشکردنی هەر ئاسانکاری و ئامادەسازییەک کە لە ئەستۆی حکومەت بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.